سەرەکی » ئاراستە » بەرژەوەندی گشتی چییە؟

بەرژەوەندی گشتی چییە؟

رۆبێرت لانگلی/ ساوتکو

لە فارسییەوە: گەیلان دلشاد

پێشەکی:
بەرژەوەندی گشتی ئاماژەیە کە بۆ هەموو گروپەکانی کۆمەڵگە باشە. ماف و ئازادی، دادگای یاسایی، پۆلیس و ئاگرکوژێنەوە، رێگەوبان، خوێندنگەی حکومی، ئاو و کارەبا و خۆراکی تەندروست و سەرچاوەی سروشتی هەموویان نموونەی بەرژەوەندی گشتین.

لە زانستی سیاسیدا، بەرژەوەندی گشتی یان دەستەواژەی «خێری گشتی» هاوشێوەی شتێکە کە خێر و بەرژەوەندی بۆ هەموو هاووڵاتیان هەبێت و ئەوان بەشێوەیەکی سروشتی تیایدا پشکیان هەبێت، لە بەرامبەر ئەوەدا بەرژەوەندی یان خێری تایبەتی هەیە کە تەنیا کەسانێک یان بەشێک لە کۆمەڵگە بەهۆیەوە سودی لێدەبینن. هەندێکجار بەدەستهێنانی بەرژەوەندی گشتی، پێویستی بە هەنگاوی بە کۆمەڵ و پەنابردنی سیاسی هەیە.

بەرژەوەندی گشتی
مەبەست لە بەرژەوەندی گشتی- دەستە و دامەزراوەیەکە کە بۆ ژیانی هەموو هاووڵاتیان یان زۆرینەی کۆمەڵگە پێویست بێت.

لە کۆمەڵگە دیموکراسییە مۆدێرنەکاندا نموونەی خێری گشتی بریتین لە: ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکان، سیستمی گواستنەوە و گەیاندن. دامەزراوەی کەلتوری، پۆلیس و ئاسایشی گشتی، سیستمی دادوەری، هەڵبژاردن، پەروەردەی گشتی، هەوای پاک و ئاوی خاوێن، خۆراکی تەندروست و پێویست و بەرگری نیشتمانی.

بۆ نموونە رەنگە لەو کۆمەڵگە دیموکراسیە مۆدێرنانە، لەوانەیە گوێت لە هاووڵاتیان بێت کە «دروستکردنی ئەو ئاپارتمانە، لەبەرژەوەندی هەموومانە» یان «دروستکردنی ئەو پردە، بۆ بەرژەوەندی هەمووانە».

بوون و نەبوونی ئەو جۆرە سیستەم و دامەزراوە گشتیانە، کاریگەری لەسەر تەواوی هاووڵاتیانی کۆمەڵگە دەبێت، زۆرترین پرسە کۆمەڵاتییەکان پەویوەندی بە چۆنییەتی کاری ئەو سیستەم و دامەزراوانە دەکات.

لە تێڕوانینی ئابووری یان (فەلسەفی)، دابینکردنی ئەو خۆشگوزەرانییە هەمەکییە، پێویستی بە هەندێک تێچوو لە لایەن بەشێکی زۆری هاووڵاتیانەوە هەیە، واتە هاووڵاتیان باج دەدەن بۆ ئەو کارە یان بەشێک لە تێچووی دروستکردنی دامەزراوەی پیشەسازی لە گیرفانی خۆیان دەیدەن.

مێژووی چەمکی بەرژەوەندی گشتی
ئەگەرچی دەستەواژەی بەرژەوەندی گشتی لە کۆمەڵگە مۆدێرنەکاندا گرنگی پەیداکردووە، بەڵام بۆ یەکەمجار زیاتر لە دوو هەزار ساڵ لەمەوبەر، لە نووسینی فەیلەسوفانی وەک ئەفڵاتوون، ئەریستۆ و تاڵیست و سیسەر ئاماژەی پێکراوە.

دوو سەدە دوای زایین، ئایینی کاسۆلیک خێری گشتی بەو جۆرە پێناسە دەکات:»کۆمەڵێک مەرجی ژیانی کۆمەڵاتی کە رێ بەهەموو دەستەکانی کۆمەڵگە دەدات بە شێوەیەکی پێویست و خێرا خواستی خۆیان دابین بکەن».

رۆسۆ لە»گرێبەستی کۆمەڵایەتیدا»
ژان ژاک رۆسۆ بیرمەندی فەرەنسی، لە کتێبی «گرێبەستی کۆمەڵایەتیدا» لە ساڵی (1762) دەڵێت: لە کۆمەڵگە سەرکەوتووەکاندا، «خواستی گشتی» هاووڵاتی هەمیشە بە ئاڕاستەی دەستەبەری» خۆشگوزەرانی گشتی تەوافوقی» دەچێتە پێشەوە. رۆسۆ پێی وایە جیاوازی لە نێوان»خواستی هەموو شت» و «خواستی گشتی»دا هەیە: مەبەست لە «خواستی هەموو شت» واتە تەواوی ئارەزووی هەر تاکە کەسێک لە کۆمەڵگەدا، «خواستی گشتیش» واتە «ئارەزووی تەواوی هاوبەش و خۆشگوزەرانی هەمەکی».

رۆسۆ لەو باوەڕەدایە کە دەسەڵاتی سیاسی، لە چوارچێوەی یاسا، تەنیا کاتێک مەشروعیەتی هەیە و شیاوی جێبەجێکردنە کە لە ئاست خواستی گشتی هاووڵاتیان بێت و بەئاڕاستەی بەرژەوەندی گشتی ئەوان بەرەو پێش بچێت.

ئادەم سمیس لە «سامانی نەتەوەکان»
ئادەم سمیس(Adam Smith) بیرمەند و ئابووریناسی سکۆتلەندی، لە کتێبی «سامانی نەتەوەکان»ـدا لە ساڵی (1776) دەڵێت: حکومەتە دامەزراوەکانی لەسەر «ئازادی سروشتی» ئابووری کە لەسەر بنەمای بازاڕی ئازاد-ی وەک «دەستی شاراوە» لە خزمەتی بەرژەوەندی کەسی هاووڵاتیدایە و دەرئەنجام، «ئارەزووی تاک هەم لە خزمەت بەرژەوەندی گشتیدا دەبێت».

سمیس دەڵێت: سامانی گشتی بگاتە دەستی خوارووترین چینی کۆمەڵگە، دواجار لە بەرژەوەندی هەموواندا دەبێت.

جۆن راولز» John Rawls» بیرمەندی ئەمریکی وەک ئەریستۆ لەو باوەڕەدا بوو کە بەرژەوەندی گشتی ناوەندی هەر سیستەمێکی ئەخلاقی، ئابووری و سیاسییە، ئەو لە کتێبی «تیۆری دادپەروەری» لە ساڵی (1971)دا چاپ بووە، دەڵێت: بەرژەوەندی گشتی لە راستیدا واتە «هەلومەرجی گشتی کە تەواوی کەسەکان تیایدا سودمەند بن». لەو چوارچێوەیەدا راولز بەرژەوەندی گشتی بە تێکەڵەیەک لە مەرجی کۆمەڵایەتی یەکسان، وەک ئازادییە بنەڕەتییەکان، دەرفەتی ئابووری وەک یەکی بۆ هەموو هاووڵاتیان دەزانێت.

راولز وەک ئادەم سمیس لەو باوەڕەدایە کە بۆ بە واقیعکردنی بەرژەوەندی گشتی، کۆمەڵگە بەرپرسیارێتی هەیە تا ژیانی زۆرینەی هەژاری کۆمەڵگە دابین بکات، لە راستیدا لە سەر بنەمای ئەسڵی دووەمی ئەو واتە ئەسڵی بەرامبەری، بۆ پاراستنی بەرژەوەندی گشتی تەواوی نابەرامبەرییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان دەبێت بە شێوەیەک دەستەبەندی بکرێن کە بێ بەشترین چینی کۆمەڵگە زۆرترین سودی لێ ببینن.

نموونەی کرداری مۆدێرن
دەستەبەری بەرژەوەندی گشتی هەمیشە پێویستی بە هەندێک تێچووی کەسی هەیە، ئەمڕۆ ئەو تێچووە لە چواچێوەی جیاوازدا دەردەکەوێت. بۆ نموونە پێدانی باج یان بەلاوە خستنی پێدانی میراتی و باوەڕی کۆن. ئەگەرچی ئەو پڕۆسەیە هەندێکجار خوازیارانە دەبێت، بەڵام هەمیشە دێتە ناو یاسا و سیاسەتی گشتی.

نموونە مۆدێرنەکانی بەرژەوەندی گشتی بریتین لە ژێرخانە گشتییەکان، ماف و ئازادی بنەڕەتی، ژینگەی تەندروست، مافی مەدەنی، پۆلیس و ئاگرکوژێنەوە، بەرگری نیشتمانیی و سەرچاوەی سروشتی، هەموویان بەشێکن لە بەرژەوەندی گشتی.

ژێرخانە گشتییەکان
بەرەوپێشبردنی ژێرخانە گشتییەکان- وەک رێگەوبان و شەقامی باشتر، گواستنەوە و گەیاندنی گشتی دڵنیاتر، گەیاندنی ئاو و سیستەمی ئاو و ئاوەڕۆ، تۆڕی کارەبای نوێ، بەنداو و کۆگای ئاوی، شوێنی کەلتوری- هەموویان پێویستیان بە تێچوو هەیە، لە هەمان کاتدا یاساکانی وەک یاسای «بەدەستهێنانی بە ناچاری» رێ بە حکومەتەکان دەدات کە بۆ دروستکردنی ژێرخانەکان، زەوی کەسی بە نرخێکی دادوەرانە بکڕێت: واتە حکومەت بۆ دروستکردنی ژێرخانی ئەوەی کە دەیەوێت بۆ بەرژەوەندی گشتی وەک (خوێندنگە، پارک، گواستنەوە و گەیاندن و خزمەتگوزاری گشتی) دەتوانێت بە پێدانی بەهای بەرامبەری، زەوی تایبەت بکاتە موڵکی خۆی «واتە زەوی تاکە کەس بە نرخێکی دادوەرانە بکڕێتەوە».

دەکرێت بە پێدانی نرخێکی شیاو، زەوی تایبەت بکەیتە ناوی خۆتەوە. لە ساڵی 2005 دا دیوانی باڵای ئەمریکا لە دۆسێی پەیوەست بە شاری نیولاندن لە (کنتیکت) لەسەر بنەمای هەمان یاسا رێگەی بە حکومەتدا بۆ زیندوکردنەوەی سنوری دابڕاو، زەویی و موڵکی تایبەت بە زۆر بکڕێت، دیوانی باڵای ئەمریکا لەو بڕیارەدا، مانای بەرژەوەندی گشتی پەیوەستکرد و بە (خەرجی گشتی) دەزانێ.

مافی مەدەنی و بەرامبەری نەژادی
پرۆسەی بەرامبەری نەژادیی و مافی مەدەنی لە ئەمریکا، نموونەیەکە لە تەرکی باوەڕی کۆنی ریشەدار بەهۆی بەرژەوەندی گشتی، تەنانەت لە دوای شەڕی ناوخۆی ئەمریکا و بەیاننامەی ئازادی کۆیلەکان بۆ کۆتایهێنان بە کۆیلایەتی رەشپێستەکان و پەسەندکردنی پەراوێزی 13م لە دەستووردا، بەهای کەلتوری پێویست بۆ کۆتایهێنانی کۆیلایەتی نەدرابوو.

لەگەڵ ئەوەی جووڵانەوەی مافی مەدەنی ئەمریکا دەستی لە داواکاری هەڵنەدەگرت، تا دەیەی 1960 درێژەی کێشا کە بە دەستوەردانی فراوانی حکومەت ئەو خواستە جێبەجێکرا.

«جیاوازی سپی پێست بوون» ریشەداربوون، بەشێکی کەمی داواکاران ئەوەیان وەلا دەخست، دواجار بە زەبری یاسا(وەک یاسای مافی مەدەنی 1964، و یاسای نیشتەجێبوونی شیاو 1968) ئەو جۆرە جیاوازییە وەلانرا.

ژینگەی شیاو
گومانی تێدا نییە کە ئاو و هەوای پاک، زۆری سەرچاوی سروشتی، بەشێکن لە بەرژەوەندی گشتی، بەڵام بە روانین لە مێژوو تێدەگەین کە دابینکردنی چۆنییەتی ژینگە، وێڕای تێچووی کەسیی، پێویستی بە دەستوەردان یان هاوکاری حکومەتەکانە.

لە ئەمریکا لە ساڵانی 1960، مشتومڕێکی زۆر دژی لێکەوتەکانی وێرانکاری پیشەسازی لەسەر ژینگە هەبوو، دواجار بە پەسەندکردنی یاساکانی وەک یاسای هەوای پاک (1972) یاسای ئاوی پاک(1972)، یاسای شتە مەترسی لەسەرەکانی (1973) و یاسای ئاوی خواردنەوەی تەندروست(1974) دەرچوون.

بۆ جێبەجێکردنی ئەو یاسایانە و سەدان رێوشوێنی ئاڵۆز بەهۆیانەوە. بەشی پیشەسازی لە ئەمریکا ناچار بوو بەهای ئابووری قورس بدات. بۆ نموونە بەرهەمهێنەرانی ئۆتۆمبێل ناچار بوون بێنە ژێر باری کۆمەڵێک رێوشوێنی پڕ تێچووی پەیوەست بە سووتەمەنی و پیسی هەوا، لایەنگرانی ژینگە لەو باوەڕەدان حکومەت لە بەرامبەر کۆمەڵگەدا لەسەریەتی بۆ دابنیکردنی بەرژەوەندی گشتی، پارێزگاری لە ژینگەی سروشتی بکات، تەنانەت ئەگەر ئەو کارە تێچووی ئابووری هەبێت.

وەک رۆبێرت ساموئلسون رۆژنامەنووسی ئەمریکا دەڵێت «لە کۆمەڵگەی ئاسایی، هاووڵاتیان بە تێچوویەکی شیاو بە ئامانجی هەمە لایەنەی خۆیان دەگەن، بەڵام لە کۆمەڵگەی پڕ بێنەو بەردە، گروپی خۆپەرست هەن، کە تەنیا لەبیری بەرژەوەندی خۆیاندان» لە کۆمەڵگەی مۆدێرندا، زۆرجار بۆ گەیشتن بە خێری گشتی، دەبێت بەرەنگاری خۆپەرستان ببینەوە.

سەرچاوە: ThoughtCo

 155 جار بینراوە