سەرەکی » دۆسێ » بەرکوڵێک لە مێژووی شۆڕشی سەربەخۆیی و شەڕی ناوخۆی ئەمریکا

بەرکوڵێک لە مێژووی شۆڕشی سەربەخۆیی و شەڕی ناوخۆی ئەمریکا

هەڵۆ بەرزنجەیی

«شۆڕشی ئەمریکا سەرەتایەک بوو،هێشتا تەواو نەبووە». W.Wilson

ھاتنی کۆلۆنی ئینگلیز و پەیوەندییان بە وڵاتی دایکەوە
بەرلەوەی ساڵی 1492 Christoph Colombosکیشوەری ئەمریکا بدۆزێتەوە، ئەمریکای باشوور و مەکسیک 100 ساڵ زیاتر بوو لەژێر چنگی ئیسپانی و پورتوگالییەکاندا بوون. ھەر ئەمەش وایکرد ئینگلیز و فەرەنسی لە ئەمریکای باکووردا بەدوای دۆزینەوەی پێگەیەک بۆ خۆیاندا بگەڕێن. فەرەنسییەکان لەسەرەتاوە ئامانجییان بریتیی بوو لەوەی ھاوردەی پێستی ئاژەڵ بکەن و بازرگانی خۆیان پەرە پێبدەن. بۆ ئەم مەبەستە گورجوگۆڵانە لەگەڵ دانیشتوانە رەسەنەکەدا، رێکەوتن دەکەن و بۆ جموجوڵەکانیان رەزامەندی ھیندە سوورەکان وەردەگرن. ئەگەرچی یەکەی نیشتەجێبوونیان دروست دەکرد، بەڵام لە ئامانجییاندا ستراتیژی کۆلۆنیالی تێدا نەبووە.

ئینگلیزەکان بە پێچەوانەوە، پێدەچێت لەیەکەم چرکەساتەوە، نەخشەی داگیرکارییان لە مێشکدا هەبوو بێت.

لە سەدەی17 ەوە ئینگلیز لە ئەمریکا نیشتەجێ بوون. سێ وێستگەی ناوچەکانی کۆلۆنیالیزمی ئینگلیزی بریتیین لە: کۆلۆنییەکانی چاندن لە باشوور، کۆلۆنی Neuengland، کۆلۆنی لە ناوەڕاستی ئەتڵەنتیک. «سێ جۆر کۆلۆنی» ھەبوون: کۆلۆنی خاوەندارێتی، واتە کۆمەڵەیەک یان بنەماڵەیەک دەکرا بە خاوەنی، بریتین لە: Pennsylvania ,Delaware ,Rhode Island کۆلۆنی پاشایەتی، واتە پاشاخاوەنی بوو، و سەرپەرشتی دەکرد و ھەڵسوکەوتی پێوە دەکرد، بریتین لە: New Hampshire,Massachusetts ,New York,New Jersey,Virginia ,North & South Carolina,Georgia
حاکم و بەرپرسی ئەم کۆلۆنییانە ھەر پاشای عەرشی بەریتانی بوو، خاوەن بڕیار خۆی بوو، زۆری ئەم کۆلۆنییانەی بەخشییە بەگزادەکان و سێ وەزارەتی دەوڵەتی بەریتانیای مەزنیش«وەزارەتی بازرگانی، دارایی و کۆمسیۆنی گومرگ» لەم کاروبارەدا هەبوون و خاوەنی بڕیار بوون.

کۆلۆنی: مەبەست لەو یەکە نیشتەجێیانەیە کە ئینگلیزە کۆچکردووەکان یاخود ھێنراو و راوەدوونراوەکان لە کەناری دەریای ئەتڵەنتیک لە باکووری ئەمریکا دروستیان کرد و تێیدا نیشتەجێبوون و پاشان بوونە بەردی بناخەی دروستبوونی ئەمریکای ئەمڕۆ.

خەسڵەتێکی دیاری ئەم کۆلۆنییە ئینگلیزییانە بریتییە لە:(ئینگلیز لەچاو دەوڵەتەکانی تردا درەنگ وەخت دەستیان کرد بە داگیرکردنی ئەمریکا، ئینگلیز لێرە خۆی بە خاوەن خاک و موڵک ھاتۆتە بەرچاو و رەفتاری کردووە، پاشای عەرشی بەریتانی خۆی سەرپەرشتی بەشێکی زۆری کۆلۆنییەکانی کردووە و هەروەها خۆی راستەوخۆش بەشێکی بەخشیووە بە کەسە نزیکەکانی خۆی.

(ئینگلیزەکان بەرەو کەناری رۆژھەڵاتی رووباری میسیسپی ھاتن و ھەواریان لێ ھەڵخست ، وەک ناوچەیەکی بەپیت و بەرەکەت و نزیک دەریای ئەتڵەنتیک، بۆ بازرگانی کردن و بە ئاسانی هاتوچۆکردن و مانەوەی پەیوەندییان بە وڵاتی دایکەوە).

ساڵی 1606 سەرەتا بەناوی نەجیبزادە و بازرگانەکانییەوە 120 کەسێک بەسواری سێ کەشتی ھاتنە ئەمریکا و خێرا «کۆمپانیای ڤێرجینیا»یان دامەزراند، بەناوی پاشاژنی Elisabeth l وەک رێزێک ناونرا ڤێرجینیا. ئەم کەشتییانە بەرەو ئەمریکا کەوتنەڕێ لەوێ لە ناوچەی Chesapeakte-Bay لای شاری Jeamestown گیرسانەوە و شارەکەیان دروست کرد. بەو کۆیلانەی کڕیبوویان خەریکی چاندنی تووتن و لۆکە بوون لە باشووری Carolinas پاشان دەستیان بەچاندنی برنجیش کرد. کەوتنە بازرگانیکردن لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپادا. بەتایبەت دەوڵەتەکانی باشوور بە بازرگانییەوە خەریک بوون لەڕێی بەندەری Chareston کە گەورەترین شار بوو لە رۆژئاوا، خەڵکێکی زۆریش بە راوەماسی و ئاژەڵدارییەوە سەرقاڵ بوون. خاوەن کێڵگەی گەورە گەورەی خۆیان بوون.

ئینگلیزە ھاتووەکان لێرەدا بە کۆلۆنیالەکان ناویان دەبەم، کە خاوەنی کێڵگەی گەورە گەورە بوون، توانییان Virginia Aristokratie دروست بکەن و زاڵ بن بەسەر سپی پێستەکانی ئەم ناوچەیەدا. ئەم ململانێیە زۆر درێژەی کێشا، ھەتا دواتر بەھۆی زیادبوونی کۆیلە رەش پێستەکانەوە ململانێی ئەم دوو دەستەیە کەم بۆوە و بە ھەردوو کەوتنە وێزەی رەشپێستە کۆیلەکان. لە شارێکی وەک ڤێرجینیا ژمارەی سپی پێست 42,000 ھەزار و رەش پێست 16,000 ھەزار کەس بوون. ساڵی 1700 سپییەکان بوون بە 260,000 و رەشەکان بوون بە 190,000 ھەزار کەس.

لە سەردەمی کۆلۆنیالیستیدا بەگشتی نزیکەی 300,000 ھەزار کۆیلەی رەش پێست راپێچی باکووری ئەمریکا کران، بەجۆرێک لە ھەر13 دەوڵەتە دامەزرێنەرەکەدا لە نێو سێ ملیۆن دانیشتواندا لە ھەر شەش کەس یەکێکیان کۆیلە بوو. لێرە سیاسەتی کۆلۆنیالیستی نیشتەجێبوون/استطاني یان لە ستراتیژیدا جێگیرکرد و ویستیان ئەم دەڤەرە بکەنە نیشتمانی خۆیان. بەریتانیا ئەو دەم ژمارەی دانیشتوانی 6,5 ملیۆن بووە، پاشان نزیکەی دوو ملیۆن زیاتری بەرەو ئەمریکا کۆچیکرد بوو. نزیکەی سێ یەکی کەشتییەکانی بەریتانیا لێرە دروست دەکران، کەرەسەی خاویان لێ دەردەهێنا و دەبرد، بەتایبەت لۆکە و تەختە. عەرشی پاشایی کۆنتڕۆڵی تەواوی ژیانی کۆلۆنییەکانی بەدەست بوو. رێگەی بەهیچ لایەن و وڵاتێک نەدەدا، بازرگانی لەگەڵ کۆلۆنییەکاندا بکات، کەشتی هیچ وڵاتێکیش بۆی نەبوو لەم بەندەرانەدا بوەستن. تەنانەت کۆلۆنییەکان بۆیان نەبوو لە ئامێری پێشکەوتوو سوودمەند بن، بەرهەمەکانیان زیاد بکەن و بفرۆشن، رێگڕی لە دروستکردنی کارگە و بە پیشەسازی بوون دەکرا، هەر بۆیە ئەم خاڵە گرنگانەی ئابووری و بازرگانی لە دواجاردا دەبێتە کێشەی بنچینەیی نێوان کۆلۆنیییەکان و وڵاتی دایک.

ئەوانەی لەوێوە ھاتبوون سەرەتا گروپێکی ئایینی بوون ناسراو بە Puritanen کە مەزھەبێکی نزیک بە کالڤینیستەکانن و لە نێوان پرۆتستانتی و کاسۆلیکییە. گروپێکی زۆر توندو و داخراو و ئامانجیان پاککردنەوەی کلێسای ئەمریکا بوو لە رەگەزەکانی کاسۆلیکی. شایانی باسە لە ئینگلتەرا کلێسای ئینگلیزی ھەیە Charch of England و تایبەتمەندی خۆی ھەیە. ئەم پوریتانییانە خوێندەوار و پێشکەوتوو و زیرەک و دەوڵەمەندبوون توانای ئابوورییان بەھێز بوو.

بە کورتی و کرمانجی وەک دەردەکەوێ ئامانج و ھۆکاری بازرگانی و ئایینی لەپشت ھاتنی ئینگلیزەوەیە بۆ ئەمریکا. بەڵام زوو نیەت و مەرامی داگیرکاریشیان لێ بەدیار کەوت.

لەتەک کۆمپانیای ڤێرجینادا کۆمەڵە و گروپی تریش ھاتن و دروست بوون، کە دەستیان کرد بە نیشتەجێبوون و ئاوەدانی و شاری Jamestown یان دروستکرد. ئینگلیزەکان لەگەڵ ھاتنیاندا، کۆیلەیەکی رەشپێستی زۆریشیان ھێنا، چونکە دەبێ بزانین ئەم رێگای گەیشتن بە ئەمریکا بۆ ھەر کەس کراوە نەبوو. زۆریش لەم رەشپێستانە خۆشحاڵ بوون، کە ھاتوونەتە ئەمریکا کار دەکەن. بەڵام چ کارێکی زەحمەت بوو! لەنێو کێڵگەی تووتن و پەموو و برنج دا بە قرچەی گەرما و سەختی سەرما.

ئەم پۆریتانییانە زۆر خۆشحاڵ بوون بەوەی دەتوانن لەم نیشتمانە نوێیەدا پەیڕەوی یاساو رێساکانی ئایینزاکەی خۆیان بکەن. سەرەتا بە ھیچ جۆرێک ئامانجیان بریتیی نەبووە لە دروستکردنی دەوڵەت! بەڵکو پێیان باش بوو، وەک کۆلۆنییەکی ئینگلیزیی بمێننەوە و وابەستەییان بە تاجی پاشایەتی بەریتانیای مەزنەوە بمێنێت، ھەموو ئەرکێکی نیشتمانی راپەڕێنن. بەڵام دەیانویست لێرە سەربەستانە بە دابونەریتی ئایینەکەی خۆیان بژین. زۆری پێ نەچوو کۆمەڵێک یەکەی نیشتەجێبوون/ کۆلۆنییان دروستکرد و ژمارەیان چووە 20,000 ھەزار کەس. بەتایبەت حاکمی کۆلۆنییەکان John Winthrop بوو 1630-1649 دەسەڵات بەدەست بوو. تەنانەت ساڵی 1636دروستکردنی زانکۆی بەناوبانگی Harvard کە کۆنترین زانکۆیە ھی جێ پەنجەی ئەمانە.

پاشای بەریتانیا بەھۆی سەرکەوتنیان بەسەر ھۆڵەندییەکاندا لەشەڕی کەشتی دەریاییدا لە ساڵی 1664-1667 ئەو ناوچانەی ھۆڵەندییەکانی لێبوو، بەتایبەت دەوروبەری ھەردوو رووباری Hudson,Delaware و ھۆڵەندای نوێ و بەندەری ئەمیستەردامی نوێ، دەستیان بەسەردا گرت و پاشان بەخشیی بە برای خۆی میری York کە دواتر شار و دەوڵەتی New Yorkی لێ دروست بوو.

چیرۆکیPennsylvania، وەک فۆرمێکی کۆلۆنییەکی خاوەنداری خۆیی، پاشای عەرش ناوچەیەکی فراوانی لەنێوان New York& Maryland بەخشییە William Penn کە ئەندامی کۆمەڵەی ئایینی Quakerی ئینگلیزی بوو، بۆ خۆی دژی شەڕ و ھەموو دەسەڵاتێکی دنیایی بوو و خۆی بۆ چاکسازی کۆمەڵایەتی تەرخان کرد. Penn دروستکردنی شاری پەنسلڤانیای کە بەناوی خۆیەوە ناونراوە بە «تاقیکردنەوەیەکی پیرۆز» دانا. باوەڕی بە پێکەوە ژیان و کۆکردنەوەی فرەڕەنگ و فرە باوەڕی خەڵکەکە بوو. سروشتی ئەم دەڤەرەش کە تێکەڵییەکی لە خەڵکی جۆراوجۆر تێدا بوو، ئەم سیاسەتەی دەخواست. ئەم بیروبۆچوونانەی پێن کاریگەریی زۆری لەسەر خەڵک و ناوچەکە بەتایبەت کۆچپێکراوەکان ھەبوو. ھەر بەم ھۆیەوە ئەم شارە بووە ناوەندێکی ئابووری بەھێز و زۆر لە ئەوروپاییەکان روویان تێکرد، بۆ نموونە سێ یەکی ئەڵمان بوون.

بەم پێیە دوای وێستگەکانی کۆلۆنیالیزم لەباشوور، ئینگلیزەکان بەرەو باکووریش ھاتن بۆ دەم کەنار. ساڵی 1620 یەکەم پاپۆڕی بەریتانی ناسراو بە mayflower گەیشتە نیوە دوورگەی Cape Cod نزیک Boston لە ئێستای Massachusetts لە ئەمریکا و 41 کە خێزانی خاوەن مەزھەبێکی تایبەت ھەڵگرتبوو. ئەمانە بەھۆکاری ئایینی دەبوو ئینگلستان جێ بھێڵن. بەخەونی ئەوەی کە یەک یاسا بە یەکسانی حوکمیان بکات، نەک وەک ئەوەی لە ئەوروپا جیاوازی گەورە ھەبوو لە نێوان پاشا و میردا، کە ئەمانە خاوەنی ماف و دەسەڵاتی زیاتر بوون لە بەرانبەر خەڵکی رەشۆک دا.

ھیندە سوورەکان وەک دانیشتوانی رەسەنی ئەمریکا (Indianer (Native Americans، لەسەردەمی کۆلۆمبوس دا ژمارەیان نزیکەی 6-10 ملیۆن دەبوو. سێ ملیۆنیان لە رۆژھەڵاتی رووباری مسسپی Mississpi دەژیان.

زۆریان بە ھاتنی ئەم ئەوروپاییانە کە ھەڵگریی نەخۆشی و پەتای جۆراوجۆر بوون نەخۆش کەوتن و مردن. لە سەرەتادا بەھۆی ئەوەوەی کە وڵاتەکان پانوبەرین بوو، بەھاتن و نیشتەجێبوونی ئەمانە رازی بوون. کەچی ئەم کۆچکردووانە ھەر زوو بوونە داگیرکەر و خاوەن ماڵ و ئەمانیان کردە بێگانە «نامرۆڤانەترین ھەڵسوکەوتیان لەتەکدا کرا، تەنانەت لە ساڵی 1924 دوای کۆتایی یەکەم جەنگی جیهانی ئینجا بە فەرمی کرانە ھاوڵاتی ئەمەریکی».

جەوھەری کێشەکە ئەوەیە ئەم ھێزە کۆلۆنیالیستە! بەھەڵە یان بە تاکتیک لە مەسەلەکە تێدەگەن و وا دەزانن، یان باشترە بڵێم وا لەخۆیان دەڕوانن، کە ئەم وڵاتە ئیدی ھی خۆیانە و مافیان ھەیە بە ئارەزووی خۆیان ھەڵسوکەوتی تێدا بکەن. گروپی نیشتەجێکراو بە ئارەزووی خۆیان ھەڵسوکەوت لەگەڵ زەویوزارەکەدا دەکەن و خۆیان کاروباری خۆیان بەڕێوە دەبەن و یاسا بۆ خۆیان دادەنێن و کاری پێدەکەن. بە کورتی خۆیان دەکەنە خاوەن ماڵ و چ ھەقێکیان بەسەر ھیندەسوورەکانەوە نابێ و ھیچ ھەژمارێکیان بۆ ناکەن.

ئەم کۆلۆنییانە راستە ھەر سەر بە بەریتانیا بوون، بەڵام سەربەخۆ دەژیان چونکە لێک دوور بوون و کەشێکی ئازادیان بۆ خۆیان خوڵقاند بوو، بەڵام کاتێک ئەم نیەت و مەبەستەی داگیرکردنیان لێ ئاشکرا دەبێت و زیاد لە بەڕەی خۆیان پێ رادەکێشن، ئیتر دانیشتوانە رەسەنەکە لە نیەتی خراپیان حاڵی دەبن، دەنگی ناڕەزایی بەرزدەکەنەوە و شەڕ و ھەرای زۆر لە نێوانیاندا روو دەدات. لە ئاکامدا گروپی نیشتەجێکراو بە پشتیوانی سوپای پاشای بەریتانیای مەزن، کە تەیار و پۆشتەتر و خاوەن چەک و تەقەمەنی پێشکەوتوو بوون و شارەزای شەڕ بوون، بەخێرایی زاڵ دەبن بەسەر دانیشتوانە رەسەنەکەدا، بەھۆی ئەم شەڕانەوە گرانی و برسێتی بڵاودەبێتەوە و زۆر کەس دەکوژرێ. ئەمریکای باشوور زیاتر پیشە و کاریان بە تووتن و برنج و لۆکەوە گرێ درا بوو. بەزۆری کار بە کۆیلەکان دەکرا، واتە لە 9 ملیۆن کەس 4 ملیۆن کەس کۆیلە بوو، کە ژیانێکی پڕ زەحمەت و قورس و ناخۆشیان بەسەر دەبرد.

کۆلۆنییەکان، کۆچپێکراو و کۆچبەران و وڵاتی دایک
ئەم گروپە کۆلۆنییانە، کاریان بەوە گەیشت زۆر بەھێز و جێگیر بوون و تەواو بەم نیشتمانە دڵخۆش بوون، بەتایبەتی ئازادیی ئایینەکەی خۆیان ھەبوو و کاریان پێدەکرد. بەڵام حکومەتی پاشایی نیشتمانی دایکیان بەریتانیای مەزن لەبەر چەند ھۆیەک، وازی لێ نەدەھێنان و بۆ بەڕێوەبردنی ئیمپراتۆرەکەیان و پڕکردنەوەی خەزێنەکەیان، داوای پارە و باج و گومرگی زیاتریان دەکرد، ھاوکات بایەخی کەرەستەی خاوی ئەمریکا بۆ ئەوروپا و پەرەسەندنی ژمارەی دانیشتوانی بە بازاڕێکی باش بۆ ساخکردنەوە قەبڵێندرا، بەتایبەت لە دیدی پاشای عەرشی بەریتانیای مەزنەوە.

ئەوە بوو 1651 پاشا بڕیاریدا تەنیا کەشتییە ئینگلیزییەکان و ھەروەھا ھی کۆلۆنییەکان بۆیان ھەیە شمەک بھێننە وڵاتی دایکەوە. بەمەش رێی لە ھۆڵەندییەکان گرت بازرگانی لەگەڵ باکووری ئەمریکادا درێژە پێبدەن. بڕیارێکی تری ساڵی 1688 بریتیی بوو لەوەی بەناوی Dominion of New England ھەموو کۆلۆنییەکان، یەکەنیشتەجێکانی نێوانی Massachusetts,New Jersey بخرێنە سەر یەک. ئەم بڕیارە بەھۆی شەڕی ناوخۆیGlorious Revolution ی ساڵی1688/89 جێبەجێ نەکرا و بگرە ئەم ھەلە بووە مایەی شلبوونەوەی گرێی وابەستەیی نێوان کۆلۆنییەکان و وڵاتی دایک، بەواتایەکی دیکە وردە وردە رزگاربوون لەژێر کۆنتڕۆڵی لەندەن، کە لە مێژوودا ناسراوە بە فەرامۆشکردنێکی ساغڵەم/ salutary Vernachlassigung ھەروەھا بەریتانیا ھەوڵیدا تەواوی کۆلۆنییەکان بکەنە کۆلۆنی تاجی پاشایەتی. واتە حاکمەکانیان لەلایەن پاشاوە دیاری بکرێ و یاسایان راستەوخۆ لە لەندەنەوە بۆ دەرچێت. بەکورتی ھەوڵی زۆریاندا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی خەڵک و ناوچەکە. بەم پێیە پەیوەندییەکان تا دەھات ئاڵۆزی تێدەکەوت و بەتایبەت لە باسەکانی دارایی و باجداندا مافی عادەتی ئینگلیزی Common law ھەر بەرقەرار بوو.

لێرەدا دەستەیەکی خوێنەوار ھاتنە پێشەوە و کەوتنە دانوستانی فیکری لە شێوازێکی رۆشنگەرییدا کە ھەڵکەوتووترین کەسایەتی ئەم رۆشنگەرییە Benjamin Franklin بوو. چەک و تەقەمەنی لە فەرەنسا دەکڕی بۆ سەربەخۆخوازەکانی دەنارد، لە بواری کارەبادا داھێنانی ھەیە و دیپلۆماتکارێکی لێوەشاوە بووە و رۆڵێکی گەورەی گێڕا لە مێژووی سەربەخۆیی ئەمریکادا.

سەدەی ھەژدەیەم کۆلۆنییەکان درێژەیاندا بە بازرگانی خۆیان لەگەڵ وڵاتی دایکدا، بەمەرجی ئەوەی شمەکی تایبەت تەنھا لە ئینگلتەرا بفرۆشرێ و ئەوی تریش بەڕێی ئینگلتەراوە بفرۆشرێ. بەو پێیە ھەندێک کەرەستە بۆ فرۆشتن قەدەغەیان لەسەر دانرا بوو، تاوەکو لەبازاڕدا ساخکردنەوەی کەرەستە و کەلوپەلی ئینگلیزی زیانی پێنەگات. ھاوکێشەی بازرگانی نێوان کۆلۆنییەکان لەگەڵ وڵاتی دایکدا، تا دەھات تێکدەچوو و خراپتر دەبوو. ئەمە جگە لەوەی لەھەر کێشە و شەڕێکی بەریتانیادا لە وڵات و لە ئەمریکا کۆلۆنییەکان بەشدار دەبوون و لایەنگری عەرشی پاشای ئیمپراتۆرێتی ئینگلیز بوون. بۆ نموونە لە شەڕی حەوت ساڵەی نێوان «ئینگلیز دژی فەرەنسا و ئیسپانیا»دا، ساڵی1756-1763 کە لە ئەمریکا بە Frech and Indian war ناسراوە رۆڵیان گێڕا. لە ئاکامی ئەم ھۆکارانە و بەتاڵی خەزێنەی لەندەن، پاشا وایکرد گوشاری باجدانی قورس بخاتە سەر کۆلۆنییەکان. کۆلۆنییەکان لە بەرانبەری ئەم داواکارییەدا بەرگرییان کرد و ھەوڵییاندا خۆیان قوتار بکەن، لەژێر ھەژموون و چەپۆکی قورسی یاسا و حوکمەکانی وڵاتی دایکدا.

شۆڕش و شەڕی سەربەخۆیی
بەھۆی گۆڕانی سیاسەتی کۆلۆنیالی بەریتانییەوە لەدوای 1673 و کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی کۆلۆنییەکان و گوشار بۆھێنانیان، زەمینەی قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندی نێوان کۆلۆنییەکان و وڵاتی دایک ھاتە ئاراوە و تا دەھات ھەنگاوی بەرەو شەڕ ھەڵگیرساندن خۆشتر دەبوو. سەرکەوتنەکانی ئینگلیز لەشەڕە بێ بڕاوەکانیدا، ئەرکێکی گرانی دارایی خستبووە سەرشانی پاشا، بەتایبەت لەڕووی داراییەوە، بۆیە دەیویست بەشێکی تێچووەکانی شەڕ ھەواڵەی سەرشانی کۆلۆنییەکان بکات. ئەوانیش دژ بەم بڕیار و ھەڵوێستە وەستانەوە، بە دەربڕینێکی تر مەرجیان دیاریکرد و داوای تایبەتمەندی خۆیان کرد، بەڵام عەرش ھیچی بۆ نەدەسەلماندن!.

ھەنگاوی سەرەتایی بریتیی بوو لە زیادکردنی«باج» لەسەر دانیشتوانەکە، کار بەڕادەیەک گەیشت دانیشتوانەکە بەرگەی ئەم داوا قورسانەیان نەدەگرت و کەوتبوونە تەنگانەیەکی تەواوەوە. بۆیە وردە وردە بیرۆکەی یاخی بوون لە بڕیاڕی پاشای نیشتمانی دایک سەریھەڵدا و کەس بەدەم داواکارییەکەیەوە نەچوو. پشتگوێ خستنی ئەم داوایەی پاشا بووە مایەی رووبەڕووبوونەوە و شەڕ و ھەرای زۆر لەگەڵ سەربازەکانی بەریتانیدا.

– بەریتانیا ساڵی 1763 دوای کۆتایی شەڕەکانی نزیکەی 100,000ھەزار سەربازی لە کۆلۆنییەکان جێگیرکرد، دیارە بۆ پاراستنیشیان لە ھیندە سوورەکانیش. بەڕاگەیەندراوێکی پاشایی سنوورێکیان کێشا لەنێوان خەڵکی خاوەن خاک و کۆچپێکراوەکاندا کە کرانە خاوەن خاک.

– یاسای شەکر، واتە گومرگی، لە ساڵی 1764ەوە لەسەر شەکری ھاوردە و خواردنی شەوچەرەیی ھێنایە پێشەوە، کە زیانی بە کارخانەکانی ئەمەریکی گەیاند.

– یاسای دراوی، لە ساڵی 1764 ھێنایە پێشەوە. دەبوو پارەی کاغەزی کۆنتڕۆڵ نەکراو و پرسگیری زیادبوونی ھەڵاوسان لەلایەن کۆلۆنیییەکانەوە سنووردار بکرێت. ھەروەھا چیدی کاغەزی نەقدی بانکی بۆ پڕکردنەوەی قەرز بەکار نەھێنرێ.

– یاسای تۆمارکردن لە ساڵی 1765 بۆ پشتیوانی ھێزە بەریتانییەکانی دەرکرا.

ـ یاسای باجی مۆر، ساڵی 1765 باج لەسەر ھەموو جۆرە چاپکراوەکان بەرزکرایەوە، ئەوانەی بڕیار بوو لەڕێی بیرۆکراتی بەریتانییەوە بەدەست بھاتنایە.

سەرەتا ساڵی 1764 شتێکی وا رووی نەدا و بەرەنگارییەکی یەکگرتوو و بەرچاو فۆرمەلە نەبوو. بەھۆی ئەوەی کە کۆلۆنییەکان گرفتاری قەیرانی ئابووری و کێشمەکێشی سنوورەکانیان لەگەڵ ھیندە سوورەکاندا و کێشەی ناوخۆیان بوون .دوای ساڵێک ئەوجا دەنگی ناڕەزاییەکان بڵندتر بوونەوە، بەتایبەت لەسەر باجدان و داوای لەکارخستنی ئەم بڕیار و یاسایانەیان کرد. دەستیان کرد بە خۆپیشاندان و بڕیاری بایکۆتی کەلوپەلی ھاوردەی بەریتانیاندا، ھاوکات بانگەوازیان کرد بۆ یەکگرتوویی و پشتیوانی و ھەرەوەرزی نێوان خۆیان و تا دەھات داواکانی کۆلۆنییەکان ناوەڕۆکێکی سیاسی بەخۆیەوە دەگرت

رێگەی سەربەخۆیی
دوای بگرەوبردە و رووبەڕووبوونەوەی زۆر و بەکارھێنانی زەبروزەنگ لە ھەردوو لاوە و رادیکاڵ بوونی ھەڵوێستەکان، ھاوکاریی و یەکگرتوویی نێوان ئەمریکاییەکان بووە نەخشی رۆژگار، لە ئاکامدا کۆلۆنییەکان داوای باج دان دەبەستنەوە بە مەرجێکی سیاسی گرنگەوە، کە ئامادەن باج بدەن!، بەڵام پێویستە نوێنەرایەتیان لە پەرلەمانی بەریتانی ھەبێت و بەشداری بڕیاردان بکەن. No Taxation Without Representation..

دیارە ئەمە بووە ئاڵەنگارییەکی گەورەیە بەڕووی حکومەتی پاشایەتی بەریتانیای مەزن و پاشای خاوەن شکۆدا. بۆیە ساڵی 1767 بڕیار دەدات باجی سەر زۆر شت کەم کاتەوە، بەڵام باجی سەر «چا» و «شووشە» زیاتر دەکات. چا خواردنەوە و پێداویستییەکی گرنگی رۆژانەی خەڵکەکە بوو. کەواتە گوشارە ئابوورییەکان رەھەندی شەڕی دەسەڵاتیشیان وەرگرت، بەو پێیەی بەریتانیا پێی وا بوو، حاکمی سەر زەوییە و ھەر بڕیارێک بدا دەبێت جێبەجێ بکرێ و چی بوێت بەدەستی بێنێت.

بۆ رووبەڕووبوونەی ئەم ھەڕەشە و گوڕەشانە، کۆلۆنییەکان بیر لە بەرەنگاریی دەکەنەوە. رێکخراو پێک دێنن و ئامادەکاری دەکەن بۆ بەرگریکردن. سەربازە ئینگلیزەکان بە زیاتر گوشارھێنان دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکەن. دەرئەنجام کێشە و پەیوەندییەکان توندتر دەبن و زەمینەی رووبەڕووبوونەوە بەتەواوی خۆش دەبێت. حکومەتی بەریتانی رێگەیدا بە کۆمپانیای چای رۆژھەڵاتی ھیندی، کە کەوتبووە قەیرانێکی داراییەوە، چاکەی لەژێر ناوی پێدانەوەی گومرگی ھاوردەی ئینگلیزی راستەوخۆ لە کۆلۆنییەکان لەبری بەپێی رێکارەکانی بازرگانی وڵاتی دایک بیفرۆشێت، کە بەھۆی قاچاخچییە کۆلۆنییەکانەوە، کارەکان خراپ بوون، ساڵی 1773 سێ کەشتی چاهەڵگر دەگاتە بەندەری شاریBoston. حکومەتی بەریتانی بەهۆی گرژییەکانەوە نایەڵێت بارەکانیان داگرن و دەیەوێت ناچاریان بکات بگەڕێنەوە بۆ بەریتانیا. لەم کاتەدا 60 کەسێکی ئەمەریکی لە رێکخراوی کوڕانی ئازادی/Sons of Liberty جلوبەرگی ھیندەسوورەکان لەبەر دەکەن و لە تاریکی شەودا پەلاماری پاپۆڕەکان دەدەن و تەواوی چاکە 342 سندوق، فڕێ دەدەنە ناو دەریاوە.

ئەم رووداوە ناسراوە بە Boston Tea Partyلەئەنجامی ئەم پەلاماردانە 5 سەربازی ئینگلیزی کوژران، ئەمەش شکۆی حکومەتی بەریتانی بریندار کرد، بۆیە سەرەتا بڕیاری داخستنی بەندەری Boston داو پەکخستنی سیاسی کۆلۆنی Massachusetts . کۆلۆنییە ئەمەریکییەکان ئەم بڕیارەی حکومەتی بەریتانیان مەحکوم کرد و ناویان نا «مامەڵەیەکی چاوەڕواننەکراوی قورس» بۆیە ھەموو کۆلۆنییەکان بڕیاری ھەرەوەرزیی و پشتیوانی کۆلۆنی ناوبراویاندا.

پاشا لەشکرێکی زۆر و پۆشتە و تەیاری نارد بۆ سەر کۆلۆنییەکان. لەم کات و ساتەدا پاییزی 1774 ھەر 13 دەوڵەتەکەی کۆلەنییەکان داوای بەستنی یەکەم «کۆنگرەی کیشوەرەکەیان»کرد لە فیلادیفیا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بارودۆخەکە و ئامادەکاریی پێویست بۆ بەرەنگاری کردن. 12 کۆلۆنییان ئامادە بوون و بەیاننامەیەکیان دەرکرد و داوای مافی «ژیان، ئازادی، موڵکایەتی خۆیی»یان کرد و لێرەشدا بەھیچ جۆرێک ئاماژە بە باس و داوا و وشەی «سەربەخۆیی» نەدرا، بەڵکو داواکرا جەماوەر خۆی چەکدار بکات. بڕیاردرا بە حوکمی دەرەکی و بێگانە رازی نابن!. ئەوەی جێی سەرنجە سەرجەمیان بەیەکگرتوویی بڕیاری شەڕکردن دەدەن و ھێزەکانیان دەسپێرن بە جەنەڕاڵ George Washington لەشکرێکیان لێ پێکبھێنێت، ناوبراو خاوەنی ئەزموونێکی زۆر بوو، پاشان دەشبێتە یەکەم سەرۆکی ئەمریکا لە مێژوودا، شەڕ لە نیسانی 1775 دا لەنێوان ئەم دوو سوپایەدا شەڕ لە Lexington,Concord دروست دەبێت، بەتایبەت دوای ئەوەی کە ھێزە بەریتانییەکان دەیانەوێ دەست بگرن بەسەر حەشارگەیەکی چەکی کۆلۆنییەکان. ئیدی لێرەوە یەکەم پریشکی بڵێسەی شەڕی سەربەخۆیی بەرز دەبێتەوە. کە پاش ماوەیەکی کەم لە کۆنگرەی دووەمی کۆنگرەی کیشوەر/ Kontinentalkongress بانگەوازی بۆ دەکرێ. نوێنەرانی ھەر 13 دەوڵەتۆکەکە بڕیاری بەرەنگاری دەدەن بەسەرکردایەتی جۆرج واشنتۆن، لە بەرانبەر ئەمە دەستبەجێ پاشا George III بڕیاری ئابڵوقەدانی کۆلۆنییەکان دەدات و رێگریان لێ دەکات. دیارە بەریتانییەکان تەیار و پۆشتەتر و مۆدێرنەتر بوون بە چەکی پێشکەوتوو سوپای مەشق پێکراو و بە ئەزموون، بەڵام کۆلۆنییەکان زۆری جووتیار و کاسبکار و پیشەوەر بوون› بەڵام بەھێز و خاوەن ئیرادەبوون و دەیانزانی بۆ ئازادی شەڕ دەکەن.

گرنگترین بەڵگەنامەکانی بزاڤی سەربەخۆیی
بەیاننامەی ساڵی 1776 ی Thomas Paines“ Common Sense“ئەم بەیاننامەی Paines نزیکەی 150,000ھەزار جار چاپکراوە، بە بوێرییەوە ھێرش دەباتە سەر پاشای بەریتانیا و عەرشەکەی بە لاواز و بێ توانا و ستەمکار لەقەڵەم دەدات. بەم پێیە ئەم بەیاننامەیە لەگەڵ خۆیدا ھەوێنی سەربەخۆیی ئەمریکا لەبەریتانیا دێنێت. بەیاننامەی Thomas Jefferson ھەر 13 کۆلۆنییەکە بڕیاری سەربەخۆیییاندا و جەختیان کردەوە کە مافی مرۆڤ شیاوی دەست لێوەردان نییە لە:«یەکسانی، ئازادی، ژیان و ھەوڵی بەختەوەری»دا، واتە مافە سروشتییەکان. بە کورتی ئەم ھەڵوێستانە کۆلۆنییەکانی گەیاندە باوەڕی جیابوونەوە لە وڵاتی دایک. دەبێت ئەوە بگوترێ ئەم دروشم و داوایانەش لە ئەمریکا بەر لە 13 ساڵ پێش شۆڕشی گەورەی فەرەنسا راگەیەندراوە. هەڵبەت دووری کۆلۆنییەکان لە وڵاتی دایکەوە و کەمی نوێنەرایەتی ئینگلیز تاڕادەیەک هاوکاری زەمینە خۆشبوونی شۆڕش بوون.

راگەیاندنی سەربەخۆیی
ئەم دیکۆمێنتە رەوایەتی سەربەخۆیی وەک «سەروەرییەکی خودی» بەخشییە ئەمریکاییەکان، تا وای نیشانبدەن کە ھەموویان دژی پاشایەتی نین. ھەروەھا تا بتوانن ھاوپەیمانێتی لەگەڵ ھێزە گەورەکانی دەرەوەدا بکەن، بەتایبەت فەرەنسا. لە سەرەتا وا چاوەڕوان دەکرا و دیاربوو، کە سوپای ئینگلیز شەڕەکە بباتەوە، چونکە نابەرانبەری پێوە دیار بوو. لەبەر ئەوەی بەریتانیا خاوەنی گەورەترین دەسەڵاتی سەربازی بوو لەسەر رووی زەوی و بەردەوام ھێزی نوێیان بەھاناوە دەھات و پاشای بەریتانیا خۆی راستەوخۆ سەرپەرشتی شەڕی دەکرد. بەریتانیا لەلایەن زۆر سەربازی ئەڵمانی بەکرێگیراو و بەشێکی ئەمریکاییەکانەوە پشتیوانی لێدەکرا.
لەم لاشەوە کۆلۆنییەکان بەسەرکردایەتی ئەرستۆکراتی خاوەن کێڵگەی چاندن George Washington ، کە ئەفسەری پێشووی بەریتانی بوو خۆیان رێک خست، خۆی سەرکردایەتی شەڕی بەریتانیای دەکرد. ئەفسەرێکی پروسیایی ئەڵمانی بەناویF.W.von Steuben، یارمەتییەکی زۆری واشنتۆن و ئەمەریکییەکانی دەدا و مەشقی بە سەربازەکان دەکرد. ھەروەھا شەیپووری کیشوەر! کە بۆ کۆلۆنییەکان لێدرابوو، ھەموو بەدەنگییەوە ھاتنە ناو شەڕەوە بۆ بەرگری لە نیشتمان .

جۆرج واشنتۆن خۆی لەشەڕی بەرەیی دەبوارد و زیاتر شەڕی گەریلایی دەکرد. ئینگلیزەکان ناچار بوون ناوچەیەکی زۆر بخەنە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیان و بۆ ئەم ئامانجەش بەردەوام داوای یارمەتی زیاتر لە وڵاتی دایک بکەن. واشنتۆن چەند شەڕێکی دۆڕاند و یەکەم سەرکەوتنی لە نزیک ڕووباری Delaware لە ساڵی 1776 دا بەدەست ھێنا. لەم کاتەدا فەرەنساش کە مێمڵێکی ئینگلیز و لە تۆڵەی شستەکەیان لە شەڕی حەوت ساڵەدا، سەرەتا بە پشتیوانی لۆجیکستی بەدەنگ کۆلۆنییەکانەوە ھات و دواتر ئیسپانیا و ئەوجا ھۆڵەندەش ھاتنە ھانایانەوە. دوا داستانی شەڕی مەیدانی و ئاوی لە شاری دورگەیی Yorktown بوو لە ساڵی 1781دا. بەم تێکشکانە بەریتانیا لەسەرکەوتن بێ ھیوا بوو، بەم شێوەیە بەریتانیا مەزن دۆڕا و لە «کۆنگرەی ئاشتی پاریس»دا لە 1783 دا دانیان نا بە سەربەخۆیی کۆلۆنییە ئەمریکاییەکان، بەم جۆرە دەبوو تاجی پاشایەتی ناوچەی نێوان Appalachen& Mississippi بداتە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. کەنەدا لە باکوور بە بەریتانی مایەوە و فلۆریداش درا بە ئیسپانیا.

ئەوەی زۆر گرنگە لێرەدا ئاماژەی پێ بدەین، لەناوەڕاستی شەڕەکەدا ھەر 13 دەوڵەتەکە کۆبوونەوەیەکی تریان کرد بڕیاری«سەربەخۆیی» دەوڵەتی خۆیان لە 4-7-1776 دا کە ئێستاش ئەو رۆژە بە فەرمی جەژنی نەتەوەیی ئەمریکایە.

ئەم شۆڕشە خوێناوییە، کە زەبر و زەنگ و چەکی مۆدێرنی تێدا بەکارھات، کوشتارێکی زۆری لێکەوتەوە، بۆیە یەکەم گۆڕانکاری بنچینەیی لە داڕشتنەوەی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و یاسا و رێساکاندا کرد. جیاواز لە شۆڕشی فەرەنسی ئەم لە وڵاتی دایک جیابۆتەوە. واتە یەکەم بزاڤی سەربەخۆیی کۆلۆنی و جەنگ شۆڕشە کە بووە مایەی سازدانی شوناسی ئەمەریکی و کۆتایی ھێنا بە شوناسە بچووکەکانی فیرجینیایی و بۆستۆنی و فلادیڤیایی و ھتد. تاڕادەی خوڵقاندنی نەتەوە ھەنگاوی نا! بەڵام دیارە – دیدی ئێمە لەسەر نەتەوە جیاوازە لەوەی لەم کۆنتێکسەدا ھاتووە، کە ناتوانین بڵێین دەوڵەت دروستکەری نەتەوەیە! لێرەشدا

راگەیاندنی سەربەخۆیی رەھەندێکی گەردوونی لێ دەدرەوشێتەوە:

* مافی مرۆڤ مافی ھەر کەسێکە، وەک ئەوەی شۆڕشگێڕە فەرەنسییەکان مافی مرۆڤ و ھاووڵاتیانی چەسپاند. بەمەش زەمینەیەکی نوێ بۆ پێکەوە ژیانی مرۆڤەکان خەمڵێندرا.

* بیروڕای ئازاد دروست بوو.» ھەر کەسێک» مافی ھەیە خاوەن قسە بێت و خاوەن بڕیار بێت و بەشداری لە ھەردووکیاندا بکات.

جیاوازییەکی تری لە شۆڕشی فەرەنسی، ئەوەیە لایەنی کاراکتەری شۆڕشی کۆمەڵایەتی مۆرکێکی بەھێزی نەبوو، ئەویش بەھۆی نەبوونی یاسا و رێسایەکی کۆمەڵگەیی کە نازناوی بەگزادەیی و لەناوبردنی ئیمتیازاتی گەورە لەئارادا نەبوو. ھەروەھا «گۆڕینەوەی ھێزە بەڕێوەبەرەکان» بەو پێیەی %70 دەزگا و بەڕێوەبەرایەتییە پاشاییەکان لەدەستدران، واتە ئەو شوێنانەی کە تاجی پاشاییەتی بەخشیبوونی بە کەسانێک یاخود کەسانێکی لێ دانابوون نەمان. بەواتایەکی تریش لایەنگرانی پاشایەتی دەرپەڕێندران و کۆچیانکرد بەتەواوی وڵاتدا بڵاوبوونەوە.

بێگومان دەستەبژێری کۆلۆنییەکان لە ئەمریکا ھەڵگری مەشخەڵی شۆڕش و پڕۆسەی سەرکەوتنن. باوکانی سەرەکی وەک «جۆرج واشنتۆن، تۆماس جێفەرسۆن» بەزۆری ئەندامی ئەرستۆکراتی خاوەن کێڵگەی چاندن بوون. ئاگاداری باری ژیان و گوزەران بوون لە مەترسییەکانی سیاسەتی ئیمپریالی وڵاتی دایک تێگەیشتبوون. بۆیە جەختیان لەسەر خڕکردنەوە و مۆبیلیزەکردنی جڤاکی دەکردەوە، تاوەکو پشتیوانی لای بەشێکی فراوانی خەڵک بەدەست بھێنن، تا دۆخەکە دینامیکێکی خۆی دەبێت و دەتوانێت لەسەر پێ خۆی راوەستێت.

تیشکی رووناکی شۆڕشی ئەمریکا بەشێکی زۆری جیھانی رووناک کردەوە. بیروڕاو بۆچوونەکانی تیۆری دەوڵەتی مۆنتیسکۆ/ Montesquieu ی فەرەنسی بەسەر دەستووری ئەمریکا کاریگەری گەورەی ھەیە.

بەر لە ماڵئاوایی لەم بڕگە گرنگەی شۆڕش، پێویستە ئاماژە بدەین بە چەند خاڵێکی تریش، کە مێژووی ئەم شۆڕشە لە شۆڕشەکانی دیکە جیا دەکاتەوە، ئەویش بریتییە لەو دروشم و دەستکەوتە ھەرە گرنگانەی مێژووی مرۆڤایەتی. ناوەڕۆکی راگەیاندراوەکەی سەربەخۆیی، کە جێفەرسۆن دایڕشتووە، بە ھەناسەیەکی John Locke انە نووسراوە، کە ئەو دەمە لیبڕالترین بیرمەندی سەردەم بووە. لەم دەروازەیەوە بەشێوەیەکی زیرەکانە زەمینە و رەوایەتی یاسایی و فیکریی بۆ سەربەخۆیی ئەمریکا ھێنایەوە و توانی بەریتانیای مەزن و بگرە جیھانیش بە پرسی سەربەخۆیی خۆیان قایل بکەن و ببنە دیفاکتۆی حاشاھەڵنەگر. هەروەها بیروڕای لیبڕاڵەکانیThomas Hobbes یش قورسایی خۆیان لەسەر فەرهەنگی شۆڕش و دەستکەوتەکانی هەبوو. رەھەندێکی تری ئەم شۆڕش و سەربەخۆخوازییە، بریتییە لە بنەما و دروشم و ناوەڕۆکی: یەکەم؛ ھەموو مرۆڤەکان بە یەکسانی دروست بوون و لە دایک بوون، دووەم؛ ھەموو مرۆڤەکان مافی بێ دەستکاریکردنیان ھەیە. سێیەم؛ ھەموو مرۆڤەکان مافی ژیانیان ھەیە، مافی ئازادییان ھەیە و مافی ھەوڵیاندانیان بۆ بەختەوەریی ھەیە. چوارەم؛ حکومەت لەلایەن خەڵکەوە ھەڵدەبژێردرێت، کاتێک خەڵک بزانێت حوکمەتەکەی خراپە خەڵک دەیگۆڕێ. ئەرکی حکومەتە پشتیوانی لەم مافانە بکات و فەراھەمیان بکات.

لە فیدڕاڵی دەوڵەتەوە بۆ دەوڵەتی فیدڕاڵی
ھەر لە سەروبەندی شەڕی سەربەخۆییدا، کۆلۆنییەکان دەستووری خۆیان ھەبوو، جۆرێکیش لە فیدڕاڵی دەوڵەتی پەیوەندی شل لە نێوانیاندا ھەبوو. لەگەڵ راگەیاندنی دەستووری ساڵی 1787دا بوونە دەوڵەتێکی فیدڕاڵ. سەرۆک کۆمار بەشێوەیەکی دیموکراتی ھەڵدەبژێردرێت. پەرلەمانیش دەبێت بە دوو بەشەوە. ئەوەی جێی مشتومڕ بوو نوێنەرایەتی دەوڵەتە بچووکەکان بوو، ھەروەھا دەوڵەتەکانی باشوور بەو ژمارە زۆرەی کۆیلەکانیانەوە. سیستەمێک لە Checks and balances دەبوو پێکەوە کارکردنی تاکەتاکەی ئۆرگانەنەکانی دەستوور مسۆگەر بکات و رێگری بکات لە خراپ بەکارھێنانی دەسەڵات. دەستوور چارەسەرێکی پراگماتیکی بوو.

لێرەدا 11دەوڵەتۆکە لە ھەر 13 دەوڵەتەکە لە نێوان 1776-1780 دا لەسەر راسپاردەی «کۆنگرەی کیشوەر» دەستوورێکیان نووسی لەسەر بنەمای «پرەنسیپی سەروەرێتی گەل»Massachusetts ساڵی 1780 دەستوورەکەی لەلایەن خەڵکەوە لە چوارچێوەی ناسراو بە Town Hall Meetings پەسەند کرا. ئەم دەستوورە کۆنترین دەقە و ئێستاش کاری پێدەکرێت. ماف لە پلەیەکی بەرزدا ناوەڕۆکی دەستوورەکەیە، بەس گەل دەتوانێت دەستوور بگۆڕێت نەک زۆرینەی پەرلەمان. لەلایەن زۆر لە دەوڵەتۆکەکانەوە پێشنیازکرا شتی نوێ بۆ دەستوور زیاد بکرێ و فراوانتر و دەوڵەمەندتر بکرێ. دواتر لە 12-6-1776دا، Virginia Declaration of Rights، دەستوور دەرچوو کە ھاووڵاتی دەپارێزێت لە بەرامبەر دەسەڵاتی دەوڵەتدا و رەوایەتی بە سیستەمی کۆماری دەبەخشێت، پاشان کەتەلۆگی مافی مرۆڤ راگەیەندرا، کە گوشاری بۆ سەر سیستەمی کۆیلایەتی ھێنا، کە لە دەوڵەتانی سەروو ھێڵی Mason- Dixon -Linie لە نێوان Pennsylvania & Maryland قەدەغەی بکەن.

ساڵی 1777 کار لەسەر یاسای کۆنفیدڕاڵی کرا بۆ رێکخستنی پەیوەندی نێوان دەوڵۆتەکەکان. لێرەدا ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆر لەسەر دەسەڵاتی ناوەندی ھاتە کایەوە، بە چ شێوەیەک بێت مەترسی دروست نەکات! بۆیە فیدڕاڵی دەوڵەتۆکەیەکی شلیان پێ باش بوو، کە ناونرا The United States of America. لەم سیستەمەدا ھەر دەوڵەتۆکەیەک تاڕادەیەکی باش پاڕێزگاری لە دەسەڵاتی خۆی دەکات، بەڵام بۆ دەرەوە دەزگایەک پێویست بوو. لەسەر گۆنگرێسKongress رێکەوتن، کە شوێنی نوێنەرایەتی تەواوی دەوڵۆتەکە پەرلەمانییەکان بێت. ھەر دەوڵەتۆکەیەک دەنگێکی ھەبێت بۆ پێکھێنانی زۆرینەش پێویست بە دەنگی 9 دەوڵەتۆکە ھەبوو.

ھەڵبژاردنی یەکێک لە ئەندامانی کۆنگرێس بە سەرۆک، ئەو کەسە مافی نوێنەرایەتی تەواوی ھەیە. بەڕەزامەندی گشت لایەک لە 1781 ئەم دەستوورە کەوتە کار، دیارە گۆنگرێس کۆمەڵێک مافی تری گرنگی ھەیە «بڕیادان لەسەر شەڕ و ئاشتی، دانانی ھێزە چەکدارەکان، ناردن و پێشوازی شاندەکان، وەرگرتنی قەرز، دەرکردنی پارە و رێکخستی ھەرای سنووری نێوان دەوڵەتۆکەکان».دوای سەرکەوتنی شۆڕش بەسەر بەریتانیادا تووشی کۆمەڵێک گرفتی سیاسی و ئابووری بوونەوە تا ناچار بوون لە 17-9-1787 دا دەنگ بە دەستوورێکی نوێ بدەن.

بە کورتی دەسەڵات لە نێوان یاساداڕێژەر و جێبەجێکەر و دادوەریدا بە چاکترین شێوە دابەش بووە، ھەر لایەک سەربەخۆیی تەواو و دروستی خۆی ھەیە، لەبەر رۆشنایی دەستوور و یاسادا ھەڵسوکەوت دەکەن. فیدڕاڵی لەچاو کۆنفیدڕاڵیدا تا دەھات بەھێزتر دەبوو و دەسەڵاتی زۆر شتی دەگرتە دەست. دەزگا گرنگەکان «گۆنگرێس و ئەنجوومەنی نوێنەرایەتی و ئەنجومەنی پیران»ن. ھەڵبەت کێشە و ئاڵۆزی نێوان دەوڵەتۆکەی گەورە و بچووک و باکوور و باشوور بە کۆیلەکانەوە تا دەگەیشتنە رێکەوتن زۆر کێشەی گەورەی لێکەوتۆتەوە. لێرەدا پرەنسیپی Checks and Balances ھاوسەنگی پێدەھاتە کایەوە. بەکورتی پرسی دەستوور، وەک بەیاننامەی سەربەخۆیی بە ئاسانی لەسەری پێک نەھاتن، بەڵکو کێشە و بەرەی زۆری تێکەوتوو و زۆری پێچوو تا لەسەری رێکەوتن. دوا دەوڵەتۆکە Rhode Island بوو ساڵی1790 رازی بوو بەدەستوورەکە. لێرەدا پرسی ھەڵبژاردنی George Washington لە شوباتی 1789 بە یەکەم سەرۆک و دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ساز بوو. ئیدی دۆلار وەک دراو چاپ کراو و بانک دامەزرێندرا. تۆماس جێفەرسۆن وەک کۆماریخواز بووە وەزیری دەرەوە و دواتر لەسەر سیاسەتی دەرەکی بیروبۆچوونی جیاواز بوو، وەک ئۆپۆزیسیۆنێک دەھاتە بەرچاو و بزاڤێک بەناوییەوە دروست بوو. کە شۆڕشی فەرەنسا سەریھەڵدا ئەمانە مەیلداریان بۆ شۆڕشەکە ھەبوو، بەشێکی تری حکومەت پێیان باش بوو لەگەڵ بەریتانیا رێکبکەون، بۆئەوەی پەیوەندییەکان ئاسایی بکەنەوە و کەشتییەکانی بازرگانی بە سەلامەتی ھاتوچۆ بکەن و ئینگلیز رێگرییان لێ نەکات.

ئینگلیز وازی لە گێچەڵ و رێگری و پەلاماری کەشتییەکان ئەمریکا نەدەھێنا، بۆیە لەسەردەمی سەرۆک کۆماری ئەمریکاJames Madison 1809-1817 شەڕ دژ بە بەریتانیا گەورە راگەیەندرا. بەریتانیا 1814 پەلاماری ئەمریکایدا و توانی پایتەخت بگرێ، حکومەتەکە ھەڵات. دواتر بەشێوەیەکی ئاشی چارەسەری کێشەکان کرا و ئاشتی بەسەرکەوتن لەقەڵەمدرا، تاوەکو ساڵی1815 Andrew Jackson گورزیدا لە بەریتانییەکان. بەم پێیە شەڕی دووەمی سەربەخۆییان کرد. ئەم کۆمارە ساوایە سەرەتا پایتەختەکەی لە فلۆریدا بوو، دواتر گوێزرایەوە بۆ واشنتۆن. ھەتا دەھات سەقامگیر دەبوو و گوزەرانیشی باش دەبوو، بەڵام ھیندە سوورەکان، کۆیلەکان و ژنان ھێشتا بێ بەش بوون لە تەواوی مافەکانیان. لە بەیاننامەی سەربەخۆییدا سەربەخۆیی و سەروەرییان روون کردەوە. دەبوو دەوڵەتە نوێ دروستکراوەکان دەستوورێکیان بدرێتێ و ھەروەھا ماف و شێوازی پەیوەندییان پێکەوە روون بکرێتەوە، تاوەکو پێکەوە خۆڕاگرن بەرەنگاری بەریتانیای مەزن بن. ھەر لەسەر بنەمای ئەم دەستکەوتە گەورانە بوو، دواتر دەستووری ئەمریکا بە تێروتەسەلی گەڵاڵە کرا و نووسرایەوە.
ئەمریکا بووە یەکەم دەوڵەتی دیموکراتی لە جیھاندا و پاشان گەورەترین دەسەڵات تا ھەڵکشا بۆ سوپەر دەسەڵات و یەکەم زلھێزی جیھانی . ئەم شەڕە نزیکەی چارەکە ملیۆنێک کەس خوێنی پێ بەخشی، بۆیە ئەو ئازادییە بێ ھاوتایەی لێ بەرھەم ھاتووە، کە ئێستاش بایەخی لەدەست نەداوە و هێشتا بێوێنەیە. شایانی وتنە سەرباری زۆر شت و گۆڕانکاری، هێشتا سیما و تایبەتمەندی باکوور و باشوور جیاواز بوو:

باکوور: بە پیشەسازیبوونێکی خێرای دەڤەرەکەی بەخۆیەوە دیت، کەمبوونەوەی بایەخی کشتوکاڵ تێیدا زەق بۆوە. بەڕادەیەک چوارقاتی باشوور کارگە و کۆمپانیا لە باکوور ھەبوو. گورجوگۆڵانە بونیاتی ژێرخانی بە تۆڕبەندی ھێڵی ئاسن کرا، کە دوو ھێندەی باشوور بوو. پاراستنێتی/ProtecBtionism. گەشەکردنی دانیشتوان و بەشارستانی بوون«لەدەمی ھەڵگیرسانی جەنگدا 22 ملیۆن دانیشتوان بوو»، دەستەی ھەڵبژاردەی سەرمایەداری پیشەسازی، کۆمەڵگەیەکی یەکسان و تاکگەرا. بەرھەمھێنان، دیسپلین و زیرەکێتی. سەروەرێتی دەسەڵاتی ناوەندی.

باشوور: چاندنی لۆکە و کێڵگەی کشتوکاڵ. گەشەکردنێکی لاوازی ژێرخان. بازرگانی ئازاد. زیادکردنی ژمارەی دانیشتوان بەستی و لەدەمی ھەڵگیرسانی جەنگدا 9 ملیۆن دانیشتوان و لەوانەش 4 ملیۆنی کۆیلەبوون. ئەستۆکراتێکی کشتوکاڵی، کۆمەڵگەیەکی باوکایەتی/ پاتەرنالیستی ھەڕەمی، سوارچاکێتی، شانازی بەخۆکەر و خاوەن ئابڕوو. سەربەخۆیی تاکە تاکەی دەوڵەتەکان.

شەڕی ناوخۆ 1861-1865 و ئازادکردنی کۆیلەکان
بە نزیکەیی ساڵی 1830 بزاڤێکی دژە کۆیلایەتی لە باکووری ئەمریکا سەریھەڵدا بەناوی Fugitive Slare Act بڵندگۆکەشی William Lloy بوو، لەم پێناوەدا ساڵی 1831 دەستیکرد بە دەرکردنی گۆڤاری بەناوبانگیLiberator شایانی باسە ساڵی 1796 «یەکێتی» لەنێوان 13 دەوڵەتۆکەکەدا دروستبوو. ئەم دەوڵەتانە: بریتی بوون لە Vermonts 1791 Kentuckys 1792,Tennessees 1796بە دروستبوونی ئەم سێ دەوڵەتۆکەیە ھاوسەنگی پەیدا بوو لە نێوان 8 دەوڵەتەکەی باکوور، کە کۆیلەیان تێدا نەبوو، لەگەڵ 8 دەوڵەتەکەی باشوور کە خاوەن کۆیلە بوون.

ئەم دۆخە وا مایەوە تا ساڵی 1812-1819 Missouri,Louisiana کە لە رۆژئاوای Mississippi بوون ھاتنە ناو یەکێتییەکەوە، کە لەساڵی 1854 دروستببوو. ساڵی 1850، کالیفۆڕنیا داوای کرد وەک دەوڵەتێکی ئازاد بێتە ناو یەکێتییەکەوە. ئیتر بەتەواوی ھاوسەنگی نێوان ھەردوو بەرەی دەوڵەتی بێ کۆیلە و دەوڵەتی کۆیلەدار دروست بوو. بەھەموو مانای وشەیەک کێشەی کۆیلەکان و کۆیلایەتی ھەمیشە دەبووە چەقی هەرا و باسەکان، بەتایبەتی دوای ئەوەی Dred Scott کە کۆیلەیەکی خەڵکی Missouri بوو، بانگەشەی ئەوەی دەکرد کەوا ئازاد کراوە، بەڵام دادگا بە بیانووی ئەوەی«كۆیلەکان ھاووڵاتی نین» و ئازاد لە ئەمریکا ئازادبوونیان نییە، داواکەی رەتکرایەوە. ئەم باسە مشتومڕ و ھەرایەکی گەورەی بەدوای خۆیدا ھێنا. ھەڵبژاردن ھاتە پێشێ، کۆمارییەکان داوای ھەڵوەشانەوەی سیستەمی کۆیلایەتییان دەکرد، بەتایبەت کە دەیانزانی لە باشووردا ھیچ پێگەیەکیان نییە. ئەوەبوو لینکۆلن 40% ھێنا و وەک دەنگی زۆرینە تەواوی باکووری مسۆگەر کرد. کاتێ «Abraham Lincoln» ی کاندیدی کۆمارییەکان ساڵی 1860بەسەرۆک ھەڵبژێردرا، بە وتەیەکی ناو ئینجیل دەستی پێکرد:«ماڵێکی پەرتەوازە و دابەشکراو ناتوانێ خۆی ڕاگرێ».

دیموکراتەکان بە دوو کاندید بەشداری ھەڵبژاردنیان کرد، یەکێک بۆ باکوور و یەکێکیش بۆ باشوور. ئەمەش ئەو ھەڵە زەقە بوو کە تێیکەوتن و بووە ھۆی دۆڕاندنیان لە ھەڵبژاردنەکەدا. لینکۆلن ھەڵبژاردنەکەی بردەوە، بێ ئەوەی یەک تاکەس لە باشووریش دەنگی پێ دابێت. دەنگی ناڕەزایی لە بەشێک لە دەوڵەتەکانی باشوور بڵند بۆوە. دەستبەجێ کارۆلینای خواروو/ South Carolina وەک پرۆتێستێک لە یەکێتییەکە/Union کشایەوە. دواتریش دەوڵەتۆکەکانی تر «Mississippi,Florida,Alabama,Georgia Louisiana,Texas» یش کشانەوە و پێکەوە دەوڵەتانی کۆنفیدراڵی ئەمریکا/ Confederte states of America یان دروستکرد و بەسەرۆکایەتی Jefferson Davis ی خاوەن کێڵگەی چاندی پەموو، و سیستەمەکەیان بەدەستوورێکی «کۆنفیدراڵی» و پەیوەندی نەرم لەگەڵ یەکتردا و ناوەندێکی لاوازدا ھاتە کایەوە. ئەم هەنگاوەش بووە مایەی هەرا و کێشە و ئەوە بوو یەکەم فیشەکی شەڕی ناوخۆ لە خوارووی کارۆلینا لە 12-4-1861 تەقێندرا.

لەڕاستیدا کێشەی باکوور و باشوور ھەر پرسی کۆیلەکان نەبوو، جیاوازی ئابووری و سیاسی و جڤاکیش ھەبوون. بە کورتوکرمانجی: ئامانجی جەوھەریی شۆڕش ئەوە بوو» ئایندەی ئەم وڵاتە چۆن داڕێژرێت و ئەمریکا بەرەو کوێ ببرێ؟. لینکۆلن لەم ڕووەوە قسەیەکی بەناوبانگی ھەیە:« من گەر یەکێتییەکە/ Union رزگار بکەم، ھەموو کۆیلەکان رزگار دەکەم، ئەگەر بێت و تاکە کۆیلەیەک رزگار نەکەم».

وەک ئاماژەمان پێدا باکوور پێشکەوتوو بوو بە پیشەسازی و باشوور ھەژار و خەریک بوون بە کشتوکاڵ.

لینکۆلن دژ بە ھەنگاوی کشانەوەی دەوڵەتۆکەکان لە «یەکێتی»یەکەیان وەستایەوە و رایگەیاند پارچەکردنی «یەکێتی/ فیدڕاڵ»یەکەیان شیاوی قبوڵ کردنییە. ئەوە بوو لە دواجاردا بەشەڕ ئەو مەسەلە یەکلایی کرایەوە. دوای شەڕێکی سەخت و خوێناوی سەرباری باڵادەستی زۆری باکوور، بە زەحمەت توانیان شەڕەکە ببنەوە و یەکێتییەکەی نێوانیان راگرن و ھاوشانی رووداوەکان کۆیلەکان ئازاد بکەن، کە دوو ئامانج بنەڕەتی نێو شەڕەکە بوون: دوای کۆتایی ھاتنی شەڕ باشوور ناچارکرا کۆیلەکان ئازاد بکات و رەش پێستەکان ھەمان مافی سپییەکانیان ھەبێت. ئەوجا دەست بە بونیاتکردنەوە کرا.

ستراتیژی شەڕەکە بریتی بوو لەم ھاوکێشەیە: باشوور دەبێت خۆڕاگری بکات، تاوەکو باکوور شەکەت دەبێ ئەوجا شەڕ یەکلایی بکرێتەوە. باکوور بۆ ئامانجی راگرتن و پاراستنی«یەکێتی»یەکە پێویست بوو باشوور داگیر بکات. لینکۆلن ئابڵوقەی دەریایی بەندەرەکانی باشووری کرد بۆ ئەوەی جموجوڵە بازرگانییەکان راگرێ، ھەروەھا رێگە بگرێ لەھاتنی ھێز و بژێوی بۆ ھێزەکانی باشوور.

دەرئەنجام کوشتارێکی بێ شومارکرا 600 ھەزار کوژراو و 400 ھەزار بریندار. باشوور تەواو کاول بوو. لە شارێکی وەک Virginia نزیکەی 25 جار شەڕ بەرپا بوو. ئەوەی لە شەڕەدا کرا:1- ھەردوو خەڵکێکی زۆریان چەکدار کرد بۆ شەڕ کردن.2- یەکەمجار بوو چەکی مۆدێرین و پێشکەوتوو لەشەڕدا بەکار بێت. سەرھەڵدانی پیشەسازی و بوونی تۆڕی رێگەی ئاسن و گواستنەوەی بە لێشاوی سەرباز بە شەمەندەفەر بۆ بەرەکانی شەڕ، ھۆکارێکی تری کوشتارە زۆرەکەیە. سەرەتای ساڵی 1830 نزیکەی 20km کیلۆمەتر رێگەی ئاسن ھەبوو. پاش 10 ساڵ بوو بە 53,000km و پاش 20 ساڵ دوای ئەوە 1860 بوو بە خاوەنی 44,800km ھێڵی ئاسنین.3- باکوور بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ بەدەست سەرکردەی ناکارامەوە بوو، بەڵام باشوور خاوەنی سەرکردەی ھەڵکەوتوو، وەک جەنەڕاڵ Robert E.Lee خاڵێکی بێ مانا لای باشوورییەکان ئەوە بوو بەھۆکاری راسیستی، رێگەیان نەدا بە کۆیلە رەش پێستەکان بەشداری شەڕ بکەن، چونکە پێیان وابوو:

* ئەوانە نابێت ھاوشانی خۆیان لەسەنگەرەکاندا بەرگری بکەن، پێکەوە خوێنیان بڕژێت.

* باشوورییەکان ھەستی خۆشەویستی وڵاتیان زۆر بەھێز بوو، بۆیە بە ئاگایی و ھوشیاری و گەرموگوڕییەوە داکۆکییان لێکرد، باوەڕیشیان بەسەرکەوتن ھەبوو.

باکوورییەکان زۆر یەکگرتوو نەبوون، زۆر شەڕیان دەکرد و بەزەحمەت سەرکەوتوو دەبوون. بۆ نموونە لە ناوچەکانی Antietam,New Orleans بەڵام دواجار شەڕی یەکلاکەرەوە لە 1863 لە ناوچەی Gettysburg کرا. کاتێک ھێزەکانی جەنەڕاڵ Lee نزیکەی 28,000 ھەزار کەسیان لێکوژرا و باکوورییەکانیش 23,000 لێکوژرا، دواجار باشووریەکان خۆیان دا بەدەستەوە. دواجار لە کۆتایی ھاتنی شەڕدا، لینکۆلن وتارێکی بەناوی Gettysburg Address دا و داوای ئاشبوونەوەی راگەیاند و ھیوای خواست خوێنی قوربانییەکانیان بێتە ھەوێنی دروستکردنی نەتەوەیەک لە ئازادی و دیموکراسیدا بژی.

ھۆیەکانی دۆڕاندنی باشوور
ـ توانای مرۆیی و ماتریالی باڵادەستتر بوو بەشێوەیەکی باش رێکخران، لە بەرامبەردا جیاخوازەکان داوای ئازادکردنی کۆیلەکان و گرێدانیان بە ھێزەکانەوە نەبوو.

1-  پاراستنی یەکێتی ئەمریکا و ئازادکردنی کۆیلەکان دروشمی سەرەکی باکوور بوون. ئەوەبوو لینکۆلنLincoln لە1-1-1863لە راگەیاندنی Emancipation Proclamation دا ئازادبوونی ھەموو کۆیلەکانی بڵاوکردەوە. سەرۆک بەمە پشتیوانی لە داوای جەماوەری ناوخۆ کرد و رێگەی بڕی لە دەوڵەتەکانی باشوور لەوەی دانپێدانی دەرەکی و نێونەتەوەیی بەدەست بھێنن.

ـ «دییبلۆماتی لۆکە»ی باشوور گوایە پیشەسازی ناوخۆی بەریتانیا لەسەر لۆکەی باشووری ئەمریکا وەستاوە. ئەم رووداوانەش دەبێتە ھۆی دەستێوەردانی دەرەکی، بەتایبەت چاوەڕێ بوون لەشەڕەکەدا بەهایانەوە بێت!، چونکە باکوور گەمارۆی کەشتییەکانی بەریتانیایان دابوو. ئەم ھیوایە شکستی ھێنا، ئەمریکا یەدەگی زۆر بوو، لەگەڵ ھیندە سوورەکان و وڵاتی میسردا رێکەوتنی لەسەر ھاوردەکردنی لۆکە ھەبوو.

2-  تێچووی جەنگ لەسەر باشوور بە ھۆی پرسی باج و پارەی کاغەزەوە، خراپ کەوتەوە و زۆر کەوت لەسەریان و باری ئابوورییان داڕما و بەرگەی درێژەکێشانی جەنگییان نەدەگرت.

ئاکامەکانی شەڕ

1- کۆتایی پێھێنانی کۆیلایەتی لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دا.

2- پاراستنی «یەکێتی» نێوان دەوڵەتۆکەکان کە پێکیانھێنابوو.

3- جەختکردنەوە لەسەر سەروەرێتی فیدراڵی بەسەر تاکە تاکەی دەوڵەتەکاندا.

4- وێرانکردنی ئابووری باشوور و تازەکردنەوەی چوارچێوە جڤاکی و سیاسییەکەی.

5- ئازادکردنی دینامیکێتی ئابوورییەکی نوێ.

دوای کۆتایی شەڕی ناوخۆ، ئەبرەھام لینکۆلن بەچەند رۆژێکی کەم لەلایەن کەسێکی لایەنگری کۆنفیدڕاڵی/ باشوورەوە کوژرا!!. ھەموو دەوڵەتۆکەکانی باشوور بڕیاری پەسەندکردنی نەھێشتن و قەدەغەکردنی کۆیلایەتییان کرد، بەڵام ئەم دیاردەیە و رەگەزپەرستێتی بنەبڕ نەبوو!.

رەگەزپەرستێتی
دیارە سەرباری شەڕی ناوخۆ و یاسا و بڕیاری قەدەغەکردنی کۆیلایەتی، ھێشتا نەتوانراوە بەتەواوەتی کۆتایی بەم دیارەدەی رەگەزپەستێیتیە قێزەونە نامرۆڤانەیە بھێنرێت. بەتایبەت بەیارمەتی Black Codes رەشپێستەکان دەچەوسێندرانەوە و مافی ھەڵبژاردنی شوێنی کاریان نەبوو، بۆیە کۆنگرێس گەڵای 14 بڕیاری سەرباریی بۆ دەستوور دا و کە گرنگترینییان ئەوەیە: ھەر منداڵێک لە ئەمریکا لە دایک بێت خاوەنی ھەموو مافێکە و ئەمریکاییە و ھیچ کۆسپ و تەگەرە و جیاوازییەک نابێتە رێگری بەردەم ژیانی. ھەمووکەس یەکسانن لەبەردەم یاسادا. بەم جۆرە رەشپێست و کۆیلەکان بەردەوام بوون لەسەر خەبات بۆ مافەکانیان و بەداخەوە ھەتا ئێستاش بە ھەمووی مافەکانیان نەگەیشتوون. وەک دەزانین گروپ و رێکخراوی دژە رەشپێست و راسستیش لە بەرانبەردا سەریھەڵدا و دیارترینیان Ku-Klux-Klan کە ساڵی1867 دروستبوو، لەلایەن پێشەنگەکانی جەنگەوە، بەنھێنی دروستکرا و بەڕێوە برا.

هەرچۆنێک بێت کۆیلەکان ئازادکران، بەڵام ئازاد نەبوون، ئەمریکا بەو ھەموو ئازادی و خۆشگوزەرانییەی خۆیەوە ھێشتا نەیتوانیوە، بەتەواوەتی کۆمەڵگەیەکی ھارمۆنی ساز بدات. ئیتالیایی و چینییەکان و کاسۆلیکەکان و جولەکەکانی ئەوروپای رۆژئاوا ھێشتا پارێزگاری لە شوناسی خۆیان بەر لە ھی ئەمریکایی دەکەن.Chinatown,LittleItaly ناوچەی دیکەش بەرچاو دەکەون، کۆیلەڕاگرتن دوو رەھەندی«ئایینی و رەگەزپەرستی» ھەبووە.

ئەنجام
ئەگەر بە وتەیەکی هانا ئارێنت دەست پێبکەین: «شۆڕش بریتی نییە لە گەڕانەوەی دۆخی پێشتر، وەک گەڕانەوەی ئەستێرەکان، بەڵکو بریتییە لە دەستپێکێکی تەواو نوێ. شۆڕش بریتییە لە لە دایکبوون، لە دایکبوونیش واتە دەستپێکێکی تر، هەموو دەستپێکێکی تازەش بریتییە لە کرۆکی ئازادی». ئەوا پێناسەی شۆڕشمان بۆ روون دەبێتەوە.

ئەوەی لێرەدا لە میانەی شۆڕشدا ناسراوە، کۆلۆنییە ئەمریکاییەکان لە بنەڕەتدا خەڵکی ئەمریکا نین و پێکهاتەیەکی شێوە کۆلۆنیالیستین، کە دواجار خۆشیان بەڕووی دەسەڵاتی ناوەندی دەوڵەتی دایکی خۆیان لە دوورایی هەزاران کیلۆمەترەوە لە پێناوی «ئازادی»دا دەجەنگ و بڕیاری سەربەخۆیی و خۆقوتارکردن لە چنگی هەژموونی قورسی «ئایینی و ئابووری»دەدەن. واتە ئەم پێکهاتە کۆلۆنییە نیشتمانێکی داگیرکراو نەبوون، تا بە شۆڕش رزگاریان بێت، بەڵکو جەنگێکیان بەرپاکردووە لە فۆڕمی شۆڕشدا، کە ئازادی کرۆک و ناوەڕۆكێتی، بەدەستەکەوتی تری گەورەی هێنانی مافی مرۆڤ و یەکسانی و بەدەستهێنانی بەختەوەری بۆ گشت مرۆڤەکان و پاراستنی شکۆ و ئابڕووی هاووڵاتی لەئاست دەسەڵاتی ناوخۆشدا. ئەمەش پڕاوپڕ مانای ئەو گۆڕانەیە کە شۆڕش دەیخوڵقێنێ.

شۆڕشەکە ئایدۆلۆژیایەکی دیاری کراوی نییە و بۆ سیستەمێکی نەخشە بۆ کێشراویش هەوڵینەداوە، رەهەندی کۆمەڵایەتیشی نییە، بەوەی خۆی بە نوێنەری دەستەوتاقم و توێژێ بزانێت. کاتێکیش شۆڕش سەردەکەوێت، لەناوەوە رووبەڕووی کێشەی ناوخۆ دەبێت و جیابوونەوەیەکی نوێ دێتە بەردەم شۆڕشگێڕان و بەناچاری بە زەبری چەک و توندوتیژی چارەسەری ئەم «شەڕە نێوخۆییە» دەکرێت.
کەواتە شۆڕشگێڕە سەرکەوتووەکان فریای ئەوە نەکەوتوون خۆیان بەری شۆڕش بچننەوە و بیخۆن و ببنەوە بە ستەمکارێکی نوێ، رووبەڕووی بڕیاری جیابوونەوەی کۆمەڵێک دەوڵەتۆکە دەبنەوە کە بەو «یەکێتی»یە رازی نین، کە لەسەری پێکهاتوون.

دەبێت ئەوەش بڵێین کەوا هەموو مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ لە ئامانجەکانی شۆڕش و بنەماکانی دەستووردا ئاماژەیان پێدراوە، ئەمەش گەورەترین وەرچەرخانی مێژووییە بە سوودی مرۆڤ، وەک مرۆڤ بەڕەنگ و بنەچەی جیاوازەوە هێنایە کایەوە. مافەکانی تر مرۆڤ لە یەکسانی و دادپەروەریی و خاوەندارێتی و شکۆمەندی هێنایە پێشەوە، بێ جیاوازی ئەو مرۆڤە لە هەر پلەو پۆست و دەسەڵاتێکدا بێت.

بەم پێیە بیروڕامان هاوجووتی گوتەیەکی بێردنارد شۆ دەبێتەوە کە دەڵێت:» ئازادی وەک هەناسەدان وایە بۆ نەتەوەکان».

ئەمە شەڕی ناوخۆی ئەمریکا چ مانا و فەلسەفەیەکی سیاسی و ئایدیۆلۆژی پێوە نالکێ بۆ رەوایەتی بەخشین بە دیاردەی «شەڕی ناوخۆ» وەک بەشێک لە بەناو شۆڕشگێڕەکانی جیهانی سێیەم، دەیانەوەی بە قەدوباڵایدا ببڕن. بەواتایەکی تر لەم نموونانەوە رەوایەتی وەرگرن بۆ کوشتنی براکانی خۆیان. ئەمە شەڕی حزبایەتی و توێژ و دەستەی دیاریکراو نەبوو، لەسەر فکر و ئایدیۆلۆژی، بەڵکو شەڕێک بوو لەسەر گۆڕەپانی پاراستنی «یەکێتی» نێوان کۆلۆنییەکان، بەواتای یەک پارچەیی جوگرافیای سەرزەمینێکی دیاریکراو.

شاراوە نییە، مێژووی ئەمریکا چەندین لایەن و خاڵ و لاپەڕەی سپی و رەشی تری تێدایە، سەدەیەکیشە زلهێزی جیهانییە و لەڕووی ئابووری و سەربازی و زانست و تەکنەلۆژیا و سیاسەتەوە، کاریگەری لە هەموو بوارەکانی ژیاندا بەسەر تەواوی گۆی زەوییەوە دیارە.

چەند وتەیەکی ناوداران دەربارەی ئازادی و ئەمریکا

ئازادی ژیان وا لە دڵی بازرگانی و مامەڵەدا، لە عەقڵ و رۆحی مرۆڤ دا، بۆیە پێویستە رۆژانە قازانج بکات و سوودی پێبگات و نوێ بێتەوە، دەنا وەکو گوڵێکی لێ دێت، کە لە رەگی ژیانی خۆی دەبڕدرێتەوە و وشک دەکات و ھەڵدەوەرێتDwight D. Eisenhawer.

ھەرگیز رێگە نەدەیت ئازادیت لەدەست بچێتJ.Adison.

ئازادی ھەمیشە ترسناک و بڤەیە، بەڵام ئەوە زامنترین شتە کە ئێمە دەمانەوێتH.E.Fosdick.

لەھەر شوێنێک ئازادی بژی ئەوێ نیشتمانمەBenjamin Franklin.

ئەو شەماڵەی لە چیاکاندا بە نێو ئاسمانی فراواندا ھەڵیکردووە، ئەو ھەوایەی لە کەنەداوە بەناو مەسیکۆ و لە پاسیفیکەوە بۆ ئەتڵەنتیک ھەڵی کردووە بە لوورە لوور دێ، ھەمیشە فوو دەکەنە پیاوانی ئازادFranklin D. Rooselvelt.

– ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تاکە وڵاتە کە رۆژی لە دایکبوونی بەناوبانگەJ.G.Blaine.

– ئەمریکا میلۆدییەکە، پێویستە پێکەوە بیچڕینGerald Stanley Lee.

– من بەختەوەرم بەوەی ئەمریکاییم، کە بەلایەنی کەمەوە، دەزانم کەوا ئازادم. من ئەو پیاوانە لەبیر ناکەم کە لەم رێیەدا مردن و ئەم مافەیان بە من بەخشیووەLee Greenwood.

– ھاووڵاتیانی خۆشەویستی ئەمریکاییم: پرسیار مەکەن کەوا وڵات دەتوانێ چی بکات بۆ ئێوە!، بپرسن داخۆ ئێوە دەتوانن چی بکەن بۆ وڵاتەکەتان. ھاووڵاتیانی جیھانم: پرسیار مەکەن ئەمریکا دەتوانێ چی بۆ ئێوە بکات، بەڵکو ئێمە پێکەوە دەتوانین چی بکەین بۆ ئازادی مرۆڤەکانJohn .F. Kennedy.

– با ھەموو نەتەوەکان بزانن، ئایا باشی ئێمە دەخوازن یاخود خراپەمان، ئێمە ھەموو نرخێک دەبەخشین، ھەر ئەرک و بارێک بخەینە سەرشانمان، ڕووبەڕووی ھەر تەنگانەیەک ببینەوە، پشتیوانی ھەموو دۆستانمان دەکەین، بەرەنگاری ھەر دوژمنێک دەوەستینەوە، بۆئەوەی مانەوە و ژیان و سەرکەوتنی ئازادی مسۆگەر بکەینKennedy.

– ئەوانەی گەوھەری ئازادی بۆ بەدەستھێنانی ئاسایشێکی کاتی لەدەست دەدەن، نە شایستەی ئازادی و ئاسایشن و نە ھیچیان بەدەست دێنن.

‏ سەرچاوە:
1-هانا ئاڕێنت شۆڕش و ئازادی و. لە ئەڵمانییەوە – بەکر عەلی
2- USA. Christine Metzger 2008
3- 3USA- von der Kolonien zur globalen Supermacht Matthias Ehm 2011
4- Die Geschichte der USA Wolfgang Jager /Cosuelsen Verlag 2015
5- Geschichte der USA Alexander Emmerich. 2013
6- Geschichte der USA Horst Dippel. 2015
7- Nationsbildung im 19j.h USA,Polen, Deutschland in Vergleich Eugen Kosle 2016
8- Der Amerikanische Burgerkrieg.1861-1865 UDO Sautter 2009

 

 323 جار بینراوە