سەرەکی » راپۆرت » تا ئێستا 104 رووفاتی ئێزدی له‌ زێدی خۆیان به‌خاك سپێردراون

20 گۆڕی بەکۆمەڵ هەڵدراونەتەوە و 65 گۆڕی دیکەش چاوەڕوانی هەڵدانەوەن

تا ئێستا 104 رووفاتی ئێزدی له‌ زێدی خۆیان به‌خاك سپێردراون

راپۆرت: ئه‌یاز محه‌مه‌د

له‌ 3 ئابی 2014 بە هێرشێكی له‌ ناكاوی تیرۆرستانی داعش بۆ سه‌ر قه‌زای شه‌نگال و ده‌وورووبه‌ری هه‌زاران كه‌سی ئێزدی له ‌لایه‌ن ئه‌و تیرۆرستانه‌وه‌ شه‌هیدكران و له‌ ژماره‌یه‌ك گۆڕی به‌ كۆمه‌ڵدا هەندێك به‌ زیندوویی، هەندێكیش به‌ كۆژراوی به‌شێوه‌یه‌كی وه‌حشیگه‌رانه‌ زینده‌به‌چاڵ كران.

پاش نزیكه‌ی 5 ساڵ، به‌دیاریكراوی له‌ 15 ئاداری 2019 ده‌ستکرا به‌ هه‌ڵدانه‌وه‌ی یه‌كه‌م گۆڕی به‌كۆمه‌ڵی ئه‌و قوربانیانه‌، ئه‌وه‌ش به‌پاڵپشتی حكومه‌تی عیراق و رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ له‌ جیهان، تایبه‌ت به‌ ناساندنی تاوانه‌كانی تیرۆرستانی داعش دژ به‌ هاووڵاتیان و كه‌مینه‌كانی دیکەی ئایینی له‌ ژێر قه‌ڵە‌مڕه‌وی ده‌سه‌ڵاتیان له‌ عیراق و سوریا.

20 گۆڕی بەکۆمەڵ هەڵدراونەتەوە
خه‌یری عه‌لی به‌رپرسی رێكخراوی ئێزدی بۆ دۆكومێنتكردنی شه‌نگال بۆ ‌ كوردستانی نوێ وتی: تا ئێستا نزیكه‌ی 20 گۆڕی به‌ كۆمه‌ڵ له‌ سه‌رتاسه‌ری ده‌ڤه‌ری شه‌نگال هه‌ڵدراونه‌ته‌وه‌، له‌و ژماره‌یه‌ش ته‌نیا رووفاتی 103 كه‌س له‌ گوندی (كۆچۆ) به‌خاكسپێردراون و كه‌سێكی تریش به‌ تاك له‌ مه‌زارگه‌ی شه‌رەفه‌دین به‌خاكسپێردراوە‌، ئه‌وانه‌ی تریش له‌ قۆناغی پشكنیندان كه‌ زیاتر له‌ 340 رووفات ده‌بێت كه‌ بڕیاره‌ له‌ ماوه‌یه‌كی نزیكدا ئه‌وانیش له ‌به‌غداوه‌ بگەڕێننەوە و له‌خاكی خۆیان ‌به‌خاك بسپێردرێن.

65 گۆڕی بەکۆمەڵ وەکو خۆی ماوەتەوە
ناوبراو ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان سه‌رپه‌رشتی کارەکە ده‌كه‌ن له ‌ژێرچاودێری حكومه‌تی عیراق، بۆ هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌ به‌كومه‌ڵە‌كانی تریش هاوکار دەبن كه‌ ژماره‌یان 65 گۆڕی به‌كۆمه‌ڵن‌ کە تا ئێستا ماونه‌ته‌وه ‌و هه‌ڵنه‌دراونه‌ته‌وه‌.

مۆنۆمێنتێک بۆ شەهیدان دروستدەکرێت
خه‌یری عه‌لی وتیشی، لە سەرەتای فه‌رمانی تیرۆرستانی داعش بۆ هێرشکردنە سه‌ر ده‌ڤه‌ری شه‌نگال و ئێزدیخان، 1293 كه‌س له‌ ئێزدیه‌كان شه‌هیدكران، ئێستا له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌ هه‌وڵی ئەوەداین مۆنۆمێنتێك له‌ قه‌زای شه‌نگال و گۆڕستانێكی گشتیی یه‌كگرتوو بۆ ئەو شه‌هیدانەی ده‌ستی داعش دروست بکرێت، بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ هێمای كۆمه‌ڵكوژی ئێزدیه‌كان له ‌شه‌نگال، هەروەها بۆ زیاتر ناساندنی ئەو ئێش و ئازارانەی ئێزدییه‌كان پیایدا تێپەڕبوون تا له‌جیهاندا گرنگی به‌ كه‌یسی ئێزدیه‌كان بدرێت.

چاره‌نووسی نزیكه‌ی 2800 ئێزدی دیار نییه‌
به‌ وته‌ی خه‌یری عه‌لی، له‌ ده‌ستپێكی هێرشه‌كه‌دا 6417 كه‌س به‌ ژن و منداڵ و پیاو كه‌وتنه‌ ده‌ستی داعش، منداڵ و كچان و ژنانی ئێزدی جیاكرانه‌وه و بران‌ بۆ ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیان، بەسەر ‌عیراق و سوریا دابەشکران و ژماره‌یه‌كیش لەو کچ و ژنە ئێزدییانە به‌ وڵاتانی تر فرۆشران، خۆشبه‌ختانه‌ تا ئێستا له‌و ژماره‌یه‌ 1205 له‌ كچ و ژنان، و339 له ‌پیاوان، 1045 له‌ منداڵی كچ و 957 له ‌منداڵی كوڕ رزگارکراون و گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ ناو كه‌سوكاری خۆیان، بەڵام تائێستا چاره‌نووسی نزیكه‌ی 2800 كه‌س دیار نییه‌.

به‌درێژایی مێژوو، ئێزدییه‌كانی چیای شه‌نگال رووبه‌رووی چه‌ندین فه‌رمانی لەناوبردن و كومه‌ڵكوژی گه‌وره‌ بوونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام به‌ ئیراده ‌و خۆڕاگریه‌وه‌، مێژوو، ئایین و كه‌لتور و ناسنامه‌ و زمانی خۆیان پاراستووه‌.

فەرمانی 74ی داعش
به‌ وته‌ی ئێزدیه‌كان، كاره‌ساتی تیرۆرکردنەکەی 2014، فه‌رمانی 74 بووه‌ بۆ سه‌ر ئێزدیخان کە جگه ‌له‌ زیانی گیانی، له‌و ساڵەدا به‌ هەزاران كه‌لوپه‌لی گران به‌های خه‌ڵكی شه‌نگال كه‌وتنه‌ ده‌ستی تیرۆرستانی داعش و ماڵ و سامانی ناوچه‌كانیان به‌تاڵان براون و هه‌زاران خانوو خاپور و وێران كراون.

 201 جار بینراوە