سەرەکی » مانشێت » قوباد تاڵەبانی: بە سەركەوتنی هاوپەیمانیی كوردستان هاوسەنگیی هێز دەگەڕێنینەوە

قوباد تاڵەبانی: بە سەركەوتنی هاوپەیمانیی كوردستان هاوسەنگیی هێز دەگەڕێنینەوە

هەولێر، رەوەست نەوزاد

Pukmedia

دوێنێ لە هەولێر، كەرنەڤاڵی بەرفراوانی لیستی هاوپەیمانیی كوردستان بۆ ناساندنی كاندیدەكانی هاوپەیمانیی كوردستان لە بازنەكانی سنووری پارێزگای هەولێر، بەڕێوەچوو.

لە سەرەتای كەرنەڤاڵەكەدا، ڤیدیۆیەكی چەند دەقیقەیی لەسەر مێژووی پڕ خەباتی یەكێتی و وتارەكانی سەرۆك مام جەلال و كاك نەوشیروان و كاك كۆسرەت رەسوڵ عەلی، پێشكەشكرا. دواتر كاندیدەكانی لیستی هاوپەیمانیی كوردستان لە سنووری پارێزگای هەولێر خۆیان ناساند و هەریەكەیان وتەیەكیان پێشكەشكرد.

پاشان، قوباد تاڵەبانی سەرۆكی هاوپەیمانیی كوردستان، لە وتەیەكدا سڵاوی بۆ هەولێری پایتەخت و هەولێری لانكەی شارستانیەت نارد و وتی: وەك هاوپەیمانیی كوردستان، هاوپەیمانیی سەرۆك مام جەلال و كاك نەوشیروان، هاتووین بۆلاتان، بەیەكەوە هاتووین، چونكە بەیەكەوە بەهێزترین.

ئەوەشی وت: خۆ بیرتان نەچووە، كێ بوو بە گڕ و بڵێسەی دوای كوژاندنەوەی شۆڕش لەم شارەدا ماینەوە و ئێمە بووین هەر لێرە بووین، ئەو كاتە هێزەكانی تر لە كوێ بوون؟ ئەی راپەڕینە مەزنەكەمان مامی كوردان و كاكە نەوە سەرپەرشت و ئەندازیاری نەبوون؟ چۆن بیرتان دەچێت شێرەكەی هەولێر جەنابی كاك كۆسرەت هەولێری كردە گڕی مەردایەتی، هاتووین بەهەمان رۆح و ورەوە خاوەنداریی ئەم شارە بكەین و بیگەڕێنینەوە بۆ خەڵكە رەسەنەكەی.

لە درێژەی وتەكانیدا، سەرۆكی هاوپەیمانیی كوردستان، ئاماژەی بەوەكرد كە ئێوەی هەولێری، چەندە لە خێر و بێری ئەم شارە سوودمەندن؟ بە دوبەی بوونی هەولێر ئەوەیە كە ئاوی خواردنەوەی نییە؟ بۆیە دەڵێین هەرچی لە چاوی ئەوان بە دوبەی دەچێت پیرۆزیان بێت، بەڵام هەموو بەشەكانی تر كە هی هاووڵاتیانی رەسەنی ئەم شارەیە، هی ئێمەیە، وەك چۆن لە سەردەمی مام جەلال و كاكە نەوە و كاك كۆسرەت و هاوەڵانیان خاوەنی ئەم شارە بوین، ئێستاش خەمخۆر و خاوەنی ئەم شارە دەبین و لەم هەڵبژاردنە بە سەركەوتنە چاوەڕوانكراوەكەمان هاوسەنگی هێز دەگەڕێنینەوە و لە بەغدا شەڕی هاووڵاتیانمان و مافەكانیان دەكەین.

باسی لەوەشكرد كە جۆرەها پڕوپاگەندە دەكرێت دژی هاوپەیمانیی كوردستان، چونكە دەترسن ئێوە بە دەنگەكانتان كۆتایی بەم ناهاوسەنگیی هێزە بهێنن، ئێمەش دڵنیاتان دەكەینەوە كە لەم هەولێرەوە سەركەوتنی گەورە رادەگەیەنین، پلانی ئێمە سەپاندنی سەقامگیرییە بەتایبەت لەڕووی ئابوورییەوە، بۆ ئەوەی بازاڕی كار بۆ ئەم ناوچانە بگەڕێنینەوە، پێشتان دەڵێین كە وەك هەمیشە خاوەنی ئەم شارە دەبین و پارێزگاری لێدەكەین.

راشیگەیاند: ئەگەر دەتانەوێت شنەبای ئازادی بگەڕێنینەوە بۆ هەولێر، دەتانەوێت ئاواتەكەی مام جەلال و كاكە نەوە بهێننەدی و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا رێكبخەینەوە، كە پێشتر بە سیاسەتە هەڵەكان تێكدراوە، دەنگ بدەنە هاوپەیمانیی كوردستان. وتیشی: ئەم هەڵبژاردنە دەرفەتە بۆ ئەوەی هاوپەیمانێتییەكەی مامی گەورەمان و كاكە نەوە سەربخەین و سەقامگیریی بۆ هەرێمی كوردستان بگەڕێنینەوە، چونكە گەڕاندنەوەی سەقامگیریی بۆ هەولێر و هەولێرییەكان، بە دەنگدانتان دەبێت بە هاوپەیمانیی كوردستان.

 479 جار بینراوە