فلاش فیکشن یان ساتە چیرۆک

بەرتیل

(28)

ساڵێك بەر لە ئێستا ژنەكەت تەڵاق دەدەیت، دوو مناڵەكە بەجێدێڵێ و كەر كوڵ و بار سووك بۆی دەردەچێت. وەك ئەوەی گاڵتەی مناڵان بێت خانە جیا ناكەیتەوە و هەر بە مارەیی مەلا واز دەهێنیت. وا خەریكە مناڵەكان باجی ئەو گەمژەییەت دەدەن! دیتە دوانەن هەردووكیان پێكەوە كاتی چوونە قوتابخانەیانە. دنیا دەكەیت بە تكاكار بۆ ئەوەی خانم ناسنامەكەیت بۆ بنێرێت تا ببنە خاوەنی ناسنامە، سوودی سەرەسۆدەیەكی نییە…

ئاخری پارە دەلاقەیەكت بۆ دەدۆزێتەوە…

هەنووكە وەك پیاوێكی دەوڵەمەندی پۆشتە و پەرداخ لە بەردەمی دادوەردا وەستاویت بۆ ئەوەی بڕیارێكت بداتێ لە فەرمانگەی ناسنامە تۆماری ژنەكەت بدەنێ و ئیشەكەت مەیسەر بێت، ئاخری پارچە كاغەزێك دەداتە دەست فەڕاشە پیرەكە بۆ ئەوەی بچێت لە ژێرزەمینەكە دۆسێی جیابوونەكەتان بهێنێت و …

هەرچەند سەیری فەڕاشە شڕۆڵەكە دەكەیت، هەستناكەیت تینی ئەوەی تیابێت سێ نهۆم بچێتە خوارەوە و دۆسێكە بهێنێت، بۆیە وەكو یاساوڵ دوای دەكەویت و بەپێی ئەو خش خش دەڕۆیت. پێنج جار دەچێتە ژێرزەمینەكە و دێتەوە سەرەوە، تۆش وەك سێبەرەكەی دێیت و دەچیت، دادوەر هەر جارەی پارچە كاغەزێكی دەداتێ و شتێكی لێ داوا دەكات. تۆ ئەژنۆت ژان دەكات، كەچی ئەو پیرەمێردە سیرمە و سەرسەختە باكی نییە، بەبێ ئەوەی یەك تۆز رووی گرژ بكات، بەكاوەخۆ دەڕوات و دێتەوە، تۆ لای خۆتەوە بڕیار دەدەیت، حەقی ماندووبوونەكەی یارمەتییەكی باشی بدەیت. بیر دەكەیتەوە بڵێی گەڵایەك باشبێ و كەم نەبێت؟ ئاخری دادوەر فەرمانەكەت دەداتێ و دەگەشێیتەوە، بە فەڕاشەكەش دەڵێت، دۆسێكان بباتەوە بۆ ژێرزەمینەكە. تۆ ئەمە وەكو هەلێكی زێڕین لێك دەدەیتەوە بۆ ئەوەی بە دزییەوە سەد دۆلارێك بخەیتە قولی مشتییەوە. لەسەر پلیكانەكان رایدەگریت.

بەقوربانی ئەو ریشە سپییەت بم، من تۆم زۆر ماندووكرد، وەكو كوڕی خۆت ئەم دیارییە بچووكەم لێوەربگرە!

بەقوربان و بەساقەم مەبە، ئەوە ئەركی سەرشانمە و منەتی تیا نییە، هەتا ئێستا بە سەربەرزی هێناومە، بەم ئاخری عومرەوە فێری بەرتیلم مەكە.

محەمەد کەریم

 219 جار بینراوە