سەرەکی » وتار » لەشکر حەمە ساڵح » راستكردنەوەی دوو مەسەلەی گرنگ

وردتر

راستكردنەوەی دوو مەسەلەی گرنگ

لەشکر حەمە ساڵح

هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە رۆژی 10ی مانگی داهاتوو بەڕێوەدەچێت. یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان پێكەوە بە قەوارەیەكی هاوبەش بە ناوی هاوپەیمانیی كوردستان بەشداریی تێدا دەكەن.

پێكهێنانی هاوپەیمانیی كوردستان لە چەند روویەكەوە بەها و بایەخی تایبەتی هەیە بەتایبەتی بۆ یەكێتی و گۆڕان لەلایەك، هەروەها بۆ سلێمانی و دەوروبەری لەلایەكی تر. ئەمە جگەلەوەی هاوپەیمانییەكە بەهایەكی رەمزیی زۆر گەورەی هەیە بۆ هەردوو لایەن كە لەچوارچێوەی لێكتێگەیشتنی دەباشانی نێوان سەرۆك مام جەلال و نەوشیروان مستەفا خۆی دەبینێتەوە.

لەڕووی ناوخۆی كوردستانەوە، پێكهێنانی هاوپەیمانیی كوردستان لەنێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان بایەخێكی گەورەی هەیە. دەبێتە هەنگاوێكی گەورە بۆ راستكردنەوەی دوو مەسەلەی زۆر گرنگ، كە ئەوانیش بریتین لە: گەڕاندنەوەی سەقامگیریی سیاسی و هێنانەكایەی جۆرێك لە باڵانسی سیاسی لەنێوان هێز و لایەنەكاندا، كە ساڵانێكە لە كوردستاندا نەماوە. ئەم دوو خاڵە زۆر گرنگن بۆ دۆخی ناوخۆی كوردستان، چونكە بەشێكی زۆری كێشە و مەینەتییەكانی زیاتر لە 10 ساڵی رابردووی كوردستان، جا لەڕووی سیاسی بێت یان ئابووری و بوارەكانی تر، لە بنچینەدا دەگەڕێنەوە بۆ ئەو دوو مەسەلەیە، كە تا ئاستێكی زۆریش پێكەوە گرێدراون و یەكتری تەواودەكەن. لە هەمووشی گرنگتر ئەوەیە، ئەم هاوپەیمانییە دژی هیچ لایەن و قەوارەیەكی دیكە نییە، بگرە هاوپەیمانییەكی كراوەیە و بەرنامە و مەبەستەكانیشی روون و رەوان.

دەشێت لایەنەكانی تریش تێیدا بەشدار بن، هەروەك دەشێت لە دوای هەڵبژاردنیش بە جۆرێك لە جۆرەكان و لە بوار و كایەكانی تریشدا درێژەی پێبدرێت.

لەسەر ئاستی عیراق، هاوپەیمانیی كوردستان بایەخی خۆی هەیە. لە خولەكانی پێشتری ئەنجومەنی نوێنەران هەردوو فراكسیۆنی یەكێتی و گۆڕان لە زۆربەی مەسەلە گرنگ و چارەنووسسازەكان خاوەنی یەك بۆچوون بوون یان لانیكەم لە یەكەوە نزیك بوون، ئەم هاوپەیمانییە خاڵ دەخاتەسەر پیتەكان، بەشێوەیەكی روونتر چوارچێوەیەك بۆ كاری پێكەوەیی و بۆچوونی هاوبەش دەخەمڵێنێت.

بێگومان لە هەمووشی گرنگتر، ئەو هاوپەیمانییە قورسایی زیاتر بۆ هەردوو هێزە سیاسییەكە دەستەبەر دەكات، كە دواجار لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان دەكەوێتەوە، بەتایبەتی لە خولی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران كە چاوەڕوان دەكرێت یەكێك بێت لەو خولانەی ئەنجومەنەكە كە بەهۆی یاسای نوێی هەڵبژاردنەوە ناكۆكی نێوان پێكهاتەكان قووڵتر ببێتەوە و دەرفەتی هاتنە پێشەوەی پۆپۆلیستەكان زیاتر بێت.

بە كورتی و پوختی، هاوپەیمانیی كوردستان بایەخێكی تایبەتی هەیە، هەم بۆ یەكێتی، هەمیش بۆ گۆڕان، لە هەمووشی گرنگتر، ئەم هاوپەیمانییە بایەخی زۆری هەیە و هەوڵێكە بۆ پەیداكردنەوەی سەنگ و قورسایی كوردستان لە بەغدا كە لە دوای سەرۆك مام جەلال، پاشەكشەی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە.

ئەگەر هاوپەیمانیی كوردستان ئەو ئەنجامە گەورە و چاوەڕوانكراوە بەدەستبهێنێت، بێگومان دۆخ و پێگەی كوردستان لە بەغدا و لەسەر ئاستی عیراق بە گشتی گۆڕانكاریی بەسەردادێت، چونكە لانی كەم دوو لایەن دەبنە خاوەنی یەك قسە، كە ئەوەش زەمینە خۆش دەكات بۆ بەدەستهێنانەوەی یەكدەنگیی تەواوەتیی كوردستان.

 265 جار بینراوە