سەرەکی » ئابووری » عیراق پێویستی بە 24 هەزار پڕۆژەی بەخێوكردنی پەلەوەر هەیە

عیراق پێویستی بە 24 هەزار پڕۆژەی بەخێوكردنی پەلەوەر هەیە

ئا: یادگار عەلی

بەپێی ئاماری وەزارەتی كشتوكاڵ و توێژینەوەكانی چەند كۆلێجێكی كشتوكاڵ لە زانكۆكانی عیراق، كێڵگە ناوخۆییەكانی پەلەوەر ناتوانن پێداویستیی ناوخۆیی پڕبكەنەوە و رووبەڕووی چەندین كۆسپ بوونەتەوە.

بەپێی ئاماری ئەو وەزارەتە، ساڵانە لە عیراق ملیۆنێك و 344 تۆن مریشك بە بەهای سێ تریلیۆن دینار دەخورێت و بەكاردەهێنرێت. هەروەها 156 هەزار تۆن مریشكی ناوخۆیی بەرهەم دەهێنرێت و ئەو رێژەیەش تەنیا (11,6 %)ی پێویستیی ناوخۆ پڕ دەكاتەوە.

ئاماژە بەوەشدراوە، عیراق پێویستی بە بڕی 19 هەزار پڕۆژەی بەخێوكردنی پەلەوەر هەیە و ئەوەی ئێستا هەیە تەنیا دوو هەزار و 700 پڕۆژەیە و پێشبینی دەكرێت تا ساڵی 2030 پێویستیی دانیشتوان بە مریشك بۆ (1,72) ملیۆن تۆن بەرزبێتەوە، ئەو رێژەیەش دەكاتە (20 %)ی بەرزبوونەوەی رێژەی خواست. واتە پێویستی بە 24 هەزار پڕۆژە دەبێت.

هەروەها ئەوەش خراوەتەڕوو: بۆ ساڵی 2050 پێشبینی دەكرێت خواست لەسەر گۆشتی مریشك بە رێژەی (100 %)ی ئەو رێژەیەی ئێستا بەرهەم دەهێنرێت زیاد بكات.

سەبارەت بەو كۆسپانەش كە لە بەردەم پڕۆژەكانی پەلەوەردان لە عیراق، باس لە كەمی كێڵگەی بەرهەمهێنانی (ئالیك، كەمی ئاو، كەمی ڤاكسین، زۆری كرێی كارەبا) كراوە و هەموو ئەوانەش وایكردووە بەرهەمی ناوخۆیی مریشك نەتوانێت كێبڕكێی مریشكی هاوردەكراو بكات.

هەر بەپێی ئەو ئامارەی وەزارەتی كشتوكاڵ و چەند زانكۆیەكی عیراق، ئەگەر لەهەر كێڵگەیەكی بەخێوكردنی پەلەوەردا (30 – 50) كرێكار كار بكەن و بژێویان دابین بكەن، ئەوا لە عیراق 500 هەزار كەس لەو رێگەیەوە هەلی كاریان بۆ پەیدا بووە.

 237 جار بینراوە