سەرەکی » ئاراستە » کاتێ جەنگ تەواو دەبێت

کاتێ جەنگ تەواو دەبێت

بەیان ئەحمەد

تۆ قاچێکت لە دەستداوە
منیش رەنگی بێوەژنم گرتووە

کاتێ جەنگ تەواو دەبێت
بە دوای ون بوەکاندا لافیتە هەڵدەواسین
وێنەیان بڵاو دەکەینەوە
لە هەواڵەکان گوێ لەژمارەی مردووەکان دەگرین
کاتێ جەنگ تەواو دەبێتت
تۆ بەقاچێکەوە لەسەر عەرەبانە
میوە دەفرۆشیت
منیش لفکە دەچنم
کە جەنگ تەواو دەبێت
لە ترسا رەنگ دەشارینەوە
دەیخەینە گیرفانی مناڵە بچووکەکانەوە
چونکە دەزانین سبەی ڕەنگەکان دەدزن
وێنەکێشەکان ناچار دەبن وێنەی رەش و سپی بکێشن

کە جەنگ تەواو دەبێت
نیشتمان دەبێت بەبار بەسەرمانەوە
کەس سرودی نیشتیمانی بیر نامێنێت
تەنیایی چەمۆڵەمان لێدەنێت
ژیان دەبێتە سەیرکردنی
مردووەکان
ئەوکاتەی جەنگ تەواو بوو
کراسە سوورەکە لەبەر دەکەم
دەبمە کچی بەردەمی کۆگاکان
بۆنی مزرە سێو دەکەم
دەچمە لای پزیشکی جوانکاری
لێوم دەئاوسێنم
چاوم دەکەمە پشیلە
چەوری دەکەمە سمتمەوە
قاچی دەستکرد بۆ تۆ پەیدا دەکەم
با ئەمجارە جەنگ تەواو بێت
تێر ماچت دەکەم
سەبەتەیەک خۆشبەختی درۆت دەدەمێ
ریشت بتاشە
چات لەگەڵ کچان بکە

کە جەنگ تەواو بوو
باخەکەمان سێوی موتوربەی
هەنار دەگرێت
نارنج دەڕژێتە حەوشەکەمان
من بە جوانکاری و تۆ بەیەک قاچەوە
نارنجی دەبین
ئەو کاتەی جەنگ تەواو بوو
دەست دەخەینە ئارەزوەکانمان
کۆلارە هەڵدەدەین
بە رۆژو دەبین
هەڵدەپەڕین وازی لەگەڵ باڵندەی
سەر سنەوبەرەکە دەکەین
هەرکە جەنگ تەواو بوو
سەفەر دەکەین
هەرمێ دەخۆین نان دەکەین
سبەینانێ گوێ لەدەنگی خەیاڵی
بەیانی دەگرین
کە جەنگ تەواو بوو
ئاشت دەبینەوە
قسە لەگەڵ یەک دەکەین
دەبینە شاعیر
نامە بۆ یەک دەنێرین
سڵاو دەکەین
هیچ نامەیەکیشمان بێ وەڵام
لەناو قەفەزدا گیر ناخوات
هەردووکیشمان
دەبین بە ئەندامی مافی مرۆڤ
کە جەنگ کۆتایی پێهات
من و تۆ دەبین بە حیکایەت
شاران دەگەڕێین
بەلەمێک لە گوڵ دەچنین
گوڵ دەدەینە یەکتر
هەتاو بۆ رۆژە ساردەکان
قەرز دەکەین
پەنجەرەکە دەکەینەوە
لێدانی دڵمان ڕێک دەخەین
چاوەڕوانی وردوخاش دەکەین
بیری یەکتری دەکەین
عادەت بەیەکتریەوە دەگرین
هەرگیز زەردەخەنە نافرۆشین
یەکتری توڕە ناکەین
تا دڵ حەزکا عاشقی یەکتری دەبین
بەس بەو مەرجەی
جەنگ تەواو بێت
چاوەڕێکە

 154 جار بینراوە