سەرەکی » راپۆرت » به‌هۆی قه‌رزه‌وه‌ كاره‌بای هیچ هاوبه‌شێك نابڕدرێتپەڕە 3

به‌هۆی قه‌رزه‌وه‌ كاره‌بای هیچ هاوبه‌شێك نابڕدرێت

راپۆرتی / رێزه‌ حسێن

له‌ ناوه‌ڕاستی مانگی ته‌موزدا، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ رێگه‌ی كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنه‌وه‌، به‌ ئاگاداركردنه‌وه‌یه‌ك هه‌ڕه‌شه‌ی بڕینی كاره‌بای نیشتمانی له‌ هاوبه‌شه‌كانی بڵاوكرده‌وه‌ به‌وه‌ی كه‌ قه‌رزی كرێی كاره‌بای نیشتمانیان له‌سه‌ر كه‌ڵه‌كه‌ بووه‌، هه‌روه‌ك له‌به‌رامبه‌ردا هاووڵاتیان نیگه‌رانن له‌و جۆره‌ ئاگاداركردنه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی كاره‌بای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، چونكه‌ پێیان وایه‌ حكومه‌ت زانیاری له‌سه‌ر خراپی باری دارایی خه‌ڵك هه‌یه‌ و ئاماژه‌یان وابوو كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم، سه‌دان هێنده‌ی قه‌رزی كرێی كاره‌بای هاوبه‌شه‌كانی، پاره‌ی مووچه‌ خۆران، به‌ ناوی پاشكه‌وته‌وه‌ قه‌رزاره‌، كه‌ی حكومه‌ت ئه‌و قه‌رزه‌ی گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ فه‌رمانبه‌ران، ئه‌وكات ئه‌وانیش پاره‌ كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانی ئاو و كاره‌با ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌.

هاووڵاتیان نیگەرانن
حه‌سیبه‌ خدر ده‌ڵێت» توشی شۆك بووم كه‌ ئاگادارییه‌كی هاوشێوه‌م بیست، چونكه‌ حكومه‌ت نزیكی 8 ساڵه‌ به‌ ناوی خراپی باری دارایی حكومه‌ته‌وه‌، ده‌یان مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی پاشكه‌وت كردووه‌«، وتیشی: حكومه‌ت كه‌ی باری دارایی خه‌ڵكی باشكرد و مووچه‌ و مافی دارایی خه‌ڵكی گه‌ڕانده‌وه‌، ئه‌وكات به‌ مافی خۆی بزانێت هه‌ڕه‌شه‌ی بڕینی كاره‌با بكات له‌ هاوبه‌شه‌ قه‌رزاره‌كانی.

به‌پێی زانیاری كوردستانی نوێی، له‌به‌رامبه‌ر دواكه‌وتن و لێبرینی مووچه‌، زۆرینه‌ی ئه‌وانه‌ی كه‌ فه‌رمانبه‌رن له‌ داموده‌زگاكانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و بژێوی ژیانیان له‌سه‌ر مووچه‌یه‌، كرێی ئاو ، كاره‌با ناده‌ن به‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، هه‌روه‌ك سه‌رجه‌م مووچه‌خۆران ئاماژه‌یان به‌وه‌ ده‌كرد كه‌ حكومه‌ت ساڵانێكه‌ به‌ نایاسایی بڕێكی زۆر له‌ مووچه‌كه‌ی پاشكه‌وت كردوون، هه‌روه‌ك ده‌رماڵه‌ و به‌رزه‌ مووچه‌ و به‌رزكردنه‌وه‌ی پله‌ی فه‌رمانبه‌رانی راگرتووه‌، به‌مه‌ش باری دارایی هاووڵاتیانی كوردستان به‌ گشتی و به‌ تایبه‌ت فه‌رمانبه‌رانی كردووه‌ته‌ دۆخێكی خراپه‌وه‌، هه‌ربۆیه‌ فه‌رمانبه‌ران له‌م راپۆرته‌ی كوردستانی نوێدا، وه‌ڵامی وه‌زاره‌تی كاره‌بای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ده‌نه‌وه‌، به‌وه‌ی هه‌ركات حكومه‌ت پاشكه‌وتی مووچه‌ و مافه‌ یاساییه‌كانی فه‌رمانبه‌رانی گه‌ڕانده‌وه‌، ئه‌وكات ئه‌وانیش قه‌رزه‌كانی ئاو و كاره‌با ده‌ده‌نه‌وه‌ به‌ حكومه‌ت.

كارئاسانی بۆ هاوبه‌شه‌كان ده‌كرێت
دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ئاگاداركردنه‌وه‌ی هاوبه‌شه‌كان به‌ بڕینی كاره‌بای نیشتمانی به‌ هۆی نه‌دانی كرێی كاره‌با، هه‌روه‌ك وروژاندن و جوڵاندنی شه‌قامی سۆشیال میدیا و به‌رزبوونه‌وه‌ی ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵك له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایەتیه‌كاندا، وه‌زاره‌تی كاره‌بای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، روونكردنه‌وه‌یه‌كی له‌و باره‌یه‌وه‌ بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ تێدا هاوبه‌شه‌كانی كاره‌با ئاگادار ده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌پێی رێنماییه‌كانی وه‌زاره‌ت، پێویسته‌ كاره‌بای ئه‌و هاوبه‌شانه‌ ببڕدرێت كه‌ دووجار به‌سه‌ر یه‌كه‌وه‌ پاره‌ی پسووڵه‌ی كاره‌بایان نه‌داوه‌، هاوكات هه‌ر له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌ له‌به‌ر ره‌چاوكردنی بارودۆخی دارایی خه‌ڵكی تا ئێستا كاره‌بای هیچ هاوبه‌شێك به‌ هۆی نه‌دانی كرێی كاره‌باوه‌ نه‌بڕدراوه‌، هاوكات له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ پێویسته‌ هاوبه‌شه‌كانی كاره‌بای نیشتمانی بۆ دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كانیان پابه‌ندی رێنماییه‌كانی وه‌زاره‌تی كاره‌بای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بن، بۆیه‌ ئاگاداری سه‌رجه‌م هاوبه‌شه‌كانی كاره‌با ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ قه‌رزه‌كانیان بده‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش فه‌رمانگه‌كانی كاره‌با كارئاسانی بۆ هاوبه‌شه‌كان ده‌كه‌ن، به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ بارگرانی داراییان له‌سه‌ر دروست نه‌بێت.

كاره‌بای هیچ هاوبه‌شێك نابڕ درێت
سیروان محمه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كاره‌بای سلێمانی له‌وباره‌یه‌وه‌ زانیاری زیاتر بۆ كوردستانی نوێی ده‌خاته‌ روو، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ به‌ شێوه‌ی ره‌سمی تا ئێستا له‌ سه‌رو خۆمانه‌وه‌ هیچ بڕیارێك له‌ چوارچێوه‌ی بڕینی كاره‌بای هاوبه‌شه‌ قه‌رزاره‌كانمان بۆ نه‌هاتووه‌، وتیشی: ئه‌و هاوبه‌شانه‌ی كه‌ له‌ ناوچه‌ی پیشه‌سازی و بازرگانییه‌كاندا به‌شدارن، ئه‌وانه‌ش بۆ نه‌دانی كرێی كاره‌با، ته‌نها له‌ رێگه‌ی ئاگاداكردنه‌وه‌ هۆشدارییان پێدراوه‌ به‌ پێدان و گه‌ڕانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كانیان، وتیشی: خه‌ڵكی له‌وه‌ دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كاره‌بای سلێمانی له‌ به‌رامبه‌ر پاره‌ نه‌دانی كڕێی كاره‌با و كه‌ڵه‌كه‌ بوونی قه‌رزێكی زۆر، كاره‌بای هیچ هاوبه‌شێك نابڕین، سه‌رجه‌م ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ش ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ئاماژه‌ن به‌وه‌ی تیمه‌كانی كاره‌با، هه‌ڵمه‌تی بڕینی كاره‌بای هاوبه‌شه‌كانیان ده‌ست پێكردووه‌، به‌ هۆی نه‌دانی قه‌رزی كڕێی كاره‌باوه‌.

 235 جار بینراوە