سەرەکی » هاوپۆل نەکراو » مەرج بۆ كاندیدی سەرۆكایەتیی لیبیا دادەنرێتپەڕە 3

مەرج بۆ كاندیدی سەرۆكایەتیی لیبیا دادەنرێت

لە دیداری دیالۆگی سیاسیی لیبیا كە دوێنێ لەشاری جنێڤ دەستی بەكارەكانی كرد ‌و چوار رۆژ دەخایەنێت، لایەنە بەشداربووەكان لەسەر چەند بابەتێك رێكەوتن، كە شێوازی قۆناغی داهاتووی سیاسیی لیبیا دیاری دەكات.

ئاژانسەكانی هەواڵ بڵاویانكردەوە: ئامادەبوانی دیدارەكە لەسەر بەڕێوەچوونی هاوكات ‌و راستەوخۆی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ‌و پەرلەمانی لیبیا لە وادەی خۆیدا كە مانگی كانونی یەكەمی داهاتووە، رێكەوتوون ‌و چەند مەرجێكیشیان بۆ كاندیدەكانی سەرۆكایەتیی وڵاتەكەیان داناوە.

ئاماژەیان بەوەشداوە: بەپێی مەرجەكان، دەبێت كاندیدی سەرۆكایەتیی هاووڵاتی لیبیا بێت ‌و هەڵگری رەگەزنامەی تر نەبێت ‌و هاوسەرەكەشی هاووڵاتی لیبیا بێت. هەروەها لەكاتی سەركەوتنی یەكێك لە كەسایەتییە سەربازییەكان لە هەڵبژاردندا، دەبێت دەست لە پۆستە سەربازییەكەی بكێشێتەوە.

میدیاكان ئاشكرایانكرد: ئامادەبوانی دیدارەكە رێكەوتوون لەسەر ئەوەی كە پەرلەمانی لیبیا لە ئەنجومەنی نوێنەران ‌و ئەنجومەنی پیران پێكبهێنرێت، كە یەكەمیان بارەگاكەی لە بەنغازی ‌و دووەمیشیان لە سەبها بێت. هەروەها رێكەوتوون لەسەر دواخستنی راپرسی لەسەر دەستووری وڵات بۆ دوای هەڵبژاردنەكان.

سەرچاوە/ ئاژانسەكان

 178 جار بینراوە