سەرەکی » دۆسێ » كۆنگرەی وڵاتانی دەوروبەر لە بەغدا بەڕێوەدەچێت

سعودیە و ئێران و توركیا كۆدەكاتەوە

كۆنگرەی وڵاتانی دەوروبەر لە بەغدا بەڕێوەدەچێت

ئاژانسی دەنگوباسی رەسمی (العراقیە)، باس لە میوانداریكردنی بەغدا دەكات بۆ كۆنگرەی وڵاتانی دەوروبەری عیراق لە كۆتایی ئەم مانگە، بەرپرسێكی باڵای وەزارەتی دەرەوەی عیراقیش ئاماژە بە پێكهێنانی لیژنەیەكی حكومی دەكات بەسەرۆكایەتی نزار خەیروڵڵا بریكاریی پێشكەوتووی وەزارەتی دەرەوە، لەپێناو ئامادەكاریی بۆ كۆنگرەی وڵاتانی دەوروبەری عیراق كە سعودیە و ئێران و توركیا بەشداریی تێدا دەكەن.

ئاژانسەكە باسی لە سەردانی خالید بەتال وەزیری پلاندانانی عیراق كردووە بۆ كوێت كە نامەیەكی دەستنوسی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی هەڵگرتبوو بۆ شێخ نەواف ئەحمەد جابر سوباح میری كوێت و لە نامەكەدا بانگێشتكراوە بۆ بۆ بەشداریی لە كۆنگرەی وڵاتانی دەوروبەری عیراق كە لە بەغدا لە كۆتایی مانگی ئابی 2021 بە بەشدارییەكی باڵای ئەوروپایی بەڕێوەدەچێت.

ئاژانسی (العراقیە) لە زاری بەرپرسان و سیاسەتوانە عیراقییەكانەوە بڵاویكردەوە»كۆنگرەكە سەرەتایەكە بۆ چارەسەكردنی كێشەكان و هەنگاوێكی گرنگیشە بۆ پشتیوانی لە پێگەی ئیقلیمی عیراق».

بەپێی زانیارییە رۆژنامەوانییەكان، كازمی فەرمانی كردووە بە پێكهێنانی لیژنەیەك لە ئەنجومەنی وەزیران كە فەرمانبەران و راوێژكاران و بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوە لەخۆدەگرێت و لەپێش هەمووشیانەوە، نزار خەیروڵڵا بریكاریی پێشكەوتووی وەزارەتی دەرەوە، ئەمەش بە مەبەستی ئامادەكاریی بۆ سازدانی كۆنگرەی وڵاتانی دەوروبەری عیراق كە لە ئێران و توركیا و سعودیە و كوێت و ئەردەن و سوریا پێكدێن، وێڕای بەشداریی نوێنەرانی وڵاتانی تری كاریگەر و نوێنەرانی یەكێتی ئەوروپا.

(العراقیە) لە زاری ئەحمەد ئەڵوەند، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی نەسر لە ئەنجومەنی نوێنەران بڵاویكردەوە»كۆكردنەوەی لایەنە ناكۆكەكان لە بەغدا، لەپێناو گەیشتنە بە رێكەوتنێكی هاوبەش كە ببێتە مایەی هێنانەدی بەرژەوەندی عیراق و بەهێزكردنی سەروەریی وڵات، چونكە عیراق رۆڵی دانوستانكار و رۆڵی نێوەندگیر دەبنێت، ئەمەش بە دڵنیاییەوە مایەی خۆشحاڵییە بۆ دەوڵەتی عیراقی، بۆیە بە خۆشحاڵییەوە پێشوازیی لە هەموو ئەو رێكارانە دەكرێت كە دەبنە مایەی هێنانەدی بەرژەوەندییەكانی دەوڵەت و پتەوكردنی رۆڵی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی عیراق لە ناوچەكەدا».

بە وتەی ئەڵوەند»بوونی كۆبوونەوەیەك لەسەر بانگهێشتی عیراق و پابەندبوونی لایەنە بەرپرسەكان پێوەی، لە بەرژەوەندی وڵاتە و كاردانەوەیەكی ئەرێنی دەبێت، چونكە عیراق هەوڵ دەدات پێگەی خۆی بۆ بگەڕێتەوە، نەك هەر تەنیا لەسەر ئاستی ئیقلیمی، بەڵكو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییش، ئەمەش كاردانەوەی راستەوخۆی لەسەر رۆڵی پێشەنگی عیراق دەبێت لە كۆمەڵی نێودەوڵەتی».

لای خۆیەوە، ئیحسان شەممەری سەرۆكی سەنتەری بیركردنەوەی سیاسی بۆ توێژینەوەكان بە ئاژانسی دەنگوباسی عیراقیە (واع)ی راگەیاندووە»بانگەگەشەكردن بۆ سازدانی كۆنگرەی وڵاتانی دەوروبەری عیراق، لەپێناو پتەوكردنی پێگەی عیراقە لەسەر ئاستی ناوچەكە و بە هەمان شێوە بۆ گێڕانەوەی رۆڵی پێشەنگی وڵاتە، بەوپێیەی كاریگەرە لە چەسپاندنی سەقامگیریی ناوچەكە و هێنانەدی هاوسەنگی سەبارەت بە سیاسەتەكانی دەرەوەی عیراق».

بە وتەی شەممەری»سروشتی جموجۆڵەكانی عیراق لەسەر ئاستی لوتكەی سێ‌ قۆڵی و پەیوەندییە ئەرێنییەكان لەگەڵ شانشینی عەرەبی سعودیە و لەگەڵ وڵاتانی كەنداو و ویلایەتە یەكگرتووەكان، دەبنە مایەی پتەوكردنی متمانەی عیراق و بانگهێشتكردنەكان بۆ سازادنی كۆبوونەوەیەكی لەو جۆرە».

شەممەری پێیوایە»كۆبوونەوەكە خۆی لەخۆیدا، هەنگاوێكی گرنگ و پێشكەوتووە بۆ قەتیسكردنی ناكۆكییەكانی نێوان وڵاتان و كاركردنی پێكەوەیی لە رووبەرێكی هاوبەشدا، بەڵام لەوبڕوایەدانیین كۆبوونەكە ببێتە مایەی كۆتایی هێنان بە هەموو ناكۆكییەكان، بە تایبەتی تەواوی دۆسێ‌ تێكهەڵچووەكان، لەگەڵ ئەمەشدا كاردەكات بۆ لێكنزیككردنەوەی بۆچوونەكان، هەر ئەمەشە عیراق كاریی لەسەر دەكات كە دەبێتە مایەی پەرەسەندنی رۆڵی وڵات، گەر وەك نێوەنگیر كاریی كرد لەڕێی ئەم كۆنگرەیە كە هاوبەش دەبێت لە چارەسەكردنی دۆسێكان، بەڵام داخستن و كۆتایی هێنانی ئەو دۆسێیانە پێویستییان بە كات و كۆبوونەوەی زیاترە، كۆنگرەكەش هەنگاوی یەكەمە بەرەو ئەو ئامانجە».

لەبەرامبەردا، سەرچاوە سیاسییە عیراقییەكان لە بەغدا، تەئكید لەسەر بوونی كاردانەوەی ئەرێنی دەكەن سەبارەت بە بەشداریی لە كۆنگرەكە لەلایەن وڵاتانەوە، وێڕای بەشداریی نوێنەرانی یەكێتی ئەوروپا.
هەر بەپێی ئەو سەرچاوانە كە قسەیان بۆ میدیا عەرەبییەكان كردووە»ئاراستەیەك هەیە بۆ فراوانكردنی رووبەری بەشداریی لە كۆنگرەكەدا، تا وڵاتانی تری كەنداو لەخۆبگرێت كە لەڕووی جوگرافییەوە بە وڵاتانی دەوروبەری عیراق دانانرێن، لەگەڵ میسر كە بە وڵاتێكی كاریگەر لەسەر ئاستی عەرەبی و ئیقلیمی دادەنرێت».

ئەو سەرچاوانە دەڵێن»نوێنەرایەتی چاوەڕوانكراو لەسەر ئاستی وەزیرەكانی دەرەوە و سەرۆك حكوتەكانی وڵاتە بەشداربووەكان دەبێت».

بەپێی دوایین پێشهاتەكان، كۆنگرەی وڵاتاتی دەوروبەر لە بەغدا، لەسەر ئاستی سەرۆكەكان بەڕێوەدەچێت و بۆ ئەو مەبەستەش مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران داوەتنامەی رەوانەی زۆربەی سەرۆكەكان كردووە، لەگەڵ ئەمەشدا هەندێك لە لایەنە سیاسییەكان بەهۆی تێپەڕینی وڵات بە تەنگژەی دارایی، لە بایەخی كۆنگرەكە كەمدەكەنەوە و پێنانوایە بەهەدەردانی سامانی گشتی و بەفیڕۆدانی كاتە، چونكە بە وتەی ئەوان هیچ سودێكی نابێت و لەبری ئەوە دەكرا لەنێوخۆدا كار بۆ چارەسەری كێشە و تەنگژەكان بكرایە.

 174 جار بینراوە