سەرەکی » وتار » بارزان شێخ عوسمان‌ » تێڕوانینی ئێستای ی.ن.ک

تێڕوانینی ئێستای ی.ن.ک

دەبێت هەموان ئەو راستییە بزانن کە ی.ن.ک خاوەن و رابەری ھەستانەوە و درێژەپێدەری کاروانی خەبات و بزوێنەری راپەڕین و خەمخۆری بنیاتنان و ئاوەدانیی و پێشکەوتن و خۆشگوزەرانییە، هەمیشە روبەڕووی قەیران و ئاستەنگەکانی سەرڕێی بۆتەوە، بەڵام ئەوە نەک ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی کەم نەکردۆتەوە و لە مەیدانی خەبات و تێکۆشان و گەیاندنی پەیامەکەی دووریان نەخستۆتەوە و پێگە مەزنەکەی لە دەست نەداوە، بەڵکو رۆڵە دڵسۆزەکانی و جەماوەرە بە ئەمەکەکەی و حزبە دۆستە کوردستانیی و عیراقییەکانیشی گوشاریان خستە سەر سەرکردایەتییەکەی تا بە ھاریکاریی ھەمووان تەگبیری ژیرانە بکرێت بۆ ئەوەی دەستکەوتەکانی خەباتی دەیان ساڵەی گەلی کوردستانی عیراق و تەواوی عیراقیش لەوە زیاتر روبەڕووی مەترسی نەبێتەوە.

رۆڵی زیندووی کاریگەریی هەبووە
ی.ن.ک ھەر حزبێکی لۆکاڵی و دوور لە رووداوەکان نەبووە، بەڵکو حزبێکی حساب بۆکراوە لەسەر ئاستی ناوخۆ و ناوچەکە و جیھانیش، سەرەنجام چوارەمین کۆنگرەی گشتیی بووە دەریچەیەک بۆ ئەوەی خۆمان و دۆستەکانمان، تەنانەت ناحەزانی دیموکراسییش دڵنیابن لە بەردەوامبوونی ی.ن.ک لەسەر رۆڵی مێژویی خۆیی و گەیاندنی گەل و وڵاتمان بە کەناری ئارام و جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی کە بە درێژایی مێژووی خۆی خەباتی لە پێناودا دەکات.
روانین و بیرکردنەوەی ئێستای ی.ن.ک درێژەپێدەرو و تەواوکەری ھەمان روانین و جیھانبینییە، کە سەرۆک مام جەلال بەرنامەڕێژیی بۆ کردووە بۆ پاراستنی دەستکەوتە لە خەم نەڕەخسیووەکان، بەھێزکردنی پێگەی ھەرێمی کوردستان لە عیراق و ناوچەکەدا کە چەندین ئەرکی گرنگ لەخۆ دەگرێت لەوانە: پتەوکردنی(پایەکانی یەکڕیزیی ناو ی.ن.ک خۆی و نێوان یەکێتی و حزبە کوردستانی و عیراقییەکان، بنەماکانی دیموکراسیی و ئازادییە گشتیی و تاکە کەسییەکان) کە مەرجێکی سەرەکییە بۆ سەقامگیریی و رەخساندنی ھەلومەرجی کارکردن بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانمان بۆ قوتاربوونی ھەرێمەکەمان و ناوچە دابڕێنراو و جێناکۆکەکان و تەواوی عیراقیش لەو وەیشومە و مەینەتییە فرەڕەھەندانەی کە روبەڕووی بۆتەوە، چونکە ی.ن.ک ئەو ھێزە کاریگەرە بووە بە ئێستاشەوە کە شوێن دەستی لە جێبەجێکردنی ئەو ئەرک و داوایانەدا دیاربووە و هێشتاش رۆڵ و نەخشی هەیە لە پێداگریی لەسەریان تا بەدیهێنانیان.

یەکێتی و دۆخی ئێستای هەرێم و عیراق
ئێستا دۆخەکە لە کوردستان و عیراقدا شڵەژاوی و ئاڵۆزیی پێوە دیارە و لێکتێنەگەیشتن، ناکۆکی و لێکترازان زیاتر زاڵە، بۆیە ئەرکی یەکێتییە بەشدارێکی کاریگەر بێت لە رەواندنەوەی مەترسییەکان، ھەم لەسەر قەوارە و ئەزموونەکەمان و عیراق، ھەم لە نزیکخستنەوەی لایەنەکان و ھێنانەکایەی کەشوھەوای لێکتێگەیشتن. ھاوڕایی و تەبایی لەسەر پەیوەندیی باشی ھاوسەنگیی و دادپەروەریی نێوان خۆی و لایەنەکان و ئەوانیش لەگەڵ یەکتریدا، دەستبەردار بوون لە لۆجێکی تۆڵەسەندن و وەڵامدانەوەی ناو راگەیاندن و سۆشیال میدیاکان و رێگرتن لەو نەریتی تۆمەت بەخشینەوە و جنێوفرۆشیی و ھەڵچوون و دەمارگیرییەی کە ئێستا بۆتە باو و ناسنامەی دڵسۆزی (کە بە بڕوای من زیانی زۆری لە سەراپای پرۆسەی سیاسیی و چەمکی دیموکراتی) داوە.
پێویستە هەنوکە یەکێتی ئیدی لە کاری سیاسییدا، میدیایی، پەرلەمانی، مەدەنی، جەماوەری و حکومڕانییدا پلانی تۆکمەی ھەبێت بۆ گەشەپێدانی ئابووریی لەلایەن ئەو کادرە قاڵبووە بە ئەزموونە زۆرەوە کە لە دەوری ئاڵا و دروشمە سۆشیال دیموکراتییەکەی کۆبوونەتەوە، تا کێشەکانی بازاڕ و ئابووریی و گوزەرانی خەڵک چارەسەر دەبن.

وەبەرهێنان و قۆرخ نەکردنی
بە بڕوای بەندە لە چەمکی وەبەرھێنانەوە دەست پێبکات، چونکە ئەوەی ئێستا زۆربە خۆدەوڵەمەندکردنی کۆمەڵێک کەسە، نەک بە ئامانجی بەرھەمھێنان و بنیاتنانی ژێرخانێکی بەھێز ، بەڵکو ھەر خۆی لە ریزکردنی کۆمەڵێک ئاپارتمانی نیشتەجێکردن و دەرھێنانی نەوتی زیاتردا دەبینێتەوە، دوور لە حسابکردن بۆ ئەوەی کە ئاخۆ وزەی کارەبا و ئاوی خواردنەوە پێ بەپێی زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان و گەورەبوون و فراوانبوونی شارەکان چۆن دابین دەکرێت ، یان ئایا بیر لە شەقامی ناوشارەکان و رێگەی ھاتووچۆی دەرەوەی شارەکان دەکرێتەوە؟ کە شارێکی وەک ھەولێر و دھۆک و سلێمانی و شارۆچکەکانی تر پێویستیان پێی دەبێت لە داھاتوودا.
سەرباری تێچووی ھەرزان و خراپیی کوالیتیی کەرەستەکان، پێویستە ی.ن.ک لەرێی حکومەت و پەرلەمانەوە بەرنامە و پلان پێشکەش بکات بۆ ئەم ماڵوێرانییە ئابوورییە بۆ گۆڕینی سیمای شارەکان.
خاڵێکی گرنگیتر کە ی.ن.ک پێویستە ھەڵوێستەی لەسەر بکات، لایەنی فیکری و رووناکبیریی و ململانێکانی و ئاوڕدانەوەیە لە گەشەپێدانی بیرکردنەوەکان بەتایبەتی لە نێو لاواندا.

کاڵ بوونەوەی بیروباوەڕ
بە راستی بەھەر بیانوویەک بێت، ناوچەکەمان بە گشتیی لە بواری فیکرییدا لە پاشەکشێدایە، ئەگەر ی.ن.ک رێگری نەکات ئەوا لە ناو حزبەکەماندا فیکر بەرەو کاڵبوونەوە دەڕوات ، ئەمەش ململانێیی فیکریی دەگۆڕێت بۆ ململانێیی بەرژەوەندیی تایبەتی، کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکان پلە و پۆستەکان دابەش بکرێت کە ئەمە بۆ ناو خەڵکیش رەنگ دەداتەوە و دەبێتە فاکتەرێک کە ھێز و دیاردەی تر ببنە ئەڵتەرناتیڤ، بەتایبەتی لە نێو لاواندا کە روو بکەنە ھێزە توندڕەوەکان، یان بەرەو دونیای پوچگەرایی و بێ باکیی بچن وەک لە زۆر حاڵەتدا دەبینرێت ، دەبێت لەم بوارەشدا یەکێتی زۆر بەجدی و شێلگیرانە بێتە دەنگ و کاری بۆ بکات ھەم لەناو حزبدا، ھەم لە ناو حکومەت و پەرلەماندا، ئەوەش بە خستنە رووی پڕۆژە و بەرنامەی گونجاو.
خۆشبەختانە لەم بوارەشدا لەشکر و سوپایەک پسپۆڕی قاڵبوومان ھەیە کە ئەگەر دەرفەتیان پێبدرێت کاریگەرییان دەبێت، ناڕەوایە کە لە کاتێکدا ئێمە خۆمان بە سۆشیال دیموکرات پێناسە دەکەین، کەچی قسەیەکی جدیمان نەبێت لەسەر مەترسییەکانی هەندێک حزب و رێبازی ئاینیی توندڕەو، کە خەریکە کوردەواریی وێران دەکەن (ئایین جیایە و حزبی ئاینییش شتێکی ترە). خەریکە کار دەگاتە ئەوەی کادر و ئەندامی ئێمە لە ئاست ھەندێک رووداو و ھەڵوێستدا بێئاگایانە ھەمان دونیابینیی رەوتە ئیسلامییە توندڕەوەکان پیادە دەکەن، یان بە شێوازێکی نا زانستیی و نا پەروەردەیی قسە لەسەر هەندێک بابەتی ئەدەبی و هونەری و ئابووریی سەردەمییانە دەکەن.

ی.ن.ک دەبێت دیسانەوە وەک حزبێکی بەھێز و کاریگەر و حساب بۆ کراو سیاسەتی خۆی بخاتەڕوو کە ھەر لە ئاستە باڵاکەی خۆیدا بێت و بەگژ گیانی پۆپۆلیستیی، نابەرپرسان، دروشمبازییدا بچێتەوە کە پەیام و باوەڕی ئێمە نییە، بەڵکو ئەوە پیشەی گروپگەلی فاشیستییە.

 212 جار بینراوە