سەرەکی » مانشێت » بڕیارەكانی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا

بڕیارەكانی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا

ئەمڕۆ سێشەممە 27/7/2021، لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا لە هەرێم، لەسەر دۆخی تەندروستی و چۆنێتیی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كۆبۆوە و ئەم بڕیارانەی خوارەوەی دەركرد.

1- پێویستە شوێنە ئایینی و بازاڕ و مۆڵ و دوكاندار و شوێنە گەشتیارییەكان و چێشتخانە و كافتیریا و هۆتێل و مۆتێلەكان، كارمەندانەكانیان بە ڤاكسینی كۆرۆنا بكوترێن، یان تێستی 72 سەعاتییان پێ بێت. لیژنەكان بە دواداچوونی بۆ دەكەن و هەر شوێنێك سەرپێچی بكات، سزا دەدرێت و شوێنەكەی دادەخرێت.

2- پێویستە هەموو فەرمانبەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە ڤاكسین بكوترێن ‌و بە ماسكەوە دەوام بكەن، هەر فەرانبەرێك رێكارەكان جێبەجێ نەكات، ئەوا بەپێی یاسای بەرزەفتی فەرمانبەران مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت. لیژنەی هاوبەشی وەزارەتی تەندروستی و ناوخۆ و فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونیش، هەڵسەنگاندنی بۆ جێبەجێكردنی رێكارەكان لە گشت دامودەزگاكانی حكومەت دەكات

3- رێگە نادرێت بە هیچ كەشتیارێك بێتە ناو هەرێمی كوردستان ئەگەر بە ڤاكسین نەكوترا بێت، یان تێستی 48 سەعاتی پێ نەبێت.

4- هەر كۆمپانیایەكی گەشتیاری دەركەوت تێستی ساختەی پێیە، ئەوا ئەو كۆمپانیایە لە گەشتكردن بۆ هەرێمی كوردستان قەدەغە دەكرێت.

5- سەپاندنی بەستنی ماسك لە دامودەزگاكانی حكومەت و شوێنە گشتی و گەشتیارییەكان، تەنانەت بۆ ئەوانەش كە بە ڤاكسین كوتراون.

6- قەدەغەكردنی بە تەواوەتی هەموو كۆڕ و كۆبوونەوە و كۆنفرانسەكان و چوونە سەرقەبران

7- مەلەوانگە و شوێنە وەرزشییەكان كراوەبن، بە مەرجی جێبەجێكردنی رێكارە تەندروستییەكان.

8- هۆڵی سینەماكان لە گشت مۆڵ و بازاڕەكان بە داخراوی دەمێننەوە.

9- داخستنی تەواوی هۆڵی بۆنە و ئاهەنگ و مەراسیم و هۆڵەكانی ناو هۆتێلەكان.

10- دانانی پرسە بە هەموو شێوەیەك قەدەغەیە و هەر كەسێك پابەند نەبێت، بە بڕێك پارە سزا دەدرێت و لیژنەكانی قائیمقامیەتیش بە دواداچوون بۆ جێبەجێكردنی دەكەن.

11- شوێنە ئایینییەكان بە جێبەجێكردنی رێكارە تەندروستییەكان كراوە دەبن و هەر شوێنێك پابەند نەبێت، ئەوا سزا دەدرێت و دادەخرێت.

12- ژووری ئۆپەراسیۆن لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان دەبێت ئەم رێكارانە وەك خۆیان جێبەجێ بكەن و دەسەڵاتیشیان پێ دەدرێت، ئەگەر پێویست بێت رێكارەكان توندتر بكرێت.

13- لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا، داوا لە میدیاكان دەكات هاوكار بن لە هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتیاندا.

14- ئەم رێكارانە بۆ ماوەی هەفتەیەك دەبێت و لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا لە رۆژی 3/8/2021، جارێكی دیكە كۆدەبێتەوە و هەڵسەنگاندن بۆ پرسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان دەكات.

 336 جار بینراوە