سەرەکی » کەلتوور » باخچەیەكی وەریو لە گوڵ و گەڵا

سەباحی بەكر مەلا

باخچەیەكی وەریو لە گوڵ و گەڵا

رەهبەر سەید برایم

گەنجی ئەستێرەیەكە یەكجار هەڵدێ لە ئاسمانی ژیان و تەمەن، بە هاری ژیان وەرز و زەمەنێكە پڕ لە جوانی دیمەن، ژیانت چۆن بردۆتە سەر، دەردەكەوێ چ مرۆڤێكی یەكسەر، هەتاو هەتا سەر لە بن هەور نابێ، ژیانیش هەر لە خۆشی و ژان و جەور نابێ، ڕۆژان ڕۆژی لە دوایە، ئەمە كەلەشی پیرە دونیایە، هەموو شتێك بەرز دەبێتەوە وە نزم دەبێتەوە، دەوران دەورانە وەك خۆی نامێنتەوە، دڕك و گوڵ، لەیەك دار و چڵ، گەشە دەكەن و دەپشكوێن، لەیەك ڕەگ و خاك دەروێن، بەرنادشۆ پەندێكی هەیە بەراڤە و شرۆڤە، گوتویەتی لە دڕندەكان ناترسم ئەوەی لێی بترسم مرۆڤە، هەندێ مرۆڤ هەیە لە گورگ دڕندەترە، سەری زمانی لە چەقۆ تیژتر و بەبڕندەترە، سادەترین پەندی ژیان، ئازاری كەس مەدە بە گیان، كەچی هەیە لەو زەمانە بەڵام :

ئەوانەی دوێنی خەبەریان لێدام
داینابوو بمبەن بۆ ژووری ئیعدام
ئیستا ئەوانە خاوەن بڕیارن
بە پۆست و پلە و كارگێری كارن

نەك شەرمەزارن، دەم درێژ و هارن، وا پایەدارن، گەر لێبوردنی گشتی نەبا بە گیان قەرزار دەبوون، سووك و ڕیسوا و مەمنوون و منەتبار دەبوون یادی بەخێر شەهید ڕێباز، ئەو وتەیەی دەگووتەوە بە ڕاز و مراز:

(یا من تعب یا من شگی
یا‌ من علی الحاضر لگی)

پارە و سامان ڕەگ و ریشەی هەموو خراپە كارییەكانە، پارە تیژترە لە شمشێر خزمەتكارە بەڵام سەرداری ستەمكارییەكانە، ماڵی دزی و گەندەڵی وەك چڵكی سەگ حەرامە، نانی حەڵاڵ و ئارەقەی نێوچەوان بە چێژ و بە تامە، هەمیشە هەوڵ بدە چاكەكان بخە پێش چاو، وەفا و ویژدان سۆز و دواڕۆژ بكە رەچاو، دەتوانی بولبول و كەو لە قەفەز بئاخنی بە بەندی بمێنێ، بەس قەت ناتوانی وای لێ بكەی بخوێنێ.

تادۆستت هەبێ هاو ئاست و هاوشان، خۆشتر و ئاسودەتر دەژی لە ژیان، هەزاران هاوڕێ كەمە، یەك دژمن زۆرە و سەرچاوەی كێشەو خەمە، دەنگ بەرز مەكە ئاستی قسەكانت بەرزكە، ئەوەی زەوی ئاو دەدات بارانە نەك هەورە تریشقە و بروسكە، بالیفێكی نەرمە دڵ و دەروون پاك، چاكە هەوێن و ماكە بۆ رۆژی رووناك، نەبوونی پڕۆژە و بەرنامە ڕێژی، ئایندە تاریك دەكا و دەتخاتە لێژی، كەسێ بیرناكاتەوە بەوردی تێ نەفكرێ، وەك ڕاوچی یەك وایە لە خۆڕا بێ سێرە نیشانە بگرێ، زیندەگی بێ ئامانج سپاردنە بە قەزا و قەدەر، باش گوێ گرتن هونەرە لە ڕادە بەدەر، مۆڵەت بە زمان مەدە بكەوتەرێ پێش ئەندێشە، بێ لێكدانەوە دەتخاتە ئاریشە و كێشە، كەسانی گەورە ئەو كەسانەن كەوا دەزانن، ئەندێشەكان فەرمانڕەوایی جیهان، جیهانی هەموو كەسێ بە ئەندازەی بیریەتی، بە لێكدانەوەی ژیری و ڕا و تەگبیریەتی، ئارامی و ئومێدەواری و پشتكاری و هەول و كۆششی ژیرانە، بنەما و هۆكاری سەركەوتن لە ژیانی ڕۆژانە، دانپێدانان، بە هەڵە و گوناح و تاوان، چاكەیە گەر راستیت دەوێ، ئەوانەی بەرگری لە ئاگر بە ئاگر دەكەن خۆڵە مێشیان دەست دەكەوێ، تاریكی ناتوانێ تاریكی لە ناو ببات رووناكی نەبێ، ڕق ناتوانێ ڕق لەناو ببات خۆشەویستی و ڕێز و دڵپاكی نەبێ، ماڵی بێ مێوان، گوندی بێ شوان، هەمووی بێ هیوان، مرۆڤ دەستی ناگاتە ئاسمان بۆیە رێزی ئاسمان دەگرێ، خۆشەویستی خەرج نیە بەڵام هەموو شتێك دەكڕێ، لە گیزە و دەنگی گوللە مەترسێ و مەشلەژێ، دەنگی نییە ئەو گوللەیەی كە دەتكوژێ .
*****
وراتی كۆیە ئاخۆ بۆ هێندە فەرماندە و كەسایەتیی سیاسەتی هەڵكەوتووە، زانای مەزن (مەسعوود محەمەد) لە ژیان و جیهان بینی وای بۆ چووە، یەكەم كەس كە پاتە پات و بێ تەئویل و كۆمەكردن كوردایەتیی كردبێ بەزمان و قەڵەم حاجی قادری كۆیی بووە، مەیلە حەق پەرستانەكەی، گێراوەتە سەر كوردایەتی و كوردستانەكەی، كاریگەری شیعرە نیشتیمانیەكانی، بە وشە سادە و ڕەوانیەكانی، هێمنی موكریانی كۆڤانە:

سڵاو ئەی حاجی رۆڵەی زەمانە
لە سایەی تۆوە هەرچێكی هەمانە
هەمووی شاگردی تۆن شیرین كەلامان
لە تۆ فێربوون خەبات قازی و مەلامان
بەڵام تۆ دڵنیابە پیری زانا
بناغەیەكی وەهات بۆ كوردی دانا
ئیتر سەنگەر بەتاڵ كردن مەحاڵە
ئیتر كورد و بەزین خەون و خەیاڵە

لە كۆیەی بێشەی ئازا و نەبەزان، لە ئامێزی خێزانێك لەسەر ڕەزان، لەناو ترێ و هەنار و هەنجیر و گوڵ و گەڵأ، لەدایكبوو سەباحی بەكر مەلا، ساڵی 1963 كە دەكاتە ساڵی حەرەس قەومییان و بەعسییان، لە پەڕەی مێژوو بەڕەشی نووسیان، تاوانبار و جەلادن، دوژمنێكی سەر سەخت و بەر بادن، كۆیەیان خەڵتانی خوێن كرد، خەڵكیان تاڵان كرد و كوشت و گرت، ئەو ساڵە سەباح، بەناڕەحەتی ئەرواح، هاتۆتە ژیان وچاوی هەڵهێناوە، گۆمێ خوێن لەكۆیە ڕژاوە :

بەو شەهیدانە بەستران لە دینگە
مەدالیای ڕێزە لەشان و سینگە

سەباح لەو ژینگەیە بە 17ساڵی بۆتە پێشمەرگە، دڵسۆز، خۆڕاگر، لەشاخ و شەڕگە،

شەوەها لە شاخ ئەزیەتی دیوە
بێ نان لەبرسان زگی گوشیوە
كەم مزگەوت هەیە لێی نەخەوت بێ
هەورازێ‌ نیە سەرنەكەوت بێ‌
بەتەرزە و زریان لە قوڕ چەقیوە
بەسەرمای زستان چەق چەق لەرزیوە
بەكوێرەوەری لەچیا و چۆڵ و دەشت
بێ‌ بەش لە خۆشی دەردەسەری چەشت !
خەبات سەخت بەو، داخ و دەردەوە
زۆرجار میزی خۆیان دەخواردەوە
پێشمەرگایەتیی شانازی و شەرەف
گڕی ڕابردوو بەكێ دەكرێ‌ خەف

ئەو پێشمەرگانەی بە پەیژی هەورا دەچوون بۆ ئاسمان، خەبات و خۆڕاگرییان كردبووە دروشم و ناونیشان، ئەو پارتیزانانەی لە شەوە زەنگ، تروسكەی هیوا بوون لە كاروانی شاخ پێشەنگ، مانەوەی سەباح بەكر مەلا و هەڤاڵەكانی، لەخاكی سووتماك و ئەنفالكراو و وێران و بێ ئاوەدانی، ئاو هەبوو ئاوەدانی نەبوو، ئاگر و بەرگری و بەرخودانی هەبوو، ئاو و ئاگریان داهێنا، خۆیان بە سەخترین ژیان ڕاهێنا، گورگ و پێشمەرگە مابوون، هەر ئەوان لە شاخ و چیا بوون، ئەو زەمان بەفر دەسووتا، لە ناو ئاگر و بارووتا، شەڕیان دەكرد بەپێوە، لەو شاخ دەشت و كێوە، سەباحی بە كرمەلا، خاراوی خەم و خوێن و بەڵا، لە پارتیزانی بوونەتە تروسكە و شوورە و قەڵا، ئەو ڕۆژە 27/12/1988 شەهیدی فەرماندە قارەمان (كامەران ئەحمەد) لە كۆیە دەستگیر كرا، كەس مەزەندەی نەدەكرد پێشمەرگە مابێ كەچی پەی پێ بەردرا، (قەدریەخان) دایكە بە سۆزەكەی لە تاوان، بە قژڕنیین و لەخۆدانان، بە ئەشكی چاوان، كەوتە دوای زیلە پڕ قوەخاسەكان، ئەوەش سەروەریەكی مێژووییە لە ناوباسەكان، شەهید كامەران ئەحمەد لە ناو جەرگەی شار لەكن فولكەی حاجی قادری، دایك هەر بە دواوەی بوو تا دەربازبوو لەناو زیل و ئاگری، بێ خۆشەیستی تامی نیە ژیان، بێ دایكیش نە شیعر هەیە نە پاڵەوان، دایك دەتوانێ تێ بگات لە ئازاری ڕۆڵەكەی، ئەودەزانێ سۆزی جەرگ و چەند قورسە بار و كۆڵەكەی، باجی خەبات و پێشمەرگایەتیی و پارتیزانی، بووە مایەی قوربانی و مەرگی خێزانی، خانوویان لێ تێكدرا، 14 كەسیان لێ‌ گوللەباران كرا، لە خوت و خۆرا، گۆڕ بزر كران، بەدەردێ‌ بردران، شەهیدەكان:

بەكر مەلا، نەوزادی بەكر مەلا، گوڵەباغ بەكر مەلا، عالیە بەكر مەلا، مام حەسەن تەها، لەعلی مەلا، تەها مام حەسەن، زیرەك مام حەسەن، بەهار مام حەسەن، دڵزار مام ئەحمەد، عەبدوڵڵا حەسەن مام قلینجی، كافیە كەریم حەسەن، هیدایەت عەبدوڵڵا حەسەن مام قلینجی، نازەنین عەبدوڵڵا حەسەن، تاوانیان ئەوە بوو دایك وباوك و خوشك و برایان پارتیزانەكان بوون، بۆیە بەو دەردە كوژران و لە ناوچوون، جگە لە شەهیدكرانی كامەران ئەحمەد و سەركار ئیسماعیل و شێروان مام حەسەن لە یەك رەگ و خێزانن، شەهیدی ڕێگای سەربەرزی كورد و كوردستانن، باخچەكەیان هێندە هەنارەی نەدەگرت، هێندەیان لێ شەهیدكرا لە پێناوی كورد، خەباتی خوێناوی ماڵی مام حەسەن و مام ئەحمەد و دكتۆر هیمداد مام قلنجی و بەكر مەلا، دەبێ لە مێژوو بنووسرێ سەربەسەر بە ئاوی زێڕ و تەڵا، بەرەو ئاسمان بەرزیخوازی و پەیژەیە، پلە و پایە و پۆست ڕاژە و رێژەیە، هەڵۆی باڵشكاو نافڕێ، ڕاوی نێچیری پێ ناكرێ، سەباحی بەكر مەلا، فەرماندە بوو لە زۆر لا، پلەی لیوا بوو، لێی بێ هیوا بوو، وەك هەڵۆیەكی بریندار، جەرگ تیمار و ناخ بە ئازار، شێر بریندار بكرێ ئازاتر و بەسامتر دەردە كەوێ‌ و ناسرەوێ‌، هەروەك چۆن چیای هەیبەسوڵتان ئەوی نابێ و ناكەوێ، ئەو هەیبەت و سوڵتانێك بوو، فەرماندە و قارەمانێك بوو، لە دژی داعش لە شەڕگەی لای مەلا عەبدوڵڵا، جێی پەنجەی دیاربوو سەباحی بەكر مەلا، هەمیشە سەیری خۆێن و فرمێسكی ڕابردووی دەكرد، بۆیە لە جۆش و خرۆش دابوو ئاگری دەگرت، سەیریكە خۆێناوییە ڕابردوومان، ڕەنگین و ئاڵە پەڕەی مێژوومان .

تەنیایی بۆ بیركردنەوە و هێلانەیە، پێشمەرگایەتیی ئەزموون و وانەیە، ڕاو بۆ وەرزش و خۆشی و چێژ و گەشتە، بۆ شارەزایی نهێنییە شاراوەكانی سروشتە، سەباح تابڵۆی رەسەنایەتیی كەلتوری كوردەواری بوو، بە سمێڵە گەورەكەی، بە پشتێنە ئەستورەكەی، مشكی لە سەری جودا كاری بوو، داب و نەریتی كوردەورای تێدا زاڵ بوو، بە تفەنگ و كەو و ڕاو و شكاو پێشمەرگایەتیی سەرقاڵ بوو، لە شار زۆر نەدەگەڕا دوورە پەرێز، دەروون ئاڵۆز و كەم تێكەڵ و خۆپارێز، رازی و ڕەزا بوو بە نان و ئاوی حەمامۆك:

بۆ ئەهلی قەناعەت لە پڵاو خۆشتر و داندۆك

تەمەن و جوانی و گەنجی، ژیان و خەبات و ڕەنجی، بەسەر برد لە ناو شاخان، تا دڵی تەقی لەداخان، لە 12/7/2021 بە كپ داگەڕان چاوی لێك نا، بۆ باوەشی شەهیدەكانی بارەگای تێك نا!

چاوی هەڵبێنە روو لە گەردوون كە
تەماشەی بلێسە و گڕی دەروون كە

مەرگ بیانوو دەخوازێ، بە شێوازێ دەسازێ، مردن گومان هەڵناگرێ، هەرگیز چارەسەر ناكرێ، مەرگ بێ وێژدان و بێ بەزەیی و كارەساتبارە، هەرچەندە ئازاری نیە بەس شكان و بریندار كردن زۆر بە ئازارە، بۆیە سەباحی بەكر مەلا، شەقی برد لە كێشەی لا بە لا، ئاسمان، هەتاو، مانگ و ئەستێرە، ڕۆحی سەباحی بەكر مەلا بە نەمری بسپێرە، لە دۆزەخی ژیان سووتابوو لێرە، مەگەر لەو دونیا بحەسێتەوە، ئارام بگرێ چیتر نەچەوسێتەوە، مردن تارماییەكە بە دوای جەستدا دەگەڕێ.

( ئێمەش دەمرین و دەبینە خاكی سەرەرێ)

فریشتەی ڕۆح كێشان ڕاوچییە ڕاوی مەرگ دەكات، پۆشتەترین ئاڵا و والا و باڵا بە كفن بەرگ دەكات، سەباحی بەكر مەلا، تەمەن وەری وەك گەڵا، بە جیێهێشت دایكێكی جەرگ هەڵقرچاو و 7 جگەر گۆشە، (حەلیمە خان)ی دایكی دەروون تەندورێكی پڕگڕ و جۆشە، ڕۆڵەكانی (ڕاوكار – بەكر- نەوزاد- سەلاح- سیتا- سەرمەند- عالیە) حەیف سەباح رۆیی لە دەستمان جێگای خاڵییە.

 158 جار بینراوە