سەرەکی » کەلتوور » رێگاكانی وانەگوتنەوە لە سەردەمی تەكنەلۆژیادا

رێگاكانی وانەگوتنەوە لە سەردەمی تەكنەلۆژیادا

نووسینی: محەمەد ئەحمەد محەمەد

ئامادەكردنی: كامۆ حەوێزیی

لە پێشەكیی كتێبەكەیدا نووسەری ئەم كتێبە ئێژێ‌: فێركردن بەردی بناغە و بنەمای سەرەكیی پێشكەوتنە، هەر لەڕێی فێكردنەوە وەبەرهێنان لە توانا مرۆییەكان دەكرێت و بەها رەفتاری و، زانینی و پسپۆرڕییەكان لە ناخی تاكدا دەچێنرێن، بۆ ئەوەی ببێتە تاكێكی بەرهەمهێن و لە بونیادی كۆمەڵگەدا رۆڵی كاریگەری هەبێت.

ئەم كتێبە دابەشكراوەتە سەر شەش بەش، بۆ ئەوەی خوێنەر لەڕێی لۆژیكی بابەتەكانییەوە باشتر و ئاسانتر لێیان تێبگات.

بەشی یەكەم: تێڕوانینێكی گشتیی لەبارەی چەمكە پەروەردەییەكانەوە.

پەروەردە كۆمەڵێك پێناسەی جۆراوجۆری هەیە، هۆی ئەو جیاوازییەش تێڕوانینی تایبەتی و پاشخانی زانینی و فەلسەفی ئەو كەسانەیە كە پێناسەیان كردووە. لەوبارەیەوە ئیبن خلدون گوتوویەتی: پەروەردە پرۆسەی پێگەیاندنی كۆمەڵایەتی تاكە، لە پێناو بەدەستهێنانی داب و نەریتە باوەكان و زانیاریەكانی كۆمەڵگە.

فێربوون، گۆڕانێكی نیمچە بەردەوامە لە رەفتاری تاك، لەڕێی ئەزموون و مەشقكردن و راپەڕاندنەوە دروست دەبێت. هەروەها لە پێناسەیەكی دیدا بەم شێوەیە هاتووە، پرۆسەی بەدەستهێنانی زانیاری یا وانە وتنەوە، هونەرێكە بۆ گەیاندنی زانیاری و ئەزموونەكان بە باشترین شێوە، بە واتایەكی تر وانەوتنەوە، پرۆسەی كارلێكە لە نێوان مامۆستا و فێرخواز و رەگەزەكانی ژینگە، كە مامۆستا بە مەبەستی بەدەستهێنانی زانیاریی و كارامەیی و پسپۆریی و ئاراستەكان لە ماوەیەكی دیاریكراودا ئامادەی دەكات.

ئەوەی لە پەروەردەوە هەوڵی بۆ دەدەین، ئەو دونیا پڕ لە زانیارییەیە كە كۆی مرۆڤایەتی لەسەر بوونیاد نراوە، واتا بەر لەوەی فێرخواز لەگەڵ سروشتی پەروەردەیەكی پێرفێكت رابهێنین، دەبێ‌ كۆمەڵگەیەكی تەندروست و مامۆستای پڕ لە زانیاریمان هەبێت، كە ئەمەش راستەوخۆ پەیوەندیی بە دۆخی كۆمەڵایەتی و فەرهەهەنگییەوە هەیە، ئەگەر مامۆستا شارەزایی لە میتۆدەكانی پەروەردەی گشتیی و میتۆدەكامی وانە گوتنەوە نەبێت، ئەوا سیستمی پەروەردە لە فۆرمە كۆنەكەیدا دەمینێتەوە، ئەگەر وانەگوتنەوە تەنها فێركردن بێت، وەك ئەوەی ئێستا لە زۆرینەی خوێندنگەكان باوە، ئەوا فێرخواز فێری بێهیوایی لە خوێندن و فێربوون دەكەین، بۆیە دەبێ‌ فێرخواز فێری مۆدێلی خوێندن بكەین، مۆدێل بەو مانایەی خوێندن بەشێك بێت لە فۆرمی كردەیی لەناو پۆلەكان، بەمانایەكی دی، دەبێ‌ مامۆستا فێرخوازەكانی لەسەر ئەرگیومێنت رابهێنێت، ئەرگیومێنتی نێوان مامۆستا و فێرخواز.

لە بەشی دووهەمی ئەم كتێبەدا، نووسەر جەخت لەسەر ئامانجەكانی پەروەردە دەكاتەوە.

چەمك و پێناسەی ئامانج
ئامانج بناغەی هەموو چالاكییەكی مرۆڤایەتی و هەنگاوی یەكەمی ئەنجامدانی هەر كارێكە، بەبێ‌ ئەوەی ئامانجێكی هەبێت هیچ كارێك ناكات، گرنگیی ئامانجیش لەوەدایە، كە رێگامان بۆ روون دەكاتەوە و، پاڵنەرمان بۆ دەستپێكردن و بەردەوامبوونی چالاكییەكانی ژیانمان بەهێز دەكات.

لە وێنە گشتییەكەیدا هەمیشە ئامانج لە دوای دڵەڕاوكێ و پرسیار و گومانەوە لە دایك دەبێت، بۆیە بەر لەوەی لەماناكانی ئامانج بكۆڵینەوە، پێویستمان بەو پرسیارانەیە كە دەبنە سەرچاوەی پرسیار و گومان.
بەشی سێهەم..

كارامەیی وانەوتنەوە
یەكەم: ئامادەباشیی ورووژاندن.. یەكێك لە خاڵە هەرە گرنگەكانی وانەوتنەوە، راكێشانی سەرنجی فێرخوازە، بۆیە زۆر پێویستە مامۆستا رێگایەك بدۆزێتەوە، بۆ ئەوەی بە وریاییەوە سەرنجی فێرخواز بەلای خۆیدا رابكێشێت و بەردەوامبوون لە گوێگرتن و وەڵامدانەوەی هەبێت، بۆ ئەم مەبەستەش چەند رێگایەك هەیە، كە مامۆستا دەتوانێت پەنایان بۆ ببات.

1-گرنگی بە حەزو ئارەزووەكانی فێرخواز بدە و ئەو بابەتانەیان بۆ هەڵبژێرە، كە حەزیان لێیە و سەرنجیان رادەكێشێت.

2-ئامادەكاریی باش بۆ وانەوتنەوەكەت بكە، لێرەشدا دەتوانیت لە بەركارهێنانی شێوازە باوەكانی وانەوتنەوە دوور بكەویتەوە، بۆ نموونە دەتوانیت لە ڕێی خوێندنەوەی هەواڵی رۆژنامەیەك، یاخود وێنەیەك یا ڤیدیۆیەك دەست بە وانە وتنەوە بكەیت.

ئەم كتێبە یەكێكە لە كتێبە زۆر بەسودەكانی بواری پەروەردو فێركردن، بۆیە من نامەوێ‌ تەواوی خاڵەكانی كارامەیی وانەوتنەوەتان بۆ بنووسم، بابەشی دەزانم هەمووان و بە تایبەتی مامۆستا و فێرخوازی كورد ئەم كتێبە بخوێننەوە، دڵنیام بە باشی سوودی لێدەبینن.

 460 جار بینراوە