سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » ئەمڕۆ کۆنگرەی میونشن بۆ ئەمن و ئاسایش کۆتایی دێت

ئەمڕۆ کۆنگرەی میونشن بۆ ئەمن و ئاسایش کۆتایی دێت

ڕۆژی هەینی لەشاری میونشنی ئەڵمانیا بەئامادەبونی سەرەک وەزیران ونوێنەران و وەزیرانی دەرەوەو بەرگری زیاتر لە ٢٠ وڵاتی جیهانی و سەروو ٥٠٠ کەسایەتی و بەرپرسانی دۆسیەی ئەمنی وڵاتان، ٥٤ ەمین کۆنگرەی ئەمن وئاسایش کەبە Siko ناسراوە دەستیپێکرد. لەو کۆنگرەیەدا سەرەک وەزیرانی هەریەک بەریتانیاو ئۆکرانیاو فەرەنساو ئیسرائیل وتورکیا، وەزیرانی دەرەوەی: ڕوسیاو چین، وەزیری بەرگری ئەڵمانیاو ئەمریکاش بە وەزیری بەرگری و وەفدێک لە کۆنگرێس و دەیان وەفدی وڵاتان بەشداریان کردووە.

مێژوویەکی دێرین
کۆنگرەی میونشن یەکێکە لەکۆنگرە گەورەکانی جیهان، کەتایبەتە بە پرسی ئەمنیەت و شەڕو ئاشتییەوە لەجیهاندا. ئەوەشی وایکردووە کەئەم کۆنگرە هێندە گرنگ بێت ئەوەیە، ژمارەیەکی بەرچاوی دەسەڵاتدارانی جیهان بەشداری تێدا دەکەن. ئەم کۆنگرەیە، یەکەمجار لەساڵی 1963 لەسەر پێشنیازی ئیڤالد ڤۆن کلاسیت بەستراوەو هەرخۆشی پشتگیریکردووە، کلاسیت چەکدارێکی دێرینی ئەڵمانیی بووە، کەلەدژی حکومی نازیەت جەنگاوە. لەو ساڵەوە بەبەردەوامی ئەم کۆنگرەیە دەبەسترێت.

هەرێمی کوردستانیش بەشدارە
بەو پێیەی ساڵانێکە هەرێمی کوردستان روبەڕوی تیرۆر بۆتەوەو بۆتە لایەنێکی سەرەکی ڕوبەروبونەوەی تیرۆری جیهانی، چەند خولێکە بۆ کۆنگرەبانگهێشت دەکرێ و لەپاڵ وەفدی عیراقیش ،هەرێمی کوردستان بەوەفدێک بەشداری دەکات، ئەمساڵیش وەفدی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی نێچیروان بارزانی بەشدار بوەو بڕیار وایە لە پەراوێزی کۆنگرەدا لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی عیراقی وعەرەبی وجیهانی کۆببنەوە و باس لە شەڕی لەناوبردنی تیرۆریستان وئاسەواری خراپی بەسەر ژیان وگوزەرانی هاوڵاتیان وئاوارەکان و هەروەها چۆنیەتی چاککردنەوەی پەیوەندیەکانیان لەگەڵ حکومەتی ناوەند بکەن.

گەورەترین کۆنگرەی ئەمنیە
ئەم کۆنگرەیە کەدوو ڕۆژە بەردەوامەو ئەمڕۆ ئێوارە کۆتایی پێ دێت،لەسەر ئاستی جیهاندا بەگەورەترین کۆنگرەی ئەمنی دادەنرێ و ساڵانە لەئەڵمانیا بەڕێوە دەچێت، کۆنگرەیەکی ڕاوێژکاریەو باس لە کێشە جۆراوجۆرەکان و چۆنیەتی دۆزینەوەی ڕێگاچارەی گونجاو دەکات بۆ ئارامکردنەوەی ژیان وگوزەرانی وڵات و کۆمەڵگاکان و هیچ بریارێکی لێوە دەرناچێت، بەڵکو تەنها ڕاسپاردەپێشکەش دەکا، ئەمساڵ لە ٣٠ پانێلدا ١٢٠ کەسایەتی و پسپۆڕ و کاربەدەستی بواری ئەمن و ئاسایشی وڵاتان تاوتوێی کێشە جیهانیەکان وچارەسەریەکان دەکەن،لە پەراوێزی ئەم کۆنگرەیەشدا دەیان کۆبونەوەی تایبەتی نێوان بەرپرسانی وڵاتانی بەشداربوو دەکرێ و دەرفەتێکی باش دەداتە سیاسەتمەداران بۆ ڕاوێژی یەکترو دیداری سیاسی نێوانیان.

هەوڵی ئارامکردنەوەی کێشەکان دەدەن
لەدوای تەواوبونی کارەکانی ڕۆژی یەکەمی کۆنگرەدا، وەزیرانی دەرەوەی هەریەک لە ئەڵمانیاو فەرەنساوڕوسیاو ئۆکرانیا کۆبونەوەو باسیان لە کێشەی ئۆکرانی و سەرهەڵدانەوەی تە قوتۆق کردوە کەلەم دواییەدا لەنێوان سوپای ئۆکرانی و گروپەکانی سەر بەڕوسیا ڕویانداوەو هەوڵی کپ کردنەوەی دەدەن.

تەوەرە سەرەکییەکانی کۆنگرە
ئەمساڵ کێشەکانی ئەمنی سەرتاسەری جیهان، ئەو دۆسیانەی کە مەترسی ئەوەیان لێدەکرێت کارەساتی مرۆیی و شەڕی جیهانی گەورەیان لێ بکەوێتەوە بەبایەخەوە سەیردەکرێن لەوانە: نێوانی ئەمریکاو ڕوسیاو کێشەی ئۆکرانیاو نێوانی ئەوروپاو ڕوسیا لەلایەکی تر،بابەتی چەکی ئەتۆمی جێی بایەخ دەبێ و هەوڵدەدەن سنورێک بۆ ئەم کەیسە دابنێن، هەورەها شەڕی ئەلیکترۆنی وئیستیخباراتی نێوان وڵاتان تەوەری تری سەرەکی کۆنگرەکەیە.

ناوچەکەی ئیمە بە خەستی باسدەکرێت
هەمان کات شەڕو ئاشوبەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سوریاو عیراق وئەفغانستان و یەمەن وڕوبەڕوبونەوەی داعش گروپە تیرۆریستیەکان لەڕیزبەندی پێشەوەی ئەو دۆسیانەن کە بەچڕی باسیان لێوەدەکرێت، کێشەی ناوخۆیی وڵاتان بەتایبەتی ئەوانەی کاری نەرێنی دەکەنە سەر ئاسایشی وڵاتانی تر وجیهان بەهەند وەردەگیرێن وهەوڵی دۆزینەی ڕێی گونجاو دەدەن بۆ چارەسەرکردنیان.

هیچکات بەو شێوەیەی ئێستا مەترسیەکان زۆر نەبوون
«ڤۆلفگەنگ ئیشینگەر» سەرۆکی کۆنگرەکە لە وتاری کردنەوەی کارەکانیدا بە ئەسەفەوە باسی تەنگژەو قەیرانیەکانی نیوان وڵاتانی کردو ئەو شەڕە خوێناویانەی کرد کە ڕوو دەدەن و پێیانەوە هەزاران لەخەڵکی گوناح دەکوژرێن و دەبنە قوربانی ململانێ سیاسیەکان ، هەروەها ووتی: هیچ کاتێک وەک ئێستا شەڕو ئاژاوەی نێوان وڵاتان مەترسی نەبون بۆ سەر ئارامی هەموو جیهان و هۆشداری ئەوەیدا کە ئەگەر وابڕوات، زوو چارەنەکرێن ئەوا کارەساتی مرۆیی زۆر گەورەت ڕودەدەن وهەموو جیهان دەکەوێتە زۆنکاوی نائارامی و شەڕ هەمومان دەگرێتەوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*