سەرەکی » هەمەڕەنگ » جەنگی تالیبان بەرامبەر میوزیک و شکاندنی ئامێرە میوزیکییەکان

جەنگی تالیبان بەرامبەر میوزیک و شکاندنی ئامێرە میوزیکییەکان

دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا چەکدارانی تالیبان دەستیان گرتەوە بەسەر ئەفغانستاندا و زۆربەی شوێنەکانی ئەو وڵاتەیان خستەوە ژێر رکێفی خۆی، یەکێک لەو بوارانەی هەر لەسەرەتاوە رووبەڕووی مەترسییەکی زۆر بۆوە بواری هونەری میوزیک و گۆرانی وتن بوو، کە هەر لەسەرەتای هاتنەوەی ئەو چەکدارانەوە سەرجەم فێرگەکانی میوزیک و دوکان و ئەو شوێنە گشتیانەی کە تایبەت بوون بەو بوارە داخران و جارێکی تر نەکرانەوە و ئەو گۆرانیبێژ و هونەرمەندانەشی کە سەرقاڵی ئەو بوارە بوون یان وڵاتەکەیان جێهێشت یان لەوێ بەبێ دەنگی ماونەتەوە، کەسیش جارێکی تر بە ئاشکرا ناتوانێت لەو بوارەدا چالاکیی بکات.

لە نوێترین هەوڵیاندا بۆ رێگریگرتنی چالاکییەکانی ئەو بوارە، ژمارەیەک چەکداری تالیبان هەڵیانکوتاوەتە سەر پەیمانگەی هونەری میوزیکی کابول و سەرجەم ئەو ئامێرە میوزیکی و کەرەستانەیان شکاندووە کە لەناو پەیمانگەکەدا هەبوون.

لەم سۆنگەیەوە و پێشتریش «زەبیوحڵا موجاهید» یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی تالیبان رایگەیاندبوو بۆ لەمەولا سەرجەم ئامێرە میوزیکییەکان و بەکارهێنانیان بە هەموو شێوەیەک قەدەغە دەکەن، چونکە میوزیک لە ئیسلامدا حەرامە و هەوڵیش دەدەین خەڵک زیاتر لەم شتە تێدەگەیەنین.

 41 جار بینراوە