سەرەکی » کەلتوور » هێنانەوەی شوێنەوارەكان و سەرلەنوێ‌ كردنەوەی مۆزەخانەی نیشتمانی

هێنانەوەی شوێنەوارەكان و سەرلەنوێ‌ كردنەوەی مۆزەخانەی نیشتمانی

ئیدریس جەبار

مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران لە 30ی تەمموزی 2021، فەرمانی كرد سەرلەنوێ‌ مۆزەخانەی نیشتمانی عیراق بكرێتەوە، دوای گێڕانەوەی 17 پارچە شوێنەواری مێژوویی لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریکا، وەزارەتی دەرەوەش لە 13ی ئابی 2021، وەرگرتنەوەی تابلۆی گلگامێش و چەند پارچە شوێنەوارێكی تری راگەیاند.

عیراق رووبەڕووی بەتاڵانبردنی هەزاران پارچە شوێنەواریی مێژوویی بۆوە، لەدوای ساڵی 2003وە، لەلایەك لەڕێی قاچاخچییەكان و لەلایەكی تر بەدەستی رێكخراوی داعش كە لە ساڵانی 2014 بۆ 2017، دەستی بەسەر سێیەكی خاكی عیراقدا گرتبوو.

هەزاران شوێنەواریی مێژوویی پشتگوێخراو لە بیابانەكانی عیراقدا هەن، تەنانەت هاووڵاتیان لە دەشت و دەر و بە رێكەوت پارچە شوێنەوار دەدۆزنەوە، ئەمەش یاریدەدەر بووە بۆ گەڕانی نەشیاو بەشوێن شوێنەواردا.

ئەحمەد عەلیاوی، وتەبێژی رەسمی وەزارەتی رۆشنبیریی و گەشتوگوزاری عیراق و بەڕێوەبەری گشتی خانەی دەستنووسە مێژووییەكان، لەو بارەیەوە قسەی بۆ ماڵپەڕی (ئەڵمۆنیتۆر) كردووە و دەڵێت:»گێڕانەوەی ئەو ژمارە زۆرە شوێنەوارە مێژووییانە، وایكرد پەلە بكرێت لە كردنەوەی مۆزەخانەی نیشتمانی، چونكە وەزارەتی رۆشنبیریی و دەستەی گشتی شوێنەوار و كەلەپور، كاردەكەن لە پێناو فەراهەمكردنی پێداویستییەكان بۆ كردنەوەی مۆزەخانەكە كە لەبەر دوو هۆكار داخراوە، یەكەمییان نۆژەنكردنەوەیە بەو هۆیەی لە مۆزەخانە كۆنەكانە، هۆكاری دووەمیش پەیوەندی بە رەوشی ئەمنی و نەبوونی سەقامیگرییەوە هەیە».

عەلیاوی ئاماژەی بەدابینكردنی چەند هۆڵێكی زۆر كردووە بۆ شوێنەوارە مێژووییەكانی عیراق لە مۆزەخانەكەدا و هیوای خواستووە ئەوانەی سەردانی دەكەن، سود لە بینینی ئەو شوێنەوارە مێژووییە بەنرخانە وەربگرن كە لە مۆزەخانەكەدا، وێڕای بوونی چەندان دەستنووس كە تەمەنییان هەزاران ساڵە.

عەلیاوی پێیوایە، سەرلەنوێ‌ كردنەوەی مۆزەخانەكە، كاریگەری هەیە لەسەر پتەوكردنی لایەنی مەعریفی و وابەستەكردنی نێوان میوانەكان و سەرچاوەی كەلتوریی، كاتێك ئەو جۆرە كەلتورە ماددییە بەرجەستەبووە دەبینن لە پارچە شوێنەوارەكان، لە ئێستاشدا رەوشەكە لەبارە بۆ سەرلەنوێ‌ كردنەوەی مۆزەخانەكە، هەرچەندە ئیدارەكەی پێویستی بە پارچەداركردنە، بەڵام هیواخوازین بەمزووانە لەگەڵ دابینكردنی بڕە داراییەکی پێویست و لەسەر رێنماییەكانی سەرۆك وەزیران، مۆزەخانەكە بكرێتەوە و میوانەكان ئەم گەنجینە مێژووییە گەورەیە ببینن.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، عەباس عەبد مەندیل، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی مۆزەخانە گشتییەكان و بەڕێوەبەری مۆزەخانەی عیراق رایگەیاندووە، گێڕانەوەی پارچە شوێنەوارەكان بە رووداوێكی مێژوویی دادەنرێت، بەو پێیەی بۆ یەكەمجارە 17 پارچە شوێنەوار بەیەكجار دەگەڕێنرێنەوە، لە كاتێكدا ئەو كۆمەڵە شوێنەوارە، جۆری جیاجیای كەلەپوری ماددی لەخۆگرتووە، لەوانە بەڵگەنامە و تۆماری رۆژانە و یاسایی، وێڕای دەقی ئەدەبی و ئابووری و وەرزشی و دەستانەكان.

عەبد مەندیل دەڵێت: ئەو پارچە شوێنەوارانەی گێڕدراونەتەوە بۆ سەردەمە جیاجیا مێژووییەكان دەگەڕێنەوە، پۆلێنكردن و دۆكۆمێنتكردنیشیان وردەكاریی وردی ناوەڕۆكەكانیان دەردەخەن، بەتایبەت كە هێشتا سندووقەكان نەكراونەتەوە، بەڵام لەنێوان ئەو پارچە شوێنەوارانەی گێڕدراونەتەوە، داستانەكەی گلگامێشە كە لە دوانزە تابلۆ پێكدێت، وێڕای بوونی زۆرێك لە كۆپی ئەو داستانە كە بە خەتی بزماری نووسراون و لە ئەرشیفەكانی میزۆپۆتامیا هەڵگیراون، لەوانە كتێبخانەی ئاشوور بانیپاڵ كە تائێستا لەگەڵ پاشماوەی كۆمەڵێك لەوانەی نێردراونەتەوە، چاوەڕوانی وەرگرتنەوەیان دەكەین.

لەبارەی كردنەوەی مۆزەخانەی عیراقیش، عەبد مەندیل رایگەیاندووە، مۆزەخانەی عیراقی لە ساڵی 2019وە چەندین جار بەدەست داخستنەوە گیرۆدە بووە لە ئاكامی رووداوە ئەمنییەكان و رەوشی سیاسی، پەتای كۆرۆناش كاریگەریی لەسەر پڕۆگرامی كردنەوەی هەبووە، وێڕای ئەوەی مۆزەخانەكە هەندێكجار بۆ مەبەستی نۆژەنكردنەوەی هەندێك لە هۆڵەكانی داخراوە، لەوانە هۆڵی سۆمەری كە كاری نۆژەنكردنەوەی تێداكرا.

سەبارەت بە مەبەستی داخستنە یەك لەدوا یەكەكان، عەبد مەندیل دەڵێت، پڕۆسەكانی داخستنی مۆزەخانەكە، هەڵگرتنی پارچە شوێنەوارە سەرەكییەكانی لە خۆنەگرتووە، لەئێستاشدا زیاتر لە 10.000 پارچە شوێنەوار هەن لە هۆڵەكانی نمایش، مەبەست لە داخستنیشی دەروازەكانی مۆزەخانەكە، بەبێ‌ ئەوەی جێگۆڕكێ‌ بە پارچە شوێنەوارەكان بكرێت.

عەبد مەندیل، تەئكید لەسەر بوونی هەزاران پارچە شوێنەوار دەكاتەوە لە هۆڵەكانی نمایشكردن، ئەمەش وادەكات بیر لە پڕۆژەی دروستكردنی مۆزەخانەیەكی گەورە بكرێتەوە، تا ئەو ژمارە زۆرە شوێنەوارە مێژووییانەی تێدا جێگە ببێتەوە، بەتایبەت كە پارچە شوێنەواری زیاتر دەهێنرێنە مۆزەخانەكە لەگەڵ پڕۆسەكانی گەڕان و هەڵدانەوەی شوێنە مێژووییەكان و گێڕانەوەی زیاتری پارچە شوێنەوارەكان لە دەرەوەی وڵات، ئاماژەی بەخواستی دەستنیشانكردنی تەلارێكی نوێ‌ كرد بۆ مۆزەخانەی عیراقی كە ناوی مۆزەخانەی گەورەی عیراقی لێبنرێت، بۆ ئەو مەبەستەش شوێنێكی شیاو دەستنیشان كراوە لە بەغدا لە بەری كەرخ كە هەموو مەرجەكانی تێدایە بەپێی پێوەرەكانی مۆزەخانە كە لەسەر ئاستی جیهان پشتیان پێدەبەسترێت.

حەسەن نازم وەزیری رۆشنبیری لە 18ی تشرینی دووەمی 2020 رایگەیاندبوو، دۆسێی شوێنەوارە دزراو و بەتاڵانبراوەكان، دۆسێیەكی ئاڵۆزە و ئەو گروپانەی سود لە بەقاچاغ بردن دەبینن بەشدارن تێیدا، وێڕای ئەمەش وڵاتە ئیقلیمی و جیهانییەكانیش دەستیان لە دۆسێكەدا هەیە.

عامر عەبدولڕەزاق، بەڕێوەبەری شوێنەواری زیقار، لە لێدوانێكی بۆ (ئەلمۆنیتۆر)، جەخت لەسەر گرنگی گێڕانەوەی شوێنەوارە عیراقییەكان دەكاتەوە بۆ زێد و نیشتمانی خۆیان لە ویلایەتە یەكگرتووەكانەوە، بەتایبەت كە لەسەدا نەوەدی پڕۆسەكانی بەقاچاغ بردنی شوێنەوارەكان لەدوای ساڵی 2003وە روویاندا.

عەبدولڕەزاق لەو بارەیەوە دەڵێت:»دەستكەوتەكە بەری بەرهەمی سەردانەكەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران بوو بۆ واشنتۆن بە یاوەری حەسەن نازم وەزیری رۆشنبیری و هەوڵەكانی دەزگای گشتی شوێنەواری عیراقی، لەگەڵ ئەمانەشدا بەدەستپێشخەرییەكی گرنگی لایەنی ئەمریكایی دادەنرێ».

عەبدولڕەزاق، هیوای خواست گێڕانەوەی شوێنەوارەكان تەواوبكرێت و ببێتە مایەی دامەزراندنی مۆزەخانەیەكی عیراقی گەورە و شیاوی وڵاتێك بێت كە زیاتر لە بیست هەزار شوێن و جێگەی مێژوویی تێدایە، بەتایبەتیش كە وەزارەتی رۆشنبیری رەزامەندی پێویستی دەستەبەركردووە بۆ دامەزراندنی ئەو قەڵا گەورەیە كە هیواخوازن لە ئاستی مۆزەخانە جیهانییەكاندا بێت و ببێتە جێ نزرگەی ساڵانەی ملیۆنەها گەشتیار.

وەزارەتی رۆشنبیری لە 9ی شوباتی 2021 دانی نا بە قورسی ئەركی پاراستنی شوێنە مێژووییەكان كە پێویستیان بەدابینكردنی هێزێكی ئەمنی گەورەیە، تا رێگە لە دیاردەی بەقاچاغ بردنی شوێنەوارەكان بگیرێت كە كۆتایی نییە، تەنیا لەڕێی زیادبوونی ئاستی هۆشیاری لەنێوان تاكەكانی نێو كۆمەڵگە لەڕووی پێویستی پاراستنی سیمبوڵەكانی شارستانی، وێڕای فەراهەمكردنی هەلی كار بۆ لاوان، تا لە داخزان بەرەو لەخشتەبردنی تۆڕەكانی خاچاغچێتی دووربخرێنەوە.

 154 جار بینراوە