سەرەکی » کەلتوور » ناحەزانی ئەدەب

ناحەزانی ئەدەب

شێرزاد حەسەن

هەر چەندە ئەدەب بە گشتی و ئەدەبی داستانئامێز بە تایبەتی؛ پتر وەک گەمەکانی خەیاڵ چاوی لێکراوە، بە جۆرێک کە ژمارەیەکی زۆر هەن وا تەماشای ئەدەب دەکەن کە پتر بۆ کات بەسەربردنە و سەرمەستبوونە بە جیهانێکی خۆش و رەنگینی فانتازی و خەیاڵبڵاوی، گوایە پتر لە خۆشخەیاڵی نووسەرەکانەوە هاتووە، بە هەر دوو دیوی تراژێک و کۆمێدی. لە ناو خەڵکی ئێمەدا وا سەیری خوێنەران و شەیدایانی ئەدەبیات دەکەن کە دەرەتان و چارەیەکی دیکەیان نییە بۆ ‹کات ـ کوشتن› بێجگە لە ئەدەب، یانژی بە چاوی گومانەوە سەیری کتێبخوێن دەکەن کە گوایە تیکچووە یان ئەگەری ئەوەیان زۆرە کە لە ئاکامدا شێت و دێوانە بێت. لە بەرامبەر ئەوانەشدا ژمارەیەکی کەم لە خەڵکی وەک گەشتێکی پڕ لە بە فەڕ و دەوڵەمەندی فیکری و تێگەیشتنێکی قووڵ و خۆناسین و دونیاناسین تەماشای کتێبخوێن دەکەن، کە بەبێ خوێندنەوە مرۆڤ کورتی دێنێت.

ئەدەبیات خوانی رازاوەی تێفکرین و تێڕامانە، زمانێک و گوزارشتێکە لە نێو سەردەمە سیخناخەکان بە ململانێی رامیاری و ئابووری و کۆمەڵایەتی و نەخشەی مۆڕاڵی مەردمگەل لە نێو جوگرافیا و زەمەنە جیاوازەکاندا، ئەدەب رەنگدانەوەی ململانێ و کۆی کێشەکانی نێوان ماتریالیزم و ئایدیالیزمە، یان مەرگەسات و بەزمەسات. لە هەمووی جوانتر خوانی سەدەها پرسیار و گومانە لە کۆی مێژووی مرۆڤایەتی و میراتی داپیران و باپیران، کەلتوور و هەر دوو کایەی رامیاری و ئایینداری کە ئەوەشیان دەبێت بە مایەی ترسی زۆرینەی خەڵکی و حەشامات کە بەوە دەشکێتەوە ببن بە ناحەزی ئەدەبیات، بێ حیکمەت و هۆکار نییە کە ‹سانسۆر› و چاودێری و سیخوڕی بەسەر ئەدەبەوە لە ژێر سایەی دەوڵەتی پۆلیس-رەفتار لە دونیادا بێ شومارن کە دوژمنە ئەدەبن. کتێبەکان، چەندە هەمەچەشن بن، بۆ ئێمە دەروازەگەلێکن بۆ ئاشنابوون بە زۆرترین زانیاری و مەردمگەل.

ناحەزانی ئەدەبیات دەپرسن
بەڵام لە بەرامبەردا دوو دژە بۆچوون هەن کە گوایە ئەدەبی خەیاڵئامێز و داستانئامێز بە گشتی، یان شیعر و چیرۆک و شانۆنامە؛ وەک زیندەخەون و وڕێنە و چاوی لێ دەکرێت. ناحەزانی ئەدەبیات دەپرسن کە ئاخۆ ئەدەب وەڵام بە داواکانی واقیع و ژیانی ئێمە دەداتەوە؟ وەڵامی راستەقینە ئەوەیە بەڵێ.. چونکە بۆ ئێمە مەحاڵە راستەوخۆ دەستمان بە ئەزموونی کەسانی دەوروبەری خۆمان ڕابگات، مەبەست لە ئەزموون: ژیار و کەلتوور و ژیانی پەنهانی ملیۆنەهایە، نەک بە تەنها گەڕەکی خۆمان، چونکە ژمارەیەکی زۆر هەن کە کەوتوونەتە دەرەوەی جوگرافیای ئێمەوە، یانژی زادەی مێژوویەکی دیکەن کە بە ملیارەهایە، ئەو ئەزموونە ناچێتە دۆخی کڕینی کەلوپەلێکی دەستی دووەم لە بازاڕەکانی لەنگە و کۆنەفرۆشی و مەزاتخانە، چونکە کتێبەکان نزیکمان دەخەنەوە لە رۆح و گەوهەر و کرۆکی بنیادەم، بە ڕەچاوکردنی هەموو پاشخان و باکگراوندێکی رامیاری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی. رەنگە خودی ئەدەب و هونەر لە پاڵ لقەکانی دیکەی زانستە مرۆییەکان پتر نزیکمان بخەنەوە لە تێگەیشتن لە رۆحی خۆمان، گریمان کەسانێک بۆ کات بەسەربردن رۆمانی پۆلیسیی یان سیخوڕبازی و ئێرۆتیکی دەخوێننەوە، ئەوەیان بیر ناچێت کە بۆ تێگەیشتن لە نهێنی و رازەکانی مرۆڤ بگەڕێن لەمەڕ تاوان و سۆزداری و ئەو بەشە رەش و شاراوەی مرۆڤگەل کە هانی دەدات بۆ شەڕانگێزی و هەوا و هەوەسی پەنهان.

کێ دەتوانێت؟
گومانی دووەمین سەبارەت بە ئەزموونی ناو ئەدەبیات ئەوەیە کە بە زمانێکی پڕ لە رەمز و خوازە و باڵاتر لە تێگەیشتنی ڕەشەخەڵکەکە نووسراوە کە دوورمان دەخاتەوە لەو ئامانجەی کە ئەدەب دەیخوازێت، مادامەکێ دەستەبژێرێک لە نووسەرانی هۆشمەند بۆ ژمارەیەک لە دەستەبژێری خوێندەواران دەنووسن، ئەو هەموو رووداو و ماجەرا و هەست و نەست و فیکرە دەوڵەمەندە کە لە فۆرمێکی باڵا و بە تێکنیکێکی ئاڵۆز بە ئێمە دەگەن، گرانترە لەوەی هەموومان تێیبگەین، بە تایبەتی کە کەلتووری خوێندنەوەمان نییە یان کەم و دەگمەنە. کێ دەتوانێت ئەو هەموو تێما و هێما و مانا و پەیام و کۆدانە شی بکاتەوە؟ هەندێک بڕوایان وایە کە خەڵکی نەخوێندەوار زیندووترن لە خەڵکی خوێندەوار، چونکە هەر ئەوانن کەرەستەی فیکر و ئەدەب، ئەوان پتر بە ژینی گەرم و گوڕەوە نووساون، دەوترێت گوایە نووسەران کێن بێجگە لە ژمارەیەک لە دزی تەڕدەست کە سیخوڕانە خۆیان مەڵاس داوە زیندەگی و نهێنییەکانی خەڵکی دیکە بە تاڵان ببەن.

کامەیان لە پێشترە؟
وەلێ نووسەران بۆ بەرگری دەڵێن: ئێمە تیکە و تیلماسێکمان لەو ژیانە بردووە، ئەویدیکەیان هۆش و گۆش و فانتازیا و خەیاڵی بە بڕشتی خۆمانە، ئێمە ژیانێکی دیکەمان لەو کوت و تیلمە و پاتاڵ و تیکەیە داتاشیوە. کەواتە کامەیان لە پێشترە: ژیانێکی گەرمی دوور لە کتێب و ئەدەبیات یان ئەزموونێکی رەنگاورەنگی ناو کتێبان کە سیحرێکی گەورەتر بە خودی زیندەگیش ببەخشێت؟ بۆ ئەوەیان سێ وەڵاممان دەست دەکەوێت بێئەوەی ڕاپرسیمان کردبێت، چونکە کەسمان نییە لە نێو گەرمەی گفتوگۆی نووسەران و خوێنەرانی عاشقە کتێب یان خەڵکانی تۆراو لە ئەدەب و دڕدۆنگ و دوژمن بە کتێبان نەکەونەوە ناو ئەو سێ کاتیگۆرییە: یەکەمیان بڕوای وایە کە ژیان بۆ خۆی یەکەمین سەرچاوە و دوا سەرچاوەیە بۆ تێگەیشتن لە خۆمان و دونیا، ئەدەبیات وێنەیەکی ساختەیە و سەرگەرمکردنێکە بە خۆشخەیاڵی و ئەندێشەمەندی. دووەمیان وا مەزەندە دەکات لە تەک ژیاندا ئەدەب ئەزموونێکی دەستی دووەمە و هاوتەریب بە هەمان تەوژمی زیندەگی رێدەکات و ئاوسە بە هەموو رەگەزەکانی ژیان، چاوی دیکەمان پێدەبەخشێت بۆ بینینی خۆمان و مەردمگەل و جیهانی دەوروبەر. سێیەمیان خۆیان بە خەڵکێکی ئەوەندە بێباک و ماندوو دەزانن کە لە ماراسۆنێکی هەتاهەتایە و نەبڕاوەدان، هیچ بواریان نیە گوێ لەم دوو خێڵە بگرن کە بێهوودە ململانێ لەسەر شتێکی بێ بناغە دەکەن کە بێجگە لە کات بە فیڕۆدان هیچی لێ بەرهەم نایەت، ڕاکە ڕاکەی بێوچانی ناو بازاڕی ژیان وای لێکردوون کە ئاوڕ لە هیچ کامیان نەدەنەوە.

سەرچاوەکەی کتێبەکانن
رەنگە لەو نێوانەدە ناوبژیوانێکی شەرمن پەیدا بێت و زات بکات و بڵێت: ژیان چەندە سەرچاوەیەکی دەوڵەمەند بێت، ئەزموونێکی پڕ و دەستی یەکەمین بێت، ئەزموونی ناو ئەدەب باوەجوو هاوتەریبی زیندەگی و ئەزموونی دەستی دووەم بێت، کەچی بێ ئەو وێنەی دووەمینە مەحاڵە لە رۆحی نەسرەوت و نەگیراو و نادیاری خودی ژیان و ئادەمیزادەکان تێبگەین، ڕاوکردنی هەموو رەنگ و دەنگەکان مەحاڵترە. ئایا ئەزموونی دەستی یەکەم کە خودی ژیانە و جێگەی بایەخی زۆرینەیە بۆ خۆی ژیانێکی دەرە کتێبەکانە؟ یانژی ئەزموونی دەستی دووەمیش مایەی رێزە کە ئەزموون و خەون و خولیا و تەقەللاکانی مرۆڤە لە بواری هەمە چەشنەی فیکری و هونەری و ئەدەبی و هەموو ئەو لقانەی دیکەی زانستە سروشتی و مرۆییەکانە کە کەوتوونەتە دوتوێی کتێبەکانەوە؟ ئێمە وەک گیانلەبەرەکانی دیکە نەخولقاوین کە بە خۆڕسک و هەموو شێوەکانییەوە راستەوخۆ بۆ ژیان ساز و ئامادە کرابین، بەڵکو ئێمە تا رادەیەک بۆ زۆربەی پێوستییەکان و تێگەیشتنمان لە ژیان بۆ هەمیشە دەچینەوە ناو بازنە و خانەی ئەزموونی دەستی دووەمین کە سەرچاوەکەی کتێبەکانن، بە تایبەتی لە دونیای تازەدا.

گەر خۆمان بە ئەزموونی «دەستی یەکەم» ببەستینەوە، ئەوەیان بەو مانایە دێت کە کۆی ئەزموونەکەمان پتر هەستەکی ـ ئیحساساتی ـ دەکەوێتەوە، واتا دەچینەوە ناو دارستان و سروشتی رووت و پەتی کە سەرچاوەی زیندەگیمانە. گەر وا بێت ئەوەی کە خوێندەوار لە کتێبەکانەوە چنگی دەکەوێت وەک جۆری ئەزموونەکان، کەم و کورتی دێنێت لە چاو ئەوەی کە نەخوێندەوارێک لە کەسەکانەوە چنگی دەکەوێت. گریمان کەسێک بڕوا بەوە بکات کە مادامەکێ ژیان خۆی سەرچاوەیە بۆ کتێبەکان؛ دە کەواتە لەبەرچی نەگەڕێینەوە ناو کانگاکانی ژیان خۆی؟ بەڵام بڕوایەکی بەم چەشنە لە ڕووی واقیعییەوە لەق و ناجێگیرە، چونکە ئەزموونی ناو کتێبەکان پوختە و هەڵبژاردەی هەموو ئەزموونی مرۆڤایەتییە، وەک ژیان و زیندەگی هەر هەموومان زیندانی جوگرافیایەکی دیاریکراوین، کەچی کتێبەکان سنووربەزێنن، هەر هەموومان بۆمان ناکرێت وەک پەیوەندی ئادەمیزادانە بەر یەکدی بکەوین، کەچی کتێبەکان باڵیان هەیە و بۆ کوێ بمانەوێت دەفڕن و دەفڕین. راست نیە بە کەس بڵێین واز لە کتێبەکان بهێنێت، بەڵام دەتوانین بۆ دەوڵەمەندبوونی ئەزموونی خۆی هانی بدەین کە کتێبی باشتر بخوێنێتەوە. گەر پشت لە کتێبەکان بکەین بە ناوی ئەوەی ئەزموونی دەستی دووەمە، بە تایبەتی هەنووکە و لێرەدا کە پتر مەبەستمان دونیای ئەدەبیاتە، واز لە وشەی چاپکراو بێنین؛ تەنها دوو شت قازانج دەکەین: تیژبوونی یادەوەری و دەستخەتی خۆش، بەڵام ئەوەیان بە دادی چی دەخوات لە ناو سەردەمێکدا کە کۆی ئەزموونی مرۆڤایەتی وا لە ناو هەناوی کتێبەکاندایە یان راستترە بڵێین وا خەریکە دەکەوێتە ناو هەناوی کۆمپیوتەرەکانەوە.

پێویستیان بە کتێب دەبێت
لەمڕۆکەدا ‹ئینتەرنێت› ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی بۆ خۆی دزیوە، هیچ راپرسییەک نییە لای ئێمە کە بزانین لە ناو تۆڕەکاندا بە دوای چیدا وێڵن، چونکە کتێبخانەی گەورەی تێدایە، بێجگە لەوەی کە زۆرێکیش لەو کەرەستە و ئامرازانەی کات بەسەربردن هەن کە خەڵکی لە دەوری خۆیان کۆ دەکەنەوە، راستە سینەما و شانۆ و ئۆپێرا کاریگەریان لەسەر هەست و نەستی خەڵکی هەیە، لەوەشدا هەر هەموو هونەرەکان پێویستیان بە کتێب دەبێت، سینەما و شانۆ بەبێ دەقی نووسراو نەدەگەیشتن بەم ئاستە بەرزەی کە پێیگەیشتوون، هەر هەمووشی کاریگەری لەسەر روانین و هەڵسوکەوتی ئێمە هەبووە، بگرە کۆی مۆڕاڵی ئێمە، بە دیوی جوانی و ناشیرینیدا. «شێکسپیر» بۆ شانۆگەرییەکانی بۆ مێژوو گەڕاوەتەوە، بەڵام دیدگایەکی قووڵترمان پێدەبەخشێت بۆ ناسینی مێژووی ئەمرۆکەمان، بێ› دۆستۆیڤسکی› و ‹تۆلستۆی› ناتوانین لە ‹روسیای قەیسەری› تێبگەین. بۆ هەمیشە کارەکتەرەکان دەبنە نموونەی باڵا بۆ ئێمە، بۆیە ئەو قسەیەی «ئۆسکار وایلد» بە راست دەگەڕێت کە بڕوای وایە دەشێت ژیان بۆ خۆی لاسایی هونەر و ئەدەب بکاتەوە.

 389 جار بینراوە