سەرەکی » کەلتوور » مەرگ و پایز و غوربەت لەلای دوو شاعیر

مەرگ و پایز و غوربەت لەلای دوو شاعیر

عومەر سەید

دەوترێت رۆح نامرێت. جەستە دەڕزێت و رۆح بۆ ئەبەد نەمرە. محەمەد عومەر عوسمانی شاعیر، زیاتر وەک هێما و سیمبولی پایز ناسراوبوو وەک لە مرۆڤ. فۆڕمی لە دارێکی رووتەڵەی پایز، یان لە تاقە گەڵایەکی زەردهەڵگەڕاوی باریکەڵەی وشک هەڵهاتوو دەچوو. گەڵا مرۆڤێک لەبری رۆح پایزی تێدا نیشتەجێیە، لەودا هەموو پایز وەک جەنەڕاڵێکی بەشکۆ دەژیا. پایز دەمرێت و وەک رۆح نەمر نییە، بەڵام بەردەوام دێتەوە، وەک ئەو ماسییەی جارجارە سەر لە ئاو دێنێتە دەرو دیسانەوە دیارنامێنێ و سەرەتاتکێ دەکات. لە شیعری کوردیدا، محەمەد بە پایز ناسراوە. پایز و غوربەت یانی ئەو، وەک چۆن گەڵا خۆی دەکوژێت و هەڵدەوەرێ، محەمەدیش خۆی کووشت و هەڵوەری. هێشتا پایز نەهاتۆتەوە محەمەد دێتەوە، وەک جەنەڕاڵ، قامەتی بەرز وەک قامەتی سنەوبەر، پایزی سروشت ناتوانێ سنەوبەر لە سەوزی داماڵێ. محەمەدیش لە ناو شیعردا، لە ناو بووندا و لە دەرەوەی هەڵوەرین و مردن هەر سەوزە. شاعیرێک هەمیشە باسی مەرگ دەکات و کەچی خۆی نامرێ. زیاتر ئەو دەیویست بڵێ هەر چوار وەرزی ساڵ پایزە، بەم کۆجیتۆیەش سەلماندی ئەو هەر چوار وەرزی ساڵ نەمرە. ئەوتا لە ناو بەهارێکی بێ باران و وشکدا، لە رێگەی شاعیرێکی ترەوە، هاوڕێیەکی کۆنەساڵی محەمەدەوە، بەر قامەتی پایز دەکەوینەوە. قامەتی پایز، گەلێک لە کێڵی گۆڕەکەی جەنەڕاڵ بەرزترە، تەنانەت لە باڵای بەرزی شەمیش بەرزترە.

بەر لەوەی درەخت، یان گەڵای ئاڵتوونی، غوربەتمان بە یاد بێنێتەوە، بەر لە هاتنی پایز، سەلام مستەفا دێت. بە هەمان ریتم و ئیقاع و دنیا بینی، پایزمان بۆ دەهۆنێتەوە. بەر لە هاتنی پایزێکی بێ جەنەڕاڵ، لە وشەدا شکۆ و هەیبەتی جەنەڕاڵێکمان بۆ دەهێنێتەوە، کە لە بری ئەستێرە، شانەکانی پڕن لە گەڵای زەرد، لە محەمەد، کە وەک نەیزەکێک تیژ تێپەڕی و وەک فۆڕمێک لە ئیستاتیکا، زوو زوو گەڕایەوە.

قامەتی پایز سەلامە، کەچی محەمەد دەڕژێتە خەیاڵتەوە، قامەتی پایز محەمەدە و کەچی سەلام، شاعیرەکەیە، دوو دنیای ئاوێتە، لە قامەتێکدا دوو پایزی ئاوێتە.

ئەگەر پێشتر هاوکێشەکە بەم جۆرە بووبێت.»محەمەد + پایز + غوربەت» ئەوا لە ئێستادا، دەبێتە» سەلام + پایز + مەرگ» هەر دوو شاعیر لە پایزدا پێکدەگەن، پاشان غوربەت پاش خۆکوژی شاعیر، لای سەلام دەبێتە لاوانەوەی مەرگ.

لە جوانییا بووم، نەمزانی رۆژێ
پیریی ئەمخاتە بەردەم خۆکوشتن
نەمزانی گەڵا ئەبێتە زامی
لافاوی خوڕی فرمێسک هەڵڕشتن

دواتر لە مەرگەوە بۆ پووچی ژیان وەردەگەڕێ. سەلام کە بە شاعیری نان ناسراوە، لێرە کەمتر وەک خۆی دەرئەکەوێ. یادەوەری و غەمگینی ئەو بۆ مەرگی هاوڕێکەی، چ وەک فۆرم و چ وەک ئایدیا، تەواو دەبێتە ئەو و سەرلەنوێ لە رێگەی ئەم سەد و بیست چوارینەیەوە جەنەڕاڵمان بۆ دەگێڕێتەوە بۆ ناو دەق و ژیان. وەک مانفێستی شۆڕش، ئەم قامەتی پایزەیی سەلامیش، دەبێتە مانفێستی لە غوربەتای محەمەد عومەر عوسمان. بە هەمان نەفەسی نائومێدی و تەنهایی و پووچی ژیان، کەواتە بوون و نەبوون، ژین و مەرگ، هەر وەک یەکن و پێویست بە شین و خەمباری ناکات. چوونکە جەوهەری ژیان پووچگەراییە.

بۆچی خەمبار بم، کەمان بسووتێ
خۆ ئاوازی دڵ هەر لاکەنارە
پایز گڕ ئەگرێ و گەڵای تەمەنیش
ملی داوەتە بەردەم قەنارە

ئیدی هاوشێوەی لە غوربەتا، قامەتی پایزیش، بریتییە لەو وشە و وێنانەی کە گوزارشتن لە نامۆیی و ئازار و عەزاب، لە گریانی بە کوڵ بۆ ئەو گەڵایانەی دەمرن و ناکەونە ناو جۆگە ئاوێکی تەڕ و ساردەوە. لای سەلامیش، غوربەت چوون بڵێسەی ئاگر، یادەوەرییەکان دەکاتە هەڵم و تا ئاستی باڵای بەرزی جوانی قامەتیان پێدەبەخشێ. بەڵام هێشتا رۆحی ئەو داناساکێ و ئەوجا روو دەکاتە هێمنی شاعیر و لە سەرچاوەی ناڵەی ئەویشەوە، دنیایەک پرسیار و گومانمان لا دەخوڵقێنێ.

پایزا بیرت نەچێ کە تۆراوی
لە وەرزی گەڵاڕێزان لادراوی
ئەی بۆ نەتوت دار و درەخت و دەوەن
سێ وەرزەکەی تریش بکەن بە شیوەن
پایزا پێم مەڵێ من تۆم و یاخود ئەوم
پێکی شەرابم هەیە تیا بسرەوم
تۆ درەختی شانازیت هەیە و گەڵا
منیش دەفتەری رەشی تۆی ئاوەڵا

گەر پێکهاتەی سروشتی پایز، درەختی رووتەڵە و گەڵای هەڵوەریو بێت. ئەوا بۆ سەلام رەهەندی قووڵتر و بوونگەرایی هەیە، پایز ئەو دەفتەرە رەشە واڵایەیە کە وەک کتێبی سیحری رەش، ئەم لێی تێدەگات و پەی بە راز و نیازی، بە نهێنی و دیوە رەشە سامناک و بێ ماناییەکەی دەبات.

دەفتەری پایز لاپەڕەکانی سپی نین، بەڵکو تاریکییەکی چڕ و قووڵە، لە مەرگ و غوربەت و شین و گریان. بۆ ئەوەی بگاتەوە بە هاوڕێ مردووەکەی، بەو تاریکییەدا گوزەر دەکات و وەک ئۆرفێوس، دەیەوێت لە رێگای شیعرەوە بیگێڕێتەوە بۆ ناو رووناکی ژیان.

هەرچی بەشی سێیەمیشە، بریتییە لە یانزە پۆستەرە شیعر کە زیاتر رووی لە کێڵ و گۆڕی هاوڕێ شاعیرەکەیەتی. لە یانزە وێنەی کورت و سادە و جواندا، دەیلاوێنێتەوە، یان گۆڕەکەی دەکاتە هێما و سومبوولی سەرلەنوێ ژیانەوەی سروشت و نوێبوونەوەی عشق و سەرچاوەی شیلەی ئومێد. لەم پۆستەرە شیعرانەدا، سەلام دەگەڕێتەوە بۆ لای خۆی، بۆ شێوازە شیعرییەکەی و دنیابینییەکەی، بە خوێندنەوەیان، لە رێگای هێما و ناوەخن و وێنە شیعرییەکانەوە، راستەوخۆ کۆماری نانت بیردەکەوێتەوە.

ئەوە کەی (کل)ە بۆ چاوتان
تەنیا ژێر پێلوو دەرکەوێ
ئەی بۆ نایەن
(لە غوربەتا) شی کەنەوە
ئەوسا ئەزانن کەوا چۆن
کلی عاشق…
بە رۆحتانا سەردەکەوێ

لە کۆتاییدا، سەلام لە پێشەکی کتێبەکەیدا دەڵێ:»لە کۆتاییدا… هەرگیز کاریگەر نەبووم بە رێچکەی شیعرەکانی ژەنەڕاڵی پایز تا وەک ئەو بنووسمەوە.. نەخێر.. تەنها ئەم کتێبەیە.. ئەویش وەفایەکە، بۆ ئەو مرۆڤ و شاعیرە جوانە…»

لەم زەمەنی بێ وەفایەدا، قامەتی پایز، وەک کتێبی وەفا شایەنی خوێندنەوەیە.

سەلام مستەفا

حەمە عومەر

 314 جار بینراوە