سەرەکی » ئاراستە » پاشماوەی شوێنەواری گوندێكی دێرینی لە خۆگرتووە

گوندی وازۆڵ

پاشماوەی شوێنەواری گوندێكی دێرینی لە خۆگرتووە

كەمال نوری مەعروف
لەسەردانێكمدا بۆ گوندی وازۆڵ، لەگەڵ بەرێز حسێن عوسمان نێرگزە جاڕی، بۆ بە پیرەوەچوونی ئەو هەواڵە بوو كە پاشماوەی ئاسەواری سەردەمی كۆن لە زەوی‌و زاری گوندەكەدا هەیە. بۆیە وەكو بەڕێوەبەری شوێنەواری گەرمیان بڕیارمدا سەردانی وازۆڵ بكەم‌و راپۆرتی لەسەر بنوسم، بەهیوای ئەوەی لە سروشتی ناوچەكە‌و ئاسەوارەكانی لەسەردەمەكانی كۆندا‌و بەستنەوەی بە شارستانێتی رۆژگارەكەیەوە بنووسم.
گوندی وازۆڵ، سەر بە قەزای دەربەندیخانە، دەكەوێتە بەشی باكووری خۆرهەڵاتی قەزاكەوە، لەسەر هێڵی هاتوچۆی (گوندی مێرەدێ-ئەحمەد بڕندە)یە، هەر لەو ڕێگایەشەوە دەتوانیت بگەیت بە بەشی باكووری خۆرئاوای دەریاچەی دەربەندیخان. ناوچەی گوندەكەش بەگشتی كشتوكاڵی پڕ ئاوە‌و دیمەنێكی دڵرفێنی هەیە بەهۆی نزیكی لە دەریاچەكەوە، خۆ ئەگەر بكرێتە ناوچەیەكی گەشتیاری، سوودی گەورەی دەبێت بەهۆی جوانی سروشتەكەی‌و شاخ‌و داخە پڕ دارستانەكەی.

لە چییەوە هاتبێت
وشەی وازۆڵ كە بووەتە ناوی گوندەكە، لەناو فەرهەنگە جیاجیاكاندا بۆی گەڕام، كە ئەم ناوە سەرچاوەكەی ، یا وەكو ڕەگ‌و ریشەكەی دەبێت لە چییەوە هاتبێت، یا وەكو ناوەكە دەبێت پەیوەست بێت بە كەسایەتییەكەوە لەسەردەمێكی مێژووی دێرینی نزیكدا. بۆ ئەو ساخكردنەوەیە پەنام بردە بەر مامۆستا جەمال بابان كە لە ساخكردنەوەی ئەو جۆرە ناوانەدا دەستی باڵای هەیە. ناوبراو لەوە زیاتری پێنەبوو، كە وتی: زۆرجار لە شێخ سەلامی شاعیرم بیستووە، كە وتوویە: (وەیزۆڵ) بەلای منەوە هیچ پەیوەندییەك لەنێوان ئەو بۆچوونە‌و ناوی گوندەكەدا نابینم. وا دیارە بەپێی كۆنی تەمەنی گوندەكە‌و پاشماوەی دێرینی مێژووەكەی ناوەكە پێوەی دیارە گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، ئەوەش بەهۆی وتنەوەی بووە لەسەر زمان. وشەكەش پێدەچێت لە بنەچەدا(واسۆڵ)، یان (واسۆن) یان لە (باسۆن) ەوە وەرگیرابێت، كە دوور نییە لەناوی سەركردەیەكی سەربازی گەورەوە هاتبێت كە لەسەردەمێكی مێژووییدا گەیشتبێتە ناوچەكە‌و شەڕی داگیركردنی ناوچەكەی كردبێت. ناوەكەش بەهۆی ئەوەی گوندەكە بەردەوام ئاوەدان بووە، پێدەچێت بووبێتە ناوی گوندەكە، لەگەڵ هەندێك گۆڕانكاری كە بەسەریدا هاتووە.

شوێنی جوگرافی
شوێنەوارە دێرینەكەی وازۆڵ: شوێنەوارەكە دەكەوێتە بەری گوندەكە، واتە باشوور‌و باشووری خۆرهەڵاتی لێگرتووە. پاشماوە دێرینەكەی كە بە (كەڵەكاوێ) ناسراوە پێكهاتووە لە روبەرێكی فراوان لە زەوی كشتوكاڵی، درێژییەكەی لە سنووری باشووری گوندەكەوە خۆی لە كیلۆمەتر‌و نیوێك دەدات. زەوییەكەی بەشی سەرەوەی بەردەڵانییە‌و هەتاكو بەرەو باشووری بڕۆین، وردە وردە لێژ دەبێتەوە. لای باشووری خۆرهەڵاتی‌و باشووری خۆرئاوای لەگەڵ دوو شێو لەسەر ڕێرەوێك لە یەك دەدەن‌و دۆڵێكی ئاودار لە باشووریەوە پێكدەهێنن كە پڕ باخ‌و باخاتە‌و دۆڵەكەش بە چەمی وازۆڵ ناسراوە كە ئاودارە‌و سوود لە ئاوی دەریاچەی دەربەندیخان لای بەشی ژووری دەبینێت.

پاشماوەی گوندەكە
شوێنەوارەكە بەشی سەرەوەی كە لە گوندەكەوە نزیكە، پاشماوەی بناغەی دیوار‌و خانووبەرەی بە كۆمەڵە بەرد رووەكەی داپۆشیوە، كە پێدەچێت بەشێك بێت لە پاشماوەی گوندەكە كە لەسەردەمە زووەكەیدا شوێنەكە پێوەی دیارە ژێرەوەی نهێنی زۆری لە ئاسەوار‌و مێژوو لە خۆ گرتبێت. هەموو ئەو دیاردانەش بەڵگەن بۆ ئەوەكە، گوندی وازۆڵ لە رۆژگاری ئێستایدا كە پاڵ شاخی وازۆڵی گرتووە، لەو سەردەمەیدا لەو شوێنەوە بەردی بناغە بۆ خانووەكانی دانرابێت، واتە پێدەشتەكەی گرتبێت. ئەوەش بەڵگەی ئەوەمان پێدەدات كە شوێنی ئەو كاتەی گوندەكە جارێكیتر گوێزرابێتەوە بۆ شوێنی ئێستای، ئەوەش لە ئەنجامی شەڕێكدا بوبێت لە ناوچەكەدا، بەو هۆیەوە گوندەكەش بەر تاڵانیی‌و وێران بوون كەوتووە.گوێزانەوەی گوندەكەش بۆ پاڵ شاخەكە زیاتر ئارامی بە دانیشتوانەكەی بەخشیوە.

خۆ ئەگەر جارێكیتر هێرش كرایە سەریان بتوانن لە شاخەكەوە بەرگری لە خۆیان بكەن. بۆیە دەتوانین بڵێین: وازۆڵ وەكو گوندێكی ئاوەدان مێژووەكەی بۆ بەر لە زایین دەگەڕێتەوە، بەڵگەش بۆ ئەوە پاشماوەی شوێنەوارەكەیەتی. گەڕانەوەیەكی تر بۆ هەر دوولای شیوەكە، بەسەیركردنی، ئەوەی نیشانداین كە گۆڕی زۆری لەخۆگرتووە. ئەوەش لەئەنجامی فشەڵی گڵەكەی‌و شێ ی زۆرەوە بووە كە داڕمانی بەخۆوە دیوە. ئەو گۆڕانەش هەندێكیان لەشێوەی گۆری ئەمڕۆی مردووەكانن، بەڵام كێلیان نییە، جگە لەوانەش لەناویاندا گۆڕی كوپەلەییش بەرچاو دەكەون كە زیاتر چینی سەرەوەی ئەوەی پێشووی گرتووە، واتە گۆڕەكان بۆ دوو سەردەمی جیاواز دەگەڕێنەوە. هەموو ئەو دیاردانەش بەڵگەی ئەوەمان پێدەدات كە لە بوونی گۆڕستاندا سنووری گوندەكەی تێدا دەستنیشان كراوە كە بەشی باشووری گرتووە. ئەو دیاردەیەش پەیوەندی بەبیری ئاینی یانەوە هەیە، بۆ ئەوەی لە مردووەكانیان نزیكبن لە بۆنەكانیاندا سەردانیان بكەن. لێرەوە دەگەینە ئەو ڕایەی كە بڵێین، ئەم شوێنەوارە وەكو سەرجەم شوێنەوارەكانی تری كوردستان لەئەنجامی راپەڕینەكەی زستانی 1991 كەوتووەتە بەر شاڵاوی هەڵكەندن‌و دەرهێنانی ئاسەواری ناو گۆڕەكان. بۆیە ئێمەی شوێنەوارناس ئەگەر توانای كاركردن هەبێت ئەوەی لە پاشماوەی ئەم گۆڕانە ماون‌و دەرنەهێنراون، دەربهێنرێن بە ڕێگای كنە‌و پشكنینی زانستی بۆ خزمەتی مۆزەخانەكانی كوردستان.
سەرئەنجام: بەپێی ئەو لەتە گۆزە‌و گڵێنانەی كە لە روبەرێكی گەورەدا بڵاو بوونەتەوە، لەگەڵ بوونی لەتە شووشەی رەنگاورەنگ كە بەشێكن لە پاشماوەی ئاسەواری ناو گۆڕەكان، دەریدەخەن كە گوندی وازۆڵ لەهەردوو سەردەمی ئاشكانیی(250پ.ز-227ز) ‌و ساسانی (227ز-151) ئاوەدان بووە. ئەمە بەڵگەی ئەوە بەدەستەوە دەدات كە تەمەنی گوندەكە‌و بەردەوامی مانەوەی خۆی لە 2200 ساڵ بەرلە ئێستا دەدات كە بەردەوام ئاوەدان بووە دانیشتوانەكەی بە كشتوكاڵ‌و ئاژەڵداری‌و باخدارییەوە بژێوی ژیانیان دابینكردووە. بۆیە گرنگیدان بەو پاشماوانە‌و نووسینەوەی راپۆرت لەسەریان، دەتوانێت خزمەتی خۆی لە چەند روویەكەوە بگەیەنێت لەوانە تێگەیشتن لە داب‌و نەریتی مردووناشتن كە لەو رۆژگارە لە كوردستاندا بەپێی ئاینی زەردەشتی كە باو بووە‌و مامەڵەیان لەگەڵ مردووەكانیاندا لەو رێورەسمەیدا كردووە، یان لەهەندێك جاردا سەربەستی دراوەتە كەسوكاری مردووەكە كاتێك ئاینەكە وەكو خۆی پەیڕەو نەكراوە، ئەوەش بە هەڵكەندنی گۆڕ‌و دانانی لاشەكە‌و پێداویستی یەكانی بووە كە بەڵگەیە بۆ باوەڕیان بە زیندووبوونەوەی مردووەكە لە دنیای دووەمدا. بۆ ئەمجۆرەیان لەسەردەمی ئاشكانیدا باو بووە كە هەندێك لە گۆڕەكان سەر بەو سەردەمەن كە لەژێر كاریگەرێتی ئاینی میتراییدا بوون. ئەم خەرمانە گەورەیە لە داب‌و نەریتی كۆن ئەگەر كۆیان بكەینەوە بۆ میژووی دێرینی كورد سەبارەت بە ئایین‌و باوەڕ لە كوردستاندا رەسەنایەتی خۆی لە پەیڕەكردنی رێورەسمەكاندا پاراستووە.
بۆیە لەبەرچاوگرتنی ئەو زانیاریانە دەمانگەیەنێتە ئەوەی كە بڵێین:
ناوی وازۆڵ وەكو لەوەبەر ئاماژەمان دا بەهۆی وتنەوەی لەسەر زمان
دیارە گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، ناوەكەش پیدەچێت لەناوی سەركردەیەكی سەربازی وەرگیرابێت كە بە دوری نازانم رۆمانی بێت. ئەم بۆچوونە بە هەڵدانەوەی لاپەڕەكانی مێژووی دێرین بۆ ئەوە دەچین كە ناوچەی گوندەكە لەبەرئەوەی هاوسنوورە لەگەڵ دەشتی شارەزوور، دیارە شەڕی قورسی لەنێوان ساسانییەكان‌و رۆمانەكاندا بەخۆوە دیوە كە دوور نییە هەر لەو رۆژگارەوە ناوی گوندەكە سەری هەڵدابێت.

 910 جار بینراوە