سەرەکی » وتار » نوێبوونەوە بەكردار

نوێبوونەوە بەكردار

بەناز مەحمود

هەموو هێزێكی‌ سیاسیی، كۆی‌ ئەو بزافە سیاسییانەی لەناو كایەکاندا لەپێناوی بەدەستهێنانی متمانەی‌ خەڵك كار دەکەن، هەموو ئەوانەی‌ دەیانەوێت لە رێگەی‌ دیموكراسییەوە سەنگ و دەنگی‌ خەڵك ببەنەوە، دواجار وەك زانستی‌ بازرگانی‌ بە جۆرێك لە جۆرەكان وەبەرهێنان دەكەن، وەبەرهێنان لە دروشم و دنیابینی‌، لە باوەڕ و ئاراستەی‌ بیركردنەوە، حەتمییەتی‌ بەرهەمداربوونی‌ ئەو وەبەرهێنانەش بەپلەی‌ یەكەم گرێدراوی‌ پابەندبوون و سەر راستییە لە شوێنكەوتن و پراکتیزەکردنی دروشمەكان. هەر ئەمەشە کە قۆناغی نوێبوونەوەی‌ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دروشمسازیی و دروشمبازیی هێزی‌ دیکە جیادەكاتەوە، كە نوێبوونەوە بەتەنها دروشمی‌ قۆناغێكی‌ راگوزەر نییە، بەڵكو چوارچێوەیەكی‌ مۆڕاڵییە و پەیوەستە بە بەهاکانەوە کە تیمی‌ نوێی سەركردایەتیكردنی‌ ئەم قۆناغە مێژووییە لە پێناوی هاوسەنگیی‌ هێز و گێڕانەوەی‌ شكۆ بۆ پرۆسەی‌ سیاسی هەڵیگرتووە.

ئێستا ساڵ و نیوێکی تەواو بەسەر تەمەنی‌ كۆنگرەی‌ نوێبوونەوەی‌ یەكێتیدا تێنەپەڕیووە، تا ئێستاش پایەكانی‌ ئەو قۆناغە نوێیە جێگەی‌ خۆی نەگرتووە، بەڵام سیاسەتی‌ دوورمەودا و بیركردنەوەی‌ لۆژیكیانە، هەروەها سیاسەتی‌ تەندروست لە ركابەرییەكان بەتەواوی‌ خەمڵیووە و لە سیاسەتكردنی سەرۆكایەتی‌ یەكێتی‌ و سەركردایەتییەكەیدا‌ رەنگیداوەتەوە، لەسەر ئاستی‌ هەرێمیی و عیراقیش، هەمیش لە ئاستە ناوخۆییەكەدا كە گوزارشت لە فەرهەنگی دەوڵەمەندی‌ مام جەلال-ی رابەر دەكات، بەجۆرێكی‌ تر ئەوەی‌ یەكێتی‌ لە ماوەی‌ رابردوودا پەیڕەوی‌ كردووە و رەنگدانەوەی‌ گوتار و خەسڵەتی‌ مام جەلال-ە لەو چەند ئاستەدا دەردەكەوێت.

-گەڕانەوەی بەسەنگ بۆ بەغدا و بەشداریكردن لە پرۆسە سیاسییەكەی‌ عیراق وەك هاوبەش نەك شاگرد، چونكە بەداخەوە قۆناغێك تەواوی‌ نوێنەرایەتی‌ كوردی بە یەكێتیشەوە بە جۆرێك لەجۆرەكان قەتیعە و دابڕانێكی‌ لەگەڵ عیراق دروستكردبوو، ئەم دابڕانە نە خواستی‌ مام جەلال بووە و نە بەشێكیش بووە لە فەرهەنگی‌ ئەو زاتە، هەر لەبەر ئەوەش گۆڕینی‌ ئاراستەی‌ خەبات لەلایەن هاوسەرۆكانەوە بۆ بەغدا و بەدەستهێنانەوەی‌ قورسایی و سەنگەکەی پێشان، چەندە خواست و پێویستیی‌ قۆناغە مێژووییەكە بێت بۆ كورد و یەكێتی‌، بەو رێژەیەش بریتی بووە لە بەجێگەیاندنی‌ ئەرکێکی ئەزموونكراوی‌ سەرۆک مام جەلال، كە بەردەوام باوەڕی‌ نەگۆڕی‌ بەوە هەبووە كە بەبێ دیموكراسیی لە عیراق و بەشداریی كارای كورد، ئەو خواستە نەتەوەییانە نایەنەدی.

-لەئاستی ناوخۆدا چەمكی‌ گەڕانەوە بۆ خانووەقوڕەكان، وابەستەبوونی‌ ئەخلاقی بە كەسوكاری شەهیدان و قوربانییەكان چیتر دروشم نەماوە و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە جۆشێكی‌ زۆرەوە ئێستا بەرهەمەكانی‌ ئەو وێستگەیە دەچنێتەوە، سەردانەكانی‌ رۆژانی‌ جەژنی‌ هاوسەرۆكی‌ یەكێتی‌ هەڤاڵ لاهور شێخ جەنگی بۆ سۆران و هەولێر و دەنگدانەوەی‌ ئەو هاوسۆزییە لەناو میدیادا، بەڵگەی‌ ئەوەیە كە چیتر سەركردایەتیكردنی‌ ئەو بزووتنەوە سیاسییە لەپشت مێز و كورسییەوە ناكرێ و قۆناغی نوێ، قۆناغی ئاشتكردنەوە و ئاشتبوونەوە و پابەندبوونەوەی‌ پێویستە، ئەوەش تەنها كاتێك دێتەدی كە سمبولەكانی‌ یەكێتی‌ خۆیان لەناو خەڵكدا بن و جارێكی‌ تر لەناو خانووەقوڕەكاندا بمێننەوە.

-یەكێكی‌ تر لە وابەستەبوونەکان بە فەرهەنگی مام جەلال-ی رابەرەوە، رێكەوتن و لێکتێگەیشتنە لەگەڵ هێزەكانی‌ دیکە، چونكە تێزەكانی‌ یەكخستنەوەی‌ هێزە هاوباوەڕەكان كە مامی‌ رابەر لەپێناوی كوردایەتی‌ لە هەشتاكانەوە خستوێتیەڕوو تا دەگاتە رێكەوتنی‌ دەباشان، هەمیشە بریتی بووە لە رەخساندنی‌ زەمینەی‌ لەبار بۆئەوەی‌ هەمووان لەژێر چەترێكی‌ یوکگرتوویی لە ستراتیژی نیشتمانیدا كۆببنەوە.

دروستكردنی‌ هاوپەیمانێتی‌ لەگەڵ بزووتنەوەی‌ گۆڕان و پاشانیش لێکتێگەیشتن لەگەڵ هێزەكانی‌ تر، دیسانەوە چەندە رەنگدانەوەی‌ پێویستی‌ قۆناغەكە و گێڕانەوەی‌ سەقامگیریی بێت بۆ سلێمانی‌، بەو ئەندازەیەش بریتییە لە وەڵامدانەوە بە خواستی‌ كەلتوورە دەوڵەمەندەكەی‌ مام جەلال، كە هەمیشە دروشمی‌ یەكخستن و یەكگرتنەوەی‌ لەپێناو خەمڵینی‌ هۆشیاریی نەتەوەییدا كردبووە ئامانج.

لەو سۆنگەیەشەوە، وەبەرهێنانی‌ یەكێتییانە لە دروشمی‌ نوێبوونەوە، بەتەنها ئیشكردن نییە لەسەر دیوە دروشم سازییەكە، بەڵكو جۆرێكە لە پراکتیزەکردنی ئەو ئامانجە باڵایانەی‌ کە یەكێتی‌ لەپێناویاندا دامەزراوە و یەكێتیش لەپێناویاندا نوێبۆتەوە.

 355 جار بینراوە