سەرەکی » وتار » كاوسێن بابه‌كر‌ » لەژێر سێبەری ئەمریکادا گوێم لە هاڕەی داڕوخانی…

لەژێر سێبەری ئەمریکادا گوێم لە هاڕەی داڕوخانی…

لەژێر سێبەری ئەمریکادا گوێم لە هاڕەی داڕوخانی دەوڵەتێکە!

سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کەس شاراوە نیە کە لە چوارچێوەی بەرژەوەندیەکانیدا دەخولێتەوە و لە کوێ بەقازانجی نەبێ هێڵی سوورە و یەکسەر پاشەکشە دەکات، ئەگەر دەست و پێوەند و هاوڕێکانی سەنگەریشی سەریان تێدا بچێت!

ئەوە ڤێتنام ئەوە شۆڕشی ئەیلول و قسە بەناوبانگەکەی هێنری کێسنجەری وەزیری دەرەوەی ئەوکات کە وتی: کورد نە مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندیەکانمان هەبوو نە قازانج بۆیە پشتمان تێکردن!

خۆراوای کوردستان کە بە هاوڕێی سەنگەر و جەنگاوەری ئازا ناویان دەبەن، چەندین جار جێیان هێشتن لەبەردەم داگیرکەرانی تورکیا و دارودەستەکانیان و دووریش نییە بە یەکجاری پشتیان تێبکەن.

ئێستا ئەفغانستانی بەتەنها جێهێشت، گوێمان لە هاڕەی دەوڵەت و حکومەتەکەیەتی و زۆر رەزیلانە و خۆپەرستانە بێ ئەوەی بچووکترین چارەسەری بۆ دۆزیبنەوە لە جەنگەی هێرشەکانی تاڵیبانی توندڕەودا بەجێیان دەهێڵێ و زۆر رووقایمانەش داوا لە ووڵاتان دەکات کە بەشداربن لە پاراستنی ئەفغانستان، لە کاتێکدا هێزی دڕندەی تاڵیبان لە کەمتر لە سێ هەفتەدا دەستی بەسەر ئەفغانستاندا گرتەوە و دەسەڵاتی خستەوە ژێر رکێفی خۆی!

ئەو نموونانە و دەیان نموونەی تر دەری دەخات کە پڕوپاگەندەکانی ئەمریکا لە پاراستنی مافی مرۆڤ و نەتەوەکان و بڵاوکردنەوەی دیموکراسی و ئاسایش لە جیهاندا لە درۆیەکی شاخدار بەولاوە هیچی ترنەبووە و نییە، رێکەوتنیش لەگەڵ زلهێزەکان لەسەر بەرژەوەندی هاوبەش هەروەک لە رێکەوتنی لەگەڵ روسیا کە ئۆلبرایتی وەزیری دەرەوە بە پۆتینی گوت: چی لەچیچان دەکەی ئێمە نەدەیبینین و نەدەیبیستین و نەگرنگی پێدەدەین، ئێوەش هەمان شت بکەن لە دەستوەردانمان لە عیراقدا! بەکردەوەش جێبەجێیان کرد!

لەعیراقیشدا ئامادەکاری دەکات بەجێی بهێڵێ، دوای ئەوەی شیعەکانی سەر بە ئێران بەتەواوی دەستیان بەسەردا گرتووە و دووریش نییە شەڕی ناوخۆ بتەقێتەوە یان هەڵگەڕانەوەیەک رووبدات، ئایندە، لەتاریکایی نەبێ هیچ دیارنییە، هەموو ئەوانەش بەرئەنجامی سیاسەتە هەڵە و بەرژەوەند پەرستیەکانی ئەمریکایە.

 212 جار بینراوە