سەرەکی » ئەدەب و هونەر » من به‌ر له‌ تۆ

من به‌ر له‌ تۆ

رەوەز جەبار

له‌ جیهانی سینه‌مادا زۆرجار ده‌رهێنه‌ره‌كانی په‌نا بۆ رۆمانێك ده‌به‌ن تا بیكه‌ن به‌ فیلم. زۆرجار ئه‌م ده‌رهێنه‌رانه‌ رێك وه‌ك رۆمانه‌كه‌ كاری ده‌رهێنان بۆ فیلمه‌كه‌ ده‌كه‌ن. هه‌ندێك ده‌رهێنه‌ریش هه‌ن ده‌ستكاری بابه‌تی رۆمانه‌كه‌ ده‌كه‌ن. نایانه‌وێت به‌هه‌مان شێوه‌ی رۆمانه‌كه‌ فیلمه‌كه‌ به‌رهه‌م بهینن. زۆر كه‌سیش هه‌ن پێیانوایه‌ له‌بری ئه‌وه‌ی سێ رۆژ سه‌رقاڵی خوێندنه‌وه‌ی رۆمانێك بن ده‌چن سه‌یری فیلمی ئه‌و رۆمانه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ كاره‌كه‌یان بۆ كورت ده‌كاته‌وه‌ و له‌ دوو سه‌عاتێكدا له‌ كۆڵ خۆیانی ده‌كه‌نه‌وه‌. ئایا فیلم ده‌توانێ حه‌قی ته‌واو به‌و رۆمانه‌ بدات كه‌ بابه‌ته‌كه‌ی لێ وه‌رگیراوه‌. ئه‌مه‌ كاریكی سه‌خته‌ و زۆر به‌كه‌می روویداوه‌ فیلمێك كه‌ له‌ رۆمانێكه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌، حه‌قی رۆمانه‌كه‌ بدات. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بینه‌ری ئه‌و فیلمانه‌ی كه‌ سیناریۆكه‌ی له‌ رۆمانێكه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌ كه‌متر نین له‌ فیلمه‌كانی دیكه‌. ئه‌م به‌رهه‌مه‌یش لێره‌دا باسی ده‌كه‌ین له‌و فیلمانه‌یه‌ كه‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی رۆمانێكی پڕفرۆشه‌.

چیرۆكی من به‌ر له‌ تۆ
بابه‌تی « من به‌ر له‌ تۆ» كه‌ له‌ رۆمانه‌كه‌ و فیلمه‌كه‌یش، چیرۆكی لویزایه‌. لویزا كلارك ئه‌و كه‌سه‌ی رۆڵی سه‌ره‌كی هه‌یه‌ له‌م به‌رهه‌مه‌دا ته‌مه‌نی بیست و شه‌ش ساڵه‌ و له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی ده‌ژی، یارمه‌تی خێزانه‌كه‌ی ده‌دات. بۆ دابین كردنی پێداویستییه‌كانیان، له‌ كافتریایه‌ك كار ده‌كات، پاش ماوه‌یه‌ك كاره‌كه‌ی له‌ ده‌ستده‌دات، به‌ڵام دوای چه‌ندین هه‌وڵی بێ ئه‌نجام دواجار كارێكی تر ئه‌دۆزێته‌وه‌، ئه‌و بۆ په‌رستاری له‌ ولیه‌م جۆن تره‌ینۆر به‌كرێ ده‌گرێت كه‌ گه‌نجێكی سه‌ركه‌وتوو و ده‌وڵه‌مه‌نده‌، به‌ڵام دوو ساڵ له‌مه‌به‌ر به‌ هۆی رووداوێكی ماتۆڕسیكله‌وه‌ ئیفلیج بووه‌. له‌ سه‌ره‌تادا په‌یوه‌ندی ولیه‌م و لویزا سه‌خت و بێ ئه‌نجام ده‌بێت. به‌ڵام ورده‌ ورده‌، هه‌وڵه‌كانی لویزا كاریگه‌ر ده‌بێت، ولیه‌م باری ده‌روونی باشتر ده‌بێت. مه‌چه‌كی برینداری ولیه‌م سه‌رنجی لویزا راده‌كێشێت. دواتر بۆی ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ولیه‌م هه‌وڵی خۆكوشتنی داوه‌. لویزا بڕیار ده‌دات ئه‌م بیرۆكه‌ی خۆكوشتنه‌ له‌بیری بباته‌وه‌. هه‌وڵ ده‌دات ولیه‌م له‌م بڕیاره‌ پاشگه‌ز بكاته‌وه‌. دوای ئه‌مه‌ وا بڕیار ده‌ده‌ن كه‌ ولیه‌م شه‌ش مانگ بژی و دواتر له‌سه‌ر ئه‌م بڕیاره‌ خۆكوشتن له‌ رێگه‌یه‌كی ئاسانه‌وه‌ به‌ یه‌كه‌وه‌ بدوێن. پاش چه‌ن حه‌فته‌یه‌ك، ولیه‌م هێور ده‌بێته‌وه‌ و رێگه‌ به‌ لویزا ده‌دات سەری بتاشێت. ئه‌وان به‌رده‌وام به‌ یه‌كه‌وه‌ ده‌ڕۆنه‌ ده‌ره‌وه‌ و رۆژ به‌ رۆژ نزیكتر ده‌بن له‌ یه‌كه‌وه‌.

رۆمانه‌كه‌
من به‌ر له‌ تۆ، وه‌ك پیشتر وتمان رۆمانێكی رۆمانسییه‌، نووسینی ژنه‌ رۆماننووسی به‌ریتانی جۆجۆ مۆیزه‌، بۆ یه‌كه‌م له‌ ساڵی 2012 له‌ به‌ریتانیا بڵاوبووه‌ته‌وه‌. له‌ رۆمانه‌كه‌دا چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌ك هه‌یه‌، له‌وانه‌ لویزا كلارك ژنێكی به‌هره‌مه‌نده‌، ته‌مه‌نی بیست و شه‌ش ساڵه‌. ولیه‌م تراینه‌ر ته‌مه‌نی سی و پێنج ساڵه‌، پیاوێكی زیره‌ك و ده‌وڵه‌مه‌نده‌. به‌ڵام به‌هۆی رووداوێكه‌وه‌ ئفلیج بووه‌. كامیلا تراینه‌ر و ستیڤن تراینه‌ر و كاترینا كلارك و پاتریك خۆشه‌ویستی لویزا و ناسان و برنارد كلارك باوكی لویزا و جۆزفین دایكی لویزا و… چه‌ند پاڵه‌وانێكی تر له‌م رۆمانه‌دا هه‌ن. ئه‌م رۆمانه‌ ساڵی 2017 له‌ لایه‌ن وه‌رگێڕ ئه‌مانی لازارەوە وه‌رگێڕدراوه‌ بۆ عه‌ره‌بی. ئه‌م به‌رهه‌مه‌ له‌ رۆمانه‌ پڕفرۆشه‌كانی دنیایه‌. وه‌ك له‌سه‌ر به‌رگی چاپی وه‌رگێڕانه‌ عه‌ره‌بییه‌كه‌ی نووسراوه‌ زیاتر له‌ ده‌ ملیۆن نوسخه‌ی لێ فرۆشراوه‌.

فیلمه‌كه‌
ئه‌مه‌ ناونیشانی فیلمێكه‌« Me Before You» كه‌ خامه‌ ئه‌سڵییه‌كه‌ی رۆمانێكی رۆمانسییه‌، نووسه‌ری به‌ریتانی جۆجۆ مۆیزه‌. ئه‌م رۆمانه‌ بۆ یه‌كه‌م جار له‌ 5 كانوونی دووه‌می 2012 له‌ به‌ریتانیا چاپ كراوه‌. پاشان كراوه‌ته‌ فیلم، فیلمه‌كه‌ش به‌ هه‌مان ناونیشانی رۆمانه‌كه‌ له‌ ساڵی 2016 له‌ ئه‌مریكا هاتۆته‌ به‌رهه‌م. ئه‌و ئه‌كته‌رانه‌ی رۆڵی تێدا ده‌بینن. بریتین له‌ لویزا كلارك، ولیه‌م تره‌ینۆر، كامێلیا تره‌ینۆر «دایكی ولیه‌م»، كاترینا «خوشكی لویزا»، ناتان «پزیشكی ولیه‌م» زمانی فیلمه‌كه‌ ئینگلیزییه‌ و كاته‌كه‌ی 110 خوله‌كه‌. له‌ ده‌رهێنانی سیا شاروكه‌، سناریۆیی فیلمه‌كه‌ جۆجۆ مۆیزه‌.

نووسه‌ری رۆمانه‌كه‌
جۆجۆ مۆیزه‌، خانمه‌ نووسه‌ری به‌ریتانی له‌و نووسه‌ره‌ ناسراوانه‌یه‌ كه‌ به‌رهه‌مه‌كانی له‌ ریزبه‌ندی ئه‌و رۆمانانه‌دایه‌ كه‌ پڕفرۆشترینن. ئه‌م نووسه‌ره‌ له‌ ساڵی 2002 ه‌وه‌ ده‌ستی به‌ نووسینی رۆمان و سیناریۆ كردووه‌. له‌ ژیانی ئه‌ده‌بیدا دوو جار خه‌ڵاتی ساڵانه‌ی رۆمانی خۆشه‌ویستی»رۆمانسی» به‌ ده‌ستهێناوه‌. به‌رهه‌مه‌كانی بۆ زیاتر له‌ سی زمان وه‌رگێڕدراون. جۆجۆ مۆیزه‌ له‌ ساڵی 1969 له‌ میدستۆن- به‌ریتانیا له‌ دایكبووه‌. ژیانی له‌ كێڵگه‌یه‌كدا به‌سه‌ر ده‌بات له‌ سامفۆردی گه‌وره‌ له‌گه‌ڵ مێرده‌كه‌ی» چارلز ئارسه‌ر» كه‌ رۆژنامه‌نووسه‌. به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌م نووسه‌ره‌ بریتین رۆمانی له‌ میوه‌ی بیانی، موزیكی شه‌وانه‌، ئه‌سپی سه‌ماكه‌ر، دواین نامه‌ له‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌ته‌وه‌، من به‌ر له‌ تۆ، مانگی هه‌نگوینی له‌ پاریس و … چه‌ند به‌رهه‌مێكی دیكه‌.

ده‌رهێنه‌ری فیلمه‌كه‌
سیا شارۆك ده‌رهێنه‌ری فیلمی من به‌ر له‌ تۆ، هاوكات دەرهێنەری شانۆگەرییەکەشە شارۆك ساڵی 1976 له‌ له‌نده‌ن له‌ دایكبووه‌. به‌ده‌ر له‌م به‌رهه‌مه‌ چه‌ند فیلمێكی دیكه‌ی هه‌یه‌. یه‌كه‌م فیلمی ئه‌م ده‌رهینه‌ر ئه‌م به‌رهه‌مه‌یه‌ كه‌ لێره‌دا باسمان كردووه‌. فیلمی من به‌ر له‌ تۆ. فیلمی The One and Only Ivan و تاجی جوف. كاره‌ شانۆییه‌كانی بریتین له‌ تۆب جیرلز، سه‌فه‌ری سینش، نمس، ده‌ریای شینی قووڵ. ماڵێكی خوێناوی و …

 95 جار بینراوە