سەرەکی » راپۆرت » كه‌باب به‌ گێلاسی‌ سوریا خاڵی‌ لاوازی‌ ئه‌ڵمانیایه‌

كه‌باب به‌ گێلاسی‌ سوریا خاڵی‌ لاوازی‌ ئه‌ڵمانیایه‌

كولێره‌ به‌ جاتره‌، كه‌ خه‌ڵكی‌ سوریا خۆیان پێی‌ ده‌ڵێن مه‌ناقیش، له‌گه‌ڵ كه‌باب به‌ گێلاس، مه‌كدوس، مه‌جده‌ره‌، فه‌لافل‌و فه‌توش‌و زۆری‌ تریش، چێشتخانه‌ی‌ سوری‌ پێكده‌هێنن‌و بوونه‌ته‌ خاڵی‌ لاوازی‌ ئه‌ڵمانه‌كان. مه‌لیكه‌ جه‌زماتی‌، عاتیكه‌ شۆحان، ریتا باریش، لین ئه‌لعومه‌ری‌‌و ژنانی‌ تریش له‌و ژنانه‌ن كه‌ توانیان چێشتخانه‌ی‌ سوری‌ به‌ ئه‌ڵمانیا‌و وڵاتانی‌ ئه‌وروپا به‌ گشتی‌ بناسێنن، ئه‌ویش له‌ رێگه‌ی‌ بڵاو كردنه‌وه‌ی‌ كتێب‌و وتار‌و نووسینه‌كانیانه‌وه‌ كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ چێشتخانه‌ی‌ سوری‌‌و له‌ كتێبه‌كانیاندا به‌ناوبانگترین خواردنه‌كانی‌ سوریا‌و نهێنییه‌كانی‌ تام‌و چێژی‌ تایبه‌تی‌ چێشتخانه‌ی‌ سوریایان گه‌یانده‌ سه‌رجه‌م وڵاتانی‌ ئه‌وروپا، كۆمه‌ڵگه‌كانی‌ ئه‌و وڵاتانه‌ نهێنی‌ ئه‌و خواردنه‌ دێرینانه‌ی‌ كه‌ ره‌گ‌و ریشه‌ی‌ له‌ شارستانییه‌ كۆنه‌كانه‌وه‌ هاتووه‌ بۆ ئاشكرا بوو.
ده‌ستپێشخه‌ری‌ ئه‌و ژنانه‌ بۆ كردنه‌وه‌ی‌ چێشتخانه‌ی‌ سوری‌‌و بڵاو كردنه‌وه‌ی‌ شێوازی‌ لێنانی‌ چێشته‌كانیان پێشوازی‌ گه‌رمی‌ لێ كرا له‌ ئه‌وروپا به‌ گشتی‌‌و به‌ تایبه‌تیش له‌ ئه‌ڵمانیا، چێشتخانه‌ی‌ سوری‌، ئه‌و چێشتخانه‌یه‌ی‌ تا دوێنێ لای‌ ئه‌ڵمانه‌كان‌و خه‌ڵكی‌ ئه‌وروپاش تاڕاده‌یه‌ك نه‌ناسراو بوو، ئێستا كێبڕكێ له‌گه‌ڵ چێشتخانه‌ی‌ توركی‌‌و مه‌راكیشی‌ ده‌كات.
ئه‌براهام سیمۆن هاووڵاتییه‌كی‌ ئه‌ڵمانیایه‌‌و خه‌ڵكی‌ شاری‌ میونیخه‌، له‌ رێگه‌ی‌ هاوڕێیه‌كی‌ خۆی‌ كه‌ ناوی‌ ئه‌حمه‌د قه‌ساب-ه‌‌و خه‌ڵكی‌ سوریایه‌، جۆره‌كانی‌ خواردنی‌ سوری ناسی‌‌و سه‌باره‌ت به‌ خۆشه‌ویستی‌ خۆی‌ بۆ چێشتخانه‌ی‌ سوری‌ ئه‌براهام ده‌ڵێ: ئه‌حمه‌د‌و خێزانه‌كه‌ی‌ دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ بوونه‌ دراوسێمان، یه‌كترمان ناسی‌‌و رۆژێك فه‌رموویان كردم بۆ نانی‌ نیوه‌ڕ‌و، پێشتر خواردنی‌ سوریم تام نه‌كردبوو، حه‌زی‌ زانین وای‌ لێ كردن فه‌رمووه‌كه‌یان به‌ هه‌رێ وه‌ڵام بده‌مه‌وه‌، كه‌ چوومه‌ ماڵیان وام ده‌زانی‌ ده‌بێ له‌سه‌ر زه‌وی‌ دابنیشین‌و به‌ ده‌ست نان بخۆین، به‌ڵام وا نه‌بوو، كه‌ ئه‌و هه‌موو خواردنه‌ به‌له‌زه‌ته‌م دی‌ له‌سه‌ر قاپ‌و ده‌وری‌‌و ده‌فر‌و ئامان‌و گێڵینه‌ی‌ جوان جوان رازابۆوه‌ سه‌رسام بووم، ئه‌وه‌نده‌ جوان رازابۆوه‌ له‌ تابلۆیه‌كی‌ هونه‌ری‌ ده‌چوو. له‌ بیرمه‌ كوبه‌ی‌ چینی‌ له‌ كووره‌دا برژاو به‌ شێوه‌یه‌كی‌ ئه‌ندازه‌یی بێوێنه‌ رازابۆوه‌، ئه‌وه‌شم هه‌رگیز بیر ناچێ، گه‌ڵامێو‌و مه‌حشی‌‌و فه‌توش‌و چه‌ند خواردنێكی‌ تر كه‌ دواتر ورده‌ ورده‌ پێیان ئاشنا بووم، هه‌موو ئه‌وانه‌ وایان لێ كردم شه‌یدای‌ خواردنی‌ سوری‌ ببم‌و داوام له‌ دایكی‌ ئه‌حمه‌د كرد شێوازی‌ لێنان‌و ئاماده‌ كردنی‌ ئه‌و خواردنانه‌م فێر بكات.

خواردنه‌ میللی‌‌و ساده‌كان
ئه‌براهام ته‌نها كه‌س نییه‌ كه‌ شه‌یدای‌ خواردنه‌كانی‌ سوریایه‌‌و ده‌یه‌وێ فێری‌ لێنان‌و دروست كردنیان بێت‌و له‌ نهێنییه‌ شاراوه‌كانیان تێ بگات، لین ئه‌لعومه‌ری‌، ئه‌و كچه‌ 28 ساڵه‌ی‌ به‌ باڵیۆزی‌ خواردنی‌ سوری‌ له‌ میونیخ ناسراوه‌ له‌ لێدوانێكدا بۆ سایتی‌ ره‌سیف22 ده‌ڵێ: كه‌ هاتم بۆ ئه‌ڵمانیا وه‌ك هه‌ر كه‌سێكی‌ تاراوگه‌ كێشه‌ی‌ ئه‌وه‌م بۆ دروست بوو، كه‌ گۆشت‌و شیره‌مه‌نی‌‌و داووده‌رمانی‌ چێشت‌و پێداویستییه‌كانی‌ چێشتخانه‌م ده‌ست نه‌ده‌كه‌وت، یان نه‌مده‌دۆزییه‌وه‌، تا دوكانی‌ توركه‌كانم دۆزییه‌وه‌، باش بوو ماندووبوونێكی‌ زۆریان بۆ گێڕامه‌وه‌. له‌و دوكانانه‌ كه‌ره‌وز‌و جاتره‌ی‌ ته‌ڕ‌و دۆشا‌و‌و بیبه‌ر‌و ته‌ماته‌‌و پێكهاته‌ سه‌ره‌كییه‌كانی‌ تایبه‌ت به‌ چێشتخانه‌ی‌ خۆمانم ده‌ست كه‌وت، كه‌ نامۆن به‌ چێشتخانه‌ی‌ خۆرئاوایی. ده‌ستم كرد به‌ دروست كردنی‌ خواردن‌و سه‌ره‌تا به‌سه‌ر ئه‌و خێزانه‌ سوریانه‌دا دابه‌شم ده‌كرد كه‌ له‌ شاره‌كه‌دان، هه‌ڵبه‌ت ده‌بوو پێشتر خۆیان له‌ رێگه‌ی‌ ئینته‌رنێته‌وه‌ داوایان بكردایه‌، ورده‌ ورده‌ كڕیار زیادی‌ كرد له‌ سوری‌‌و ئه‌ڵمانیش، كه‌ زیاتر حه‌زیان له‌ مه‌ناقیش‌و فه‌لافل بوو وه‌ك له‌ هه‌مبه‌رگر‌و پیتزا.
خاتو لین باس له‌و خواردنانه‌ی‌ سوریا ده‌كات، كه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ ئه‌ڵمانیادا زیاتر جێگه‌یان بۆته‌وه‌‌و له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌ ده‌ڵێ: هه‌رچه‌نده‌ لایه‌نگری‌ خواردنی‌ سوری‌ له‌ ئه‌وروپا له‌ ده‌وڵه‌تێكه‌وه‌ بۆ ده‌وڵه‌تێك‌و له‌ شارێكه‌وه‌ بۆ شارێك ده‌گۆڕێت، به‌ڵام زۆربه‌یان كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ كه‌ خۆشترین خواردنه‌كان، خواردنه‌ میللی‌‌و ساده‌كانن. به‌ وته‌ی‌ لین ئه‌لعومه‌ری‌ خۆشترین خواردنه‌كانی‌ سوریا لای‌ ئه‌ڵمانه‌كان ئه‌مانه‌ن:

مه‌جده‌ره‌
مه‌جده‌ره‌ كه‌ ده‌كاته‌ ساوه‌ر به‌نیسكی‌ لای‌ خۆمان، له‌ سوریا به‌ خواردنی‌ هه‌ژاران ناسراوه‌، خواردنێكی‌ ساده‌‌و به‌له‌زه‌ته‌‌و خه‌سته‌چێژ‌و پڕ وزه‌یه‌، كه‌ له‌ ساوه‌ر‌و نیسكی‌ كوڵاو‌و پیازی‌ قرچاو پێكهاتووه‌، ده‌كرێ له‌ بری‌ ساوه‌ر برنجیشی‌ تێ بكرێت، ئه‌مه‌یان لای‌ فارسه‌كان پێی‌ ده‌ڵێن، پڵاوی‌ پڵاو به‌ نیسك، داووده‌رمان‌و به‌هراتی جۆراوجۆریشی‌ تێ ده‌كرێت. ئه‌م خواردنه‌ له‌گه‌ڵ ساده‌ییه‌كه‌شیدا زۆرترین لایه‌نگری‌ هه‌یه‌ لای‌ بیانییه‌كان.
نۆك‌و فه‌لافل: چێشتێك له‌نۆك‌و به‌ ده‌وریدا فه‌لافلی‌ خڕخڕی‌ سوركراوه‌‌و قاشه‌ ته‌ماته‌‌و خه‌یار داده‌نرێت، لای‌ زۆرێك له‌ ئه‌ڵمانه‌كان خواردنێكی‌ په‌سه‌ند‌و خۆشه‌، چونكه‌ فه‌لافله‌كان پڕچێژ‌و سه‌یره‌ بۆ ئه‌وروپاییه‌كان كه‌ به‌و جۆره‌ تامه‌ ئاشنا نه‌بوون، هه‌ر ئه‌مه‌ش وای‌ كردووه‌ به‌ زۆربه‌ی‌ وڵاتانی‌ ئه‌وروپادا بڵاو بێته‌وه‌.

مه‌كدوس
هیچ ماڵێك له‌ سوریادا به‌ هه‌ژار‌و ده‌وڵه‌مه‌ندیشه‌وه‌ نییه‌ كه‌ ئه‌م جۆره‌ خواردنه‌ی‌ تێدا دروست نه‌كرێت، باینجانێك، ناوه‌كه‌ی‌ ده‌رده‌هێنرێت‌و ناواخنی‌ پڕ ده‌كرێت له‌ بیبه‌ر‌و گوێز‌و هه‌ندێك جار قیمه‌شی‌ تێ ده‌كه‌ن، پاشان له‌ رۆنی‌ زه‌یتوونی‌ خالیسی‌ هه‌ڵده‌كێشن، پێكهاته‌ جۆراوجۆره‌كان‌و شێوازی‌ دروست كردن‌و ئاماده‌ كردنی له‌لایه‌ك‌و تام‌و چێژه‌ تایبه‌ته‌كه‌یشی‌ له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ ئه‌وروپاییه‌كانی‌ سه‌رسام كردووه‌.
مه‌ناقیش: كه‌س خۆی‌ ناگرێ له‌به‌ر تامه‌كه‌ی‌، كولێره‌یه‌كی‌ میللی‌، له‌سه‌ر ساج داده‌نرێ‌و په‌نیر‌و جاتره‌ی‌ ته‌ڕی‌ پێوه‌ ده‌كرێ، هه‌ندێك جار قیمه‌شی‌ پێوه‌ ده‌كرێ، بۆن‌و به‌رامه‌یه‌كی‌ خۆشی‌ هه‌یه‌‌و خواردنێكی‌ سوكه‌ڵه‌‌و له‌ هه‌مان كاتیشدا پڕ چێژ‌و وزه‌، ده‌كرێ فراڤین‌و ئێوارانیش بخورێت.

فه‌توش
كه‌سێك ڤیجیتێریان بێت، هه‌ر ده‌بێ تامی‌ فه‌توشی‌ سوری‌ بكات، جۆرێكی‌ زه‌ڵاته‌یه‌ كه‌ ته‌ماته‌‌و خه‌یار‌و كاهوی‌ جنراو له‌گه‌ڵ پیاز‌و سیر‌و نانه‌ڕه‌قه‌ی‌ سووره‌وه‌كراو یان برژا‌و كه‌ پارچه‌ی‌ چوارگۆشه‌ یان سێگۆشه‌ی‌ تێ ده‌كرێ، پاشان رۆنی‌ زه‌یتوونی‌ به‌سه‌ردا ده‌كرێ‌و به‌ كه‌مێك گه‌ڵای‌ پونگه‌ یان نه‌عنای‌ سه‌وز ده‌ڕازێته‌وه‌.
مه‌حشی‌: خواردنێكی‌ ناسراوی‌ سوریایه‌، باینجان یان كوله‌كه‌ی‌ هه‌ڵكۆڵراو ناواخنه‌كه‌ی‌ پڕ ده‌كرێ له‌ برنج‌و گۆشت‌و به‌هارات‌و داووده‌رمان، پاشان له‌ شله‌ی‌ نۆكا‌و‌و ته‌ماته‌دا ده‌كوڵێنرێت.
كوبه‌‌و جۆره‌كانی‌: كوبه‌ له‌ چێشتخانه‌ی‌ سوریدا زۆر دروست ده‌كرێ، ره‌نگه‌ به‌ناوبانگترینیان كوبه‌ی‌ حه‌ڵه‌بی‌ بێت، كه‌ هه‌مان كوبه‌ی‌ ساوه‌ری‌ لای‌ خۆمانه‌‌و ناواخنه‌كه‌ی‌ گۆشتی‌ تێده‌كرێ‌و لای‌ ئه‌وروپاییه‌كان جێی‌ سه‌رنجه‌.
كه‌باب به‌ گێلاس: یان كه‌بابی‌ ترش‌و شیرین، ئه‌مه‌شیان تایبه‌ته‌ به‌ چێشتخانه‌ی‌ حه‌ڵه‌ب، كه‌ هه‌ر كه‌بابی‌ برژاوه‌، به‌ڵام شه‌ربه‌تی‌ گێلاسی‌ به‌سه‌ردا ده‌كرێ‌و به‌ ده‌نكه‌ سنه‌وبه‌ر ده‌ڕازێته‌وه‌، كه‌ تامی‌ كه‌بابی‌ ترش‌و شیرین ده‌دات.

سایتی‌ ره‌سیف22

print

 187 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*