سەرەکی » وەرزش » جەولەیەكی تری یارییەكانی چامپیۆنس لیگ

جەولەیەكی تری یارییەكانی چامپیۆنس لیگ

سبەی شەو جەولەیەكی تری یارییەكانی چامپیۆنس لیگ دەستپێدەكەن و بەم دوا جەولەیەی یارییەكانیش یارییەكانی چوون كۆتاییاندێت و دواتر یارییەكانی گەڕانەوە دەستپێدەكەن.
سبەی سێشەممە لە گروپەكانی یەكەم تا چوارەمدا سەرجەم یارییەكانی دوا جەولەی چوون دەكرێن و رۆژی چوار شەممەش یارییەكانی گروپەكانی پێنجەم تا هەشتەم دەكرێن.

یارییەكان
سەرەتا بۆبەرچاوی روونی زیاتر بۆ خوێنەرانی ستادیۆم، خشتەی سەرجەم یارییەكانی سبەی سێشەممەو چوارشەممەی داهاتوومان داناوەو لەگەڵیشیدا خشتەی ریزبەندیی سەرجەم گروپەكانیش ئاشکار کراون تا گرنگی یارییەكان بۆ خوێنەران دەربكەون.

بارسا لە چاوەڕوانی یەکەم بردنەوەدا
ئەو یارییانەی رۆژانی سێشەممەو چوارشەممەی ئایندە دەكرێن، گرنگیی زۆریان بۆ یانەكان هەیە، یانەیەكی وەك بارسیلۆنا لەم جەولەیەی یارییەكاندا چاوی لە تۆمار كردنی یەكەم بردنەوەو یەكەم سێ خاڵی خۆیەیەتی لە قۆناغی گروپەكاندا، چونكە دوو یاریی یەك لەسەر یەكی بە بایرن مونشن و بەنفیكا بە یەک ئەنجام 0-3 دۆڕاندووە و هیچ خاڵێكی نییە و تەنانەت لەو دوو یارییەشیدا گۆڵێكی بۆ نەكراوە.

گیانی تۆڵەكردنەوە
لیڤەرپوڵ بەهیوای ئەوەیە سیناریۆی پێراری چامپیۆنس لیگ لەگەڵ ئەتلەتیكۆ مەدرید دووبارە نەبێتەوە، كاتێك لە واندا میترۆ پۆلیتانۆ لە مەدرید و پاشان لە لیڤەرپوڵیش بە یانە مەدریدییەكە دۆڕا، دەیەوێت ئەمساڵ بەگیانی تۆڵەكردنەوە رووبەڕوی یانە مەدریدییەكە دەبێتەوە.

بردنەوەو یەكسانبوونێك
پاریس سانجێرمان كە دەوڵەمەندتریین یانەی ئەوروپایە بە یاریزانی ئەستێرە و بەناوبانگ، لە دوو یاریی رابردوویدا بردنەوەو یەكسانبوونێكی تۆمار كردووە، لەیاریگای خۆیدا لە جەولەی پێشوودا لە مان سیتی بردەوە، بەڵام لە جەولەی یەكەمدا لە بەلجیكا 1-1 لەگەڵ كلوپ بروج یەكسانبوو، ئەم جەولەیە لە یاریگای خۆیدا یارییەكی تاڕادەیەك قورسی بەرامبەر لایبزیگ هەیە، لەوەش گرنگتر ركابەرەكەی پاریس سانجێرمان کە كلوپ بروجە و ئەمیش خاوەنی 4 خاڵەو یاریی ئەمجارەی كلوپ بروجیش لەیاریگای خۆیدا لەگەڵ مان سیتییە، ئەم دوو یارییەش رەنگە ریزبەندیی گەورە لە گروپەكەدا درووستبكات.

لە بارودۆخێكی خراپدایە
ریاڵ مەدریدیش لە بارۆودۆخێكی خراپدایە، دۆڕاندنەكەی جەولەی پێشووی لەیاریگای خۆیدا بە شیریف تیراسبۆڵ گورزێكی كەمەر شكێن بوو بەریكەوت، ئێستا لەو دوو یارییەی كردوونی برنەوەو دۆڕاندنێكی هەیە خاوەنی 3 خاڵە، لەم گروپەدا شیریف بە دووبردنەوەی بەنرخ یەكەمی گروپەكەیە و لەم جەولەیەی یارییەكانیشدا دەبێتە میوانی ئینتەر میلان، ئەگەر لەم یارییەدا ئەنجامی باش تۆمار بكات ئەوا دەبێتە گوشار لە سەر یانەكانی تری گروپەكە بەتایبەتی ریاڵ و ئینتەر.

گروپی سێیەم
لەگروپی سێیەمدا ئەیاكس و دۆرتمۆند لە باشترین بارودۆخدان، هەردوو یارییەكەی جەولەی یەكەمیان لە بیشكتاش و سپۆرتینگ لشبۆنە بردۆتەوە، ئەم جەولەیەش هەردووكیان یارییەكی گرنگ و چارە نووسساز لەگەڵ یەكتری دەكەن و یارییەكەش لە یاریگای یۆهان كرۆیفە لە هۆڵەندا.

گروپی هەشتەم
یۆڤانتۆس و چێڵسیش لە گروپی هەشتەمدا لە دوو ئەركی جیاوازدان، یۆڤی دەیەوێت لووتكە بۆ هیچ كامێك لەیانەكانی تر و بەتایبەتی بۆ چێڵسی چۆڵ نەكات، هەرچەندە چێڵسی بەجیاوازی گۆڵ سێیەمەو لەپاش زنیتی روسییەوەیە، زنیتیش لە یاریگای خۆیدا چاوی لەوەیە لە یۆڤانتۆس بباتەوە بۆ ئەوەی پلەی دووەمی لەدەست نەدات بۆ چێڵسی.
هەرچی یانەی چێڵسیشە كە لە دوو یاریی پێشوویدا بردنەوەو دۆڕاندێكی تۆمار كردووە و دۆڕانەكەشی بە یۆڤی بووە لە ئیتاڵیا، ئەم یارییەی كە لە یاریگای خۆیدا لەگەڵ ماڵمۆ دەیكات دەبێت خاڵەكانی یارییەكە لەدەست نەدات ئەگەر نا ئەوا خۆی بەدەستی خۆی رەنگە پێشەنگی بۆ یوڤی جێبهێڵێت یان زنیت ئەگەر لە یوڤی بباتەوە ئەوا زنیت دەچێتە ئەو شوێنە.
بەگشتی ئەوە دوا بارو دۆخی یانەكانە لە گروپەكانیان و لە هەمان كاتیشدا گرنگی یارییەكانی ئەم جەولەیەیانە لە خولەكەدا و فیكەی كۆتایی یارییەكانیش دوا قسە دەكات نەك ئەگەرەكان.

 191 جار بینراوە