سەرەکی » چاوپێکه‌وتن » دیبەیتی هەڵبژاردن بۆ نوێنەرانی داهاتووی عیراق

دیبەیتی هەڵبژاردن بۆ نوێنەرانی داهاتووی عیراق

هەڵبژاردن ئەو پرسە گرنگەیە کە لە رێیەوە نوێنەرایەتی و نوێنەری گەل هەڵدەبژێردرێت، بەمەبەستی گوزارشتکردن لە و داواکارییەکانی هاونیشتمانیان، وەک ئامراز و میتۆدێکیش بۆ دەستاودەستکردنی دەسەڵات، هەڵبژاردن بە باشترین میکانیزم هەژمار دەکرێت، کە دەکرێت لەم رێگەیەوە رێ لە بەردەوامی دەسەڵاتی هەتاهەتایی و چەقبەستوو بگیرێت، هەروەها رێگە بە کەسانی تر بدرێت تا بتوانن بە کردەیی کاری ئەم نوێنەرایەتی و دەمڕاستییە بگرنەدەست.

ئێستا کۆمەڵگەی عیراق و هەرێمی کوردستان لە چاوەڕوانی بەڕێوەچوونی ئەم پرۆسەیەدان کە بڕیارە لە 10/10/2021 دا بەڕێوەبچێت، تا جارێکی تر متمانە بدەنەوە بە نوێنەرەکانی گەل لە بازنەکانی هەڵبژاردندا و ئەم پرۆسەیەش ببێتە وێستگەیەکی دیکەی خەباتی مەدەنی، بەو هیوایەی سەقامگیریی سیاسی بەدوادابێت.

ئەم پرۆسەیە بە یاسای ژمارە 9 ی ساڵی 2020 دەکرێت کە گۆڕانکاریی زۆری بەسەردا هاتووە، بۆ ئەوەی دەرفەت بەهەمووان بدرێت بەشداربن لەم پرسە گشتییەدا، یاساکە دەستی حزبەکانی کورت کردۆتەوە و حزبە بچووکەکانیشی بەتەواوی فەرامۆش کردووە، ئەگەر رێژەیەک دادپەروەریی لەلایەن حزبە گەورەکانەوە رەچاونەکرێت، ئەوا مافی حزبە بچووکەکان دەخورێت، بۆ زیاتر بەرچاوڕوونی خوێنەران و دەنگدەران ئەم دیمانەیەمان لەگەڵ (د. نیکۆڵا ئەشرەف شاڵی) مامۆستای زانکۆ وتوێژەر و م. ئومێد قەرەداغی مامۆستای زانکۆ وتوێژەر کرد.

 

سازدانی: نەوزاد سالح

جیاوازیی لە نێوان سیستمی نوێی هەڵبژاردن و سیستمی پێشوو هەیە

*یاسای ژمارە 9 ی ساڵی 2020 لە بەرژەوەندیی کام لە حزبەکان دەبیننەوە و ئەم یاسایە چۆن هاتۆتەپێش؟

د. نیکۆڵا: یاسای ژمارە (9)ی ساڵی 2020 لە ئەنجامی داواکارییەکانی خۆپیشاندەرانی مەیدانی تەحریر و خواستی هەرێمی و نێودەوڵەتی دەرچوێنرا، ئەم یاسایە بەڕەهایی ناتوانین بڵێین تەنها لە بەرژەوەندی حزبە گەورەکاندایە، بەهەمان شێوە ناتوانین بڵێین تەنها لە زیانی حزبە بچوکەکانیشدایە، چونکە ئەگەر سەیری سیستمی پەیڕەوکراوی نوێی هەڵبژاردن بکەین لەیاساکەدا، دەبینین سیستمەکە لە لیستی نوێنەرایەتی رێژەیی گۆڕاوە بۆ لیستی زۆرینەی (یەک دەنگی نەگوێزراوە)، واتە بەپێی یاسا نوێیەکە لیستی حزب نامێنێت و تاک کێبڕکێ دەکات و لەهەمان کاتدا پارێزگاکان گۆڕاون بۆ فرەبازنەیی، لێرەدا ئەم سیستمە نوێیەی هەڵبژاردن لە بەرژەوەندیی حزبە گەورەکاندایە کە پێشتر لیستی نوێنەرایەتی رێژەیی خزمەتی کردوون، چونکە لەم سیستمە نوێیەدا لەبەرئەوەی لیستی تاکە کەسییە، حزب رۆڵی نامێنێت و لەڕێگەی بەربژێرەوە دەچێتە کێبڕکێی هەڵبژاردنەکانەوە و لەهەمان کاتدا کاریزمایی سەرکردەی سیاسی نامێنێت، کە ئەوەش دیاردەیەکی سەرەکی و پشت بەستراوی حزبە گەورەکان بووە لە هەڵبژاردنەکاندا و سوودێکی ئێجگار گەورەیان لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا لێ بینیووە، بۆ کۆکردنەوەی دەنگ و پاشان گواستنەوەیان بۆ کاندیدەکان، بەپێی رێژەی بەرزترین دەنگی بەدەستهاتوو بۆیان، لەهەمان کاتدا حزبە گەورەکان لەو بازنانەی کە کورسی بەدەست دەهێنن، یان دەنگیان هەیە و بەڵام لە کێبركێی نێوان کاندیدەکانی یەک بازنەدا کاندیدێکیان دەکەوێتە دواوە، سەرناکەوێ. لێرەدا کۆی ئەو دەنگانەی کە دەفەوتێت ناگوازرێتەوە بۆ کاندیدێکی تر لە هەمان بازنەدا یان لەهەر بازنەیەکی تر، کە ئەمەش خاڵی جیاوازی نێوان ئەم سیستمە نوێیەی هەڵبژاردنی عیراقە لەگەڵ سیستمەکەی پێش خۆی، کە ئەم دەنگانە دەگوێزرانەوە و بەهەدەر نەدەچوون، هەروەها ئەم سیستمە نوێیەی هەڵبژاردن دەنگی حزبە گەورەکان و لایەنگرانیان بڵاوە پێدەکات، چونکە دەنگەکانیان دابەش دەبێت بەسەر چەند بازنەیەکی جیاوازدا، کە ئەوەش دەرفەتی زیاتر دەدات بە کاندیدی سەربەخۆ بۆ ئەوەی لە بازنەکەی خۆیدا سەربکەوێت بەوپێیەی نزیکترە لە دەنگدەر، خۆی ئەم سیستمە لە زیانی حزبە بچووکەکانیشدایە بەتایبەتی ئەو حزبانەی تازە دروست بوون، یان ئەوانەی هیچ پێگەیەکی جەماوەریی ئەوتۆیان نییە، بەهەر هۆکارێک بێت، چونکە ئەم جۆرە لە سیستمی هەڵبژاردن بوار بە خستنەگەڕی هەوڵ دەدات بۆ ئەوەی دەنگدەر بکڕرێت لەلایەن حزبە گەورەکانەوە، ئەو کارەی کە حزبە بچووکەکان و کاندیدی سەربەخۆ ناتوانن بیکەن، چونکە ئەو توانا داراییەیان نییە، هاوکات لە زیانی حزبە بچوکەکاندایە، چونکە بەشێوەیەکی گشتی ئەم حزبانە دەنگەکانیان دابەش بوون بەسەر چەند بازنەیەکی جیاوازدا کە بەجیا لەهیچ بازنەیەکدا بەشی بەدەستهێنانی کورسییەک ناکات.

سیستمی نوێی هەڵبژاردن و دۆخێکی جیاواز

* ئەم یاسایە کاریگەریی چی دەبێت لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان؟
د. نیکۆڵا: لای هەموان روونە کە ئێمە هەرێمی کوردستان هەرێمێکین لە چوارچیوەی عیراقی فیدراڵدا، لەبەرئەوە چی لە عیراقدا روودەدات، بەشێوەیەکی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر ئێمە دەبێت لە نێوانیاندا ئەم یاسا نوێیەی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عیراقدا، ئێمە دەزانین لە عیراقدا گۆڕانکاریی گەورە لە یاسای هەڵبژاردندا رویداوە، ئەم گۆڕانکارییانە هاوکێشەی سیاسی لە بەغدا دەگۆڕێت و کاریگەریی و لێکەوتەی ئەم گۆڕانکارییە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە، وەک بەشێک لە عیراق، ئەم یاسا نوێیە یاسایەکی فیدراڵییە، وەک پێشتر ئاماژەم پێدا، دەرەنجامی داواکاریی خۆپیشاندەرانی مەیدانی تەحریر بوو بۆ گۆرانکاریی ریشەیی لە میکانیزمی هەڵبژاردنی نوێنەرایەتی گەل بۆ پەرلەمان، هەروەها پێکهێنانی حکومەتی نوێ و چاکسازیکردنی راستەقینە لەپاڵ بوونی خواستی هەرێمی و نێودەوڵەتی دەرچواێنراوە و ئەو هۆکارانەی کە لەپشت دەرچوواندنی ئەم یاسایەوە بوون لە عیراقی فیدراڵدا، بەهەمان ئەندازە و زیاتریش ئامادەییان هەیە لە هەرێمی کوردستاندا و چاوی نێردەکانی جیهان لە هەرێمی کوردستان وڵاتانی دەرەوە زیاتر لەسەر پرۆسەی دیموکراسییە لە هەرێم، بەتایبەتی دوای رووداوەکانی ئەم کۆتاییە لە زیندانیکردنی رۆژنامەنووسان و بەرتەسکرنەوەی ئازادییەکان. بەواتایەکی تر ئەو هۆکارانەی ئەم یاسا نوێیەیان هێناوەتە ئاراوە لە هەرێمیشدا هەن، لەم روانگەیەوە پێموایە کۆی ئەمانە لانیکەم دەبێتە هۆی هەموارێکی تری یاسای بەرکاری هەڵبژاردن لە هەرێمدا بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ سروشت و پێداویستی و خواستی هاووڵاتیانی هەرێم، هەروەها بەدیهێنانی دادپەروەریی لە نوێنەرایەتی جوگرافی راستەقینە یان هەر دەبێتە هۆی دەرچواندنی یاسایەکی تری نوێ بۆ هەڵبژاردن، وەک ئەوەی لە عیراقدا روویدا و یاسای هەڵبژاردن بەتەواوی گۆڕا، لە لیستی نوێنەرایەتی رێژەیی بۆ لیستی (یەکدەنگی نەگوێزراوە)، کاریگەریی یاسا نوێیەکەی هەڵبژاردنی عیراق لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بە تایبەتر دوای هەڵبژاردنی (10/10/2021) دەردەکەوێت، چونکە سیستمی نوێی هەڵبژاردن دۆخێکی نوێ لە کاری پەرلەمانی و سیاسی لە عیراقدا دەهێنێتە ئاراوە، کە وێناکەی پەیوەستە بە ژمارەی ئەو کورسییانەی هەرلایەنێک بەجیا بەدەستی دەهێنێ، بۆ وەڵامدانەوەی ئەم دۆخە نوێیە و گونجاندن لەگەڵیدا، دەبێت هەرێمی کوردستان لە ناوخۆدا ئەم دۆخ و قۆناغە چەقبەستووەی ئێستای تێپەڕێنێت، بە تایبەتی کە بۆ خەڵکی کوردستان و لایەنەکان دەرکەوتووە کە سەرکەوتنی پەرلەمانتار بە سیستمی نوێنەرایەتی رێژەیی (لیستی حزب) هیچ کاریگەری و رۆڵی نەبووە لەکاری دیپلۆماسیی پەرلەمانی، لەوەش خراپتر (پەرلەمان) و پەرلەمانتار دەستەمۆی سیاسی دەبێت، کە دەوری هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان دەدات، رۆڵی کاریگەر و یەکلاکەرەوەی خۆی دەبێت بۆ دەرچوواندنی یاسایەکی نوێی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان، یان لانیکەم هەموارکردنەوەی ئەو یاسا بەرکارەی کە هەیە بەجۆرێک کە یاسا نوێکە یان هەموارەکە سیستمێکی نوێی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستان پەیڕەو بکات، هەرچەندە ئەو کارە ئەگەر ئەستەم نەبێتم ئەوا زۆر قورسە بۆ ئەم دۆخەی ئێستا، کە پەرلەمانی کوردستانی تێدایە، بەڵام لە کۆتاییدا خواستی خەڵک و بەرژەوەندیی گشتی خەڵکی کوردستان و راستی هاتنەدیی گۆڕانکاری، بۆ خۆگونجاندان لەگەڵ دۆخە نوێکەی عیراق و یاسای هەڵبژاردنە نوێکەی و دەرەنجامی هەڵبژاردنی ئایندە و هەروەها وەڵامدانەوەی پێداویستییەکانی بەرەوپێشچوونی پرۆسەی دیموکراسی لە هەرێم ئەو گۆڕانکارییانە بکرێت، هەرچەندە ببێتە هۆی شڵەژاوی و دڵەڕاوکێی پارتە سیاسییەکان، چونکە لە کۆتاییدا بەرژەوەندیی خەڵک و قەوارەی هەرێمی کوردستان دەبێت لە سەرووی سەرجەم حزب و هێزە سیاسییەکانەوە بێت.

*ئەگەر پێمان بڵێیت چۆن چارەسەری گرفتی حزبە بچووکەکان بکرێت، کە کورسی بەدەست ناهێنن؟
د.نیکۆڵا: ئەو حزبانە بۆ چارەسەرکردنی بەدەستنەهێنانی کورسی دەتوانن:

1- هاوپەیمانی بکەن لەگەڵ حزبە هاوشێوەکانی خۆیان یان لەگەڵ حزبە گەورەکاندا، لەو شوێنانەی دەزانن دەنگیان بەدەستهێناوە، بەڵام بەشی بەدەستهێنانی کورسی ناکات، واتا بازنەیەک بۆ بازنەیەکی تر جێدەهێڵن کە دەنگی زۆرتریان تیایدا هەیە.

2- یان دەتوانن لەرێگەی بەربژێری سەربەخۆی بەهێز لەڕووی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئایینی، لێهاتوویی تاکەکەسی بەشداریی هەڵبژاردن بکەن، هەرچەندە ئەم بەربژێریکردنە دەشێ بوار بە سەرکەوتنی کەسانێک بدات بۆ پەرلەمان کە لەڕووی لێهاتوویی و شیاوییەوە بۆ کاری پەرلەمانی گونجاو نەبن، بەهۆی نەبوونی شارەزایی و تایبەتمەندی.

*رۆڵی رێکخراوەکان و چاودێرانی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان چی دەبێت لە پرۆسەی هەڵبژاردندا؟

د،نیکۆڵا: رۆڵی رێکخراو و چاودێرە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان گرنگە، بۆ چاودێریکردنی پاکیی پرۆسەکە و رێگریکردن لە ساختەکاری و هۆشیارکردنەوەی دەنگدەر و گەڕاندنەوەی متمانە بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن.

بێ متمانه‌یی‌ به‌رامبه‌ر بە كۆی پرۆسه‌ی هەڵبژاردن

*چۆن لە سایکۆلۆژیای ئێستای دەنگدەر تێبگەین، لەکاتێکدا دەزانین دەنگدەری ئێستا دونیایەک بێزاریی و تووڕەیی هەیە لە پرۆسەی سیاسی؟
ئومێد قەرەداغی: سایكۆلۆژیای ده‌نگده‌ر له‌ راستیدا به‌ڕاده‌یه‌كی یه‌كجار كاریگه‌ره‌ به ‌نه‌مانی متمانه‌، نه‌مانی متمانه‌ به‌ تێگەیشتنی نوێنه‌رایه‌تیكردن، له ‌عیراقی نوێدا گومانێكی راسته‌قینه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ دروست بووه‌ كه‌ نوێنه‌ر نوێنه‌رایه‌تی ئیراده‌ی گشتی هاووڵاتیان ناكات و چاكه‌ی گشتی به‌شه‌ هه‌رە گرنگه‌كه‌ی كار و به‌رنامه‌ی ئه‌و نابێت، هێندەی ئه‌وه‌ی خه‌می ژیانی تایبه‌تی خۆیه‌تی، بەگشتیش وەک ئەوەی دەبینرێت نوێنه‌رایه‌تیكردن له ‌عیراقی نوێدا هیچی به ‌جه‌ماوه‌ر نه‌به‌خشیووە‌ و كۆمه‌ڵێك ده‌وڵه‌مه‌ندی گه‌وره‌ی له ‌ژیانی سیاسیدا دروستكردووه‌، بۆیه‌ سایكۆلۆژیای ده‌نگده‌ر به‌ڕاده‌یه‌كی زۆر بێ متمانه‌یه‌ به‌رامبه‌ر كۆی پرۆسه‌ی هەڵبژاردن نەک تەنها کاندید.

دەبێت پەرلەمانتار بەرگریی لە مافە گشتییەکان بکات

*ئێستا دەنگدەر میزاجی جێگیرنییە، چۆن دەتوانین متمانە لای دەنگدەر دروست بکەینەوە؟

ئومێد قەراداغی: بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی متمانه‌ بۆ ده‌نگده‌ر، پێویسته‌ شێوازی حكومڕانیی حزبه‌كان بگۆڕرێت به‌شێوازی به‌دیهێنانی دادپه‌روه‌ری و دابه‌شكردنی سامانی نیشتمانی بناغه‌ی كار و چالاكی بێت، حزبه‌كان كۆمه‌ڵێك میكانیزمیان هه‌بێت کە رێگریی بكات له‌وه‌ی نوێنه‌ر كاری نوێنه‌رایه‌تییه‌كه‌ی وه‌ك كه‌ره‌سته‌ی خۆشژیانی و خۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردن به‌كاربهێنێت، به‌ڵكو به‌و ئاراسته‌یە بێت كه‌ به‌رگریی له‌ مافه‌ گشتییه‌كان بکات و چاكه‌ی گشتی ئه‌ركی سه‌ره‌كی بێت.

بەریەکەوتنی حزبەکان و کاندیدەکان شتێکی سروشتییە

*بەڕای ئێوە بەریەکەوتنی پارتەکان و کاندیدەکان چ کاریگەریەکیان دەبێت لەسەر کۆی پرۆسەی هەڵبژاردن؟

ئومێد قەرەداغی: بەریەکەوتنی حزبەکان و کاندیدەکان شتێکی سروشتییە، ئەگەر نەگاتە باری هێڵی سوور کە ناوزڕاندن و شتی تری بەدوادا بێت، بەڵام ململانێکە ئەگەر لەسەر ئاستی توانستی مرۆڤ و حزبەکان بێت، بۆ خزمەتی تاکی دەنگدەر و هاووڵاتیان، ئەوا سوود بە پرۆسەکە دەگەیەنێت، چونكه‌ پێشتریش ئه‌م جۆره‌ بەریەکەوتنانە هەربووە، لە نێوان کاندیدەکان و حزبەکاندا.

*مەرجە کاندید زمانی عەرەبی بزانێت، ئینجا خۆی کاندید بکات بۆ پەرلەمانی عیراق، چونکە وتووێژەکان لەنێو هۆڵی پەرلەمان بەزمانی عەرەبی دەبن؟

ئومێد قەرەداغی: به‌ڵی بێگومان زانینی زمانی عه‌ره‌بی مه‌رجێكی گرنگ و بنەڕه‌تییه‌، بۆ ئه‌ركی نوێنه‌رایه‌تیكردن له‌ به‌غدا، بەبێ زانینی زمانی عه‌ره‌بی نوێنه‌ری كورد نە ده‌توانێت به‌رگریی له‌ مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورد بكات و نه دە‌شتوانێت به‌رگریی له‌ مافه‌ دیموكراتی و مه‌ده‌نییه‌كان بكات.

 114 جار بینراوە