سەرەکی » زانست » ستافێكی سینەمایی بۆ (ئاڵنگاری) گەیشتنە بۆشایی ئاسمان

ستافێكی سینەمایی بۆ (ئاڵنگاری) گەیشتنە بۆشایی ئاسمان

ئا / كەشتیی نوح

بە مەبەستی بەرهەمهێنانی فیلمێكی جیاواز، تیمێكی سینەمایی روسیا بەرەو بۆشایی ئاسمان بەرێكەوتن.

روسیا بە شێوەیەكی جیاواز بووەوە بە پێشەنگ لە بواری فەزادا و رۆژی پێنجی ئەم مانگە تیمێكی وێنگرتنی فیلمی سینەمایی بە سەركەوتوویی رەوانەی وێستگەی ئاسمانی نێودەوڵەتیی میر كرد و بڕیارە ئەوتیمە ماوەی 12 رۆژ لە وێستگەكەدا بمێننەوە بۆ وێنەگرتنی دیمەنەكانی فیلمێكی نوێ بە ناوی (ئاڵنگاری) كە بە زمانی روسی دەبێت.

لەو فیلمە روسیەدا كە (كلیم شیبینكۆی) دەرهێنەری روسیی كاری دەرهێنانی بۆ دەكات، خانمە ئەكتەری ناوداری روسیی یۆلیا بریسیلد رۆڵی پاڵەوان دەگێڕێت.

بەمەش ئەو خانمە دەبێتە یەكەمین ژن لە مێژوودا كە لە فیلمێكی سینەماییدا بەشداری بكات كە دیمەنەكانی بە راستی لە بۆشایی ئاسماندا وێنەی دەگیرێت بەمەش پێش زۆربەی ئەكتەرانی هۆلیود دەكەوێت لەوانەش تۆم كروز.

ئەو تیمە بەر لە گەشتەكەیان مەشقێكی زۆریان كردووە و وەك هەر كەشتیوانێكی ئاسمانی بە چەند تاقیكردنەوەیەكی سەختدا تێپەڕیون.

هەروەها ئەم فیلمە دەچێتە پاڵ ئەو زنجیرە ئاڵنگارییانەی لە نێوان ئەمریكا و روسیادا هەیە لە بواری فەزادا و دوای 60 ساڵ لە رەوانەكردنی یەكەمین مانگی دەستكرد بۆ فەزا لە لایەن روسیاوە كە هەنگاوێكی نوێ بوو لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، ئەمجارەش سینەماكارانی روسیا گرەوەكەیان لە ئەمریكا بردەوە و یەكەمین فیلمی درێژ لە بۆشایی ئاسمان و دەرەوەی گۆی زەویدا بەرهەم دێنن.

هەرچەندە پێشتر ئاژانسی ناسا ئاشكرایكردبوو كە ساڵی داهاتوو و لە چوارچێوەی پرۆژەیەكی هاوبەشی نێوان ناسا و كۆمپانیای (سپەیس ئێكس) فیلمێكی سینەمایی لە بۆشایی ئاسماندا بەرهەم دەهێنن تۆم كرۆز پاڵەوانی ئەو فیلمە دەبێت، بودجەكەشیان بە 200 ملیۆن دۆلار لە قەڵەمدا، بەڵام روسیا لەو بوارەدا پێشیانكەوت و پێشەنگیی بۆ خۆی مسۆگەر كردەوە.

ئەو فیلمە روسییە كارێكی هاوبەشی كەناڵی یەكی روسیا و ئاژانسی رۆسكۆسمۆسە و پارەی فیدرالیشی بۆ تەرخان نەكراوە.

(یۆلیابریسڵید)یش سەبارەت بەم ئەزمونەی زۆر خۆشحاڵە و بە ڕۆژنامەنوسانی راگەیاندووە ئەو دوو جار دڵخۆشە، یەكەمیان كە لە فیلمێكی سینەمایی جیاوازدا بەشداری دەكات و جارێكی تریش كە بووەتە یەكەمین ژنە ئەكتەر بە راستیی لە بۆشایی ئاسماندا نواندن بكات.

هەروەها وتیشی» كاتێك چومە ناو وێستگەی نێودەوڵەتییەوە هەستم دەكرد خەون دەبینم، ئێستاش كە دەزانم شتەكە راستییە دەبێت خۆم بۆ كاری زۆر ئەستەم ئامادە بكەم بەهۆی ئەوەی كە تیمێكین لە رووی ژمارەوە كەمین، بۆیە دەبێت زۆربەی كاری فیلمێكی درێژ لە ئەستۆی خۆم و دەرهێنەرەكەدا بێت».

سەرچاوە: ئاژانسەكان

 110 جار بینراوە