سەرەکی » راپۆرت » هاتنی گەشتیاران بۆ سلێمانی 90 هەزاری تێپەڕاندووە

«گەشتیاران كەشێكی ئارامیان لە سلێمانی بەسەربرد»

هاتنی گەشتیاران بۆ سلێمانی 90 هەزاری تێپەڕاندووە

ئا: ئەركان جەبار

بەپێی دوایین ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری سلێمانی، هاتنی گەشتیاران بۆ سنووری پارێزگاكە لە رۆژانی جەژنی قورباندا 90 هەزار گەشتیاری تێپەڕاندووە و پۆلیسی سلێمانیش ئاماژە بەوە دەكات، گەشتیاران لەم جەژنەدا ئارامترین جەژنیان كردووە و هیچ كێشەیەكیان بۆ دروست نەبووە.
پێشتریش، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم ئاشكرایكردبوو، «چاوەڕوان دەكرێت تا كۆتایی رۆژانی پشووی جەژن، ژمارەی هاتنی گەشتیاران بۆ ناوچە گەشتوگوزارییەكانی هەرێمی كوردستان، 250 هەزار گەشتیار تێپەڕێنێت و پێدەچێت ژمارەكە لەوە زیاتریش بێت».

ئامارەكانی سلێمانی
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی كە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندن و بە بازاڕكردنی گەشتوگوزاری سلێمانییەوە بڵاوبۆتەوە، لە رۆژی 15ی 7ەوە تا رۆژی 24ی مانگ، زیاتر لە 90 هەزار گەشتیار لە رێگەی فڕۆكەخانە و بازگەكان و دەروازە سنوورییەكانەوە هاتوونەتە سنوری پارێزگای سلێمانی، كە زۆربەیان ئەو گەشتیارانەن كە لە پارێزگاكانی باشوور و ناوەڕاستی عیراقەوە روویان لە ناوچە گەشتیارییەكانی سلێمانی كردووە.
پێشتریش لە چوارەم رۆژی جەژندا، بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندن و بە بازاڕكردنی گەشتوگوزاری سلێمانی بڵاویكردەوە، بەپێی ئامارە سەرەتاییە تۆماركراوەكان، لە 15 تا 23ی ئەم مانگە، نزیكەی 85 هەزار گەشتیار روویان لەناوچە گەشتیارییەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی كردووە.

هاوینەهەواری دوكان جمەی دێت
ئەو بەڕێوەبەرایەتییە ئاماژە بەوەشدەكات، دواین ژمارەی گەشتیارانی هاتوو، تا رۆژی 25ی ئەم مانگە بە بۆنەی جەژنەوە هەژمار دەكرێت و ئەو رێكەوتە دەبێتە هەژماری كۆتایی سەردانیكاران و لە رۆژانی داهاتووشدا كۆی ئامارەكە بڵاودەكرێتەوە.
گەشتوگوزاری سلێمانی سوپاسی خاوەنكار و مۆڵەتە گەشتیارییەكان و لایەنە ئەمنی و یەكە كارگێڕییەكان دەكات، كە بەشێوەیەكی زۆرباش و ئارام پێشوازییان لە گەشتیاران كردووە.
یەكێك لەو ناوچانەی زۆرترین گەشتیار سەردانی كردووە، سنووری قەزای دوكانە. لەوبارەیەوە، رێژین رەئوف بەڕێوەبەری فەرمانگەی گەشتوگوزاری دوكان رایگەیاندووە، هەرچەندە تائێستا ئامارەكان نا رەسمین و ئاماری كۆتایی دەرنەكەوتووە، بەڵام لە دوو رۆژی یەكەمی جەژندا، نزیكەی 25 هەزار ئۆتۆمبێلی گەشتیاران سەردانی سنوورەكەیان كردووە، كە هەریەكە لە سەیرانگەكانی (‏‏زێوێ، چەمی رەزان، مێرگەپان، سەرگەڵو و بەرگەڵو) لەخۆدەگرێت.

جەژنێكی ئارام لە سلێمانی
هاوكات، سەركەوت ئەحمەد وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، بە ماڵپەڕی (SNN)ی راگەیاندووە، جەژنی قوربانی ئەمساڵ بە ئارامترین جەژن تێپەڕی بەسەر ئەو گەشتیارانەی كە روویان لە سنووری پارێزگای سلێمانی كردووە، بە جۆرێك هیچ كێشە و گرفتێك بۆ گەشتیاران دروست نەبووە و بە پێچەوانەوە هەموو ئاسانكارییەكمان بۆ كردوون.
ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەو بڕیارانەی كە لەلایەن جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمەوە دەرچوون، هێندەی دیكە كاریگەرییان دەبێت لە زیاتر سەقامگیركردنی ئارامی سلێمانی و دەوروبەری و كەمكردنەوەی تاوانە جۆراوجۆرەكان، چونكە لە هەڵمەتەكانماندا كە لە ئەمڕۆوە دەستپێدەكەین، دەستدەگرین بەسەر هەموو جۆرە چەكێكی بێ مۆڵەت و ئۆتۆمبێلێكی بێسەرەتا و جامڕەشدا.
هاتنی ئەو 90 هەزار گەشتیارە بۆ سنوری پارێزگای سلێمانی و بەسەربردنی كاتێكی ئارام و بێ دروستبوونی كێشە، داهاتی سنوورەكە لە خاوەن هۆتێل و مۆتێل و چێشتخانە و كەپرە گەشتیارییەكان زیاد دەكات و جوڵەی بازرگانیی چالاك دەكات.

250 هەزار گەشتیار تێدەپەڕێنێت
لای خۆیەوە، نادر رۆستی وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان ئاشكرایكردووە، چاوەڕوان دەكرێت تا كۆتایی رۆژانی جەژن، ژمارەی هاتنی گەشتیاران بۆ ناوچە گەشتوگوزارییەكانی هەرێم 250 هەزار گەشتیار تێپەڕێنێت، پێدەچێت ژمارەكە لەوەش زیاتر بێت.

 164 جار بینراوە