سەرەکی » راپۆرت » راپۆرتی، ته‌ها عه‌بدوڵلا‌ » لە هەرێمی كوردستان 32 هەزار كۆمپانیای ناوخۆیی و بیانی تۆماركراونپەڕە 2

«زۆربەیان لە بوارەكانی بازرگانی و بەڵێندەرایەتین»

لە هەرێمی كوردستان 32 هەزار كۆمپانیای ناوخۆیی و بیانی تۆماركراون

بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری كۆمپانیاكانی سەر بە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت، 32 هەزار كۆمپانیا لە بەڕێوەبەرایەتییەكەیان تۆماركراوە.

بڵند محەمەد مەم، بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری كۆمپانیاكان لە هەرێم، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند، بەڕێوەبەرایەتیی تۆماری كۆمپانیاكان، دامەزراوەیەكی گرنگی حكومەتی هەرێمە و ناوەندێكە بۆ جێبەجێكردنی زۆربەی ئەو بڕیارانەی كە لەبارەی فراوانكردن و بەرەوپێشبردنی كەرتی تایبەت لە كوردستان دەدرێت، لە رێگەی رەچاوكردنی بارودۆخی ئابووری ‌و دارایی و ئەو گۆڕانكارییانەی دێنە پێشەوە.

خەرجییەكی زۆر بكەن
وتیشی: «ئێستا 32 هەزار كۆمپانیا لە هەرێم تۆماركراون، لەوانە: 29 هەزاریان بریتین لە كۆمپانیای خۆماڵی، ئەوانی دیكەش لقی كۆمپانیا بیانی و عیراقییەكانن، كە بەشی زۆری ئەو كۆمپانیانە لە بوارەكانی بازرگانی گشتیی بۆ هاوردە و هەناردەكردن كار دەكەن، دواتر كۆمپانیاكانی بواری بەڵێندەرایەتی».

ئەوەشی خستەڕوو، جگە لەو كۆمپانیانەی كە تۆماركراون، بەشێكی دیكە لە كۆمپانیاكان خۆیان پاكتاو كردووە «هەڵوەشاندۆتەوە»، ئەمەش چەند هۆكارێكی هەیە لەوانە: سستبوونی جموجۆڵی بازرگانیی لە هەندێك كاتی جیاوازدا وایكردووە كۆمپانیاكان كارەكانیان بوەستێنن و خۆیان پاكتاو بكەن، بەشێكی دیكە لە هۆكارەكان بۆ زۆری بڕی باج و رسومات دەگەڕێتەوە كە لەكاتی نوێكردنەوەی كاری كۆمپانیاكان دەبێت بە حكومەت بدرێت، ئەویش بە یاسای ژمارە 21ی ساڵی 1997ی هەموار كراو رێكخراوە.

ئەو بەڕێوەبەرە روونیدەكاتەوە، بەگوێرەی ئەو یاسایە، پێویستە هەموو ساڵێك كۆمپانیاكان حساباتی كۆتایی خۆیان بهێنن، ئەمەش وادەكات خەرجییەكی زۆر بكەن، ئەمە لەكاتێكدا ئەو كۆمپانیانە لەكاركردن بەردەوام بن یاخود كارەكانیان راگرتبێت، چونكە جگە لە كۆمپانیاكانی بەڵێندەرایەتی كە لەسەر بنەمای كاركردن باجیان لێوەردەگیرێت، ئەوانی تر باجی تەخمینكراویان لێوەردەگیرێت، ئەمەش كاریگەریی كردۆتە سەر ئەوان و ناچار خۆیان پاكتاو دەكەن.

بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری كۆمپانیاكان دەشڵێت: «بۆ چارەسەری ئەو كێشەیە چەند ئاسانكارییەك بۆ كۆمپانیاكان بەردەستدەخەین، بۆ نموونە لەكاتی تۆماری كۆمپانیاكاندا رۆتین كەم دەكەینەوە، ئەویش لە رێگەی جێبەجێكردنی سیستمی بە ئەلیكترۆنیكردنی تۆماری كۆمپانیاكان كە چاوەڕوان دەكرێت لە مانگی نۆی ئەمساڵدا بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە، هەروەها بەشێكی زۆر لە دەسەڵاتەكانی بەڕێوەبەرایەتییەكەمان بۆ پارێزگاكان شۆڕكراوەتەوە، بە جۆرێك كارەكان رێكخراوەتەوە كاتێك كۆمپانیایەك بەڵگە یاساییەكانی تەواو بێت، ئەوە تەنیا لە ماوەی (1 – 2) رۆژ كاری تۆماركردنی تەواو دەبێت».

كەمكردنەوەی كرێی تۆماركردنی كۆمپانیاكان
زانیاری زیاتری ئاشكرا كردو وتی: «نووسراومان ئاراستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران كردووە، بۆ ئەوەی پێدانی پارەی تۆماری كۆمپانیاكان بە شێوازی ئەلیكترۆنی بێت، ئەمەش وادەكات ئەگەر خاوەنی كۆمپانیا لە دەرەوەی وڵاتیش بێت، بتوانێت بە ئەلیكترۆنی خۆی تۆمار بكات».

بڵند محەمەد مەم، باس لە هۆكاری كەمبوونەوەی تۆماری كۆمپانیاكان لە كوردستان دەكات و رایدەگەیەنێت، لە دوای ساڵی 2014ەوە چەند هۆكارێك وایكرد كە ژمارەی تۆماری كۆمپانیاكان كەمبێتەوە لەوانە: (قەیرانی دارایی و ئابووریی لە ناوخۆی هەرێم و جیهان، دروستبوونی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش، بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا و رێوشوێنەكانی خۆپارێزیی، لەگەڵ رۆتیناتی تۆماری كۆمپانیاكان).

سەبارەت بە وەرگرتنی باج و كایگەریی لەسەر كۆمپانیاكان، ئەو بەڕێوەبەرە وتی: «لە ئەنجومەنی وەزیران و لە رێگەی لیژنەی باڵای رێكخستنەوەی تۆماری كۆمپانیاكان كە بە سەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت ‌و ئەندامێتی وەزیری بازرگانی و وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان و بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری كۆمپانیاكان پێكهێنراوە، نووسراوێكمان ئاراستە كرا بۆ ئەوەی كرێی تۆماركردنی كۆمپانیاكان كەمبكەینەوە، تا ئەوكاتەی كۆمپانیاكان دەكەونە سەر كار و قازانج دەكەن، ئینجا رێژەی باج زیاتر بكرێت، ئەوەش بەشێوەیەك بێت بگونجێت لەگەڵ ئەو قازانجەی كە دەیكەن».

بەستنەوەی كۆمپانیاكان بەشێوەی ئەلیكترۆنی
وتیشی: «لە پڕۆسەی تۆماركردندا، كارمان كردووە بۆ بەستنەوەی كۆمپانیاكان بەشێوەی ئەلیكترۆنی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی باجەكان ‌و بەڕێوەبەرایەتیی دەستەبەری، بە جۆرێك هەر كۆمپانیایەك كە دادەمەزرێت و ئەو فەرمانبەرانەی كە هەیەتی، راستەوخۆ بە بەڕێوەبەرایەتیی دەستەبەری دەبەسترێتەوە، بۆ ئەوەی هەر كرێكارێك كارەكەی لە دەستبدات، لە رێگەی دەستەبەرییەوە مووچەیەكی بۆ دابین بكرێت».

ئەو پێیوایە، خێراكردنی پڕۆسەی تۆماركردنی كۆمپانیاكان وادەكات رێژەی رەخساندنی هەلی كار زیاتر بێت، چونكە چەند زیاتر كۆمپانیا تۆمار بكرێت، هێندە پێویستیی بە فەرمانبەر و كارمەند دەبێت، بۆ نموونە ئەگەر لە شەش مانگی ئەمساڵدا 400 كۆمپانیا تۆمار بكرێت، ئەوە هەر كۆمپانیایەك پێویستیی بە پێنج كارمەند دەبێت، سەرەنجام ژمارەیەكی زۆر هەلی كار دەڕەخسێنرێت.

پەیوەندییان لەگەڵ بەغدا
بڵند محەمەد مەم، باسی لە پەیوەندیی نێوان هەرێم و بەغدا لە رووی تۆماری كۆمپانیاكانەوە كرد و وتی: «پەیوەندیمان لەگەڵ كۆمپانیاكانی عیراق لە ئاستێكی زۆر باشدایە، لە بەغدا و هەرێم و دوو بەڕێوەبەرایەتیی تۆماری كۆمپانیاكان هەن، بەشێوەیەك هەر كۆمپانیایەكی هەرێم بیەوێت لقی خۆی لە بەغدا بكاتەوە، ئەوە لە رێگەی ئێمەوە نووسراو بۆ تۆماری كۆمپانیاكانی عیراق دەكرێت و ئەوانیش وەریدەگرن، بە پێچەوانەشەوە ئەوانەی عیراقین، لە كوردستان لقیان دەبێت».

وتیشی: «لە دوا سەردانی وەزیری بازرگانیی عیراق بۆ هەرێم، باس لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە بازرگانییەكان و پەیوەندیی نێوان كۆمپانیاكان كرا، بەتایبەتی ئەو كۆمپانیا پشكدارانەی كە دادەمەزرێن و پێویستییان بە بازاڕكردن هەیە، چونكە تا ئێستا لە كوردستان بازاڕی كاغەزە دارییەكان نییە، بۆیە داوامان كردووە كۆمپانیاكانی هەرێمیش بە بازاڕی كاغەزە داراییەكانی عیراق ببەسترێنەوە، بۆ ئەوەی بتوانن كڕین و فرۆشتن بە پشكەكانی كۆمپانیا پشكدارەكانی هەرێم لە بەغدا بكەن».

 474 جار بینراوە