سەرەکی » راپۆرت » ئامادەكردنی: دیاری سابیر » یۆنان یەكەم فڕۆكەی جەنگیی راڤالی لە فەرەنسا وەرگرت

یۆنان یەكەم فڕۆكەی جەنگیی راڤالی لە فەرەنسا وەرگرت

بەپێی گرێبەستێكی نێوانیان بۆ فرۆشتنی 18 فڕۆكەی جەنگیی جۆری راڤال بە حكومەتی ئەسینا، كۆمپانیای داسۆ-ی فەرەنسی بۆ پیشەسازیی فڕۆكەی جەنگی، یەكەم فڕۆكەی لەو جۆرەی تەسلیم بە یۆنان كرد. بە وتەی چاودێرانی بواری سەربازییش، پێدەچێت كاریگەری بكاتە سەر هاوسەنگیی هێزی سەربازی نێوان یۆنان ‌و توركیا، بە تایبەتی لە بواری هێزی ئاسمانیدا.

18 فڕۆكەی جەنگی لە جۆری راڤال
گرێبەستە سەربازییەكەی نێوان فەرەنسا ‌و یۆنان كە مانگی كانونی دووەمی رابردوو ئیمزا كراوە، بەشێكە لەو پاڵپشتییە سەربازی ‌و سیاسییەی وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا بۆ حكومەتی ئەسینا، كە ئەو كاتە تەنگژەی نێوان ئەنقەرە ‌و ئەسینا ئاڵۆز بووبوو.

بەپێی رێكەوتنەكە، لە بەرامبەر بڕی دوو ملیار ‌و 500 ملیۆن یۆردا، كۆمپانیا فەرەنسییەكە دەبێت تا مانگی ئەیلولی 2023، 18 فڕۆكەی جەنگیی لە جۆری راڤال تەسلیم بە وەزارەتی بەرگریی یۆنان بكات ‌و بەوەش یۆنان دەبێتە یەكەم ئەندامی یەكێتیی ئەوروپا ‌و لەسەر ئاستی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیش لە دوای میسر ‌و ئیمارات، دەبێتە سێیەم وڵات كە ئەو جۆرە فڕۆكەیەی لە فەرەنسا وەرگرتبێت.

پاراستنی یەكپارچەیی خاكی یۆنان
لە رێوڕەسمی وەرگرتنی فڕۆكە جەنگییەكەشدا، وەزیری بەرگریی یۆنان رایگەیاند: ئەركی سەرەكیی فڕۆكەكان، پاراستنی یەكپارچەیی خاكی یۆنانە لەو ناسەقامگیرییەی ئێستا لە ناوچەكە هەیە.

لێدوانەكەی وەزیری بەرگریی یۆنان، دوای چەند رۆژێك لە سەردانی سەرۆكی توركیا دێت بۆ بەشی باكووری دوورگەی قوبرس، كە سەرلەنوێ كردنەوەی شاری فاروشا-ی راگەیاند، ئەو شارەی دانیشتوانەكەی یۆنانی بوون ‌و راگوازراون.

لە قوبرس دوو گەل ‌و دوو وڵات هەیە
لەمیانی سەردانەكەیدا بۆ شاری بەشی باكووری دوورگەی قوبرس، سەرۆكی توركیا رایگەیاند: هەوڵەكانی ئەنقەرە، سەلماندنی ئەو راستییەیە كە لە قوبرس دوو گەل ‌و دوو وڵات هەیە، ئەوەش لەلایەن یۆنانییەكانەوە رەتدەكرێتەوە ‌و بە پێشێلكردنی ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەكەیانی دەزانن. هەروەها یەكێتیی ئەورپا ‌و چەند وڵاتێكی تریش ئەو هەنگاوەی توركیایان بە بەزاندنی هێڵی سوور لە بەرامبەر دوورگەكە وەسفكرد ‌و بە هەنگاوێكیان دانا بۆ روبەڕوبوونەوەی سیاسی ‌و سەربازی لەگەڵ وڵاتێكی سەر بە سیستمی ئەوروپا، ئەویش یۆنانە.

سەرچاوەی جۆراوجۆری چەكی دەستكەوتووە
سەردار بۆزروك توێژەری توركیای تایبەت بە كاروباری سەربازیی، دەربارەی كاریگەریی سیاسی ‌و سەربازی تەسلیمكردنی ئەو جۆرە فڕۆكە نوێیەی فەرەنسا بە یۆنان، بە سایتی سكای نیوزی عەرەبی راگەیاندووە: جگە لە خەسڵەتە هونەرییەكانی فڕۆكەی ناڤال، دەستكەوتنی یۆنان لەو جۆرە فڕۆكانە، ئەوە دەگەیەنێت كە ئەو وڵاتە سەرچاوەی جۆراوجۆری چەكی دەستكەوتووە، وەك ئەمریكی ‌و ئەوروپی ‌و تەنانەت چین-یش، بەڵام ئێستاش ئەو دەرفەتە بۆ توركیا نییە، بە تایبەت بێبەشكردنی ئەنقەرە لە بەرنامەی چەكی ئاسمانیی ئەمریكا، بەدیاریكراویش فڕكەی ئێف 35، هەروەها رەتكردنەوەی ئەوروپا بە پڕچەككردنی توركیا بە سیستمی سەربازیی پێشكەوتووی وڵاتانی ئەوروپا.

روونیشیكردۆتەوە: خاڵێكی دیكەی پێدانی فڕۆكەی جەنگیی ناڤال بە یۆنان ئەوەیە، كە فەرەنسا ‌و هەموو وڵاتانی ئەوروپا، پابەندن بە دۆخی ئاسایشی ئەو وڵاتەوە، چونكە بوو بە بەشێك لە وڵاتانی مشوورخۆری پێگەی پیشەسازیی سەربازیی فەرەنسا، كە لەو رووەوە، لەسەر ئاستی جیهان كێبڕكێ ئەمریكا ‌و روسیا دەكات.

پێشبڕكێی خۆپڕچەككردن
پەیوەندیی نێوان یۆنان ‌و توركیا بە گرژ ‌و ئاڵۆز دەناسرێت ‌و ساڵی 1996، خەریك بوو شەڕ بكەوێتە نێوان هەردوو وڵاتەوە، ئیدی پێشبڕكێی خۆپڕچەككردن لە نێوان ئەنقەرە ‌و ئەسینا بەردەوام بوو، چونكە بۆچوونێكی ستراتیژی لای ئەو دوو وڵاتە دروستبووە بەوەی كە سەركەوتنی سەربازی هەرلایەكیان، دەسەڵاتی سیاسی ‌و سەربازی خۆی بەسەر لایەكەی تردا دەسەپێنێت.

سەرچاوە: ئاژانسەكان

 366 جار بینراوە