سەرەکی » ئاراستە » گەڕانەوەی قەتەر بۆ سەر ستەیج و لاوازبوونی ئیمارات

گەڕانەوەی قەتەر بۆ سەر ستەیج و لاوازبوونی ئیمارات

هیفام عەلەوی 

لە فارسییەوە: ئەرسەلان حەسەن 

قەتەر لە ماوەی چەند ساڵێکدا توانی کۆتایی بەگۆشەگیری خۆی بهێنێت و شوێن پێی خۆی لە ناوچەکە قایم بکات و تەنانەت لە سەروو ئەوەشەوە لە ئەفغانستان رۆڵ ببینێت. لە بەرامبەردا، ئیمارات چەندین شکستیهێنا، هەرچەند هێشتا توانایەکی زۆری هەیە.
لە حوزەیرانی 2017، هاوپەیمانییەکی وڵاتانی عەرەبی بە رابەرایەتی ئیمارات و سعودیە، قەتەریان بایکۆت کرد، ئەم وڵاتە گچکەیە ئەوکاتە لە خوارترین ئاستی دەسەڵاتی ناوچەکەدابوو تەوەری دژە شۆڕشی ئیمارات – سعودیە گۆشەگیرییان کردبوو، قەتەر تێگەیشت لەوەی ئەو هەموو پشتگیری کردنەی لە ئیخوان ئەلموسلمین هیچ ئاکامێکی نەبووە بۆی. پاشان دۆحە تووندترین گوشاری خرایە سەر بۆ داخستنی میدیاکانی کە بەهێزترینیان، تەلەفزیۆنی ئەلجەزیرە بوو. داهاتووی ئەم وڵاتە بە پشتگیریکردنی حکومەتەکەی ترەمپ لە ئیمارات و سعودیە زۆر ئاڵۆز دەردەکەوت. دوای چوار ساڵ بارودۆخەکە پێچەوانە بۆوە. ناوچەی کەنداو هاوسەنگییەکی جیۆپۆلەتیکی نوێی بەخۆوە بینی. قەتەر بە هۆی توانای سیاسەتی دەرەوەی زۆر لە سەرووی ئەندازەی جوگرافیای گچکەی، پیگەیەکی تازەی دەستەبەرکردەوە. لە بەرامبەردا ئیمارات شکستێکی زۆری بەرامبەر ئاڵنگارییە ناوچەییەکان بەخۆوە بینیوە. دەکرێ ئەم داتا نوێیانە زیاتر لە هەر شتێک بۆچوونی ناوچەیی دژبەری ئەم دوو وڵاتە روون بکاتەوە. قەتەر شوێن پێی سیاسەتی دەرەوەی سەربەخۆ دەکەوێت، کە ریشەی بۆ پێداچوونەوەیەکی ستراتیژی ماوەدرێژ دەگەڕێتەوە، لە کاتێکدا ئیمارات، تاکتیکی ماوەکورت دەگرێتەبەر. دۆسێیەی ئەفغانستان بە باشی گەڕانەوەی قەتەر بۆ پێگەی خۆی پیشان دەدات. دۆحە کە ماوەیەکی زۆر رۆڵی نێوەندگیریکردنی تێکهەڵچوونە ناوچەییەکانی هەبوو، لەساڵی 2013 بڕیاریدا و ئەوکاتە بڕیارێکی زۆر باش و روژێنەربوو، بەوەی پێشوازی لە تالیبان بکات و ناوبژیوانی دانوستانی ئاشتییان بێت لەگەڵ ئەمریکادا.

دوای کشانەوەی ئەمریکا
لە ئەفغانستان
ئەمڕۆ دوای کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان، قەتەر پێگەیەکی نەگۆڕی بۆ هەر جۆرە دانوستانێک لەگەڵ تالیبان هەیە. ئەم وڵاتە ئاسانکاریی بونیادنانی پردی ئاسمانی کرد، کە بۆ رزگارکردنی ژمارەیەکی زۆری ئەمریکی و ئەفغانییەکان لە مەترسی، پێویست بوو هاوشانی تورکیا، قبووڵیکرد فڕۆکەخانەی کابول لە جیاتی دەسەڵاتی نوێ لە کابول بەڕێوەبەرێت. هەنوکە پەیوەندییەکانی خۆرئاوا و تالیبان پەیوەستە بە دۆحەوە. ئەم وەرچەرخانە گرنگە لە بەرژەوەندی قەتەرە، کە لەڕووی جوگرافییەوە زۆر لەسەرووی نیگەرانی رکابەرەکانیەوەیەتی لە کەنداو. لە رابردوو، کێشەکانی نێوان وڵاتانی پەراوێزی کەنداو و ئێران بۆ سیاسەتی وزە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و دابینکردنی ئاسایشی پاشەکەوتی نەوت و گازی ئەم ناوچەیە کورت دەبێتەوە و مەسەلەی ئەفغانستان تەواو جیاوازە. ئەفغانستان وەکو گۆڕەپانی دوو دەیەی دەستێوەردانی خۆرئاوا دژی جیهادگەرایی، گەورەترین زیانی ریشەگرتووە لەتیرۆریزم و ئیسلامگەرایی بۆ دەسەڵاتەکانی خۆرئاوا. لێرەدایە کە زۆر دوور لەگەرووی هورمز، دووبارە دەسەڵاتی قەتەر دەردەکەوێتەوە. رۆڵی قەتەر لە ئەفغانستان لێبوکانەیە: لەمێژبوو دۆحە تۆمەتباربوو بە نزیکی لەئیسلامگەرایی و لە ئەنجامدا تیرۆریزم، ئەمڕۆ بە هۆی رۆڵی نێوەندگیری کە لەگەڵ تالیبان دەیبینێت، جێگای پێزانینە.

گەمەی گەورەی زلهێزەکان
لە ئێستا کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ کۆنتڕۆڵکردن و لەوانەیە باشکردنی ئەم شێوەیە زۆر موحافزکارانەی ئایدۆلۆژی ئیسلامگەرایی حیساب لە سەر ئەم وڵاتە دەکات. بێگومان بەچاوخشاندنێک بەمێژوودا دەتوانین پێشبینی بکەین کە گەڕانەوەی جموجۆڵی جیۆپۆلەتیکی لە ئاسیای ناوەند کۆتایی ناهێنێت بە «گەمەی گەورە»ی نێوان دەسەڵاتە گەورەکان، بەڵام دەتوانێت کارەکتەرانی نوێ بهێنێتە سەر ستەیج. پێویستە قەتەر زۆر زوو رووبەڕووی دەسەڵاتی پاکستان بێتەوە کە لەمێژە پشتگیری تالیبان دەکات. لەو کاتەوە کە ئەم وڵاتە هەوڵی دەدا سەنگی ستراتیژی خۆی لە بەرامبەر هیندستان زیادبکات. هەروەها پاکستان نیازی هەیە بەپشتگیریکردن لە نوسخە ئیسلامییەکەی لە سنوورە خۆرائاواییەکەیدا، دەسەڵاتی ناسیۆنالیزمی پشتوون لەناو وڵاتی خۆی کەم بکاتەوە. هەر وەک مامەڵەی زیاتری لەگەڵ تالیبان رێگادەدات خۆی رێکبخاتەوە، کە لە سنوورەکانی چالاکەو زۆر خۆشەویستە، بەڵام هاوکات قەتەر توانای خۆی لە ئەفغانستان پیشانی هەموان دەدات، لە جیهانی عەرەبدا، چاوپۆشی لە ئامانجی سوننەتی و ژیاری خۆی ناکات. دەکرێت فەلەستین لە ناوچەکە، ستەیجی داهاتووی قەتەر بێت و رێگا بەم وڵاتە بدات لە ئەفغانستان سەرکەوتنەکانی دووبارە بکاتەوە و رۆڵی نێوەندگیری لە نێوان حەماس لە لایەک و ئەمریکا و ئیسڕائیل لە لاکەی دیکە ببینێت. بە پێچەوانەی ئیمارات، قەتەر بەئاسایی نەکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسڕائیل، هێشتا جۆرێک متمانەی لای فەلەستینیەکان ماوە و بە پێجەوانەی باقی ئەندامانی تەوەری دژەشۆڕش، دەتوانێت ئاسانتر مامەڵە لەگەڵ حەماس بکات، چونکە هەرگیز بەتیرۆریستی نەزانیوون.

دەتوانێت ئازاری خەڵکی غەزە
کەم بکاتەوە
قەتەر بەم کارە دەتوانێت بە بێ پالپشتی راشکاوانە لە حەماس، ئازاری خەڵکی غەزە کەم بکاتەوە و هاوکات متمانەی خۆی لای ئەمریکا و ئیسڕائیل بپارێزێت. کەواتە دۆحە دەتوانێت سەرەنجام، ئاسانکاری بۆ پەیوەندی نێوان ئەمریکا، ئیسڕائیل و فەلەستین بکات. بەرەی دژەشۆڕش بە پێجەوانەی ستراتیژی سەرکەوتوانەی قەتەر کە هەڵەکانی زۆر دەکات، ئیمارات و لە ئەنجامدا بەرەی دژەشۆڕش (کە بەتایبەت سعودیە و میسر دەگرێتەوە)، هەڵە تاکتیکییەکانی خۆیان زیادکردوە. لە کاتێکدا سیاسەتی دۆحە لەسەر دەسەڵاتی نەرم و دیپلۆماسی لێهاتوانەی سەربەخۆ چڕ ببوەوە، ئیمارات دوای بەهاری عەرەبی، لەسەر دەسەڵاتی رەق وەبەرهێنانی کرد. ئیماراتییەکان بەدرێژایی شەڕی غەزە لە ساڵی 2021 بێ دەنگ بوون. پشتیوانی کردنیان بۆ «مامەڵەی سەدە»ی حکومەتەکەی ترەمپ، بوەتە بەربەست لە بەردەم هاوکاری و هاودەردییان بۆ فەلەستینییەکان. تەنانەت بایکۆتکردنی قەتەر لەلایەن ئیمارات و سعودیە رووبەڕووی شکست بۆوە و ئاشتبوونەوەی شەرمەزارانەی ریاز و ئەبوزەبی لەگەڵ دۆحە لەکانوونی دووەمی 2021 ئەوە دەسەلمێنێت، بەڵام هەمیشە بەمشێوەیە نەبووە و سعودیە و ئیمارات پێشتر هاوشێوەی ئەمڕۆی قەتەر زاڵبوون بەسەر دیپلۆماسی خۆیاندا. ریاز پەیوەندییەکی تایبەتی لەگەڵ یەمەن هەبوو. بەهەمان شێوە، کاتێک تالیبان بۆ دواجار لە کۆتایی نەوەدەکان حکومەتی بە سەر ئەفغانستاندا کرد، سعودیە و ئیمارات تەنها وڵاتی عەرەبی بوون حکومەتەکەیانی بەڕەسمی ناسی. ئەمان رایەڵە گەلێکیان دروستکردبوو کە بەقووڵی ڕۆچووبووە وڵاتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم کەناڵە بەردەست و دەسەڵاتە دوای بەهاری عەرەبی کەم بوەوە. هۆیەکەی هەڵوێستی دژەشۆڕشی ئەم دوانەبوو، کە هەرگیز نەیتوانی لایەنگریکردنی گۆڕانکاری دیموکراسی و ویستی بەشداری سیاسی لە سەرانسەری ناوچەکە لەناوبەرێت. مەیل بۆگەڕاندنەوەی سەقامگیری دەسەڵاتگەراش بردراوەتە ژێر پرسیار و جوڵانەوەی جەماوەری و لە دەیەی رابردوودا درێژەیان بەڕەوتی خۆیان داوە.

شەپۆلی دووەمی بەهاری عەرەبی
شەپۆلی دووەمی بەهاری عەرەبی لە ساڵەکانی 2018 – 2019 لە جەزائیر، سودان، عیراق و لوبنان واقیعییەتێکی نوێی ئاشکراکرد. تەنانەت ئەگەر بەرەی دژەشۆڕش بتوانێت لێرەو لەوێ ببێتە کۆسپی بەردەم پێشکەوتنی دیموکراسی، هەرگیز ناتوانێت بگەڕێتەوە دواوە و دووبارە رابردوویەک داسەپێنێت، کە بەتاڵکراوەتەوە. ناڕێکی دەروونی تەوەری دژەشۆڕش هۆکاریکی دیکەیە، کە رێگای دووبارە سەرهەڵدانەوەی بەقەتەر داوە. لە ساڵەکانی دوای بەهاری عەرەبی، دەسەڵاتدارانی سعودیە و ئیمارات بەڕیتمی هاوشێوەی سیاسەتی دەرەوەی خۆیان لەزۆربەی بوارەکانی گۆڕان هاوئاهەنگیان کردوە. لەگەڵ ئەوەشدا، بەم دواییە، محەمەد بن سەلمان، دووبارە لێڕوانینی سعودیەی پێناسە کردوەتەوە و پەندی وەرگرتووە کە بەدوورکەوتنەوە لە ئیمارات کردەگەرایەنەتر کاربکات. هۆکارەکانی ئەم ناکۆکییە زۆرە. زۆرجار سعودیە پشتیوانی لە دەسەڵاتدارانی ئیمارات کردوە بێ ئەوەی لەو ماوەیەدا، پییان زانیبێت. ریاز سەرچاوەیەکی زەبەلاحی بۆ دابینکردنی دارایی رووداوەکانی دژەشۆڕشی گەورەی قبووڵکردوە، لەکاتێکدا رەخنەیەکی زۆری دەربارەی مافەکانی مرۆڤی لێ دەگیرێت. جگە لەوە، سعودییەکان غافڵگیربوون لە بڕیاری ئیمارات بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسڕائیلدا، چونکە باش دەیانزانی ناتوانن لاساییان بکەنەوە.

ئیسلامییەکان دەسەڵاتی خۆیان لە دەستداوە
نزیکبوونەوەی دۆحە لە تورکیا و میسریش، لە قازانجی قەتەر بووە. ئەم گەرمبوونەی پەیوەندییەکان پیشانی دەدات ئەردۆغان ئامادەیە پشتیوانی لە ئیخوان ئەلموسلمین کەم بکاتەوە و قەتەر بۆ ئەمە هان دەدات. هەردووک لەو باوەڕەدان کارەکتەرانی ئیسلامگەرای وەک ئیخوان ئەلموسلمین لەمیسر، ئەلنەهزە لە تونس و پارتی داد و گەشەپێدان لە مەراکیش، دەسەڵاتی خۆیان لە دەستداوە. بێگومان ئەمانە سێ گروپی جیاوازن کە لەزۆر ناوەندی جیاوازدا چالاکن. لەگەڵ ئەوەشدا، بارودۆخی هەنووکەییان پاڵنەرێکی گشتی ئاشکرا دەکات: شکستی دوو ئەوەندە کە بەرهەمی دەستەو داوێنی ئایدۆلۆژی بۆ پەلکێشکردنی پشتگیری جەماوەریی لە لایەک و پەلاماری ئەوی دیکە بۆ ئامادەبوون لە دامەزراوەکانی وڵاتانی دەسەڵاتگەراییە، کە بەرگەی دیتنیان لە ناوەندەکانی خۆیان ناگرن. ئەمە هەرگیز ئاماژەی کۆتایی ئیسلامگەرایی وەک هێزێکی سیاسی نییە، چونکە هێشتا بەشگەلی گرنگ لەم کۆمەڵگایانەدا ئامادەن پشتگیری لەڕەوتی موحافزکارانە بکەن کە ئیمان و سیاسەت موتووربەی یەکدی دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم پرسە هاوکاری دۆحە و ریاز دەکات بۆ سڕینەوەی بابەتی ئیسلامگەرایی لەناکۆکییەکانیاندا و هاوکات بەکردنەوەی دەستەکانی قەتەر دەرفەتی پێدەدات ئازادانەتر کاربکات. یاساکانی گەمە دەگۆڕێت. دووبارە لەدایکبوونەوەی قەتەر بەهۆی سیاسەتی دەرەوەی بەم مانایە نییە کە پابەندی ئایدۆلۆژییەکەی گۆڕاوە. دۆحە پەرە بەلیبڕالیزم نادات و چیدی پشتگیری بەهاری عەرەبی ناکات. ئەگەرچی ئەم وڵاتە بەشێک لە دژەشۆڕش نییە، بەڵام وڵاتێکی شۆڕشگێڕیش نییە و تەنیا کارەکتەرێکی کردەگەرایە کە لەئاڕاستەی مێژوو گەیشتووە، بەڵام ئەگەر قەتەر دەیەوێت بەردەوامی بەدەستکەوتەکانی بدات، پێویستە لانی کەم لە ناوخۆ کرانەوەیەک لە فەزای سیاسی بکات. بەم شێوەیە، دوودڵی ئیمارات لەسیاسەتی دەرەوە، واتا لاوازبوونی لەناوخۆی وڵات نییە. حکومەتی ئیمارات شانازی بەبوونی بەڕێوەبردنی حکومەتی لێهاتوو توانای هێمایینی ناوەندی باش دەکات، کە کۆمەڵێکی جێ سەرنج لەکار و کرێکاران لە سەرانسەری جیهان پەلکێش دەکەن. پاشەکەوتی وزەکەی جێگا سەرنجە. جگەلەوە، هەر چەند سیستمە سیاسییەکەی ئەوەندەی سعودیە داخراوە، بەڵام بەفۆکس خستنەسەر گچکەتربوونی کۆمەڵگا و پشت بەستوو بەمیتۆدەکانی تەکنەلۆژیای کۆنتڕۆڵ، لەبەرامبەر نەیارانی ناوخۆ و ناڕەزایی گشتی خۆڕاگرترە. کەواتە، شکستە ناوچەییەکانی نابێتە هۆی شکستی ناوخۆ. لەگەڵ ئەوەشدا، نۆژەنکردنەوەی ستراتیژییەتی قەتەر ئاکامی گرنگی بۆ گۆڕانکاریی ناوچەیی هەیە. کە یەکێکیان ئەوەیە یاساکانی گەمەی نێوان قەتەر و ئیمارات گۆڕاوە و هەردوو وڵات هەوڵی دۆزینەوەی ناوچەی نوێ دەدەن بۆ رکابەرییکردن.

سەرچاوە:
لوموند دیپلماتی، اکتبری 2021.

 80 جار بینراوە