سەرەکی » زانست » سزای دەستدرێژیی جلوبەرگی هەموو ژنانی گوندی پێدەشۆن

سزای دەستدرێژیی جلوبەرگی هەموو ژنانی گوندی پێدەشۆن

كەشتیی نوح

پیاوێكی هیندی هەوڵیداوە دەستدرێژی سێكسی بكاتە سەر ژنێك، دوای دەستبەسەركردنی بە مەرجێك ئازادكراوە ماوەی شەش مانگ جلوبەرگی 2000 ژن و كچی گوندەكەی بشوات و ئووتویان بكات.

(لالان كۆمار) پیاوێكی هیندی تەمەن بیست ساڵی دانیشتووی گوندی ماگهوری ویلایەتی بیهارە، ماوەیەك پێش ئێستا بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ دەستدرێژی سێكسی بۆ سەر خانمێكی گوندەكەی دەستبەسەركرا و پاشان بە مەرجی ئەوە ئازادكرا كە ماوەی شەش مانگ جلوبەرگی هەموو خانمانی گوندەكەی بشوات و ئوتوویان بكات، هەر بۆیە دوای ئازادكردنی ناچار بوو برێكی زۆری مادەی پاككردنەوەی جلوبەرگ بكڕێت بۆ ئەوەی لەو ماوەیەدا كاری خزمەتگوزاری شتن و ئوتوی بێبەرامبەر بۆ هەمو ژنانی گوندەكەی بكات.

پۆلیسی ناوچەی مادهوبانی لە ویلایەتی بیهار لە لێدوانێكیدا ئاماژەی بەوە داوە لەبەرئەوەی (كۆمار) كاری شتن و ئووتوی كردووە بۆ دەستكەوتنی بژێوی ژیانی، بۆیە مەرجێكمان بۆ داناوە كە پەیوەندی بە كارەكەیەوە هەیە و دەبێت ماوەی شەش مانگ بێ بەرامبەر ئەو خزمەتگوزارییە پێشكەش بە ژنانی گوندەكەی بكات.

سەرۆكی ئەنجومەنی گوندەكەش كە ناوی نەسیمەیە لە وتەیەكیدا خۆشحاڵی خۆی و خانمانی گوندەكەی دەربری بەرامبەر ئەو بڕیارەی دادگا وتی» ئێمە چاودێری كۆمار دەكەین و ئەوەش بریارێكی مێژووییە كە سەنگ و ڕێز دەگەڕێنێتەوە بۆ ژنان و كەرامەتیان دەپارێزێت».

ژنانی گوندی ماگهوریش سەبارەت بەو سزایە دەڵێن « ئەو سزایە كاریگەریی ئەرێنی هەیە و دەرگای مشتومڕی خستە سەرپشت سەبارەت بەو تاوانانەی بەرامبەر ژنان دەكرێن.

یەكێك لە ژنەكان بە ناوی (ئەنجوم بیرون) وتی « ئەمە هەنگاوێكی ناوازەیە و وەك پەیامێكیشە بۆ كۆمەڵ كە چیتر برینداركردنی كەرامەتی ژنان نەكرێتەوە».

هەرچەندە لە ساڵی(2012) دا لەهیند یاسای دەستدرێژیی سێكسی هەمواركراوەتەوە ئەوەش دوای رووداوێكی دەستدرێژیی سێكسی بە كۆمەڵ، بەڵام هێشتا ژمارەی تاوانەكانی لەو جۆرە بەرزە و بە تەنها لە ساڵی 2020 دا (28) هەزار كەیسی دەستدرێژیكردن تۆماركراوە و پۆلیسیش بەوە تاوانبار دەكرێت كە هەوڵی جدی نادەن بۆ رێگرتن لە توندوتیژیی و تاوانەكانی لەو كردەوەیە دەكەونەوە و ئەو كەیسانەش رەوانەی دادگاكان ناكات.

سەرچاوە:Ghadi news

 170 جار بینراوە