سەرەکی » دۆسێ » زمانی کوردی لەبەردەم هەڕەشەکاندا

زمانی کوردی لەبەردەم هەڕەشەکاندا

فەرەیدون سامان*

(بە بۆنەی سازدانی کۆنفرانسی دووەمی زانستی نێودەوڵەتی زمانی کوردی و زاراوە یاساییەکان لە رۆژانی ١٧ و ١٨ حوزەیرانی ٢٠٢١- سلێمانی).

پێشەکی

کەسانێک هەن بۆچوونیان وایە قسەکردن یان نووسین و توێژینەوە لەسەر کێشەکانی زمانی کوردی لە کایەکانی پەروەردە و میدیا و زمان و زار و بنزارەکان و تەنانەت لەسەر ئاستەکانی زانست و یاسادا، تەنها مافی ئەو کەسانەیە کە هەڵگری بڕوانامەیەکی باڵای ئەکادیمین، یان کاری ئەو دەزگا ئەکادیمیانەن، کە لەو بوارانەدا پسپۆر و تایبەتمەندن، نموونەش و بەشە کوردییەکانی زانکۆیەکانی کوردستان و ئەکادیمیای کوردییە، پێیانوایە هەر ئەوان دەتوانن و دەزانن چۆن لەسەر میتۆدێکی ئەکادیمی و زانستی لێکۆڵینەوە و توێژینەوە لەسەر پرسەکانی زمان و ژانرەکانی دیکەی بواری زمانناسی و زمانزانی بکەن، لەکاتێکدا ئێمە ئەگەر ئاوڕێک بۆ رابردووی کەسانێکی زمانزان و دڵسۆزی زمانی کوردی بدەینەوە، گەرەکە هەوڵ و خەباتی زمانناسی ئەو کەسایەتییە رووناکبیرە ئۆرگانیکە کوردانە لەبەرچاو بگرین و کە نەک هەر هەڵگری بڕوانامەی زانستیی و ئەکادیمی نەبوون، بەڵکو زۆرینەیان دەرچووی حوجرەکانی مەدرەسە ئاینییەکان بوون و یان پسپۆڕییان لە بوارێکی جیاوازی زانستیی و ئەدەبی هەبووە، ناوەکانیش هێندە زۆرن لەوانەش شادڕەوانان مەسعود محەمەد، مەلا جەمیل رۆژبەیانی، شێخ محەمەدی خاڵ، شکور مستەفا، ئاورەحمانی زەبیحی و هەژارموکریانی و هەنووکەش دەیانی نووسەری ناوداری دیکەی کورد هەن، کە لە رێگای بەرهەمی نووسین و وەرگێڕانەکانیان زۆرترین خزمەتیان بە زمانی کوردی ناوەڕاست کردووە و توانیوایانە بنزارەکانی سلێمانی و گەرمیانی و سۆرانی و موکریان و ئەردەلان ئاوێتە بە یەکتر بکەن و ئەو کوردییەی ستانداردەی کە ئەمڕۆ هەیە و بۆتە زمانی فەرمی لە باشووری کوردستاندا، زۆرینەی خەڵکی باشوور لە بوارە جیاوازەکانی پەروەردە و فێرکردن و میدیادا کار و قسەی پێبکەن.

من پێموایە ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە بەرتەسک کردنەوەی چالاکی هزریی و مەعریفییە لەبەردەم دڵسۆزانی زمان و پڕۆسەی زمانناسی و زمانزانی کوردیدا. لە کاتێکدا دەبینین بەشێکی زۆر لە هەڵگرانی بڕوانامە باڵاکان، بەتایبەتیش لەدوای راپەڕین و کردنەوەی دەرفەتی خوێندنی بەشبەشێنەی حزبی بۆیان، بە دەگمەن نەبێت ئەم بەڕێزانە جگە لە خەمی پۆست و ئیمتیازات، نەیانتوانییوە کەمترین خزمەت بە زمانی کوردی بگەیەنن، باشترین بەڵگەکانیش غیابی بەشداربوونیانە لە کۆڕو سیمینارو کۆنفرانسە زانستییەکان.

هەبوونی دامودەزگای فەرمی

دیارە هەبوونی ئەو هەموو داوودەزگا ئەکادیمی و کەلتوریانەی لە هەرێمی کوردستاندا، وەک پێشتر ئاماژەم پێکردن لە بەشەکانی زمانی کوردی لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستاندا و هەروەها وەزارەتگەلی پەروەردە و خوێندنی باڵا و رۆشنبیری و لاوان، وێڕای هەبوونی چەندان ناوەند و رێکخراوی زمانناسی و کەناڵی میدیایی و رۆژنامەوانی و چاپەمەنی، لە هەمووی گرنگتر بە رەسمی ناساندنی زمانی کوردی لە دەستووری عیراقدا و لە کوردستانیش وەک زمانی فەرمی یەکەم، بەڵام بۆچی هێشتا زمانی کوردی نەبووە زمانی هاوبەشی هەموو ناوچە جیاوازەکانی کوردستان؟.

نکۆڵی لەوەش ناکرێت ئەو قۆناغە سیاسییەی كە لە باشووری كوردستاندا هەیە بێگومان رۆڵی یەكجار زۆری لەپەرەپێدانی فەرهەنگ و كەلتووری كوردیدا هەبووە، لە مێژووی هاوچەرخی كوردستاندا وەك قۆناغێكی درەوشاوەی كورد دەتوانین چاوی لێبكەین، بۆ پاراستنیشی دەبێ‌ هەموو هەوڵبدەین، لێرەدا كۆمەڵێك ناوەندی حكومەتی، كەسایەتی فەرهەنگی، ناوەندی رۆژنامەوانی‌ و راگەیاندن بەردەوام رۆژانە لەگەڵ پرسەکانی زماندان، كار بە زمان دەكەن، بۆ نموونە سیستمی پەروەردە دەتوانێت ‌چ رۆڵێك ببینێت‌ لە دروستبوونی ئەو پڕۆسە زمانە نەتەوەیی‌ و زمانە یەكگرتووەدا، سەبارەت بە نەبوونی پلان و بەرنامەیەکی تۆکمە و گونجاو بۆ خزمەتکردنی زمانەکەمان، دەبینین هێشتا زمانی کوردی رۆژ لەدوای رۆژ لە رەوشێکی ئاڵۆزو لە پاشەکشەدایە، کە دواتر ئاماژە بەو هۆکارانە دەکەین کە بوونەتە ئاڵۆزی و پشێوی لەبەردەم گەشەکردنی زمانی کوردیدا، راستە زمانی كوردی سەربەخۆیی و تایبەتمەندی خۆی هەیە و ئەوەیە كە لەزمانی نەتەوەی سەردەست ئەوانەی کوردیان بەسەردا دابەشکراوە، لە زمانێكی دیكە ناچێت، زمانی کوردی سەرباری ئەو هەموو دژایەتی کردنە، بەڵام بە زمانێکی سەربەخۆ مایەوە، بەپێچەوانەی رای هەندێک لەئێرانناس و دیسکۆرسی سیاسی تورکی و کە وای بۆ دەچن، زمانی کوردی لەبنەڕەتدا زارێکی فارسییە یان تورکی شاخاوییە، دیارە ئەمە نەک هەر بە هەڵە تێگەیشتنە و بەڵکو هزرێکی شۆڤینیستانەی نەتەوەی سەردەستی تێدایە. راستییەکەی زمانی کوردی زمانێكە بە بۆچوونی زۆر لە رۆژهەڵاتناسانی بیانی لەو زمانانەیە خەڵکی بیانی بە ئاسانی دەتوانێ‌ فێری ببێت، لەهەمانكاتدا زمانێكە دینامیكیەتێكی بەهێزی پێشكەوتن ‌و گەشەكردنی تێدایە، یەكێك لە شتە جوانەكانی زمانی كوردی ئەوەیە، چۆن دەگوترێ‌، قسە چۆن دەگوترێت، بە هەمان شێوە دەنووسرێت، لەكاتێكدا هێندێك زمانیتری دنیا، بۆ نموونە فارسی یان عەرەبی جاری وایە وشەیەك حەوت هەشت پیتە، تۆ سێ‌‏ چوار پیتی دەخوێنیتەوە، زمانی كوردی زمانێكە سیستمی نووسین ‌و سیستمی دەنگییەكەی، هارمونیایەكی زۆر شاعیرانە ‌و جوانی تێدایە، جگە لەوەی زمانی كوردی لەگەڵ ئاوەزی مرۆڤی كورددا، لەگەڵ سروشتی ژیانەكەیدا، لەگەڵ شێوەی پێشكەوتنەكەیدا، بە جۆرێكی دینامیكی ‌و رێكوپێك رۆیشتووە، جگە لەوەی بەو ئەلفابیتایەی كە پێی‌ دەنووسین لە بنەڕەتدا ئارامییە و هەمواركراوە ‌و لەگەڵ تایبەتمەندی زمانی كوردیدا گونجێندراوە. وێڕای ئەو هەموو بەها جوانییەی کە لەزمانەکەماندایە، ئەمڕۆ زمانی کوردی رووبەڕووی دوو هێڕشی دەرەکی و ناوەوە بۆتەوە بە پلەی یەکەمیش دەسەڵاتی کوردی لێی بەرپرسە لە دۆزینەوە رێگاچارەی گونجاو بۆ ئەو ئاستەنگ و کێشانەی کە هاتوونەتە بەردەم زمانی کوردی.

زمانی کوردی لەبەردەم یاسا و دەستووردا
لە دەستووری عیراقدا لە ساڵی 2006 و دواتر لە ئەنجومەنی نیشتمانی عیراقیشدا لە شووباتی 2014 لەپاڵ زمانی عەرەبی زمانی کوردی لەسەر ئاستی عیراقدا بە فەرمی ناسێنراوە. هاوکات لە پەرلەمانی کوردستاندا لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2014 زمانی کوردی بە زمانی فەرمی لە هەرێمی کوردستان بڕیاری لەسەردرا، لە رۆژهەڵاتی ناڤیندا دوای زمانەکانی عەرەبی و فارسی و تورکی و عیبری زمانی کوردی پلەی زمانی پێنجەمی وەرگرت، سەرباری ئەوەی کە زمانە شیرینەکەمان ساڵەهای ساڵە بە هەموو شێوازێکی شۆڤینیانە و هۆڤیانە لەلایەن داگیرکەری نیشتمانەکەمان دژایەتی دەکەن و هەوڵی لە نێوبردنی دەدەن، ئەویش بە قەدەغەکردنی زمانی کوردی بۆ ئاخێوەرانی و هەوڵدان بۆ بەزۆر ناساندنی هەندێک لەو زار و بنزارە کوردییانە بە زمانی سەربەخۆ، کە بێگومان وڵاتانی دەوروبەر بە پلان و بەرنامەڕیژی کاری بۆ دەکەن، وەک چۆن لە سەرەتای دامەزراندنی کۆماری نوێی تورکیادا تا دەگات بە ئەمڕۆدا، بە دەستوور زمانی کوردی قەدەغەکراوە و ئاخێوەرانی سزای توند دەدرێن، دواتریش هەوڵدان بۆ جینۆسایدکردنی کەلتوری و بۆ نموونە ناساندنی زاری دملکی-زازاکی وەک زمانێکی سەربەخۆو جیاواز لە زمانی کوردیدا، هاوکات هەندێ ناوەندی فەرهەنگی دەوڵەتیش لە ئیراندا هەر لەسەردەمی دەسەڵاتی رەزاشاوە تا دەگات بە ئێستاکە و تەنانەت دژ بە دەستووری بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی، لە هەوڵی بەردەوامدا بوونە زمانی کوردی بە لەهجەیەکی فارسی بناسێنێن و لەکاتێکدا لە هەوڵی بێوچاندان زار و بنزارەکانی وەک لەکی و لوڕی و کەڵهوڕی و هەورامی بە زمانی سەربەخۆ بناسێنن، بەداخەوە تەنانەت کەسانێک لە خودی ئەو پێکهاتانە بەناوی زمانناس و ئەکادیمی دەیانەوێت لە رێی نووسین و توێژینەوەی نازانستی و لە چاپدانی کتێبەوە ئەو هەوڵە نەزۆکە دژ بە زمانی کوردی بسەڵمێنن.

لەباشووری کوردستاندا لەگەڵ ئەوەی کە چەندان دامەزراوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک وەزارەتگەلی پەروەردە و خوێندنی باڵا و رۆشنبیریی و ئەکادیمیای کوردی هەیە، بەڵام زمان کەمترین بایەخی پێدەدرێت، هەم لەسەر ئاستی گشتی و پەروەردەی سەرەتاییدا و هەمیش لەئاستی باڵا و خوێندنی زانکۆکانیشدا.

پاشەکشە لە ئاست زمانی زانستیدا:
دوای ئەو هەموو بێنەو بەردەیە و هەوڵی دڵسۆزانی نەتەوەکەمان بۆ بە کوردی کردنی زاراوە زانستییەکان و دانانی فەرهەنگی زاراوەی زانستی جۆراوجۆر و میتۆدی زانستی بۆ نووسین و بەتایبەت وانە زانستییەکان، لە رۆژی 8-3-2017 بەسەرپەرشتی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەڕێز د. یوسف گۆران و بەئامادەبوونی ئەندامانی ئەنجومەنی وەزارەت، كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزارەتەكە لە زانكۆی دهۆك لەسەر رەوشی زمانی کوردی بەڕێوەچوو، لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا ئەژماركردنی نمرەی وانەكانی زمانی كوردی بۆ دەرچووانی پۆلی دوانزە لە كاتی پێشكەشكردن بۆ كۆلێژە زانستییەكان (پزیشكی و ئەندازیاری) ئارەزومەندانە بێت» ئەم بڕیارە چ لە رووی ماهییەتی روانینی وەزارەت بۆ پەروەردە و پلانێکی زمانی و چ لە رووی ئاگاداری لەسەر رۆڵی زمانی دایکی لە فێربوونی زانست و مەعریفەی نوێ، هەڵگری نەزانی گەورە و کەمتەرخەمی ترسناکە. لەکاتێکدا لەساڵانی بیستەکان و سییەکان و چلەکان تا دەگاتە ئەمڕۆ کتێبە زانستییەکان بە زمانی کوردی بوونە و هیچ کێشەیەک لە وشە و زاراوەگەلی زانستی لەزمانی کوردیدا نەبووە، ئیدی ئەمڕۆ شتێکی سەلمێندراوە کە زمانی دایکی چ رۆڵێکی گرنگ و بنەمایی و تەندروستی لە فێربوون و پەروەردەی نوێدا هەیە، ئێمە تەنانەت زمانی دیکەش لە رێگەی زمانی خۆمان باش فێردەبین و لێی تێدەگەین واتە کلیلی تێگەیشتنی زمانەکانیتر و جیهانیتر هەر لە رێگەی زمانی خۆمانە. هەر چەند ئەم بڕیارەی وەزارەت سەرەتا لەلایەن کۆمەڵێک لەمامۆستایانەوە بە نادروست لێکدرایەوە و لە دژیدا خۆپیشاندانیان کرد و سەرۆکی حکومەتیش فەرمانی هەڵوەشاندنەوەیدا، بەڵام وەکو لە هەواڵەکاندا هاتووە وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاندووە کە هێشتا بڕیارەکە هەڵنەوەشێنراوەتەوە و وەکو خۆی ماوە. بەهەرحاڵ ئەم حاڵەتە رەهەندی زۆری هەیە و نامەوێت هەموو لایەنەکانی ئەم کەمتەرخەمی و بێپلانی و دژایەتییە بۆ زمانی کوردی کە لە پێکهاتێکی فەرمیدا ئەنجام دەدرێت، بخەینە بەر باس، بەڵکو دەمانەوێت بە هێنانەوەی نموونەیەکی سادە ئەم بێپلانی و کەمتەرخەمییەی پەروەردەی زمانیی باس بکەین کە خەریکە لە هەناوی تاک و کۆی ئاخێوەر و تەنانەت هەندێک لە نووسەرانیش رەگئاژۆ دەبێت و بەو قەناعەتەمان دەگەیەنێت کە لە فێرکردنی هەڵە و بێپلانی و کەمتەرخەمیدا چ دەستێکی باڵا و بوودجەیەکی قەبە لە ئارادایە.

زمانی کوردی و فۆرمی پەروەردەیی
لە هەرێمی کوردستاندا سەرباری بەفەرمی ناسینی و کارپێکردنی لە بوارەکانی پەروەردە و فێرکردندا، ئەگەرچی چاوەڕوان بووین لانیکەم فۆرمێک لە پەروەردەی زمانی بەرهەم بهێنێت، کەچی دەرکەوت دامەرزراوە ئەکادیمی و زمانناسی و کەلتورییەکان ناتوانن بۆ خۆیشیان ئەوە بکەن، مخابن ئێستا لە بواری پەروەردە و فێرکردندا لەو دوو دەڤەرەی بادینان و سۆران بە دوو زاری کوردی باکوور و ناوەڕاست دەخوێنرێت، هەڵبەتە لەدەڤەری بادینان (بەتیپی عەرەبی بنزاری کورمانجی- بادینی دەخوێنن)، وێڕای هەبوونی ئەو هەموو هەڵە و شێواندنی رێزمانییە لە چاپەمەنی و تەنانەت لە تابلۆ دیار و گەورەکانی ناو شارەکاندا دەبینرێن، کە نیشاندەری ئەو پەروەردە بێپلانەیە کە ئێمەی کورد بایەخ بە ئاساییشی زمان نادەین، کە هێشتا بەشێکی خەڵک تەنانەت رۆژنامەنووسان و میدیاکارانیش نازانن بە کوردییەکی رەوان و پەتی بنووسن، لەوەش گرینگتر هەر بەلایانەوە گرنگ نەبێت چۆنی دەنووسن و بۆچی دەینووسن و بۆ بنووسن، واتە پەرۆشی زمانی لە ئاستێکی زۆر خوار و نزم دایە، لە هەموویشی مەترسیتر هەبوونی ئەو هەموو خویندنگا تایبەت و ئەهلییانەیە بەتایبەت ئەوانەی کە وانەکانیان بە (زمانی ئینگلیزی یان تورکی) دەخوێنرێن، لەپاڵ ئەوەدا زمانی کوردی تیدا پەراوێزخراوە و هەژموونی زمانی بیانی بەسەریدا زاڵ بووە، هەڵبەت لە داهاتوودا نەوەیەک پەروەردە دەکرێت نامۆ بە زمانی دایکی خۆی و نەتەوە و کەلتورەکەی دەبێت.

زمانی کوردی ئەوڕۆ لەبەردەم هەڕەشەی جددی و دوو رەوشی گەورەی جیهانگیریی دایە، یەکەمیان ئەوەی کە ئەم زمانە لە رووبەڕووبوونەوەدایە لەگەڵ جیهان و مەعریفە و زانستی نوێ و هەوڵی خۆی دەدات کە ببێتە زمانحاڵی دروست و بەپێی توانای ئاخێوەران و هەموو ئەوانەی قسەی پێدەکەن، دووەمیان ئەوەی کە ئەم زمانە سەرەڕای ئەوەی کە بە هۆی داخراویی و رۆحییەتی دەمارگرژی سنوورەکانی کرانەوە بەرەو ڕووی جیهاندا دادەخات، تووشی شێوەیێک لە فامکردنی خێڵەکی و گوندەکییانە دەبێتەوە کە درێژەی ئەو ژیانە لۆکاڵی و داخراوەیە و لەمپەرن لەبەردەم توانستی گەشەی زماندا، لەهەردوو حاڵەتەکە جیاواز لەهەموو ئەو کێشانەی کە رووبەڕووی زمانی کوردین. هەر کەس یان تاکێک کە بە زمانی ناوچە یان خێڵەکەی خۆی قسەی کرد بەو مانایە نییە کە زمان دەزانێت، بەڵکو ئەمە سروشتیترین و سادەترین و لەهەمانکاتدا «بنەڕەتیترین» حاڵەتی فێربوونی زمانە، بەڵام ناتەواو و نیوەچلە.

چەندان هۆکار هەن کە زمانی کوردییان خستۆتە بەردەم هەڕەشەوە، بە پێویستی دەزانم ئاماژەیان پێ بکەم، وەک نەبوونی قەوارەی فەرمی و سیاسی بۆ بەهادان بە زمان و ئاخیوەرانی، چونکە هەر زمانێک پێکهاتی تایبەت بە خۆی هەیە، پێکهاتێک کە لە دێرۆکی ئەو زمانەوە سەرچاوە دەگرێت، سەرەڕای ئەوەی کە خاڵی هاوبەشی زمانەکان شتێکە حاشای لێناکرێت، راستە کە زمان رەهەندی جۆراوجۆری هەیە کە هێشتاش لە کەشف و دەرکەوتن دایە، بەڵام زمان بەر لەهەر شتێک مێژوویەکە، مێژووی زمانیش پێکهاتە و هەموو ئەو گۆڕانکارییانەیە کە بەسەریدا هاتوون و لەداهاتووشدا دێن، لێرەدا مەبەست زمانی ئەدەبی نییە (شیعری، چیرۆک و رۆمان…) نە زمانی فەلسەفی و زانستی بە مانای پسپۆڕانەی، بەڵکو ئەو زمانەیە کە ئێمە رۆژانە کەڵکی لێوەردەگرین بۆ راپەڕاندنی ئەرکە ئاساییەکانی ژیان. یەکێک لەو شتانەی لە نووسینی (هەندێجار لای نووسەرە بە ئەزموونەکانیش) بەدی دەکرێت لەبەرچاونەگرتنی رێنووسی تەواو و خاڵبەندییە، هەموو ئەمانە و دەیان نموونەی دیکە لەم رەچاونەگرتنە بوونەتە هۆی پاشاگەردانیی و بە لاڕێ بردنێک کە زمانی کوردی خەریکە دەکاتە زمانێکی شێواو و نەخۆش (ئەم پاشاگەردانییەی کە باسی دەکەم جیایە لەو رەوتەی بە ستانداردبوون و گەشەکردنی زمانی کوردی و دیالیکتیکی زارەکانی خەریکن پێیدا تێدەپەڕن، بۆ خۆی ئەمە بەشێکە لەمێژووی زمانمان و هیچ کێشەی وای نییە)، بەڵام داخۆ تۆ کە لەسەر فاریزە و خاڵێک هەستیاریت و مانای رستەکان و هەڵوەستە و ریتم و وێنە و.. ئەگەر خاڵبەندی نەپارێزرێت و کەسایەتی وشە و سەربەخۆیی نەپارێزرێت چۆن دەتوانین لە دەقێک بە دروستی تێبگەین؟! گەر نەقش و پێگەی وشەکان و شوێنی دروستیان لە رستە و دەقدا بە وردی دیار نەکرێت جیاوازی نێوان وشەکان کە پێکهات زمان و پیوەندی ئێمە لەگەڵ نیشانەکان دیار دەکەن دەبێتە چی؟

ئاساییشی زمان و زارو بنزارە کوردییەکان
دیاردەی هەوڵی ناساندنی سەربەخۆیی هەندێ کەسی ناحاڵی و ناشارەزا لەسەر زارە کوردییەکان وەک زمانێکی سەربەخۆ لە هەندێ دەڤەر و پارچەی کوردستاندا، هەڕەشەیەکی کوشندەیە لە داهاتوویەکی نزیک و دووردا لەسەر داهاتووی زمانی کوردیدا، زەق کردنەوەی پرسی زارەکان خیانەتێکی نەتەوەییە و لەوە دەرچووە بڵێین هەربە فیتی داگیرکەرانی نیشتمانەکەمانە، مخابن ئێستا کەسانێک لە بە ناو خوێنەوارو زمانناسانی سەر بەو پێکهاتانە کە زمانناسیش نین، لە هەوڵی ئەوەدان زارەکانیان بە جودا لە زمانی کوردی لە بوارەیلی پەروەردە و فێرکردن بەگەڕ بخەن، دیارە زمانی ستاندارد لەناوەڕۆكدا ئەو زمانە ئەدەبییەیە كە لە رەوشێكی مێژوویی ژیانی نەتەوەدا دەردەكەوێت‌ و پێشدەكەوێت ‌و بڵاودەبێتەوە، سەرەنجام لەهەرێم ‌و شوێنە جۆراوجۆرەكانی وڵاتدا خۆی دەسەپێنێت ‌‌و دواییش ئەو زمانە لە رەوشی گەشەكردنی نەتەوەدا دەبێتە زمانێكی گشتی، یان مۆركی زمانی گشتی وەردەگرێت، ئیدی ئەو زمانە ستاتووسی زمانی ستاندارد پەیدا دەكات ‌و دواتریش بە بڕیارێكی سیاسی لە لایەن دەسەڵاتی سیاسییەوە یان پەرلەمانەوە دەكرێتە زمانی ستانداردی نەتەوە ‌و لە هەموو دەزگاكانی دەوڵەت‌ و سیستمی خوێندن ‌و راگەیاندندا بەكاردەهێنرێ ‌‌و دەبێتە ئەو داوە بەهێزەی كە تەواوی ئەندامانی نەتەوە ‌و ناوچەكان لەرووی كەلتوورییەوە لە رووی لێك تێگەیشتنەوە، لە رووی وەرگرتنی زانیارییەوە پێكەوە دەبەستێتەوە. زمانی هەر نەتەوەیەک پێویستی بە سیستەمێکی پەروەردەی بەهێز هەیە کە هەم پێویستییەکانی جیهانی نوێ و قەیرانەکانی بە باشی لێکبداتەوە و بڕواتە ناو کایەکەوە و هەمیش سامانێکی گەورەی زمانی و ئەدەبی کە هەیەتی ئاڕاستەی جیهانی کەشف نەکراوی خۆی بکات و «بوون»ی زمان و مرۆڤی کورد بۆ خۆی مانیفێست بکات.

لە ماوەی سەد ساڵی رابردوودا بە حوکمی ئەوەی دوا دەسەڵاتی کوردی میرنشینی بابانەکان بووە و دواتر دەسەڵاتی حوکمداری شێخ مەحمود لە سلێمانی کە هەر لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمەوە وێڕای کردنەوەی خویندنگای پەروەردەیی بە زمانی کوردی رۆژنامە و گۆڤارە کتێبی کوردی لە چاپ دەدران. تا دەگات بە سەردەمی ئێستاماندا، ئەو زمانە بە تێپەرینی رۆژگار وەک زمانی کوردی ناوەڕاست بووە ستانداردی نێوان ناوچەکانی سۆران و بابان و گەرمیان و موکریان و ئەردەڵان، تا رادەیەکی زۆریش ئاخێوەرەکانی دیکەیش وەک فەیلی و هەورامی و کەلهووری و بادینانیش بەو شێوە زمانە ستانداردە ئاشنان، بەڵام لەو ساڵانەی دوایی بە بیانگەی مافی زمانی دایک یان زمانی زگماک، کە کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤی رێکخراوی یۆنسکۆ لە جارنامەکەی لەبارەی مافی زمانی نەتەوەکاندا بڵاوی کردۆتەوە، لەلایەن هەندێ ناحاڵی لەو پێکهاتانە بەتوندی دژایەتی ئەو زمانی کوردی ناوەڕاستە دەکڕێت و هەر یەکە لای خۆی گەرەکیەتی سەربەخۆیی زارەکانیان بە فەرمی بناسینێن. پرسیار لەوەدایە ئاخۆ جاردانی سەربەخۆیی ئەو زاروبنزارانە دواجار خزمەت بە دۆزی نەتەوە و زمانی یەکگرتووی کوردی دەکات، یان پێچەوانەکەی راستە؟

ئەمڕۆ دەیان نووسەری ناودار و گرنگ هەن كە لە ئەسڵدا ئاخاوتنیان بە شێوەی زاری فەیلی یان لەکی و هەورامییە ‌و بەڵام بە زمانی ئەدەبیی یەكگرتووی کوردی ناوەڕاست دەنووسن ‌و ژیانی ئەدەبی ئێمەیان دەوڵەمەند كردووە. بۆ نموونە زاری هەورامی- گۆران لە سییەكانەوە كە خوێندن چۆتە ناوچەی هەورامان، منداڵان بەو شێوە زمانە خوێندوویانە، ئەو داوایەی كە ئێستا كراوە، داوایەكی سیاسییە، داواكە لەناوەڕۆكدا ئەوەیە كە دەڵێ‌ خەڵكی هەورامان كورد نین‌ و هەورامی زمانێکی سەربەخۆیە و دیالەکتیکی كوردی نییە، ئەمە جێگەی گومانە، ئاخۆ لە هیچ وڵاتێكی دنیا زاراوە بە تەنیا بۆتە بنەمای ئێتنیسیتی؟ ئاخۆ خەڵكی هەورامان گروپێكی ئێتنیكی تایبەتن؟ ئەگەر تایبەتن، چی لە نەتەوەی كورد جودایان دەكاتەوە. ئاینیان، مەزهەبیان، رابردووی مێژووییان؟. زار یان زار بە تەنیا ناتوانێ‌ بنەمای ئێتنیكی پێك بێنێ‌، لە بەرئەوە داوایەكە، داوایەكی سیاسییە ‌و زۆر كەس پێی وایە كە ئەمە دەستێكی لە پشتەوەیە. لە باكووری كوردستاندا رەوشەکە جیاوازترە، دەوڵەتی تورک هەر لە سەرەتای دامەزراندنی کۆمارریەوە هەوڵیان داوە زاری زازاکی لە کوردی جودا بکەنەوە، كەی خۆیان و زمانەكەیان ئازاد بوون ئەوكاتە ئەوان پێش هەر كەسێك باشتر دەزانن چ شێوە زارێك هەڵدەبژێرن، زاری بایەزیدی، بۆتانی، یان بادینانی هەڵدەبژێرن، یان ئەو شێوە زمانە هەڵدەبژێرن كە ئێستا لە دەرەوەی كوردستان لە ئەوروپا پێ‌ دەنووسرێت ‌و زۆر لەو زمانە ئەدەبییە جیاوازە كە مەلای جەزیری ‌و خانی پێیان نووسیوە.

زمانی کوردی گەرەکە ببێتە زمانێكی نەتەوەیی
گەرەکە زمانی نەتەوە نەک زار ئەو پڕۆسە زمانە ئەدەبییە تێپەڕ بكات، دوایی بڕواتە ناو قۆناغێكی نەتەوەیی دیكەوە. ئاخۆ زمانی كوردی ئەو قۆناغەی تێپەڕاندووە كە ئێمە بتوانین بڵێین بەرەو زمانێكی ستاندارد دەڕوات. هەر نەتەوەیەك زمانەكەی لە كۆمەڵێك زار و بنزار پێكهاتووە، ئەو دەڤۆک یان زارانە بەهۆی زمانی یەكگرتوو لەناو ناچن، رەنگە هێندێكیان، بۆ نموونە بنزارەکان لەناو بچن، بەڵام زارەکان بە گشتی دەمێننەوە، لە ئەدەبی زارەکی، لەقسەكردن، لە گۆرانیدا، لە ژیانی رۆژانەدا، هەندێكیان تەنانەت لە نووسیندا درێژە بە خۆیان دەدەن. گەلانی عەرەب تەنانەت فارس و تورکەکانیش چەندان زار و بنزاری جیاوازیان هەیە و لەزۆر لەو وڵاتانەدا بە دیالیکتی خۆیان تەنانەت لە بوارەکانی ئەدەب و هونەردا کاری پێدەکەن، بەڵام هەموویان لە خزمەت زمانی ستانداردا خول دەخۆنەوە. ئەو زارانە لە رێگای ئەدەبییاتەوە، لە رێگای هونەرەوە درێژە بە خۆیان دەدەن، جوانی خۆیان، توانای دەربڕینی خۆیان پێشان دەدەن، لە هەمان كاتدا لەرێی ئەو تێكستانەشەوە ژیانی هونەری ‌و ئەدەبیی نەتەوەی عەرەب دەوڵەمەندتر دەكەن، كەچی لەگەڵ ئەوەشدا كەس جورئەتی نەكردووە كە بڵێ‌ ئەم زاراوەیە جێگای زمانی ستانداردی بگرێتەوە، یان لە خوێندندا لە میسردا بسەپێنرێ ‌‌و جێگای زمانی ستانداردی عەرەبی بگرێتەوە، هیچ نەتەوەیەكیش لە دونیادا ئەگەر رێزی خۆی بگرێ‌، كاری لەو جۆرە ناكات ‌و نایەت زاراوەیەك بێنێ ‌‌و بیكات بە گژ زمانی ستانداردا‌و جێگا بە زمانی ستاندارد لەق بكات، هەر زاراوەیەك دەتوانێ‌ بە سەد شێوەی تر درێژە بە خۆی بدات، لە نووسیندا، لە فیلمدا، لە گۆرانیدا لە رۆماندا توانای خۆی دەرببڕێت، بەڵام هیچ زارێك ناتوانێت‌ جێگەی زمانی ستاندارد بگرێتەوە، كەسیش رێگەی ئەوە نادات، ئەمە مەسەلەیەكی ترسناكە، بۆ نەتەوەیەكی وەك ئێمە كە هێشتا ژێردەستین، هێشتا نكوڵی لە بوونی ناسنامە و زمانی كوردی دەكەن.

کە زمان لە كۆمەڵێك زار پێكدێت‌ و كاتێك فاكتەری جیۆگرافی ‌و سیاسی بەشەكانی نەتەوەیەك لە یەكتر داببڕێت‌، ئەمە لە رەوشێكی مێژووییدا دەبێتە هۆی ئەوەی كە زارەكان دروست ببن ‌و بە جیا لە یەكتر لە ئاخاوتن ‌و قسە كردندا گەشە بكەن، كاتێك نەتەوەیەك دەگاتە ئەو ئاستەی كە بتوانێت هزر‌ و جیهابینی‌ و هەستی خۆی بە نووسین دەرببڕێت‌، زمانی ئەدەبی دەست پێدەكات ‌و سەر هەڵدەدات، زمانی ئەدەبی لە یەككاتدا لە هەموو ناوچەكانی وڵاتەكەدا دەست پێناكات، ناوچەیەك یان چەند ناوچەیەك كە زارێک یان چەند زارێكی تێدا زاڵە، لە رووی ئابووری، سیاسی، كۆمەڵایەتییەوە لە ناوچەكانی تر دەرفەتی گەشەكردنی زیاتری بۆ رەخساوە، دەستەی خوێندەوار‌و رووناكبیر لەو ناوچەیە زیاتر پێگەیشتوون، ئەم دەستە رووناكبیرە دەست بە نووسین دەكەن یا دەیانەوێ‌ هزر‌و بیر‌و هەست‌ و جیهانبینی خۆیان لە رێی نووسینەوە دەربڕن، لێرەوە زمانی نەتەوە لە زمانی ئاخاوتن ‌و قسەكردنەوە دەگۆڕدرێت بۆ زمانی نووسین، لەم رەوشەدا بێگومان ئەو ناوچەیەی كە ئەو زمانە ئەدەبییەی تێیدا دەركەوتووە زاری ئەو ناوچەیە یا چەند زارێكی ئەو ناوچەیە لەوێدا دەگۆڕێت بەو زمانە ئەدەبییە، بەڵام سروشتی زمانی ئەدەبی لای هەموو نەتەوە‌ و گەلان ئەوەیە كە بۆ ئەوەی بتوانێت‌ بەردەوام بێت، بۆ ئەوەی بتوانێت‌ شێوەی زمانی یەكگرتوو وەربگرێت، تەنیا خۆی لە ناوچەكانی ‏تر كە بە زاریتر دەدوێن، بڵاو ناكاتەوە، بەڵكو لە رەوشی یان لە پڕۆسێسی خۆ بڵاوكردنەوەدا هەندێك تایبەتمەندی‌ و سروشتی زارەكانیش وەردەگرێت‌ و لە رووی زاراوە و رستەبەندییەوە دەكەوێتە ژێر كاریگەری هەندێك لە زارەكانەوە، بەم شێوەیە زمانی ئەدەبی وردە وردە جێگای خۆی لە ناوچەكانی دەرەوەی خۆیدا دەكاتەوە، ئەم پڕۆسێسەش بە جۆرێكی سروشتی، رەوشی گەشەكردنی سیاسی‌ و كەلتووری‌ و زمانیی نەتەوەكە خۆی دروستی دەكات ‌و دەیسەپێنێ‌، لێرەشەوەیە زمانی ئەدەبی دەگۆڕدرێت بە زمانی ئەدەبیی یەكگرتووی نەتەوەكە‌ و هەر ئەوەشە دواتر وەكو وتم بە بڕیارێكی سیاسی دەگۆڕدرێت‌ بە زمانی ستاندارد یان زمانی فەرمیی دەوڵەت، یان زۆرجار پێش ئەوەی بە بڕیاری سیاسی بگۆڕدرێت‌ بە زمانی ستاندارد، زمانەكە رۆڵی زمانی ستاندارد دەبینێ‌، ئەگەر سەیری زمانی كوردی بكەین، ئێمە ئەمڕۆ زمانێكی ئەدەبیی یەكگرتووی كوردیمان هەیە كە لە بەشێکی بەرفراوان لە باشوور‌و رۆژهەڵاتی كوردستاندا بۆتە زمانی نووسین، زمانی رۆژنامەوانی، زمانی خوێندن. زمانی حكومەت‌ و هەر دەسەڵاتێكی كوردی كە بەلای كەمەوە لەم سەد ساڵەی دواییدا كورد پێكیهێناوە، ئەمە بە بڕیاری سیاسی كەس نەبووە، بەڵكو رەوشی گەشەكردنی سیاسی و كەلتووریی كورد ئەمەی سەلماندووە. كاتێك كورد پێش زیاتر لە سەدەیەک لە سلێمانی حكومەت دادەمەزرێنێ‌، ئەو زمانە ئەدەبییە بەكاردەهێنێت كە سەد ساڵ پێش ئەوە لە باشوور‌و رۆژهەڵاتی كوردستاندا دەركەوتووە، دواتر كاتێك كۆماری كوردستان لە مەهاباد دادەمەزرێنرێ پێشەوا‌و حكومەت‌ و دەزگاكانی لە خوێندندا، لە رۆژنامەوانیدا هەمان ئەو زمانە بەكاردەهێنن بەبێ‌ ئەوەی بڕیارێكی سیاسی لە پشتەوە بووبێت. لە هەندێ‌ زماندا جیاوازی نێوان زارەكان زۆر نییە، بەڵام لە زۆربەی زمانەكاندا چەند زارێك یان زیاتر لە زارێك بەرەوشیكی تۆزێ‌ جیاوازتردا رۆیشتوون‌ و لەزمانەكە دووركەوتۆنەتەوە، بۆیە خەڵك بە ئاسانی تێیان ناگەن، زمان‌ و زار لەرووی زانستی زمانەوە جیاوازییەكی ئەوتۆیان نییە، هەر زارێك ئەگەر پێی بنووسرێت، قامووسی بۆ دابنرێ، رێزمانەكەی دیار بكرێ ‌‌و دەكرێ‌ بەرەو زمان بڕوات ‌و ببێتە زمان، بەڵام مەرج نییە زمانێكی پڕ بەرهەم بێت، دەشی زمانێكی نەزۆك بێ‌ ‌و لەبواری ئەدەب، فكر، فەلسەفە ‌و زانست، كەمترین شتی پێ بهێنرێتە بەرهەم، بەڵام بە گشتی وەكو پرینسیپێك فاكتەری سیاسییە، زارێك دەگۆڕێ‌ بە زمان بەڵام، زارێك هەر لەبەرئەوەی جیاوازە و خەڵك تێی ناگات مانای ئەوە نییە كە دەبێ‌ ببێتە زمانێك لە پاڵ زمانی ستاندارددا، زمانی ستاندارد، خۆی كە لە رێگەی خوێندن‌ و سیستمی خوێندن ‌و راگەیاندن‌ و دەزگاكانی ترەوە دەبێتە زمانی هاوبەشی نێوان هەمووان.

دوای راپەڕین بە هەمانشێوە ناسیۆنالیزمی كورد بە درێژایی سەدەی بیستەم لە باشوور‌ی كوردستاندا لە ئەدەبیات ‌و وتاردانیدا ‌و لە كار‌و چالاكییەكانیدا هەر هەمان ئەو زمانە بەكاردێنێت كە ئێستا ئێمە پێی دەدویێن، هەموو حزبە كوردستانییەكان لە باشوور‌و رۆژهەڵاتی كوردستان بەرنامە و بڵاوكراوەكانیان بەم شێوەزمانەیە، شۆڕشی ئەیلول ‌و دەسەڵاتەكەی، ئەوڕۆش حکومەتی كوردستان، پەرلەمان، سەرۆكی هەرێم، سەرۆكی حکومەت، سەرۆكی پەرلەمان- هەموو دەزگاكانی ئەم زمانە لە نووسین‌ و وتاری فەرمیدا بەكاردەهێنن، لێرەوە ئەو زمانە بۆ خۆی لە رەوشی گەشەكردنی نەتەوەكەماندا ئەو پلە‌وپایەی پەیدا كردووە، یانی زمانەكە خۆی بەهۆی ئەو هێز ‌و توانای دەربڕینەی هەیەتی بەهۆی ئەو دینامیكیەتی گەشەكردن ‌و پێشكەوتنەی كە لەگەڵ رەوشی گەشەكردنی كۆمەڵگەی كوردستاندا رۆیشتووە، بەهۆی ئەو هەموو بابەتە زانستی ‌و ئەدەبی‌ و فیكری‌ و فەلسەفی ‌و ئابوورییەی كە پێی نوسراوە، سەلماندوویەتی كە شایستەی ئەوەیە زمانی هاوبەشی نەتەوەیەك بێت، شایستەی ئەوەیە ئاستی پێشكەوتنی كەلتوری ‌و فیكریی نەتەوەكە پیشان بدات. لە رێگەی زمانی كوردییەوە زۆر بە ئاسانی دەتوانی بزانی كورد لە رووی سیاسییەوە لە چ ئاستێك دایە، یان كەلتور‌و ئەدەبەكەی لە چ ئاستێك دان، ئاستی هزری، ئاستی زانستی، تێكڕای ئەمانە لەزمانەكەیدا دەبیندرێن، لە هەموو نەتەوەیەكیشدا هەروایە، لەبەرئەوە زمانی ئێمە لە رەوشی خەباتی سیاسی ‌و كەلتوری ‌و كۆمەڵایەتی گەلی كوردستاندا بەم شێوەیە گەشەی كردووە. ئێمە كە چاو دەكەینەوە كێوێك لە میراتی کەلتوری‌ و ئەدەبی ‌و هزری دەبینین، كە بەو زمانە هاتۆتە بەرهەم ‌و ئێمەش یان نەوەی دوای ئێمەش درێژە بەوە دەدەن.

زمانی کوردی و ئەلفابیتای جیاواز
لە هەرێمی كوردستاندا بەیەک شێوە ئەلفابیتا دەنووسرێت، کە بە ئەلفابیتای ئارامی ناسراوە، بەڵام کورد بەگشتی سێ‌ شێوە رێنووس لە نووسیندا بەكاردێنێت، شێوە زمانی كوردیی باكوور و رۆژاواو کوردانی کافکاس، كە بە شێوە زمانی یان بە چەند زاری كوردیی باكوور بە تیپی لاتینی دەنووسن ‌و هەر لە باكوور ئەو گرفتەیان هەیە، زازاكانیش كە شێوەزمان، یان زارێكی كوردییە بەرەو بوونە شێوەزمان دەڕوات، كوردی باشوور‌و رۆژهەڵاتیش، سەرباری هەبوونی چەندان شێوەزاری تری وەک کرمانجی، هەورامی، لەکی و کەلهوری، بەڵام ئەوە سەد ساڵ زیاترە بەو زمانە ئەدەبییە یەكگرتووە دەنووسن كە لە ئەدەبی كوردیدا دەركەوتووە، بە بۆچوونی من هەر قسەكردنێك لە زمانێكی ستاندارد بۆ هەموو كورد ‌و هەموو كوردستان قسەیەكە ئەنجامێكی كونكرێتی نابێت، چونكە تۆ ناتوانیت، لە شێوە زمانی كوردیی باكوور‌و باشوور‌و زازا یان لە هەردوو شێوەكە زمانێك دروست بكەی، زمان لە رەوشی سروشتی ‌و مێژوویی نەتەوەدا گەشە دەكات ‌و وەك زمانی ئەدەبی گۆڕانی بەسەردا دێت، جگە لەوەش كە تۆ ناتوانی ئەو كارە بكەی، ئەگەر بشتوانی بیكەی، كە ناكرێت، تۆ ئەو دەسەڵاتە سیاسییەت نییە، ئێستا کورد بە ئەلفابیتای ئارامی كوردی ‌و ئەلفابیتای لاتینی توركی دەنووسین. ئەمەش دیاردەیەكی نوێیە و بۆ خۆی دیوارێكی گەورەی لە نێوان كوردی باكوور‌و باشووری كوردستاندا دروست كردووە، رەنگە سەیر بێت كە بڵێم لە هەموو رووناكبیران ‌و نووسەرانی باكووری كوردستان دە كەس نادۆزیتەوە كە بتوانێ‌ بە ئەلفابیتای ئارامی كوردی بخوێنێتەوە، بۆیە ئەوان نازانن چ سامانێكی ئەدەبی ‌و کەلتوری ‌و فیكری بەو شێوەزمانە نووسراوە، كە شایانی ئەوەیە فێری ئەو ئەلفابیتای كوردییە بن، ئەلفابێتای روخساری زمانە ‌و ئەلفابێتای پێناسەی زمانێك ‌و کەلتورێك، یان سیما ‌و روخساری کەلتورێك ‌و زمانێك پێشان دەدات.

داتاشین و زاراوەسازی
رایەكی تر هەیە كە دەڵێ‌ زمانی كوردی لەباری دەقی تیۆری‌ و وشە و زاراوەی زانستییەوە كەم دەهێنێت، كاتێك تۆ دێیت باسێكی زانستی دەكەی بەڕاستی لەو بوارەدا كەم دەهێنیت، ئەم كەموكوڕییە لە زمانی كوردیدا هۆكارەكەی بۆچی دەگەڕێتەوە، دەبێ‌ چ بكەین ئاخۆ بێین ئێمە زاراوەی نوێ‌ داتاشین، ئەو زاراوە نوێیانە دەبێ‌ بەپێی پێوەرەكانی زمانناسی‌ و زانستی زمان بن. رۆژانە دەشێت چەندان تێرم ‌و وشەی نوێ‌ بێتە ناوەوە كە نەك هەر ئێمە، بەڵكو زۆربەی گەلانی دیكەش نییانە، لەبەر ئەوە لە چوارچێوە گشتییەكەیدا ئەمە گرفتێكی جدییە، زاراوەگەلی فەلسەفە، كۆمەڵناسی، دەروونناسی، پزیشكی بۆ ئێمە تازەن ‌و زۆربەی خەڵكی ئێمە لێرە ئەم زانستانە بە ئینگلیزی یان عەرەبی دەخوێننەوە، لەرۆژهەڵاتی كوردستان بە فارسی، یان لە باكوور بە توركی، هەرچەند فارسەكان زۆر زاراوە ‌و دەستەواژەی نوێ‌ لە ئەوروپاوە دێنن، لەبەرئەوە ئێمە ئەو گرفتەشمان بۆ زیاتر بووە، بەڵام هیچ زمانێك نییە خۆی لەخۆیدا توانای ئەوەی تێدا نەبێت كە بە شێوەیەك لەشێوەكان ئەم زانستانەی پێ‌ بنووسرێت، سەرەتا ئەو وشە‌و تێرمانە كە یەكەمجار دەبیسترێن سەیر‌و نامۆ دێنە بەرچاو، بەڵام لەرێگای بەكارهێنانییانەوە لە نووسیندا، لەناو زمان‌ و کەلتوركەدا و لەناو ئاگایی ئێمەدا بە تەواوی جێگەی خۆیان دەكەنەوە ‌و دەچەسپێن، بەشێكی تری ئەم گرفتە پەیوەندی بەوەوە هەیە كە ئێمە بە تەواوی زمانی خۆمان نازانین، هەڵەكە لە خۆشمان دایە، چونكە وەك پێویست ناتوانین توانای داهێنەرانەی زمانەكەمان ئاشكرا بكەین، ئێمە لە منداڵییەوە، بۆ نموونە دەڵێین فەلسەفە ‌و سۆسێولۆجیامان بە كوردی نەخوێندووە، زانستی ترمان بە كوردی نەخوێندووە، یان نەریتێكی مێژوویی دەیان‌ و چەند سەد ساڵەمان نییە، كە ئێمە ئەم شتانە بە زمانەكەمان نووسرابێت، بۆیە ئێمە توانای ئەوەمان زۆر نییە یان كەمە بۆ ئەوەی لەم بارەیەوە بەپێی پێویست زمانەكەمان بەكار بێنین، ئەمە بۆ وشەو زاراوە یاساییەکانیش هەر راستە کە رووبەرووی دەزگا داوەرییەکانی کوردستان بۆتەوە، کە بەداخەوە ئەمیش تا ئێستا دەق و بڕیارنامەکانی دادگاکان هەر بە زمانی عەرەبی.

زمانی کوردی و خوێندنگا ئەهلی و ناحکومییەکان
زمان یەكێكە لەو پێوەرانەیە كە هەر نەتەوەیەك دەتوانێ‌ بۆ بوونی خۆی هەیبێ‌، واتە بۆ سەلماندنی خۆی زمانی ستاندارد چ رۆڵێك دەبینێ‌ لە دروستبوونی نەتەوەدا. هەروەك دەبینین لە رۆژئاوا زۆر نەتەوە هەن نەتەوەن ‌و وڵاتی سەربەخۆیان هەیە، بەڵام زمانێكی دیكە بەكاردێنن جیاوازی ئەوانە لەگەڵ كورددا چییە، زۆر وڵاتی دیكەش هەیە كە لە چەندین نەتەوە پێكهاتوون، بەڵام یەك زمان بەكاردێنن، جیاوازی ئەوانە لەگەڵ كورددا چییە لەباری پێكهاتنی ئەو نەتەوانەوە چ فاكتەرگەلێكی بوون‌ و گرنگ هەن‌و كورد چ جیاوازییەكی لەگەڵ ئەوانەدا هەیە؟.

ئاشكرایە هەر نەتەوەیەك بۆ ئەوەی یەكەیەكی ئێتنیكی نەتەوەیی سەربەخۆ بێت، دەبێ‌ كۆمەڵێك تایبەتمەندی خۆی هەبێت كە لە نەتەوەكانی دیكەی جوێ بكاتەوە، ئەم تایبەتمەندیانە بە زۆری ‌و لە بنەڕەتدا کەلتورین، هەندێجار تایبەتمەندیی سیاسی، دۆخی سیاسی ‌و مێژوویی دێتە گۆڕێ‌، هەندێ‌ جاریش فاكتەری بایۆلۆجی، رەنگی پێست بۆ نموونە یان فۆرمی دەموچاو، یەكێك لەو فاكتەرە گرنگانەی كە نەتەوەیەك خۆی لە نەتەوەیەكی تر جیادەكاتەوە زمانە، بەڵام لە هەندێك حاڵەتدا زمان پێناسەی نەتەوە دیار ناكات.

راسپاردەکان
بێگومان هەر زمانێك بەقەد ئەوەی کە بەهای جوانناسی خۆی هەیە، هاوکاتیش گرفتی تایبەت بە خۆی هەیە، ئێمە كە باس لەسەر گرفتەکانی زمانی كوردی دەكەین، پێویستە بەمەبەستی دۆزینەوەی رێگاچارەیەک ئاماژە بەو راسپاردانە بکەین: وەكو پرەنسیپ گرفتەكان دیار بكرێن:

– پێشنیاری شێوە چارەسەر یان لە رووی زانستیی ‌و زمانییەوە بكرێ.

– ئەوەی رۆڵی گرنگ ‌و یەكلاكەرەوە دەبینێ‌، ئەوەیە كە بڕیاری سیاسیی پشتگیری لەو شێوە چارەسەركردنە بكات، بە واتایەكی تر ئەمە كارێكە پێش هەر شتێك كاری زانایانی زمان ‌و زمانناسانە ئەم گرفتانە چارەسەر بكەن.

– دەسەڵاتی سیاسی وەكو نوێنەری گەلی کوردستان، وەكو پارێزەری شکۆ و كەسایەتیی ‌و پارێزەری سامانی کەلتوری ‌و مادی، بە زمانیشەوە، دێت ئەو بڕیارە جێبەجێ‌ دەكات.

– گرنگترین دەزگا لێرەدا بۆ ئەوەی ئەو بڕیارانە لە بواری زماندا جێبەجێ‌ بكرێن، سیستمی پەروەردەیە، دوای سیستمی پەروەردە، دەزگاكانی راگەیاندن‌ و هەموو ئەو دەزگا فەرمیانەن كە زمانەكە لە نووسین و بڵاوكردنەوەدا بەكاردەهێنن، یان نووسراوەی فەرمیی پێ‌ دەردەكەن، لەبەرئەوە سیستمی پەروەردە گرنگترین شوێنە، چونكە تاكە شوێنێك كە بتوانێ‌ منداڵ لە پۆلی یەكەوە تەنانەت لە باخچەی ساوایانەوە فێری زمانێكی پاراو‌و رەوان بكەی، جوانی ‌و موسیقای زمانەكەی تێ‌ بگەیەنی ‌و زمانەكەی لەلا خۆشەویست بكەی خوێندنگەیە، بەو رادەیەی نەوەیەك پێدەگەیەنیت، كە زمانەكە بە باشی بزانێت‌، رەوان، پاك، بە ڕێكوپێكی بیڵێ‌، بە هەمان ئەندازە یارمەتی دەدەی، بۆ ئەوەی بتوانێ‌ بیركردنەوەی خۆی بەشێوەیەكی روون، كۆنكرێتی، رێكوپێك دەرببڕێ‌.

– پەروەردە گرنگترین شوێنێكە بتوانین منداڵان بە زمانێكی پاراو ‌و رەوان پەروەردە بكەین‌ و بەو شێوەیەی كە گونجاو و پێویستە، نەك بە شێوەیەكی هەڵە، لەوێوە دەگوازرێتەوە بۆ دەزگاكانی تری وەك زانكۆكان، راگەیاندن‌ و …تاد.

– لە باشوور‌ی كوردستاندا هیچ ئاستەنگێكی ئەوتۆمان لەبەردەمدا نییە بۆ ئەوەی ئەو زمانە ئەدەبییە یەكگرتووە وەك زمانی ستانداردی كوردی بە فەرمی بناسرێ‌، چونكە لە بنەڕەتدا ئەو زمانە هەیە ‌و ستاتووسی زمانی ستانداردی هەیە‌ و رۆڵی زمانی ستاندارد دەگێڕێت، یەك سەدە زیاترە.

– هەوڵبدرێت ئەم زمانە ئەدەبییە یەكگرتووە لەگەڵ شێوە زمانی كوردیی باكوور لێك نزیك بكرێنەوە، هەوڵبدرێت لە رووی پەیڤ و زاراوە ‌و لەیەك تری نزیك بكرێنەوە، هەركامەیان بە وشە‌ و زاراوەی ئەوەی تر دەوڵەمەندتر بكرێن، بۆیە ئێمە كە قسە لە زمانی ستاندارد دەكەین قسە لە ئیمكانییەتی، ناساندن‌ و بە فەرمییكردنی زمانی ستاندارد دەكەین، كە ئەمڕۆ لە باشووری كوردستاندا ئەو ئیمكانییەتە هەیە.

– دەزگایەكی تایبەت بە زمانناسی لە كۆمەڵێك خەڵكی پسپۆڕو شارەزا پێكبێت كە دەسەڵاتی زانستییان لە بواری زمان ‌و شارەزایی زماندا ئەوەندە بێت، قسەكانیان جێگای رێز‌و پەسەندی هەموو لایەك بێت، ئەم دەزگایە كار بكات هەم بۆ پاراستنی زمانی كوردی، بۆ گەشەپێدانی، بۆ دەوڵەمەندكردنی بۆ نزیككردنەوەی ئەو دوو شێوە زمانە لە یەكتری، لە هەمانكاتدا هەوڵێكی زۆر جددی بدات بۆ ئەوەی زارەكان، كە لە هەر وڵاتێكدا سامانێكی کەلتورین، بپارێزرێن، تا بە شێوەیەك لەشێوەكان ئەو زارانە بتوانن درێژە بە خۆیان بدەن.

ئەنجام
هیچ نەتەوەیەك نییە، سیاسەتێكی زمانی نەبێت، بەو مانایە سەرجەم تێڕوانینی كۆمەڵ ‌و دەوڵەت‌ و دەزگا مەدەنییەكانی ‌و رووناكبیرانی ‌و خەڵكەكەی لەیەك ستراتیژی‌ و یەك سیاسەتدا چڕدەكرێتەوە، سەبارەت بە زمان هیچ نەتەوەیەك نییە جگە لە کورد كە سیاسەتێكی زمانی ‌و نەتەوەیی روونی نەبێت ‌و لەهەمان كاتیشدا دەزگای جۆراجۆری دانەمەزراندبێت بۆ گەشەپێدانی زمان‌ و پاراستنی، بۆیە بە داڕشتنی سیاسەتێكی نەتەوەیی زمانی‌ و پێكهێنانی دەزگای تایبەت بۆ پاراستن‌ و گەشەپێدانی زمانەكەمان یەكێكە لەو رێگاچارەسەریانەیە، چونكە ئەمڕۆ لە كۆمەڵی كوردەواریدا ئاژاوەیەكی یەكجار گەورە هەیە لە بواری رووناكبیری، لە بواری ئەدەبی، لە بواری ئابووری، ئەم ئاژاوەیە زۆر بە زەقی لە زمانیشدا دەردەكەوێت رۆژانە وشە ‌و دەستەواژە و زاراوەی نوێی هزری، فەلسەفی، زانستی، تەكنیكی، رووبەڕوومان دەبنەوە، هەركەس بە ئارەزووی خۆی وشەیەك دادەتاشێ ‌‌و زۆرجاریش وشە هەڵەكە دەڕوات ‌و دەبێتە هەڵەیەكی باو ‌و زاڵ لای زۆربەی خەڵك، لە هەموو وڵاتێكدا دەزگای تایبەت هەن، هەر كەسێك بۆی نییە بە هیچ شێوەیەك لەلای خۆیەوە، بە ئارەزووی خۆی بێت بڕیار بدات ‌و وشە دابتاشێ‌، ئەمە زمان نەک هەر ناشیرین دەكات، بەڵکو زەوقی خەڵك تێكدەدا، زمان تێكدەدات. هەروا لە مەسەلەی رێنووس و رستەبەندیدا لە زۆر بواری دیكەدا بەڕاستی گرفتێك دروست بووە بۆ زمانەكەمان لەبەرئەوەی بەداخەوە دەڵێم زمانی كوردی، زمانێكی بێ‌ خاوەنە ‌و تاكو ئێستا هەوڵی جددی بۆ ستانداردکردنی نەدراوە. کورد چونکە لەو سەردەمەدا قەوارەی نەتەوەیی سەربەخۆی نەبووە، بۆیە زمانی نەتەوەی سەردەست هەژموون و کاریگەری راستەوخۆی لەسەر زمانی کوردیدا نەخشاندووە، هەڵبەتە لە هەر بەشێکی کوردستان وشە و زاراوەگەلی زمانی فەرمی ئەو نەتەوەیە خزاوەتە ناو زمان و زارە کوردییەکان، راستییەكەی جارانیش ‌و ئێستاش، هیچ کەلتور‌و نەتەوەیەك نەبووە لەناو قەڵایەكی داخراودا بێ ‌‌و دوور بێ‌ لە كاریگەری ‌و كارتێكردنی کەلتور‌و زمانی خەڵكیتر، لەبەرئەوە زمانەكان كار لە یەكتر دەكەن، ئەو زمانەی زۆرتر بەرهەمی ئەدەبی‌ و زانستی پێ‌ نووسراوە زیاتر دەرفەتی گەشەكردنی بووە، زمانەكان بەشێوەیەكی سروشتی‌ و ئاسایی لە رێگەی ئەو زانین‌ و زانیار‏ی ‌و بەرهەمە ئەدەبییانەی كە هێناویانەتە بەرهەم، كاریگەری خۆیان لەسەر یەكتری دادەنێن لەبەرئەوە شتێكی سروشتییە كە ئێمە لە زمانانی ترەوە وشە بخوازین پێشتریش خواستوومانە، ئێمە دەبێ‌ باوەڕمان بە زمانی خۆمان بێت، باوەڕمان بە خۆمان هەبێت، وشەیەك كە لەگەڵ زمانەكەمان ‌و سیستمی دەنگی دەگونجێت‌ و مانای خۆی دەگەیەنێ ‌‌و لە كوردیدا نیمانە دەبێ‌ بە جورئەتەوە وەریبگرن.

*سەرۆکی رێکخراوی خانی بۆ لێکۆڵینەوەی هزری -سەرپەرشتی گشتی کۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتی زمانی کوردی و زاراوە یاساییەکان.

 

 317 جار بینراوە