سەرەکی » زانست » كه‌شتی نوح » كۆرۆنا هەنگەوانی بوژاندۆتەوە

كۆرۆنا هەنگەوانی بوژاندۆتەوە

تارا شێخ عوسمان

لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە زۆر باس لەوەدەكرا كە هەنگوین و زەنجەفیل لەگەڵ لیمۆ و تەنانەت رەشكەش زۆر بەسوودن و بەرگری لەش بەهێز دەكەن لە دژی ئەو ڤایرۆسە.

هۆشیاری خەڵك سەبارەت بە سوودە زۆرەكانی هەنگوین وایكرد ئەم بەرهەمە خواستی زۆری لەسەر بێت و فرۆشی بە رێژەیەكی بەرچاو زیاد بكات، لە ئەنجامیشدا زیادبوونی بازاڕی پەروەردەكردنی هەنگی بە دوای خۆیدا هێنا و پێشبینی دەكرێت لە ساڵانی داهاتووشدا ئەو رێژەیە بەرزتر بێتەوە، بە تایبەتیش ئێستا حكومەتی هەندێك وڵات گرنگی زۆر بەو بوارە دەدەن و بە چەندین رێگەی جیاواز پسپۆڕان و بەخێوكەرانی هەنگ هان دەدەن بۆ گەشەپێدان و زیاتركردنی بەرهەمیان.

پێشبینیەكان ئاماژە بەوە دەدەن رەنگە تا ساڵی 2026 قەبارەی بازاڕی بەخێوكردنی هەنگ بگاتە(11) ملیار دۆلار.

گرنگیی پیشەسازی بەخێوكردنی هەنگ لەوەدایە كە داهاتێكی بەردەوام مسۆگەر دەكات و هەلی كاریش دەرەخسێنێت، جگە لەوانەش یارمەتیدەرە بۆ پاراستنی ژینگە و ئەویش لای خۆیەوە بەشدار دەبێت لە گەشەپێدانی بەردەوام، چونكە هەنگ لە هەموو جیهاندا بە گرنگترین پیتێنەر دادەنرێت، هەنگ (90%) ی رووەكە گوڵدارە كێوییەكانی جیهان دەپیتێنێت و (75%)ی ئەو رووەكانەش دەپیتێنێت كە بۆ خۆراك سوودیان لێوەردەگیرێت، چونكە سێیەكی بەرهەمهێنانی خۆراكی جیهان پشتی بە (هەنگ) بەستووە، ئەمەش یارمەتیدەرە لە چارەسەركردنی كێشەی كەمی خۆراك لە جیهان و بنبڕكردنی برسێتی لە وڵاتانی هەژار و تازە پێگەیشتوو.

لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، بەخێوكەرانی هەنگ هێندەی گرنگی بە بەخێوكردنی هەنگ بۆ سوود وەرگرتن لە توانای پیتاندنەكەی دەدەن هێندە گرنگی بە بەخێوكردنیان بۆ سود وەرگرتن لە هەنگوینەكەیان نادەن، هەربۆیە پورەی هەنگەكان لە شوێنێكی وڵاتەوە دەگوێزنەوە بۆ شوێنێكیتر بە مەبەستی پیتاندنی بەرهەمە جۆراوجۆرەكانیان،بەڵام ئەم پیشەسازییە لە ساڵانی رابردوودا پاشەكشەی كردووە بەهۆی كەمبوونەوەی ژمارەی هەنگەكان، ئەویش بە هۆی پیسبوونی ژینگە و بڵاو بوونەوەی هەندێك جۆری نەخۆشیی و بەكارهێنانی قڕكەری مێروو بە شێوەیەكی بەربڵاو.

ئامارەكان دەدوێن
لە سەر ئاستی جیهان و بەپێی ریزبەندی، هیندستان پشكی شێری هەیە و پلەی یەكەمی ئەو ریزبەندییەی گرتووە لە رووی زۆرترین كیڵگەی بەخێوكردنی هەنگەوە كە دەگاتە (12) ملیۆن كێڵگە و دوای ئەویش چینە، بەڵام گەوەرەترین بەرهەمهێنەرانی هەنگوین لە جیهاندا بە پێی پلە بەندی بریتین لە چین و و توركیا و كەنەدا.

لە ساڵی (2020) دا بەهای بازاڕی بەرهەمی هەنگوین لە جیهاندا گەیشتووەتە( 9) ملیارو (210) ملیۆن دۆلاری ئەمریكی، بە هۆی زۆربوونی خواست بۆ هەنگوین و بە هۆی ئەو سوودە تەندروستییەی كە هەیەتی، جگە لەوەش لە بەرهەمهێنانی هەندێك جۆر دەرمان و بابەتی جوانكارییشدا بەكار دەهێنرێت.

سەرچاوە: Ghadi news

 77 جار بینراوە