سەرەکی » دۆسێ » ئەگەری سەرهەڵدانەوەی خۆپیشاندان لە ئارادایەپەڕە 3

سێ‌ مانگە شەقام كپە

ئەگەری سەرهەڵدانەوەی خۆپیشاندان لە ئارادایە

گۆڕەپانەكانی عیراق لە 25ی ئایاری رابردووەوە، هیچ خۆپیشاندان و گردبوونەوەیەكی ناڕەزایی نوێیان لە شارە جیاجیاكانی وڵاتدا بەخۆوە نەبینیوە، ئەمەش دوای كۆتایی هاتنی دوایین خۆپیشاندان كە كوژرانی دوو مەدەنی و برینداربوونی نزیكەی 30 كەسی تری لێكەوتەوە بەدەستی هێزە ئەمنییەكان.

ماوەی رابردوو بە دوورودرێژترین ماوەی هێوربوونەوەی ناڕەزاییەتییەكان دادەنرێت لەدوای دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكانی تشرینی یەكەمی 2019.

سەرهەڵدانەوەی خۆپیشاندان لە ئایاری رابردوو، دوای كوژرانی ئیهاب وەزنی چالاكوان و رێكخەریی خۆپیشاندانەكان بوو لە كەربەلا كە تێیدا خۆپیشاندەران داوای لێپرسینەوەیان كرد لەوانەی دەستییان لە كوشتنی چالاكوان و رۆژنامەواناندا هەیە، گروپە چەكدارەكان و میلیشیكانیش بە تێوەگلان لە تاوانەكەدا تۆمەتباركران.

خۆپیشاندانەكان لەو دەمەدا گوڕوتینێكی میللی گەورەیان بەخۆوەبینی، لەگەڵ هاتنەناوەوەی هێزە مەدەنییە كاریگەرەكان بۆ نێو خۆپیشاندەران كە دەركەوتووترینیان حزبی شیوعی عیراقی بوو.

سەركردە و چالاكوانە دەركەوتووەكان لە بزاوتنی مەدەەی عیراقی دەڵێن»خۆدزینەوەیەكی بێ‌ پێشینە هەیە لەلایەن حزبە فەرمانڕەواكان كە وای لێكردوون باز بەسەر هەموو ئەو داواكاریانەدا هەڵبدەن كە خۆپیشاندەران لە سەرەتای تشرینی یەكەمی 2019وە بەرزییان كردۆتەوە».

ئەو هەڵسوكەوتەش خۆی لە بێدەنگی بەرامبەر بە كوشتنی سەركردە دەركەوتووەكانی خۆپیشاندانەكان و كەسێتییە كاریگەرەكان و هەڵسوڕێنەرانی ناڕەزاتییەكاندا دەبینێتەوە لەماوەی دوو ساڵی رابردوو.

وێڕای ئەو زیانانەی بەر بزاوتنی ناڕەزایی مەدەنی كەوت لە عیراق لەماوەی 24 مانگی رابردوو كە خۆیان لە كوژرانی نزیكەی 800 خۆپیشاندەردا بینییەوە كە لەنێوانیاندا 80 چالاكوان و سەركردەی دەركەوتووی بزاوتنی میللی هەبوون، زیاتر لە نیوەی ئەوانەش بە رووداوی رێكخراوی تیرۆركران و میلیشیا چەكدارەكانیش بە كوشتنیان تۆمەتباركران، بەڵام ئەمە نەبووە مایەی یەكخستنی گوتاری خۆپیشاندانەكان لەو دە پارێزگایەی راپەڕیون (بەغدا، و بەسرە، و نەجەف، و كەربەلا، و قادسیە، و زیقار، و بابل، و واست، و موسەننا، و میسان).

خۆپیشاندەران لەنێو خۆیاندا دابەشبوون لەڕووی چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ قۆناغی داهاتوو، بە دیاریكراویش ئەوەی پەیوەندی بە بەشدارییەوە هەیە لە قەوارە و حزب و فراكیسۆنە نوێیەكان لە هەڵبژاردندا، جا لەڕووی دەنگدانەوە بێت یان خۆكاندیدكردن، بە هەمان شێوە ئەوەی پەیوەندی بەسەرلەنوێ‌ گەڕانەوەوە هەیە بۆسەر شەقام.

لەبەرامبەردا، چاودێران پێیانوایە، خۆپیشاندانەكان تائێستاش بێ‌ سەركردەن، ئەو ماوە خوێناوییەی خۆپیشاندەران تێیدا ژیان، بووە مایەی دابەشبوونیان. بەڵام رەوشی گەڕانەوەی ناڕەزایی تائێستاش فەراهەمە كە رەنگە دووبارەببێتەوە لەگەڵ بردنەوەی حزبە فەرمانڕەواكانی دوای ساڵی 2005، لە هەڵبژاردنی پێشوەختە كە وابڕیارە لە 10ی تشرینی یەكەمی داهاتوودا بەڕێوەبچێت.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، حسێن غەرابی سەرۆكی «ماڵی نیشتمانی» كە قەوارەیەكی سیاسی نوێیە دەڵێت»ناڕەزاییەكان لە عیراق، هەر تەنیا گوزارشت نیین لە گردبوونەوەی مرۆیی كە كۆمەڵێك داواكاریی بەرزدەكەنەو و لەگەڵ هاتنەدی و جێبەجێكردنییان ونببن، بەڵكو بونەتە رێبازێكی نوێی لاوانی عیراقی مەدەنی. بۆیە ئەم رێبازە كۆتایی نەیەت و ناشكرێت بڵێیین خۆپیشاندان لە عیراقدا كۆتایی هات، بەڵكو بەردەوامە و فرە شێوەیی بەخۆوە دەبینێت كە هەندێكیان خۆیان لە گردبوونەوە و رێپێوانی دژ بە حكومەتە خۆجێییەكان یان حكومەتی فیدراڵدا دەبیننەوە».

غەرابی كە قسەی بۆ میدیا عەرەبییەكان كردووە پێیوایە»عیراق زیاتر لە خۆپیشاندانێك بەخۆوە دەبینێت، بەر لە وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە، ئەمەش بەهۆی دەستەواژە و بەڵگەكانی نەبوونی بێخەوشی لە هەڵبژاردنەكە و بەردەوامبوونی دەسەڵات و دەستڕۆیشتوویی حزبەكان بەسەر بڕیاریی حكومەت، و دەستگرتن بەسەر پۆستە گرنگەكان، لەوانەش پۆستەكانی ناوخۆ و كۆمسیۆنی هەڵبژاردن كە دەبوو بێخەوش بێت و لەژێر سایەی پشكداریی حزبی و تایەفەگەرییدا نەبێت».

بە وتەی حسێن غەرابی»زۆربەی حزب و قەوارە سیاسییەكان كە لە دوای راپەڕینی تشرینەوە دامەزران، رێڕەوی بایكۆتكردنی هەڵبژاردنیان گرتەبەر بەهۆی نەهێنانەدی هیچ لەو بەڵێنانەی لەلایەن مستەفا كازمی سەرۆكی حكومەتەوە پێشكەش كران سەبارەت بە رەخساندنی ژینگەیەكی دڵنیاكەرەوە بۆ دەنگدەران و كاندیدەكان. بە هەمان شێوە حكومەت شكستخواردوو بوو لە قوتاركردنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لەژێر چنگی حزبەكان، بۆیە قبوڵكردنی هەڵبژاردنێك كە لەلایەن حزبە گەندەڵەكانەوە سەرپەرشتی بكرێت، مایەی ناپاكیكردنە لە عیراقییەكان».

عەممار نعێمی، ئەندامی بزوتنەوەی (نازل اخژ حقی) كە یەكێكە لە خۆپیشاندەرە دەركەوتووەكان لە بەغدا، بە میدیا عەرەبییەكانی راگەیاندووە»رۆیشتن بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەختە لەسایەی ئەم رەوشەی ئێستادا پێویستە. هەروەها دەبینین سیاسەتوانە نوێیە لاوەكان كە خەڵكی ناوچە جیاجیاكانی عیراقن، لە هەموو ئەوانی باشتر هەست بە ئازاری گەلی عیراق دەكەن، و دەتوانن ئامانج و خواستەكانی توێژێكی گەورە بهێننەدی لەڕێی بەشداریی بە دەنگەكانیان لەڕێی پەرلەمانی عیراق، تەنگ هەڵچنیین بە حزبەكان و چاودێرییان لە ناوەندەكانی هێز، شوێن و پێگەكانیان لەنێو پەرلەمان و فەرمانگە حكومییەكاندا دەچەسپێنێت. ئەمەش پشت بە بەو دەنگانە دەبەستێت كە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا دەستەبەردەكرێن».

نعێمی بیرۆكەی «گۆڕانكاریی لەنێوخۆدا» بە گرنگ دادەنێت كە بە وتەی ئەو»كاریگەرییەكی گەورەی دەبێت و جیاوازە لە گوشارەكانی دەرەوە لەسەر دەسەڵاتدارانی ئێستا. ئێمە پێمانوایە بەشداریی سیاسی گرنگە بۆ چالاكوانان و خۆپیشاندەران، تا حزبەكان لەسەر دەسەڵات لاببەن، سەبارەت بە گەڕانەوەی خۆپیشاندانیش، لە هەر ساتە وەختێكدا بێت چاوەڕوانكراوە».

لای خۆیەوە سوهێل هاتف، پێیوایە»خراپی خزمەتگوزارییەكان وا لە عیراقییەكان دەكات بڕژێنەوە سەر شەقام، چونكە زۆربەی عیراقییەكان هۆشیاری تەواوەتییان نییە، تا داوای فەراهەمكردنی ئاسایش بكەن بۆ هەڵبژاردن، یان پارێزگارەكان یان بەرپرسان بۆگڕن. بۆیە پێداویستی سەرەكی عیراقییەكان خزمەتگوزارییە كە خۆی لە كارەبا و ئاو و هەندێك كاروباری پەیوەست بە كەرتی تەندروستی دەبینێتەوە، ئاشكراشە لە عیراق زۆربەی ناڕەزایەتییەكان لە سەرەتاوە داوای خزمەتگوزارییان كردووە، بەڵام دواتر پەرەی سەندووە و داواكارییەكان بونەتە سیاسی و ئەمنی».

هاتف بە میدیا عەرەبییەكانی راگەیاندووە»حكومەتەكەی كازمی ئەو مەرجانەی نەهێنایەدی كە بەشداربووانی خۆپیشاندانەكان داوایان كردبوو، بۆیە نزیكترین رێگەچارە بۆ چالاكوانان سەرلەنوێ‌ چوونەوە سەر شەقامە».
لەبەرامبەردا، رائید فەهمی سكرتێری حزبی شیوعی عیراقی رایگەیاندووە»تەواوی رەوشەكە لەبارە بۆ گەڕانەوەی بزاوتنی ناڕەزایی، بگرە رووبەڕووبوونەوەی میلیشیاكان بۆ دەوڵەت و سەروەریی عیراقی بەشێوەیەكی ئاشكرا زیادی كردووە، لەڕێی مانۆڕی چەكدار لە ناوەڕاستی شارەكان و بەردەوامبوونی هەڕەشەكانی كوشتنی چالاكوانان لە شەقامەكان، و خراپی واقیعی خزمەتگوزاریی و نەبوونی چارەسەر بۆ تەنگژەی كارەباش، هێندەی تر زەمینەیان بۆ دەستپێكردنەوەی خۆپیشاندان خۆش كردووە».

رائید فەهمی دەڵێت»بەردەوامبوونی گەندەڵكاران لەسەر گەمەكردن بە چارەنوسی عیراقییەكان و تێكدانی ژێرخان و دزینی پارەی حكومەت بۆ پشتیوانیكردن لە لیست و كاندەكانیان لە هەڵبژاردنی داهاتوو بە پارەی گەندەڵی سیاسی لەگەڵ زۆرێك لە دیاردەكانی تر، شێوازیی گێچەڵكردنەكانیان بە عیراقییەكان زیاتر كردووە».

سكرتێری حزبی شیوعی عیراقی دەڵێت»دەسەڵاتداران وەها مامەڵە لەگەڵ عیراقییەكان دەكەن كە پێیانوابێت بە دەزگا ئەمنی و چەكدارەكان گەمارۆدراون، بەڵام لەڕاستیدا راپەڕینەكان لەگەڵ توندكردنی گەمارۆدا روودەدەن، نەك بەر لە توندكردنی گەمارۆدان. لەوبڕوایەدام چالاكوانان و خۆپیشاندەرانی بزاوتنی ناڕەزایی عیراقی جارێكی تر دەگەڕێنەوە بۆ راپەڕین، ئەمەش بەپێی هەندێك لە تەكتیكەكان كە رەنگە مایەی شۆك بێت بۆ حزبە فەرمانڕەواكان و بكوژان».

 262 جار بینراوە