سەرەکی » وتار » ئەلفبێ و گۆڕانکاریی نوێپەڕە 3

لە پەنجەرەی پەروەردەوە

ئەلفبێ و گۆڕانکاریی نوێ

مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان*

چی بگۆڕین لە پەروەردە؟ ئەو پرسیارەی کە پێویستە پێش هەر بڕیارێک لە گۆڕانکارییەکان بیری لێبکرێتەوە. سەرەڕای ئەو هەموو گۆڕانکارییە شێوەییانەی کە دێنە پێشەوە لە بەشە جیاجیاکانی پەروەردە بەڵام زۆرجار ئاستەنگییەکان زیاتر دەبن و پەیامی گۆڕانکاریەکانیش ناگەنە ئەنجام، چونکە جەوهەری گۆڕانکارییەکان لە شوێنی خۆیەوە سەرچاوەی نەگرتووە و ئەوەی پێویستە پێش هەر شتێک کار بۆ گۆڕین و نوێکردنەوەی بکرێت نەگۆڕدراوە و ناتوانرێت بگۆڕدرێت.

بێگومان بیرکردنەوە و مەعریفەی خودی پەروەردەکارە نەک شتەکانی دەوروبەری، بێ ئەو گۆڕانکارییەش ئەستەمە گۆڕانکارییەکە بە ئامانج بگات و شتێکی نوێی لێ بەرهەم بێت، چونکە هەموو نوێگەرییەک هۆکار و دەستەبەر و مەعریفەی نوێی پێویستە کە بتوانێت تازەگەرییەکان قبووڵ بکات و پێی رابێت و کاری لێبکات و کاری تێدا بکات.

ئێستاش کە باس لە پێداچوونەوە یاخود گۆڕانکاریی ریشەیی لە پرۆگرامەکانی خوێندندا دەکرێت، دەنگی نەرێنی لێ بەرزدەبێتەوە، هەندێک وەک پیرۆزی و نەگۆڕینی دەقەکان بۆی دەڕوانن و نایانەوێت ئەو گۆڕانکارییە رووبدات، کە بەداخەوە زۆرێک لەو دەنگانە لەسەر بنەمای زانستی نین و هۆکاری تری هەیە لەوانە، کاریگەری ئاڕاستەی جیاوازی بیرکردنەوەی تاکەکان و زاڵبوونی بۆچوونی کەسی بەسەر بۆچونە بابەتییەکاندا، بەجۆرێک کە کاریگەری زۆر نەرێنی دەخاتە سەر لایەنی زانستی و بابەتی بابەتەکان و رەخنەی لۆژیکی و ریفۆرم لە مانا و مەبەستی کارەکان دووردەخەنەوە.

هیچ پرۆگرامێک نابێت لەسەر بنەڕەتی هەست و سۆز و یادگاریی کەسی بڕیاری لەسەر بدرێت، چونکە هەر بابەتێک بۆ سات و سەردەمی خۆی گرنگە و پاشان دەبێت بە ئەرشیف و بە بەها و سەنگینی خۆی دەمێنێتەوە و دەکرێت هەموو نەوەکان شانازی پێوە بکەن بەڵام مانای ئەوە نییە نەگۆڕێت و بۆ هەمیشە بەردەوام بێت.

بڕیاردان جگە لە شارەزایی زانستی پێویست بە ئەزموون و شارەزایی کرداری دەکات، پێویستیشە بە مەیدانی بەراوردکاریی بۆ بکرێت و بە توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی زانستی ئاستی سەرکەوتن و کاریگەری هەر بابەتێک هەڵبسەنگێنرێت و دوور لە مەزاج و هەستی کەسی دۆسێکان یەکلایی بکرێنەوە.

گۆڕانی سەردەمەکان و گۆڕانی زاراوە و رستە و دەستەواژە بەکارهاتووەکان هەمیشە لە بەرفراوانبووندان، مەعریفەی منداڵیش لەگەڵیاندا بەرەو پێش دەچێت و ناکرێت شتانێک باس بکرێت بۆ منداڵ کە ئێستا لە زیهن و تێگەیشتنیدا بەردەست نەبێت.

بەپێی بنەما زانستی و تیۆرە پەروەردەییەکان بۆ فێربوونی ئاست بەرز لە ئامانجە رەفتارییەکان تەنها بەخستنە بەردەستی دەقێکی موجەڕەد ناتوانرێت ئەو ئامانجانە بەدبێن و خوێندکار لە ئاستی فێربوونی نزمەوە کە تەنها خۆی لە بیرهاتنەوە تێگەیشتن و جێبەجێکردندا دەبینێتەوە، بچێتە ئاستی بەرزی فێربوون کە لە چالاکی و راهێنانەکاندا بەدیدێت کە پێکدێن لە ئاستەکانی شیکردنەوە و پێکهێنانەوە و هەڵسەنگاندن.

فێربوونی خوێندکار تەنها بەند نییە بە ئەو بابەتانەی کە لە رووپەری لاپەڕەیەکدا دەخرێتە بەردەستی، بەڵکو مەعریفەیەکی فراوانە و پێویستە بەکرداری کاری تێدابکرێت گۆڕانکاریی رەفتاری لە بیر و تێگەیشتنی خوێندکاردا بەدیبهێنێت.

بۆیە بۆ ئەوەی گۆڕانکارییەکان لە کتێبی کوردیدا بەرەو ئامانجێکی فێربوونی و مەعریفی بچێت دەبێت لەگەڵیشیدا تێگەیشتنی پەروەردەکاران بۆ شێوازی نوێی فێربوون و چەمک و رێگاکانی وانەوتنەوە بگۆڕێت و بە شێوەیەکی پۆزەتیڤ و دوور لەهەر بۆچوونێکی کەسی کاری لەسەر بکرێت.

*سەرپەرشتیاری پەروەردەیی

گۆشەیەکی هەفتانەیە لەسەر کێشە هەنوکەییەکانی پەروەردە

 298 جار بینراوە