سەرەکی » کەلتوور » دەربارەی سەربەستی راگەیاندن

دەربارەی سەربەستی راگەیاندن

عەبدوڵا عەباس

لە سەرچاوە جێ باوەڕەكانی جیهاندا لە پێشیانەوە (فەرهەنگی ئازاد) وەسفی (راگەیاندن – الاعلام) وا كراوە كە ناوێكە لەو وەسیلە تەكنیكییە نراوە سەر بە دەزگایەكی رەسمی بێ‌، یان نە، ئەركی سەرشانی بڵاوكردنەوەی ئیخبار و گەیاندنی بەرای گشتی، بەڵام ئەم وەسفە لەگەڵ گۆڕانەكانی رۆژگار وەك خۆی نەمایەوە و (راگەیاندن) سنووری ئەركی و لەگەڵیا سنووری وەسفی فراوان بوو، لە یەكەم هەنگاوی ئاڕاستەی داهاتنی تەلەفزیون بوو كە بێ‌ ئیزن، بوو بەمیوانی هەموومان و لەوەش پەڕیەوە بۆ ئەوەی ببێ‌ بەكاریگەرترین وەسیلەی كاركردنە سەر خەڵك، هەموو خەڵك و دەسەڵات بەدەستەكان ناویان نا دەسەڵاتی چوارەم.

هەر چەندە روو لە هەر ئاڕاستەیەكی بە دەسەڵاتی دنیای ئەمڕۆی ناونراو بە (عەولەمە) دەكەی سوورن لەسەر ئەوەی كە راگەیاندن ئەبێ‌ ئازاد بێ‌ و لەژێر كاریگەری یەك ئاڕاستە و روانینا نەبێ‌، بەڵام خەڵکانی دی هەن كە ئەوانیش لە شارەزا و خاوەن تاقیكردنەوەكانی دنیای دامەزراوە یاسایی و سیستەمەكانی رێكخراوی كار رایكاری وڵاتانن، رایان وایە، مادەمێكی راگەیاندن بە دەسەڵاتی چوارەم دائەنرێ‌، رەوایە وەك سێ‌ دەسەڵاتەكەی دی بكەوێتە ژێر چاودێری و بەچاوی یاسای رێكخراو هەموو كارو ئەنجامی كارەكانی هەڵسەنگێنرێ‌.

من وەك خاوەن قەڵەمێكی مەیدانی ئەم پیشەیە، خوێندنەوەی ئەو رایە ( وجوودی جۆرێ‌ لە چاودێری لەسەر : دەسەڵاتی چوارەم ) بەڕاست دەزانم لەلایەك و لەلایەكی دیکەوە زیادە رۆیی بەوەی لە (عالمی حووڕ)دا راگەیاندن تەواو( حووڕ)ە بەڕاست نازانم بەجۆرێ‌ بە ئیدعای چاو بەستەی ئێمەی عالەمی (تازە چاوكراوە) ی تێئەگەم و ئیدعاكەیان بەجۆرێكە، گومان لێكردنی رەوایە!بنەڕەتی سەركەوتنی هەموو كارێ‌ و دانانی هەر یاسا و چوارچێوەیەكی رێكخستنی ژیانی زۆرینەی خەڵك یەكەم شتی پێویست بۆ رایكردنی ئەبێ‌ لەبەر رووناكی حساب بۆكردنی رادەی هوشیاری ئەو خەڵكە بێ‌ كە تاچەند دەكرێ‌: هوشیاری زیاد بكات، چاوكراوەیی بەرامبەر مەبدەئی حەق و واجب ئەو هوشیارەییە قبوڵ بكات رازی بێ‌ بەوەی بەشێكی كاریگەربێ‌ لەرایكردنیدا و….هتد
چاك وایە هەمیشە لەبیرمانبێ‌: راستە زیاتر لەگۆشەیەكی دنیا هەیە بەشەریەت بەسەر زۆر وردەكاریی كۆمەڵایەتیدا پەریونەتەوە، بەڵام لەوە راستر ئەوەیە پیوستە تێبگەین، ئەوان ، ئەوەیان بە بازدان بەسەر واقیعی نەریتی بنەڕەتی خۆیاندا نەكردووە .

سەرەڕای ئەوە، هوشیار و خاوەن تاقیكردنەوەكانی دنیا ئەڵێن، نەك لایەنێ‌ وتبێتی دەیەوێ‌ بەرووی (حووڕیەتی) راگەیاندند ا بووەستی : مەحاڵە ئازاد ترین دەامەزراوی راگەیاندن لە دنیادا هەبێ‌، هەتا ئەگەر لەرێی هیڵێی وەهمی نەبینراویشەوە بێ‌، بە سەرچاوەی قەراری وڵاتەكەیەوە نە بەسترابێ‌ و كاری بەشێوەیەك لە شێوەكانی سنوورداركردنی بۆ دانەنابێ‌.

• دوا قسە :
( كارەساتی زیان بەخشی گەورە دەقەومێ‌ ئەگەر بۆ گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی بایەخی سەرەكیمان بە وەسیلە بێ‌ و رێكردنەوەی پێش وەخت بۆ ناسین و سوودی وەسیلەكە لای خەڵك لەبیربكەین.)
تۆفیق حەكیم

 87 جار بینراوە