سەرەکی » راپۆرت » هەڵمەتی سەوزکردنی سلێمانی بەردەوامەپەڕە 2

ئەو نەمامانەی دەچێنرێن بەرگەی کەمئاوی و کەشوهەوای سلێمانی دەگرن

هەڵمەتی سەوزکردنی سلێمانی بەردەوامە

راپۆرتی: کەنار قاسم

لەپێناوی جوانترکردنی سیمای شاری سلێمانی و پارێزگاری و هێشتنەوەی رووبەری سەوزایی لە شارەکەدا، ھەڵمەتێک دەستیپێکردووە.

بە بڕیاری قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان و بە خەرجكردنی یەك ملیار دینار لەسەر بڕیاری بافڵ تاڵەبانی ھاوسەرۆكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە سەرەتای ئەم مانگەوە ھەڵمەتێک بۆ جوانکردن و سەوزکردنی سلێمانی دەستیپێکردووە، سەرەتا بە رازاندنەوەی شار و بۆیاخکردنی شۆستەی شەقامەکان دەستیپێکرد، ئێستاش بە چاندنی نەمام لە تەواوی شەقامەکانی سلێمانی بەردەوامە.

بە پلانێکی تۆکمە و بە شێوەیەکی زانستی
لەم هەڵمەتەدا بە پلانێکی تۆکمە و بە شێوەیەکی زانستی کاردەکرێت کە پێشتر لێکۆڵینەوەی بۆ کراوە، ئەو نەمامانەی دەچێنرێن لە رووی کوالیتیەوە بەرگەی کەشوهەوای شاری سلێمانی دەگرێت، هەروەها بەرگەی گەرماو رەشەبا و کەمئاوی دەگرێت، ئەو دارانە هەڵبژێراون کە تا 3 ساڵ پێویستی بە خزمەت و ئاودێری دەبێت، دواتر هەرچەندە هەتا خزمەت بکرێت جوانتر دەبێت، بەڵام بە نەمانی ئەو خزمەتە دارەکان هەر دەمێنن و نافەوتێن، سەرباری ئەوەش لە پلانەکەیاندا سیستەمی ئاویشیان بۆ دەستنیشانکردوون، ئەو درەختانەی دیاریکراون دوو جۆری سنەوبەرە، جۆرێکیان پێی دەوترێت سنەوبەری کاجی مەشهەدی و جۆرەکەی تر سۆیای ستوونی، هەروەها داری ژاڵە بە چەند رەنگێک، چونکە ژاڵەش لەو جۆرە دارانەیە بەرگەی کەمئاوی دەگرێت.

نەمامی گونجاو لەگەڵ ژینگەی سلێمانی
بۆردی جوانکردن و سەوزکردنی سلێمانی رۆژانە بە چەند تیمێک کار دەکات بۆ چاندنی نەمام لە تەواوی شەقامەکانی سلێمانی کە لەگەڵ کەشوھەوا و ژینگەی سلێمانی دەگونجێت.

لەو بارەیەوە زەردەشت رەفیق لێپرسراوی راگەیاندنی شارەوانی سلێمانی بۆ کوردستانی نوێ وتی: بە بڕیاری قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵمەتێک بۆ جوانکردنی شاری سلێمانی دەستی پێکردووە، ئەم هەڵمەتە ماوەی 3 هەفتەیە دەستیپێکردووە و رازاندنەوەی شار و جوانکردنی شەقامەکان دەگرێتەوە، ئەو شەقامانە زۆربەیان بۆ یاخەکانیان رۆشتووە و ئێمە نۆژەنیان دەکەینەوە، هەروەها بەشێکی تری کارەکان سەوزکردنەوەی بلوارەکانە کە وشکبوون یان دارەکانیان شکاوە، سەوزکردنەوەی شەقامەکان و روواندنەوەی نەمامەکان، شەقامی تاسڵوجە – سلێمانی، دواتر بۆ شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود کە رۆژانە تیمەکانمان لەوێیە بە هەردوو شێوە کار لەوێدەکەن هەم بۆیاخکردنەوە، هەم ناشتنی نەمامەکان.

شارەوانی شەقامەکان نۆژەندەکاتەوە
هاوکات سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی وەک ئەرکی ساڵانەی خۆی جگە لە هەڵمەتەکە ئێستا سەرقاڵی نۆژەنکردنەوەی شەقامەکانە، لەو بارەیەوە زەردەشت رەفیق وتیشی: وەک سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی هەموو ساڵێک لە مانگی ئایارەوە هەڵدەسین بە نۆژەنکردنەوەی شەقامەکان کە هەڵبەتە قیرتاوکردن و چاکردنی شەقامەکان دەگرێتەوە کە بە دوو تیم کاردەکەین، تیمێکیان چاڵەکانی شەقامەکان چاکدەکەنەوە و تیمی دووەم سەر لەنوێ شەقامەکان نۆژەندەکەنەوە و دواتر قیرتاو دەکرێنەوە، ئێستا لەم کاتەدا تیمەکانمان لە شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود خوار نەخۆشخانەی شار کاردەکەن.

کارکردن لە حەوت زۆنی سلێمانی تەواو بووە
بەهرۆز سالار سەرپەرشتیاری بەشی سەوزکردن لە پڕۆژەی سەوزکردنی شاری سلێمانی بۆ کوردستانی نوێ وتی، تا ئێستا نزیکەی 2000 نەمام چێنراون، نزیکەی لە حەوت زۆنی شاری سلێمانی کارمان تەواو بووە، پڕۆژەکە بەردەوامە کاتی دیاریکراومان نییە، ژمارەیەکی دیاریکراومان نییە بۆ دار و سەوزایی، تا ئێستا کارەکان زۆر بەباشی بەرێوەچووە و زۆن بە زۆن ئیشتی تیا دەکەین، سەرەتا نەمامە وشکەکان و پووش و پەڵاش لە بلوارەکان لادەبرێن، نەمامی نوێ لە جێگەکەیان دەچێنرێن واتە بۆ سێ رۆژ پاک دەکرێتەوە و چاڵ هەڵدەکەنن و ئامادەی دەکەن و نەمامی تیادا دەڕوینن، نەمامەکانیش زۆربەی زۆری لە دەرەوەی وڵاتەوە هێنراون.

 255 جار بینراوە