سەرەکی » هەمەڕەنگ » ناساندنی کتێبی (خێوەتی خارا) لە کۆڕێکدا

ناساندنی کتێبی (خێوەتی خارا) لە کۆڕێکدا

پێش نیوەڕۆی 25/9/2021 ناوەندی هەولێری مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی لەهەولێر كۆڕێكی بۆ بڵاوكردنەوەو ناساندنی كتێبی (خێوەتی خارا)ی نووسەرو سیاسەتمەدار رەهبەر سەید برایم سازكرد.

لەكۆڕەكەدا ژمارەیەكی بەرچاو لەنوسەرو شاعیرو ئەدیب و چالاكوانی مەدەنی شاری هەولێرو ژمارەیەك لەئەندامانی سەركردایەتی یەكێتی ئامادەیبوون، رەهبەری سەید برایم بەشێوەیەکی گشتی باسی ناوەڕۆكی كتێبەكە و مانای ناونیشانەکەی كردو وتی: ناوی كتێبەكە كە (خێوەتی خارا)یە لەڕابردوودا شاعیری گەورەی كورد حاجی قادری كۆیی لەشیعرێكیدا بەكاری هێناوە كە بەمانای (چادری ئاوریشمی) دێت.

وتیشی: لەكتێبەكەدا باسی داهێنانی ناوی پێشمەرگەم كردووە كە لەلایەن شاعیرو سیاسەتمەداران و رووناكبیرانی كورد كە بەر لەكۆماری مهاباد داهێنراوە وەكو نووسەرو رووناكبیر حوسێن حوزنی موكریانی لەگۆڤاری (زاری كرمانجی) باسی لێكردووە.

هەر لەكۆڕەكەدا رەهبەری سەید برایم كۆمەڵێك زانیاری نەبیستراوی لەسەر بنەماڵەی دڵداری شاعیرو خزمایەتیان لەگەڵ گەورە شاعیرانی وەكو حاجی قادری كۆیی و نالی باسكرد.

دواتر ئامادەبوانی كۆڕەكە بەپرسیارو راو سەرنجی خۆیان بەشداریان لەكۆڕەكە كردو رەهبەری سەید برایم وەڵامی پرسیارەكانی دایەوەو لەكۆتاییشدا كتێبەكە بەسەر بەشداربواندا دابەشكرا.

رەوەست نەوزاد

 100 جار بینراوە