فلاش فیکشن یان ساتە چیرۆک

ساكان

لەو هەواڵەوە ساكاوم. ئەژنۆی جەستە و مێشكم شكاوە. نازانم چیم لێ قەوماوە؟ ئەو پێشمەرگەیەم كە خەریكە لەناو زریاندا رەق دەبێتەوە. ئاخخخ! سەر لە هیچ دەرناكەم، ئاخر گیانی گیان! تۆ پێم بڵێ چی بكەم؟

دە ساڵانم جزدانێكی سوورم كڕیوە، خۆشم نازانم بۆچیم كڕیوە؟ ئێمەمان، مناڵانی هەژاران جزدانمان بۆ چییە؟ ئەمما دڵم پێی خۆشە زوو زوو دەریدەهێنم و تێر تێر سەیری دەكەم و دەیخەمەوە گیرفانی شەرواڵەكەم.

هێشتا فلسی تیا نییە، كەچی هەر دڵم پێی خۆشە. رۆژێك سەیری دەكەم، یەك روبعە دیناری تیایە. پەنجە دەكەم بە لووتما بیردەكەمەوە، ئەم روبعە دینارەم لە كوێ بوو؟ دێتەوە خەیاڵم یەك دیناری شین دەدۆزمەوە، پیاوێك فریوم دەدات و بە روبعە دینارێ لێم زەوت دەكات. روبعەكەم لێ ون دەبێت، ئەوەندەی بۆ دەگەڕێم، خەریكە وەك شۆڕەبی سەرم شۆڕدەبێتەوە، نییە و نییە، دەستدەكەیتە ملم و روبعە دینارێك دەخەیتەوە جزدانەكەم، شاگەشكە دەبم!

دوانزە ساڵانم، لەو ناوە مووشێن دەكەم. دەست دەخەیتە سەر شانم و دەڵێی: «بڕۆ دەموچاوت بشۆ، دەچین بۆ بازاڕ.» بەرەو ماڵەوە رادەكەم و دەم و چاوم پشیلە شۆر دەكەم. تۆزی رۆنی هیزەكە دەدەم لەسەرم و قژە لوولەكەم دادەهێنم. دەچینە بازاڕ، بەپارەی ئیشەكەت، قوماشی قاتێ شەرواڵ و مراخانیم بۆ دەكڕیت، دەچینە لای بەرگدروو بە دوورینی دەدەین. لەوێوە بۆ لای سینەماكان. لەڕێ بیرلەوە دەكەمەوە، تۆ بۆچی ئەوەندە زمانشیرینی، منیش ئەوەندە بێ دەم و پل؟ ئیرەییت پێدەبەم. كوبەی برنج دەخۆین و بۆ یەكەمجار دەمبەی بۆ سینەما. كە دێمەوە ناو هاوڕێ تەپوتۆزاوییەكانم و دەست بە مووشێن دەكەینەوە، یەك حەفتەی رێك باسی فیلمەكە و كوڕە ئازاكە دەكەم، جار لەگەڵ جار زیاتر خۆمی پێوە هەڵدەكێشم و فشەی پێوە دەكەم.

سەیری لەشولاری خۆم دەكەم، مەچەكم باریك و قژم لوول بۆتەوە. هەر بەڕاستی بوومەتەوە بە دە ساڵان، چڵمەكەم هەڵدەلووشم، سەرم قورس دەبێت. دێیتە خەونم، پێدەكەنیت، دەڵێی: «ئەوە تۆ باوەڕت كردووە كە من مردووم؟»

 93 جار بینراوە