سەرەکی » وتار » بارزان شێخ عوسمان‌ » بە پیرۆزباییە شەرمنانەکەی(هەنیە)…

شکستی (سیف القدس)ەکەی حەماس

بە پیرۆزباییە شەرمنانەکەی(هەنیە)…

بە پیرۆزباییە شەرمنانەکەی(هەنیە) ناشاردرێتەوە

دوای یانزدە رۆژ لە ھێرشە موشەکییەکانی حەرەکەی مقاوەمەی ئیسلامیی فەلەستین (حەماس) بۆ سەر دەوڵەتی ئیسرائیل، بە ناوبژیوانیی میسر، ئیسرائیل بە ئاگربڕ قایل بوو کە بە کەمترین و سادەترین زیانی گیانی و ماڵی و بەبەدەستهێنانی پشتیوانییەکی بێ وێنەی نێودەوڵەتیی لەجەنگ لەگەڵ هەردوو بزووتنەوەی حەماس و جیهاد رزگاری بوو، بەڵام حماس و جیهاد گەورەترین زیانی گیانیی و مادییان گەیاند بەخۆیان و دانیشتوانی کەرتی غەزە کە زیاتر لە 300 کوژراو و نزیکەی دوو ھەزار بریندار بوون وەک سەرۆک وەزیری ئیسرائیل وتویەتی 200 چەکدار و بیست و پێنج لە سەرانی حەماس وجیهادی تێرۆریست لە نێو کوژراوەکاندان.

زیانی مادییش لە سەدان ملیۆن دۆلار و رووخاندنی سەدان بیناو و خانوبەرە زیاتر بووە، میدیای عەرەبیی و ھاوئاوازانی حەماس زۆرترین ژمارەی کوژراوەکانیان بەمەدەنی ناوبردوە کە ئەوەش حەماس و جیهاد لێی بەرپرسیارن کە خۆیان و مۆڵگا سەربازیی و ھەواڵگرییەکانیان خزاندبووە ناو خەڵکی مەدەنی و بینا بازرگانیی و ئابوریی و ئیعلامییەکانەوە، تا خەڵکی عەوام و رای گشتیی فریوبدەن بەوەی قوربانییەکان ھەموی مەدەنیین. لەوەش زیاتر ھەر دوای گوشارەکانی ئەمریکا بۆ وەستاندنی ھێرشەکان و سەرگرتنی ناوبژیوانیی میسر، ئیسماعیل ھەنییە رابەری حەماس لە حەشارگە ئارامەکەی لەدەوحەی قەتەڕەوە تەپڵی سەرکەوتنی لێدا و شکست و ماڵوێرانییاکەی سەیفی قودسی کردە سەرکەوتن و پیرۆزبایی لە چەکدارەکانیان کرد، سوپاسی پیلانگێڕانی سەیفی قودسیشی کرد کە خەرجیی دەستدرێژییەکە و دابینکردنی ھەر چوار ھەزار موشەکە پێشکەوتوەکەشی لە ئەستۆ گرتبوو.

ئەم جۆرە دەستەو تاقمانەی وەک حەماس و ھاوشێوەکانی تریان، گۆبەنگ دەنێنەوە، دوای دۆڕاندنیشیان تەمبێ نابن و دڵی خۆیان و دارودەستەکانیان و خەڵکی سادە و فریودراو بە دروشمی سواوی نەتەوەیی وەک ئەمەی حەماس و ھاوئاوازەکانیان لەناوچەکە بە کوردستانیشەوە خۆش ئەکەن.

سەدام جەنگێکی ھەشت ساڵەی سەپێنراوی بە ناوی قادسیەوە دۆڕاند کەچی تاق و شمشێری سەرکەوتنی بۆ دروستکرد و ئاھەنگی گێڕا و جەنگی وەدەرنانی لەکوێتی ناونا (ام المعارک) و بە زەلیلی خۆ بەدەستەوەدانی ئیمزاکرد کەچی بەبڕنەو تەقەی سەرکەوتنی بەھەوادا ئەتەقاند، دیارە زۆربەی ئەو سەرکەوتنانەی مێژووی رابردوی باوباپیرانیشیان کە ئەمانە شانازیی پێوە دەکەن ھەر بەمجۆرە بووە!.

بەکورتی لەجیهانی عەرەبیی و ئیسلامیی ئەو حزب و تاقمانەی ئیشیان بەحەماس و جیهاد زۆر ریکلامیان بۆ ھێرشەکانی ئەم 10 رۆژەی رابردوو کرد کەھیچ بیانویەکی نەبوو، تەنیا بۆ نمایشکردنی ئەو موشەکانە نەبێت کە بەحەماس تەقێنرا!، بەڵام ئەنجامەکەی ماڵ وێرانیکردنێکی تری غەزە و نەھامەتییەکی تری غەزاوییەکان و بەدەستهێنانی سۆز و پشتیوانییەکی بەھێزی نێودەوڵەتیی بو بۆ ئیسرائیل. بەمەش حەماس خزمەتێکی باشی دەوڵەتی عیبریی کرد و پایەکانی بەھێزترکرد، جەنگێکی بەوەکالەتی بەرپاکرد و خاوەنەکانی پەیامەکەی خۆیان گەیاند و ئەنجامەکەشیان وەرگرت. کەچی بەداخەوە لەعیراق و ھەرێمی کوردستانەوە پشتیوانییان بۆ ئەو سەرکێشیی و جەنگەی حەماس رێکخست و لەمیدیاکانیانەوە ژەھری چەواشەکاریی و گەوجاندنیان دەرژاندە مێشکی خەڵکی ئەم ناوچەیە تا ھاوسۆزیی و بەزەیی پەیدا بکەن بۆ حەماس کە رۆژگارێک بو سەرانی ئەو تاقمانە مەشقیان بەتێروریستانی ئەنسار و جند الاسلام دەکرد تا کوردستان بکرێتە غەزە و ئیمارەتێکی تاڵیبانی تر.

ئیتر کاتی ئەوە ھاتووە لەم ناوچەیەش رێگە نەدرێت بەھیچ تاقمێک بەناوی پشتیوانیکردنی حەماسەوە مێشکی خەڵک پڕکەن و بە ناوی موسڵمان بوونەوە نەیان کەن بەشەریکی حەماس، چونکە مەسەلەی فەلەستین جیاوازە لە مەسەلەی حەماس کە ئەجێندایەکی تر جێبەجێ ئەکات.

 335 جار بینراوە