سەرەکی » راپۆرت » گەنجبوونەوەی یەكێتی لە وێستگەی گۆڕانكاریی ریشەییدا

گەنجبوونەوەی یەكێتی لە وێستگەی گۆڕانكاریی ریشەییدا

راپۆرت و بەدواداچوون

بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا، لەمیانی چەند دیدار و كۆبوونەوەیەكدا ئاماژەی بە ئەركەكانی رێكخراوەیی و راستكردنەوەی رێڕەوی حزبی كرد و رایگەیاند: یەكێتی لەبەردەم گۆڕانكاریی ریشەیی حزبیدایە و بەپێی پەیڕەو و هەڤاڵێتی، كارەكانمان رێكدەخەینەوە و زیاتر گرنگی بە توانا و هێزی گەنجان دەدەین و دەیانهێنینە پێشەوە، كادریش لەسەر بنەماكانی رۆشنبیری و فیكری، پەروەردە دەكەینەوە و ژیانی سیاسیمان بە تەواوەتی گەنج دەكەینەوە.

یەكێتی بەردەوام گرنگیی بەرچاوی داوە بە گەنجان و لاوان
گەنجبوونەوەی یەكێتی لە وێستگەی گۆڕانكاریی ریشەییدا یەكێكە لە تەوەرە سەرەكییەكانی ئەم قۆناغەی ژیانی حزبایەتی لەناو یەكێتیدا، سەبارەت بەو باسەش، كوردۆ عومەر كاندیدی سەركەوتوو بۆ خولی نوێی ئەنجومەنی نوێنەران بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: توێژی گەنجان و لاوان لە هەموو كۆمەڵگەیەكدا بۆ بەرەوپێشبردنی وڵات رۆڵی گرنگ و بەرچاویان هەیە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تائێستا بەردەوام گرنگیی بەرچاوی داوە بە گەنجان و لاوان و هەمیشە هەوڵیداوە رێگەیان بۆ خۆش بكات بۆ ئەوەی بتوانن رۆڵی خۆیان لە بوارە جیاوازەكاندا ببینن، «سەرۆك مام جەلال بەردەوام تەئكیدی دەكردەوە كە گەنجان دەتوانن گۆڕانكاریی گەورە دروستبكەن، گەنجان سەروەتێكی نیشتمانی و نەتەوەیین، نابێت پشتگوێ بخرێن».

یەكێتی لە رێگەی ئۆرگانەكانی خۆیەوە بەردەوام كاریكردووە بۆ هێنانەپێشەوەی گەنجان
مەحمود خۆشناو نووسەر و كادری پێشكەوتووی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، هاوڕایە لەسەر پێویستیی گرنگیدان بە گەنجان و لاوان، ئەو لەوبارەیەوە بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەر لەسەرەتای دامەزراندنییەوە تائێستا هەمیشە كاری لەسەر ئەوە كردووە كە لە رێگەی ئۆرگانەكانی خۆیەوە گەنج بهێنێتە پێشەوە، «یەكێتی هەر لەسەرەتاوە تائێستا بەردەوام پشتوانیی رێكخراوەكانی خوێندكاران و لاوان و سەرجەم رێكخراوە پیشەییەكانی كردووە»، ئاماژەی بەوەشدا «لە هەموو وێستگە جیاوازەكاندا بەردەوام یەكێتی گرنگیداوە بە هێنانەپێشەوەی گەنجان»، وتیشی: بوونی گەنج لەناو دەسەڵات ‌و لەناو ئۆرگانەكانی حزبدا، توانا و وزەیەكی نوێ دەبەخشێتە پڕۆسەی سیاسی و حوكمڕانی ‌و كاری حزبی ‌و رێكخراوەیی.

لە درێژەی قسەكانیدا، كوردۆ عومەر كاندیدی سەركەوتووی لیستی هاوپەیمانیی كوردستان بۆ خولی نوێی ئەنجومەنی نوێنەران، هەڵوەستەی زیاتر لەسەر پرسی گرنگیدان بە گەنجان لەناو یەكێتیدا دەكات و بە پێویستی دەزانێت كە «یەكێتی دەرفەتی زیاتر بۆ هێنانەپێشەوەی گەنجان و لاوان بڕەخسێنێت، بۆ ئەوەی بتوانن رۆڵی خۆیان لە سەرجەم بوارەكاندا ببینن»، بە بۆچوونی ئەو «گەنجبوونەوەی حزب و بوونی سەركردەی گەنج لەناو هەر لایەن و رێكخراوێكی سیاسیدا، پێویستە».

لە هەموو گۆڕانكارییەكدا گرنگیی زیاتر بە گەنجان و لاوان دەدرێت
لە درێژەی لێدوانەكەیدا بۆ كوردستانی نوێ، مەحمود خۆشناو، گەشبینی خۆی نیشاندا كە لەم وێستگەیەی ئێستاشدا یەكێتی گرنگیی زیاتر بە رۆڵی گەنجان دەدات و لەوبارەیەوە دەڵێت: یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەم قۆناغەدا كار لەسەر فۆرمێكی نوێی كاری حزبی دەكات و لە هەموو گۆڕانكارییەكانیشدا گرنگیی زیاتر بە گەنجان و لاوان دەدات.

 93 جار بینراوە