سەرەکی » مانشێت » لاهور شێخ جەنگی: دژی هەموو شەڕێكی براكوژین، سەركۆنەی هەموو لایەنێكیش دەكەین كە بیەوێت ئارامی و سەقامگیریی كوردستان بخاتە مەترسییەوە

لاهور شێخ جەنگی: دژی هەموو شەڕێكی براكوژین، سەركۆنەی هەموو لایەنێكیش دەكەین كە بیەوێت ئارامی و سەقامگیریی كوردستان بخاتە مەترسییەوە

دوێنێ، لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە قەڵاچوالان لەگەڵ سەرجەم فەرماندە و دەرەجەدار و لیواكانی فەرماندەیی گشتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كۆبۆوە.

لە كۆبوونەوەكەدا كە ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتیی یەكێتی ئامادەیبوون، پێشهات و گۆڕانكارییەكانی هەرێمی كوردستان و عیراق و هەنگاوەكانی یەكخستنی هێزی پێشمەرگە و دۆخی ئەمنی تاوتوێكران.

لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا، لاهور شێخ جەنگی باسێكی گرنگی پێشكەشكرد و ئاماژەی بە بڕیار و سیاسەتی نوێ و بەهێزی پێگەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كرد و رایگەیاند: یەكێتی دوای كۆنگرەی نوێبوونەوە لەسەر ئاستی هەرێم و بەغدا هەنگاوی گەورەی ناوە و بە شێوەیەكی واقیعی و حەكیمانە مامەڵەی لەگەڵ پرسەكاندا كردووە و بەرژەوەندیی باڵای میللەتەكەمانی لەبەرچاوگرتووە، بە تایبەت لە مەسەلەی كێشەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی كە زۆر جەختمان لە رێكەوتن كردۆتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش لە بەغدا چەندین كۆبوونەوەی گرنگ و بەرهەمدارمان لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەكانی عیراق و لایەنی حكومی كرد بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان بە ڕەچاوكردنی دەستووری عیراق لەپێناوی دابینكردنی شایستە داراییەكان و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و باشكردنی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان و چارەسەركردنی كێشەی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان.

هاوسەرۆك لاهور شێخ جەنگی باسی لە دۆخی ئەمنیی هەرێمی كوردستان كرد و جەختیكردەوە: دژی هەموو شەڕێكی براكوژین، سەركۆنەی هەموو لایەنێكیش دەكەین كە بیەوێت ئارامی و سەقامگیریی كوردستان بخاتە مەترسییەوە، بە هیچ شێوەیەك بەشدار و لایەنگری شەڕێك نابین كە خوێنی كوردی بە دەستی كورد تیادا بڕژێت.

لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا، هاوسەرۆك لاهور شێخ جەنگی ئاماژەی بە پڕۆسەی چاكسازی و یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كرد و ئامادەیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی دووپاتكردەوە بۆ یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و بوونی یەك هێزی نیشتمانی پڕچەك و مەشقپێكراو كە پارێزەری خاك و خەڵكی كوردستان بێت، پێزانینی خۆی پێشكەش بە فەرماندە سەربازییەكان كرد كە لەو پێناوەدا هەنگاوی گرنگیان ناوە. هاوكات بوونی هەمئاهەنگیی نێوان سوپای عیراق و هێزی پێشمەرگەی دووپاتكردەوە بۆ بەردەوامی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەو ناوچانەی كە بۆشایی ئەمنییان تێدا هەیە بۆ لەناوبردنی خانە نوستووەكانی چەكدارانی داعش.

دەربارەی هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عیراق، هاوسەرۆك لاهور شێخ جەنگی یەكدەنگی كوردی بە گرنگ زانی بۆ بەهێزی پێگەی كورد لە بەغدا، پێكهێنانی لیستی هاوپەیمانیی كوردستان لە نێوان یەكێتی و بزووتنەوەی گۆڕانی بە دەستكەوتێكی گەورە لە قەڵەمدا بۆ بەرگریكردن لە مافەكانی گەلی كورد و یەكڕیزیی نیشتمانی، هیواشی خواست كە سەرجەم لایەنە كوردییەكان لە ژێر چەتری ئەو لیستەدا كۆببنەوە، بۆ ئەوەی نوێنەرایەتی راستەقینەی كورد بكەن و پێگەی هەرێم بەهێزتر بكەن.

لە كۆتایی كۆبوونەوەكەشدا، هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە گرنگییەوە وەڵامی پرسیار و سەرنج و تێبینی فەرماندە سەربازییەكانی دایەوە.

 127 جار بینراوە