سەرەکی » ئەدەب و هونەر » واسینی ئەلئەعرەج: ئەدەب بە مانا رۆحییەکەی چەکە

واسینی ئەلئەعرەج: ئەدەب بە مانا رۆحییەکەی چەکە

واسینی ئەلئەعرەج لە دایکبووی (8/8/1954) لە دێی سیدی بوجنانی سنووری شاری تلمسان لە جەزائیر. رۆماننووس و مامۆستای زانکۆیە لە زانکۆی سۆربۆن لە پاریس و زۆربەی زانکۆکانی جەزائیر. یەکێکە لە دەنگە گرنگە ئەدەبی و رۆماننووسەکانی جیهانی عەرەب. واسینی ئەلئەعرەج بە پێچەوانەی نەوەی پێش خۆیەوە، بە هەردوو زمانی عەرەبی و فەرەنسی دەنووسێت، خاوەنی قوتابخانەیەکی تایبەت بە خۆیەتی لە نووسیندا کە ناتوانرێت بە شێوازێکی جێگیر پێناسە بکرێت، بەڵکو لە گۆڕان و داهێنانی شێوازی دەربڕینی زیندوو تازەدایە دوور لە نووسینی نەریتی و باو، شکاندنی شێوازە کۆنەکان و پەیبردن بە شێوازی تازە جار بە جار لە رۆمانەکانیدا.

ئەلئەعرەج خاوەنی 31 کتێبی چاپکراوە، کە زۆربەیان رۆمانن و چەند دانەیەکیان چیرۆکن، رۆمانەکانی (زرمەی چەکمە رەقەکان) لەلایەن بەکر دەروێشەوە بۆ کوردی وەرگێڕدراوە، (مرۆڤێک ناوی لە ناواندا نییە) و (ماڵە ئەندەلوسیەکە) لە لایەن سەباح ئیسماعیلەوە کراون بە کوردی و رۆمانی (سەربردەی دواین عەرەب) لەلایەن فەیسەڵ هەمەوەندییەوە کراوە بە کوردی.

رۆمانەکانی واسینی ئەلئەعرەج بۆ چەندین زمانی زیندووی جیهانی وەرگێڕدراون لەوانە: فەرەنسی، ئەڵمانی، ئیتالی، سویدی، دانیمارکی، عیبری، ئینگلیزی و ئیسپانی. بەشداری و سەرپەرشتی سەدان لێکۆڵینەوەی زانستی و فیکری لە زانکۆکانی جەزائیر و وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپی کردووە و ئێستا لە زانکۆی سۆربۆن لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا مامۆستایە.

سازدانی بە عەرەبی و وەرگێڕانی: ڤینۆس فایەق

3-4

*ئەوەی لە (مێینەی سەراب)دا سەرنجی راکێشام، ئەو هاتوچۆ سیحراوی و توندوتۆڵەیە لە تەکنیکی گێڕانەوەدا، ئەو شێوازە لە گێڕانەوەی بە کۆمەڵدا و تێپەڕاندنی گێڕەرەوەی بە ئاگا لە هەمووشت لە رۆماندا، کە کەشێکی زیندووی پێ بەخشیبوو، وەکو ئەوەی فیلمێک لە شاشەیەکی شەش پاڵوودا ببینم، باسی ئەزموونی تەکنیکی گێڕانەوەی بە کۆمەڵم بۆ بکە.

-لە گێڕانەوەی بە کۆمەڵدا، تۆ کەسایەتی زۆر دروست دەکەیت، تەنها یەک کەسایەتیت نییە، لەم حاڵەتەشدا یان دەبێت پەنا بۆ گێڕانەوەی قسەکەر کە ئاگای لە هەموو شتێکە، تەنانەت باری دەروونی کەسایەتییەکانیش لە رۆمانەکەدا بەریت، یان بە راناوی نادیار قسە بکەیت، ئەمەش مەودایەک لە نێوان و تۆ حاڵەتی گێڕانەوەکەدا دروستدەکات و دواجار تۆ جگەلە بینەرێک زیاتر هیچی تر نیت، وەک سەعدی یوسف بە (چاوی داڵ) ناوی دەبات، لەسەرەوە تەماشا دەکەیت و لە جووڵەی کەسایەتییەکان ورد دەبیتەوە، هەوڵی وەسفکردنیان دەدەیت، وەکو گێڕەرەوەیەکی غائیب، نەک گێڕەرەوەیەکی ئامادە.

بەڵام لە گێڕانەوەی بە کۆمەڵدا، هەریەکێک لە کەسایەتییە جیاوازەکان بەشدارن لە وەسفکردنی خۆیان، ئەمەش ئەگەرچی بڕێک قورسە، بۆ نموونە ئەگەر بگەڕێیت بۆ پاڵەوان، نایدۆزیتەوە، ئەوەی دەیبینیت چەند کەسایەتییەک بە یەکسانی قسە دەکەن و دەگێڕنەوە. کەواتە سێ ئاست هەیە: ئاستی ئەو گێڕەرەوە ناوەکییە کە لەبارەیەوە دەبیستین و نایبینین، کۆنترۆڵی شێوازی دەقەکە دەکات، وەسفی لەیلا دەکات لە شوێنە شاردراوەکەی لە ژێرزەمینەکەدا (سکریپتۆریۆم) کاتێک بیرەوەرییەکانی دێنەوە بەرچاوی، دوای ئەوە هەمان ئەو کەسایەتییە خۆی قسە دەکات، باسی خۆی دەکات، لەویشەوە باز دەداتە سەر پاڵەوانەکەی تر کە هەر خۆیەتی بە ناوی (مریەم)ەوە ئەویش باس لە خۆی دەکات، پاشان باز دەدات بۆ لای کەسایەتییە پیاوەکە، کە خۆشەویستی لەیلایە، ئینجا رۆمانەکە دەچێتە کەشی نامەکانەوە، کە لەم حاڵەتەدا پێویستمان بە گێڕەرەوە بە مانا تەقلیدییەکەی نییە، چونکە نامەکان خۆیان قسە دەکەن. لێرەدا نامەکان دەبنە توخمێک بۆ کەشفکردنی پاشخانی کەسایەتییەکان. چیان بەسەرهاتووە و چۆن ژیاون… تاد. لەناو هەموو ئەمانەدا بیرۆکەیەک هەیە، ئەویش ئەوەیە ئەم کەسایەتییە (پیاوەکە) کە لەناو رۆمانەکەدا رۆماننووسە کەسایەتی تری دروستکردووە، کە ئەویش گریمانەییە، لە خەیاڵی کەسایەتییەکەدایە لە رۆمانەکدا، کەسایەتی (مریەم)ە و لە ناو رۆمانەکانیدا لەگەڵی دەژی، لە کۆتاییدا وا لە ژنە پاڵەوانەکە (لەیلا) دەکات بیر لە خۆکوشتن بکاتەوە، لێرەدا دەکەوینە ناو پڕۆسەیەکی تەجریدی کە نامەکان پێوەرنین و خودی گێڕانەوەی ئاساییش پێوەر نییە.

لە راستیدا « چرکەساتی گێڕانەوە» هەرچیەک بێت ناتوانین بیگرین، تەنانەت ئەگەر هەموو ئێلێمێنتە ئەدەبیەکانیشمان هەبێت، چونکە مریەم لە کۆتاییدا حاڵەتە رۆمانەکەیە، حاڵەتی نووسین ئەم سۆزە ئینسانییە گێڕانەوەیە کە سەختە بە واقیع بەراوردی بکەین، چونکە ئەگەر خستتە واقیعەوە دەیکوژیت یان خۆت وەکو رۆماننووس دەکوژیت. ئیتر ئەم هەموو پلەبەندی و ئاستە جیاوازانە لە رۆمانەکەدا بە ئاگابووم لێی و دەزانم رەنگە خوێنەر لەناو ئەو زمانەدا کە حەزی پێدەکات ون بکات، هەندێ جاریش دەپرسن ئەی کوا مەودای خەیاڵ و کوانێ مەودای واقیعی بابەتی؟

*بابگەڕێینەوە سەر ئەدەب بە شێوەیەکی گشتی، دەپرسم: بە باوەڕی تۆ ئەدەب یان رۆمان بەتایبەت لە توانایدایە رووبەڕووی خراپە یان تیرۆریزم ببێتەوە؟ ئەگەر بەڵێ، لەو حاڵەتەدا دەکرێ هەڵگری ئەدەب بین لە جیاتی دین؟ بە واتای ئەوەی ئایا ئەدەب لە توانایدایە جێگرەوەی دین بێت؟

-هەڵگرتنی بیروباوەڕی دینی دژ بە هەڵگرتنی بیر یان رێڕەوێکی ئەدەبی نییە. هەڵگرتنی بیروباوەڕێکی دینی، واتا تۆ شتێکت لە بەها دینی و کەلتورییەکان بە میراتی بۆ ماوەتەوە، کێشەکە ئەوەیە کە ئەم بەها دینیانە کاتێک دەبنە کۆسپ لە نێوان تۆ و ژیاندا دەبنە بەهایەکی رەتکراوە. لەم حاڵەتەدا دەبێت یان لەناو هەمان سیستەمی پێشوودا بەردەوام بیت و مەرجە دینییەکان بەو شێوەیەی کە بەسەرتا سەپێنراون یان وەکو بۆماوە بۆت گوێزراوەتەوە لەبەرچاو بگریت و هەرچی ئەنجامی ئەم هەڵبژاردەیەتە دەکەوێتە ئەستۆی خۆت. لە زۆربەی رۆمانەکانمدا بەر رەتکردنەوەی ئەو مەرجە دینییانە دەکەویت، کاتێک ئەو مەرجە دینییانە دەبنە هۆی سەرکوتکردنی ئینسان، بەڵام کاتێک ئەو مەرجە دینییانە بریتی بوون لە حاڵەتێکی سۆفی و ویژدانیی ئینسانیی تاکەکەسی نەک حاڵەتێکی جەمعی سەپێنراو، نەبێتە قانوونێک بەسەر هەمواندا جێبەجێبکرێ، بەڵکو هەستێکی تاکەکەسی بێت، وەکو ئەوەی من هەست بە خودا بکەم وەکو قیمەتێکی ئینسانی و وجودی بۆ خێر و سەرچاوەی دادپەروەری. بەڵام کە ئەو خودایە لە نەستی دەستەجەمعیماندا دەبێتە دەسەڵاتێک پێمان دەڵێ ئەمە بکە و ئەوە مەکە، ئەمە حەڵاڵە و ئەوە حەرامە، رێگر دەبێت لەبەردەم ئەوەی خۆت بیت لە حاڵەتەکانی خۆشەویستی و هەموو حاڵەتە ئینسانییەکانی تر، لە حاڵەتی داکۆکی لە حەقیقەت… تاد. لەم حاڵەتەدا هیچ هەڵبژاردەیەکت بۆ نامێنێتەوە جگە لەوەی دابڕێی، بۆ ئەم دابڕانەش ئەدەب کە حاڵەتە ئینسانییە ئازادەکەیە بە پلەی نایاب یاریدەدەرە. تۆ کە کتێبێک دەنووسیت و دەیخەیتە بازاڕەوە، نایسەپێنی بەسەر کەسدا بیکڕێت و بیخوێنێتەوە، بەڵام کە قورئان و ئینجیل و تەوراتت گرت بەدەستتەوە، تۆ ئیتر لە ناو سیستەمە دینییە توندوتیژەکەدای، جگە لەو خولیا ئینسانییە سۆفی و تاکەکسییە بێت، نەک خولیا دەستەجەمعییەکە. ئەدەب بە ئازادیەوە دەمانبەستێتەوە، هەوڵێکە بۆ قەناعەت پێکردن نەک سەپاندن. تۆ ئەگەر قەناعەتت بە رۆمانێک نەبوو، رەنگە ئەوەی لە دەستی بدەیت تەنها پارەی کتێبەکە بێت، لەوە زیاتر نا، دووچاری لێپرسینەوەش نابیت، ئەگەر دەقەکەت لا پەسەند بوو، لە ویژدانتا دەمێنێتەوە و زۆر ئازادانە بەشێک لە خەیاڵدانت پێکدەهێنێت. بەڵکو کتێبەکە پاڵنەرێك دەبێت بۆ فراوانکردنی ئارەزووی ئازادی کە لە قووڵایی تۆدایە، هەستێکت دەداتێ تۆ هەڵبژاردەی خۆتت کردووە، نەک وەکو دین بەسەرتا سەپێنراوە. من دەڵێم هەر شتێک هۆکار نەبێت بۆ خۆشبەختی و دڵخۆشی و پێشکەوتن و قووڵبوونەوە لە قووڵایی ناخی مرۆڤایەتیدا ناتوانێ ببێتە قیمەتێکی کەلتوری باڵا بۆ ئادەمیزاد.

جا خراپە و تیرۆریزم چەکی ئاگرین و سەربڕینن، بەڵام ئەدەب ناتوانێت ئەوانە بێت، ئەدەب چەک نییە، بەڵکو بە مانا رۆحییەکە چەکە، بەڵێ ئەدەب ئەو خراپەکارییەی کە رەنگە خەڵک نەیناسن رووتدەکاتەوە، جا کە پاڵەوانێکی بۆ نموونە ئیسلامی توندڕەو هەڵدەبژێریت بۆ یەکێک لە رۆمانەکانت و لێی دەکۆڵیتەوە، و لەبارەی ئەم نموونانەوە دەنووسیت پەردە لەسەر راستییەکان لادەدەیت. دواجار ئەدیب و هونەرمەند و نیگارکێش و موزیکژەن بەها جێگرەوەکان دەڕوێنێت، ئەو بەهایانەی بەرگریی لە ئینسانییەت دەکەن، ئیدی گوستنەوە لە کرداری خراپەوە بۆ کرداری چاکە یان بە پێچەوانەوە چرکەیەکی زۆر بچووکە. کە چەکەکەت بکوژ بوو، تەنانەت ئەگەر داکۆکیکاریش بیت لە حەقیقەت تۆ هەر تیرۆریستی، رەنگە پێویست بێت بەڵام ئەگەر نەیکەیت کۆتایی مرۆڤایەتی نییە.

لۆرکای شاعیری ئیسپانی مەزن، بەشداری شۆڕشی ساڵی 1936ی دژ بە فرانکۆ سەردەمی شەڕی ناوخۆی ئیسپانیادا کرد، بەرگریکار بوو، چەکیشی هەڵگرت و هەرگیز بەکاری نەهێنا، هەتا کۆتایی بە شیعر بەرگریی کرد، کە دەستگیریشیان کرد، کاتێ ویستیان بیکوژن سەری هەڵبڕی گوێی لە جریوەی چۆلەکەکان دەگرت، لە هەندێ لە رۆمانەکاندا وەسفی چرکەکانی کۆتایی گارسیا لۆرکا کراوە، لە جوانی شوێنەکە راما و پێی گوتن: ئێوە دەتوانن تەنها کەسێک بکوژن، بەڵام کەس ناتوانێ هەموو ئەو رەنگانەی وا لە سروشتدان بکوژێت و هەر ئەو رەنگانە و ئەو جوانییە لە کۆتاییدا دەتانکوژن. لەڕاستیشدا وایە، ئێستا چی لە فرانکۆ ماوە؟ هیچ نەماوە، و لۆرکا مرد، بەڵام شیعرەکان بە زیندوویی ماون و ئیسپانیاش ئەمڕۆ جوانترین وڵاتانی جیهانە. ئەو دواڕۆژەش بۆ مەودایەکی دوور دروستکرا. بۆیە دەبێت جوانی هونەری و ئەدەبی و کەلتووری و ئینسانی… تاد. ببینین. دەبێت لە ئاسۆدا ئادەمیزاد ببینین چۆن ژیان دروست دەکات، بەشێوەیەک لە شێوەکان شەڕ دەکات، بەڵام ئادەمیزاد لە هەموو شتێک گرنگترە.

*خەڵاتە ئەدەبیەکان چی دەگەیەنن لای تۆ؟ بەتایبەت تۆ زۆرت لێ بەدەستهێناوە، دەکرێ بازدانێک بێت بۆ ئەدیب؟ خەڵاتەکان بۆ ئەدیب یان مەسەلەکە تەنها رێزلێنانێکی کاتییە و هیچی تر؟

-من کە دەستم بە نووسین کرد، نەمدەزانی خەڵات چییە، دەمنووسی لەبەرئەوەی لە ناخەوە پێویستم بە نووسین بوو، بەڵام کە لە سەرەتای ژیانی ئەدەبیدا هاوڕێیەک یان نووسەرێکی گەورە دەتخوێنێتەوە و پێت دەڵێت «ئافەرم واسینی بۆ نووسینی ئەو رۆمانە.» نمونەی عەبدوللەتیف ئەلراوی کە دێت و لە گۆڤاری (امال) دا دەنووسێت: «ئەمڕۆ رۆماننووسێک لە جەزائیر لەدایکبوو.» ئەم قسەیە نازانی چەند کاریگەرە، تۆ شاعیریت و ئەمە دەزانیت، ئەو بە رێنماییەکانی و ئامۆژگارییەکانی هەموو جارێک خەڵاتێکی دەدامێ، سەرەتا خەڵاتی چیرۆکی کورتم لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە وەرگرت، هەروەها وەکو رێزلێنان لەگەڵ چەند چەند هاوڕێیەکم و هاوسەرەکەم کە ئەو کاتە هێشتا هاوڕێ بووین و خەڵاتی شیعری وەرگرتبوو، نێردراین بۆ جەزائیری پایتەخت، لە کۆتاییدا هەمووی بریتییە لە چرکەساتێکی جوان، بەڵام لەوە گرنگتر بەردەوامبوونە لە نووسیندا.

دوای ئەمانە هەمووی، خەڵاتی تر زۆر هات، کە زۆربەی ئاسایی بوون، بەڵام ئەوەی زۆر بەنرخ بوو بۆ من، خەڵاتی شێخ زاید بوو، لەبەر هۆیەکی سادە، ئەویش ئەوەیە بۆ من هەنگاوێکی جیاواز بوو لە جەزائیرەوە بۆ ناو هەموو دەوڵەتە عەرەبیەکان. من هەمیشە دەڵێم خەڵاتەکان چرکەساتێکی خۆشن بەریدەکەوین. هەروەها خەڵاتی (کەتارا) بەهەمان شێوە گرنگ بوو، خاوەنی دەزگای بڵاوکردنەوەکەی مامەڵەی لەگەڵ دەکەم، پێشنیازی کرد بەشداری تێدا بکەم، لە کاتێکدا هیچم لەبارەی خەڵاتەکەوە نەبیستبوو، هەر خۆی رۆمانی (مەملەکەتی پەپوولەکان)ی بۆیان نارد، و خەڵاتەکەم بردەوە و بەباشترین دەقیش کە قابیلی ئەوەیە بکرێتە دراما هەڵبژێدرا، ئەمە بۆ من دڵخۆشکەر بوو، بۆ ئەوەی راستگۆش بم لایەنی مادی خەڵاتەکانیش شتێکی خۆشە، بەڵام لە رووی داهێنانەوە بەهاکەی سنووردارە، تەنها چرکەساتێکی دانپیانان و بەرکەوتنێکە لەگەڵ خۆشییەکی سەرپێیی، ئەوەی گرنگە بەردەوام بیت لە نووسین و پرۆژەی رۆمانەکانی داهاتووت. بۆیە دەبینیت زۆرێک لەوانەی خەڵاتەکان وەردەگرن، لەڕووی ئەدەبییەوە دەمرن، چونکە نووسینەکانیان بە خەڵاتێکەوە دەبەستنەوە، هەر خەڵاتەکە وەردەگرن ئیتر وادەزانن ئەوەی دەیانویست بەدەستیان هێنا، گرەوی نووسین لای ئەوان خەڵاتە نەک داهێنان و بەردەوامبوون. لە کاتێکدا گرەوەکە ئەوەیە بەردەوام بیت لە کۆششکردن و ژیانت بە نووسینەوە ببەستیتەوە نەک بە خەڵاتەکانەوە. منیش ناتوانم خۆم لە دەرەوەی نووسینەوە وێنابکەم.

 168 جار بینراوە