سەرەکی » مانشێت » ״ئێستا یەكێتی بە سەنگ و قورساییەكی بەهێزەوە گەڕاوەتەوە بەغدا و بەشدارە لە داڕشتنی نەخشەی سیاسیدا״

هاوسەرۆكانی یەكێتی لەگەڵ مەكتەبی رێكخستن و سەرجەم لێپرسراو و ئەنجومەن و ئەندامانی مەڵبەندەكان كۆبوونەوە

״ئێستا یەكێتی بە سەنگ و قورساییەكی بەهێزەوە گەڕاوەتەوە بەغدا و بەشدارە لە داڕشتنی نەخشەی سیاسیدا״

دوێنێ، هاوسەرۆكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە هۆڵی تەلاری هونەر لە سلێمانی، لەگەڵ مەكتەبی رێكخستن و سەرجەم لێپرسراو و ئەنجومەن و ئەندامانی مەڵبەندەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كۆبوونەوە.

لە دوو كۆبوونەوەی فراواندا، كە هەریەك لە رەفعەت عەبدوڵڵا بڕیاردەری دەستەی كارگێڕی و رزگار عەلی و قادر عەزیز ئەندامانی دەستەی كارگێڕی و ئاسۆ مامەند و د.سۆران جەمال تاهیر و د.میران محەمەد ئەندامانی مەكتەبی سیاسی ئامادەیبوون، هاوسەرۆكانی یەكێتی، وتاری هەمەلایەنەیان لەبارەی دۆخی یەكێتیی دوای كۆنگرەی چوارەم، دۆخی ناوخۆی هەرێم، كەركوك و ناوچە دابڕێندراوەكان، پەیوەندییەكانی یەكێتی، پەیوەندیی نێوان هەرێم و بەغدا، هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عیراق، پێشكەشكرد.

دۆخی یەكێتی
هاوسەرۆكان، جەختیانكردەوە كە بەستن و سەركەوتنی كۆنگرەی چوارەم، وەرچەرخانێكی گەورە بوو، مژدەی نوێبوونەوە و سەركەوتن بوو لە ژیانی سیاسی و رێكخراوەیی یەكێتی-دا، پەیامی سوپاسگوزاری و پێزانینیان ئاڕاستەی هەڤاڵە دێرینەكانیان كرد و رایانگەیاند: بە دڵگەورەیی و سنگفراوانی و هاوكاری و پشتیوانیی ئەوان و جۆشوخرۆش و دڵسۆزیی كادرەكانی یەكێتی لە سەرجەم ئۆرگانەكان، توانرا كۆنگرەی یەكێتی سەركەوتووبێت و دەستاودەستكردنی دەسەڵات بكرێت، كە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەنجامدانی پرۆسەیەكی لەوشێوەیە، بێوێنە بوو.

ئاماژەیان بە هەوڵ و هەنگاوەكانی یەكێتی كرد لە دوای كۆنگرە، كە بەو ماوە كەمە و سەرباری ئاستەنگەكان و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، توانراوە كاری زۆرباش ئەنجام بدرێت و هەنگاوی گەورە بنرێت بە ئاڕاستەی چالاككردن و رێكخستنەوەی ئۆرگانەكانی یەكێتی و خزمەتكردن بە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان لە هەموو ئاستەكاندا، هاوسەرۆكان، بەڵێنیشیاندا كە راستەوخۆ دوای هەڵبژاردنەكانی عیراق، كۆنفرانسی مەڵبەندەكان ئەنجام بدرێت.

هاوسەرۆكان، باسیان لە ئەرك و خەبات و تێكۆشانی ئەمڕۆی هەڤاڵانی رێكخستنەكان كرد و داوایانلێكردن كە هیممەت بكەن و قۆڵ و بازووی لێ هەڵبماڵن و بچنەناو جەماوەر و روئیا و سیاسەت و بەرنامەی یەكێتی-یان بۆ روون بكەنەوە.

ناوخۆی هەرێم
هاوسەرۆكان، ئاماژەیان بە دۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان كرد و جەختیانكردەوە كە یەكێتی بۆ سەقامگیریی سیاسی و ئاسایش و ئارامیی هەرێمی كوردستان و پاراستنی تەبایی و یەكڕیزیی نێوان لایەنەكان، باجی زۆری داوە، ئەوەش لەپێناوی خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و گۆڕینی سیستمی سیاسی و ئەدای حوكمڕانی، كە لە ئاست خواست و داوا رەواكانی خەڵكی كوردستاندا بێت.

كەركوك و ناوچە دابڕێندراوەكان
هاوسەرۆكان، بە بایەخەوە باسیان لە كەركوك و ناوچە دابڕێندراوەكان كرد و رایانگەیاند: یەكێتی دەگەڕێتەوە كەركوك، كەركوك قودسی كوردستانە و لەڕیزی پێشەوەی كارەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندایە، جەختیانكردەوە كە سیاسەت و بەرنامەی یەكێتی، گرنگیدانە بە هاونیشتمانییان لەو ناوچانە و دوورخستنەوەی مەترسییەكانی داعش و گەڕاندنەوەی ئارامی، بەتایبەت لەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنیی تێدا دروستبووە، دووپاتیشیانكردەوە كە یەكەم بەرنامەی سەردان و دیدارەكانیشیان بۆ شار و شارۆچكەكان لە كەركوكەوە دەستپێدەكات.

پەیوەندییەكانی یەكێتی
هاوسەرۆكان، رایانگەیاند: دوای كۆنگرە، یەكێتی بە پەیوەندییەكانیدا چۆتەوە، ئێستا پەیوەندییەكی دۆستانە و بەهێزی هەیە لەگەڵ سەرجەم لایەنە كوردستانییەكان و توانراوە لە رێگەی دیدار و سەردانەكانەوە پەیوەندییەكان لەگەڵ لایەنەكان رێكبخاتەوە، لەگەڵ لایەنە عیراقییەكانیش بە شیعە و سوننەوە، توانراوە باڵانسی هێز بگەڕێندرێتەوە و ئەو پەیوەندییانە بەهێزبكرێتەوە، كە بناغەكەی سەرۆك مام جەلال دایڕشتبوو، جەختیشیانكردەوە كە ئێستا یەكێتی بە سەنگ و قورساییەكی بەهێزەوە گەڕاوەتەوە بەغدا و بەشدارە لە داڕشتنی نەخشەی سیاسی. ئاماژەیان بە فراوانبوون و بەهێزیی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی یەكێتی كرد و جەختیانكردەوە كە وەفد و نێردە نێودەوڵەتییەكان و باڵیۆز و كونسوڵی وڵاتان، بە گرنگییەوە دەڕواننە هەڵوێست و بەرنامەی یەكێتی وەك حزبێكی خاوەن بڕیار لەسەر گۆڕەپانی سیاسیی عیراق و هەرێمی كوردستان.

پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا
لە درێژەی وتەكانیاندا، هاوسەرۆكان ئاماژەیان بە گرنگیی بەغدا كرد بۆ كورد و رایانگەیاند: سیاسەتی یەكێتی گرنگیدانە بە بەغدا و بەدەستهێنانی سەرجەم مافەكانی گەلی كوردە لە رێگەی دەستوورەوە، كە وەك چەكێكی بەهێز دەتوانین پەنای بۆ ببەین و ئەزموونی هەرێمەكەمان بپارێزین. لەو سۆنگەیەشەوە ئاماژەیان بە رێكەوتنی نێوان حكومەتی هەرێم و بەغدا كرد و بە گرنگییەوە باسیان لە هەوڵ و هەنگاوەكانی تیمی یەكێتی كرد لە حزب و حكومەت، كە دوای چەندین سەردان و دیدار و كۆبوونەوە بۆ بەغدا و رۆڵی سەرۆك كۆمار و فراكسیۆنی یەكێتی لە بەغدا، توانرا ئەو رێكەوتنە بگەیەندرێتە ئەنجام، كە ئەوەش تەنیا بۆ دابینكردنی مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێم نییە، بەڵكو بۆ چارەسەركردنی تەواوی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی ترە، بەتایبەت كێشەی كەركوك و ناوچە دابڕێندراوەكان.

هەڵبژاردنەكانی داهاتوو
هاوسەرۆكان، جەختیانكردەوە كە هەڵبژاردنەكانی داهاتوو بۆ كورد پرۆسەیەكی چارەنووسسازە، دووپاتیانكردەوە كە بۆ بەهێزیی پێگەی كورد لە بەغدا و گەڕاندنەوەی باڵانسی هێز و بەدەستهێنانی تەواوی مافەكان لەڕێگەی خەباتی پەرلەمانییەوە، پێویستە لایەنە كوردستانییەكان بە یەكڕیزیی بچنە بەغدا، لەو رووەشەوە ئاماژەیان بۆ پێكهێنانی لیستی هاوپەیمانیی كوردستان لەنێوان یەكێتی و بزوتنەوەی گۆڕان كرد بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوو، داواشیانكرد هەموو لایەنە كوردستانییەكان بێنە ژێر چەتری ئەو لیستە، بۆ ئەوەی كورد بە زۆرترین ژمارەی كورسی و بە یەكدەنگی لە بەغدا خەبات بكات بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەكان.

لەكۆتاییدا، هاوسەرۆكان، دڵنیاییاندا كە ئاسۆی یەكێتی لە هەڵكشاندایە و یەكێتی دەتوانێت وەك هێزێكی كاریگەر هەموو لایەنە كوردستانییەكان لە بەغدا كۆبكاتەوە و خزمەتی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بكات.

 214 جار بینراوە