سەرەکی » هەمەڕەنگ » تیپی مۆسیقای سلێمانی یادی 55 ساڵەی دامه‌زراندنی کردەوە

تیپی مۆسیقای سلێمانی یادی 55 ساڵەی دامه‌زراندنی کردەوە

له‌ یادی (55) ساڵه‌ی دامه‌زراندنی تیپی مۆسیقای سلێمانیدا، هاوسه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ڵێنی دابینكردنی باڵه‌خانه‌یه‌ك به‌ تیپه‌كه‌ ده‌دات.

ئێواره‌ی رۆژی 22/5/2021، له‌هۆتێل را‌مادا مه‌راسیمێك بۆ یادی په‌نجاو پێنج ساڵه‌ی دامه‌زراندنی تیپی مۆسیقای سلیمانی به‌ڕێوه‌چوو، دواتر وتاری تیپی مۆسیقای سلێمانی و پارێزگاری سلێمانی پێشكه‌شكران.

پاشان مامۆستا عادل حه‌مه‌ كه‌ریم وته‌یه‌كی سه‌باره‌ت به‌ كتێبی ره‌ھه‌نده‌كانی هونه‌رمه‌ند «كه‌ریم كابان» پێشكه‌شكرد و كتێبه‌كه‌ش وه‌ك دیاری پێشكه‌ش به‌ ئاماده‌بووان كرا .

له‌به‌شێكی تری مه‌راسیمه‌كه‌دا ژماره‌یه‌ك له‌ هونه‌رمه‌ندان و دامه‌زرێنه‌رانی تیپی مۆسیقای سلێمانی خه‌ڵات كران. هه‌ر له‌ مه‌راسیمه‌كه‌دا د. سۆران جه‌مال تاهیر ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و لێپرسراوی مه‌كته‌بی په‌یوه‌ندییه‌كانی یه‌كێتی، به‌ناوی لاهور شێخ جه‌نگی هاوسه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌وه‌، به‌ڵێنی دابینكردنی باڵه‌خه‌نه‌یه‌كیدا بۆ تیپی مۆسیقای سلێمانی بۆ راییكردنی كاره‌كانی تیپه‌كه‌، هه‌روه‌ها به‌ڵێنی هه‌موو هاوكاریی و ئاسانكارییه‌كیدا بۆ ئه‌نجامدانی چالاكییه‌كانی تیپی مۆسیقای سلێمانی له‌ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی كوردستان.

له‌ كۆتایی مه‌راسیمه‌كه‌شدا ژماره‌یه‌ك له‌ گۆرانییه‌كانی هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ی گه‌له‌كه‌مان كه‌ریم كابان له‌لایه‌ن چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكه‌وه‌ پێشكه‌ش به‌ ئاماده‌بووان كرا.

ڤینۆس تۆفیق

 236 جار بینراوە