سەرەکی » وتار » لە شارەزوورەوە بۆ بەغدا

لە شارەزوورەوە بۆ بەغدا

شارەزوور یاخود شاری زهوور، ناوچەیەکی بەرفراوانی کوردستان پێکدەهێنێت، شار و شارۆچکە و لادێ و قەزا و ناحیەکانی ئەم سنوورە دابەشبوون بەسەر هەردوو پارێزگای سلێمانی و پارێزگای هەڵەبجەدا.

هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق جیا لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو لەسەر ئاستی 83 بازنە ئەندامانی خۆی دەپاڵێوێت. پارێزگای هەڵەبجە و قەزاکانی شارەزوور و پێنجوێن و سیدسادق دابەشبوون بەسەر بازنەی (٣)ی پارێزگای سلێمانی، تەنها (٣) کاندید دەتوانن ببن بە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەم سنوورەدا.

گەرچی گەلی کورد لەوەتەی هەیە لە لایەن رژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عیراقەوە ستەمی لێکراوە و مافی خوراوە، بەڵام هەمیشە لە رێگەی دیموکراسی و هەڵبژاردنەوە داوای مافی خۆیکردووە، تاوەکو ناچار نەکرابێت پەنای نەبردووە بۆ شۆڕش و بەرەنگاربوونەوە.

ناوچەی شارەزوور و هەورامان و هەڵەبجە و پێنجوێن، زیاتر لە ٢٥٠٠ گوندی وێرانکراوە و خەڵکەکەی ئاوارە بوون، زۆربەی شار و شارۆچکەکانی زیاتر لە دەیان جار گواستراونەتەوە و تا ئێستاش ئاسەواری وێرانکاریی دەستی رژێمی عیراقیان پێوە دیارە، زیاتر لە ٥ هەزار شەهیدی کیمیاوی لە هەڵەبجەدا بوون بەقوربانی و تا ئێستاش لە لایەن هیچ هێز و دەسەڵاتیکی عیراقییەوە کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان قەرەبوونەکراونەتەوە، بەشێکی زۆری شاڵاوی ئەنفال لەم ناوچانەدا ئەنجامدراوە و خەڵکەکەی لە بیابانەکانی عێراقدا زیندەبەچاڵ کراون، کۆشک و تەلارەکانی خوێندن و پەروەردە لەم ناوچانەدا بەتەواوەتی خاپوورکراون، هێڵەکانی کارەبا پەکخران، بۆ چەندین ساڵی یەک لە دوای یەک ناوچەکە بە گشتی بە موحەڕەمە لەقەڵەمدەدرا و و خەڵکەکەی لە ئاژەڵداری و کشتوکاڵکردن بێبەری بوون.

ئەگەرچی سەرجەم ئەم دیاردانە دیاردەی جینۆساید و سڕینەوەی نەتەوایەتین لە مێژوودا، دیاردەی هەوڵدان بۆ لەناوبردن و نەهێشتنی کەلتوور و فەرهەنگی کوردەوارین، بەڵام وا ئێساتا ئەم میللەتە لە ئەم ناوچە ستەملێکراوانەوە نوێنەری خۆی رەوانەی بەغدا دەکات و دەیانپاڵێوێت، ئەمەش بەڵگەیەکی حاشا هەڵنەگرە کە میللەتی کورد میللەتێکی ئاشتیخوازن، بڕوایان بە دیموکراتی و پێکەوەژیان و مافی مرۆڤ و هەڵبژاردن هەیە، میللەتێکن بڕوایان بە لێبوردن و لیخۆشبوون و دڵفراوانی و ئاشتیخوازی هەیە.

هەستیار مارف ئاغا

 161 جار بینراوە