سەرەکی » زانست » لە هەژاری و نەدارییەوە بۆ خاوەن براندێكی جیهانی

چیرۆكی سەركەوتن

لە هەژاری و نەدارییەوە بۆ خاوەن براندێكی جیهانی

تارا شێخ عوسمان

هێشتا مناڵێكی بچووك بوو، بە هەژاری و نەداری (800) كیلۆمەتری بڕی و چوو بۆ پاریس، لە وێستگەكانی پاریس حەماڵیی دەكرد، دواتر بووە بەناوبانگترین جانتا دروستكەر لە جیهاندا، ئەمە چیرۆكی سەركەوتنی(لویس ڤیتۆن)ی خاوەن براندی (LV)یە.

لویس ڤیتون یان ( لوی ڤیتۆ) لە 4 ئابی 1821دا لە گوندێكی هەژارنشینی فەرەنسا لەدایك بووە، باوكی دارتاشێكی هەژار بووە، لوی لە تەمەنێكی كەمەوە هەست بەو ژیانە پڕ لە نەهامەتییە دەكات و هەمیشە بیر لە ڕێگەیەك دەكاتەوە بۆ دەربازبوون تەنها رێگەش رۆیشتنی بووە بۆ پاریس بۆ ئەوەی ژیانی خۆشتر بێت، بەڵام ئەو هەنگاوەی هەروا ئاسان نەبوو، لەبەر ئەوەی پارەی پێنەبوو بۆ ئەوەی كرێی گالیسكە بدات ناچاربوو بە پێی (400) كیلۆمەتر ببڕێت و خۆی بگەیەنێتە پاریسی پایتەخت.

دەستپێكردنی بەشی دووەمی چیرۆكەكەی
لویس ساڵی 1835 گەیشتە پاریس، سەرەتا لە وێستگەی شەمەندەفەر بووە حەماڵی جانتاو جانتای گەشتیارە دەوڵەمەندەكانی هەڵدەگرت، لەوێوە خۆری دەوڵەمەندبوونی لە ئاسۆدا دەركەوت، هەرچەندە پارەیەكی كەمی دەست دەكەوت، بەڵام بەردەوام بوو لە كارەكەی و ماوەی دوو ساڵ بۆ دەستكەوتنی پاروویەك نان كاری كرد و هەلی ئەوەی بۆ رەخسا بە تەواوی لە شێوەی دروستكردنی هەموو جۆرە جانتایەك و پێكهاتەكەی شارەزابێت. دواتر چووە دوكانێكی دروستكردنی جانتا و لەوێدا وەك كرێكارێكی لێهاتوو ناسرا، چونكە شارەزایی باشی رابردووی یارمەتیدا بە ئاسانی خەوشەكانی جانتا دروستكراوەكان دەستنیشان بكات.

بیرۆكەكانی جێگەی رەزامەندی بوون
ئیدی بیرۆكەی نوێی دەخستە بەردەم خاوەن كارەكەی و ئەویش پەسەندی دەكردن و پێكەوە پیادەیان دەكرد، دواتر بەرهەمی ئەو خاوەن كارە گەشەی كرد و لە گەڵیشیدا لویس زیاتر دەناسرا.

بەرهەمی ئەو دوكانە سنورەكانی پاریسی بەزاند و بە زۆربەی ناوچەكانی فەرەنسا دا بڵاو بووەوە و خواست لەسەر ئەو بەرهەمانە زیاتر بوو ناوی لویسیش لەناو دەوڵەمەندەكانی پاریسدا بڵاو دەبووەوە.

پاشان لوی لە لایەن ( ئۆجینۆ)ی ژنی ئیمپراتۆر ناپلیۆنی سێیەمەوە بانگكراو بووە جانتا دروستكەری تایبەتی ژنی ئیمپراتۆر، ئیدی پێگەیەكی بەرزی پێبەخشرا و دەوڵەمەند بوو.

پاش ماوەیەك لوی كارگەیەكی دروستكردنی جانتای تایبەت بە خۆی لە پاریس دامەزراند و داواكاران بەسەریدا دابارین، چونكە دەیانزانی دیزاینەری جانتاكانی ژنی ئیمپراتۆر بووە .لوی لەمەوە زانی ئەزمونە تاڵەكانی ژیانی و كۆژانەكانی سەرەتای كاركردنی بەرهەمی هەبووە، بۆیە بریاریدا باشتر بەردەوام بێت.

لە ساڵی ( 1850) دا براندی تایبەت بە خۆی بە ناوی ( لوی ڤیتۆ) راگەیاند و هەر زوو ئەو براندە هەموو بازاڕەكانی پاریسی گرتەوە، هەر وەك مێژوو نوسانیش ئاماژەی پێدەدەن براندەكەی لوی یەكەمین براندە كە لە جیهاندا ناسراوە.

لە ساڵی (1875)دا لوی سەركەوتنێكی گەورەی بەدەستهێنا كاتێك دیزاینی جانتا نوێیەكەی خستەڕوو كە لە هەموو جانتاكانی پێشووی جیاواز تر بوو.

ئەم جانتایە چەندین گیرفانی لە خۆگرتبوو، هەندێكیان بۆ پارە و هەندێكیان بۆ بەڵگەنامە و چەند گیرفانێكی نهێنیشی هەبوو.

ئەم جانتایە بۆ دەوڵەمەندەكان زۆر گونجاو بوو، بۆیە لە دەرەوەی فەرنساشەوە داواكاریی پێدەگەیشت بۆ ددروستكردنی ئەو جۆرە جانتایە.

جارێكی تر كارەكەی لوی سنورەكانی فەرەنسای تێپەراند و ئەم سەركەوتنەش وایلێكرد بیر لە كردنەوەی لقی براندەكەی بكاتەوە لە دەرەوەی فەرەنسا و لە ساڵی (1885) دا یەكەمین لقی براندەكەی لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا كردەوە و لە دوای ئەوەوە ساڵانە براندەكەی زیاتر گەشەی دەكرد، بەڵام بەر لەوەی هەموو جیهان بە داهێنانەكەی ئاشنابن ( لوی ڤیتۆ) لەساڵی (1892)دا كۆچی دوایی كرد .

دوای خۆی (جۆرج)ی كوڕی گەشەی بە كارەكانی باوكی دا و جگە لە جانتا بیری لەوە كردەوە براندەكە بۆ هەندێك جلوبەرگی سەردەمیانەش بەكار بهێنێت، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ئەو براندە لە ناو جیهانی مۆدەدا زیاتر بناسرێت. پاشان گاستۆنی كوڕی جۆرج گەشەی زیاتری بەو براندەی باوكی و باپیریدا و چەندین هێڵێكی تری بەرهەمهێنانی بۆ براندەكە زیاد كرد ، وەك ئێكسسوار و چاویلكەی بەرخۆر و تەنانەت كتێبیش.

ئەمرۆ براندی (LV) یان ( لوی ڤیتۆ) لەسەرانسەری جیهاندا ناسراوە و یەكێكە لە 10 براندە زۆر بەناوبانگەكەی جیهان و كەسایەتییە بەناوبانگەكانیش پێشبڕكێیانە بۆ ئەوەی بە بەرهەمێكی ئەو براندەوە دەركەون، هەروەها داهاتی ساڵانەی ئەو براندە دەیان ملیار دۆلارەو لە ساڵی 2020 دا 14 ملیار دۆلارە بووە.

ئەمەش وایكردووە چیرۆكی ئەو مناڵە هەژارەی لەبەر بێ پارەیی بەپێ چوو بۆ پاریس، وەك چیرۆكی پێداگریی و سەركەوتن هەمیشە بە زیندویی بمێنێتەوە، ببێتە ئیلهام بەخش بۆ ئەوانەی خەونیان هەیە و نازانن لە كوێوە دەست پێبكەن.

سەرچاوە: brightside-arabic

 

 107 جار بینراوە