سەرەکی » وتار » ئیدریس جەبار » ئەمریكاییەكان لە عیراقپەڕە 2

ئەمریكاییەكان لە عیراق

گەڕی چوارەمی دیالۆگی ستراتیژی لەنێوان بەغدا و واشنتۆن بەڕێوەچوو، وەك گەڕەكانی تر ئەمریكاییەكان نكوڵی لە پاشەكشەكردن ناكەن و دەڵێن هێزە شەڕكەرەكانیان دەبەنەوە، بەڵام بەردەوام دەبن لە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە عیراقییەكان بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر.

پاشەكشەكردنی ئەمریكاییەكان لە عیراق وەك ئەوەی هەندێك دەیخوازن، رەنگە نەیەتەدی و پێناچێت لە مەودایەكی نزیكدا ئەو پاشەكشەكردنە بێتەدی، خۆ گەر پاشەكشەكردنەكەش رووبدات، لەژێر گوشاری ئەو هێرش و پەلامارە بچوكانەدا نابێت كە بەرەی بەناو «مقاوەمە» باسی دەكات.

عیراقییەكان لە ئێستادا پێویستیان بە هاوكاریی و دەستگرۆیی هێزە بیانییەكانە بۆ بەرگرتن لە دووبارەبەبوونەوەی رووداوەكانی حوزەیرانی 2014، لانی كەم رێگەنەدان بە جوڵەپێكردنی توندڕەوەكان لەپێناو مەرامی سیاسی و بەكارهێنانیان لەلایەن هەندێك لایەنەوە.

ویلایەتە یەكگرتووەكان، كاتێك لە ساڵی 2003دا هاتە عیراق، بۆ ئەوە نەبوو لە پاش 18 ساڵ پاشەكشە بكات و تێكڕای قوربانی و تێچووی جەنگەكە لە چاو تروكاندنێكدا لەبیربكات و بنەوبارگەی خۆی لە وڵاتەكە بپێچێتەوە و گۆڕەپانەكە بۆ ئەوانی دی چۆڵ بكات، ئەمەی دەكرێت بە بۆچوونی زۆرێك تەكتیكە و سیاسەتێكی مەرحەلییە بۆ خۆگورجكردنەوە.

بەرزترین ئامانج بەلای ئەمریكاییەكانەوە، هێنانەدی بەرژەوەندی و پاراستنی ئەو بەرژەوەندیانەیە كە خزمەت بە مانەوەی هەژموونی وڵاتەكە دەكەن لە جیهاندا، هەرچی هەندێكیش ناوی لێدەنێن»شكۆ، پیرۆزیی، ئاكار، نەریتی باڵا»، لەبیركردنەوەی سیاسیدا جێگەیان نابێتەوە و دەكرێت بۆ مامەڵەی رۆژانە لە ژیانی كۆمەڵایەتیدا بەكاربهێنرێن.

ئەمریكاییەكان گەر پاشەكشە بكەن لە عیراق، هیچ پەیوەندییەكی بەو گوشارە سەربازیانەوە نییە كە لەڕێی تەقاندنەوەی بۆمبێكی چێنراو بە كاروانە لۆجستییەكان لە باشوور و هەڵدانی چەند مووشەكێك بەرەو بنكەكانی عەین ئەسەد و بەلەد و هەریر، دەكرێتەسەرییان.

لێكدانەوەی هاوكێشەكە بەمشێوەیە، هەڵەیەكی كوشندەیە و رەنگە غرورێكی سیاسی ناقۆڵای لێبكەوێتەوە، رەنگە تەنیا بۆ جۆشدانی هەرزەكارە سیاسییەكان و نێوەخنی ئەو وتارانە دەستبدات كە بەر لە هەڵبژاردن لەنێو ئاپۆرای خەڵكدا لەلایەن سەركردە سیاسییەكانەوە پێشكەش دەكرێن.

هێزەكانی ئەمریكا بۆ پراكتیزەكردنی سیاسەتێكی دوورمەودا لە عیراقدان و تا كاتی بەجێگەیاندنی ئامانجەكانیان دەمێننەوە، مانەوەشیان تەنیا لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییەكانە و ئەوی لەو چوارچێوەیەش دەربچێت، سەبارەت بەوان هیچ واتایەكی نابێت و پاشەكشەكردنیان دەبێتە ئەو واقیعەی كە زۆرێك بە ناچاوەڕوانكراو لێكدانەوەی بۆ دەكەن.

 260 جار بینراوە